کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وڵامێک بۆ بێ ڕێزیەکانی شەهلا دەباغی لە دژی پەژاک

Saturday, 01/01/2011, 12:00


لە ڕۆژانی ڕابڕدوو دا و لە گەرمەی ئەگەری لە سێدارەدانی زیندانی سیاسی بە ئێعدام حوکم دراوی کورد حەبیبوڵڵا لەتیفی دا، ژنە کوردێکی دانیشتووی ئوروپا لە جیاتی ئەوەی کە هێزی بخاتە پاڵ هێزی جەماوەر و لە دژی لەسێدارەدانی حەبیبوڵڵا لەتیفی و کەسانی تر لە دژی دەسهەڵاتی ئاخوندی و زاڵمی ئێران دەنگی هەڵببڕێت، ڕووی هێرش و سووکایەتی بەرەو ئەو لایەنە سووڕاندووەتەوە کە حەبیبوڵڵا لەتیفی لە سەر حوکم دراوە و بەو شێوەیە راستەوخۆ هەڵیکوتاوەتەوە سەر پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک!
دیارە ئەوەی کە بەڕێز دەباغی دەیڵێت هەمووی لە سەر بەرنامەیەکەی نەورۆز تی وی بووە کە من خۆیشم شاهید و بینەری بووم و شتێکی ئەوتۆم لەو بەرنامەیە دا نەدیت کە وەک تاوان بە حیساب بێت جیا لەوەی کە باس لەوە کراوە کە حەبیبوڵڵا لەتیفی بە تاوانی هاوکاری کردن و ئەندامەتی لە پەژاک حوکمی لە سێدارە دانی بە سەر دا سەپێندراوە ! ئەوە شتێکە کە حاشای لێ ناکرێت و لە پارێزەرەکەییەوە بگرە کە دۆسیەی حەبیبوڵڵای پێیە تا دەگاتە بنەماڵەکەی و هەموو میدیاکانی کوردی و ناونەتەوەیی وەک ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئەو ڕاستیە دەزانن. بەلام ئەوەی کە شەهلا خانم دەیهەوێ بیکاتە کراسی عوسمان لە دژی پەژاک ئەوەیە کە شەهلا خانم لە بابەت و قسەکانی دا وای نیشان داوە کە گۆیا حیزبێکی گەورەی وەک پەژاک کە بە ماوەی کەمتر لە چەند سال زیادتر لە دەیان ساڵ تەمەنی زۆر حیزبی کۆن و بە ساڵاداچوو لە ئاستی هەرێمی و جیهانی دا کاریگەری هەبووە و دەنگی داوەتەوە، هەوڵی ئەوەی داوە کە بازرگانی بە گیان و خوێنی حەبیبوڵڵا لەتیفی بکات !!!
دیارە ئەوەی کە لە بنەما و بناغە دا هەڵوێستی دژایەتی پەژاکی گرتووە و شان بە شانی کۆماری ئیسلامی شەڕی ڕاگەیاندن لە دژی پەژاک دەکات، سەت ساڵی دیکەش دەلیل و بەڵگەی بۆ بهێنییەوە کە ئەوەی پەژاک دەیکات خاوەنداریەتییە لە حەبیبوڵڵا و کەسانی وەک ئەو، بە گوێیان داناچێت و وەک ئەمە وایە کە بزماری دار لە دیواری پۆڵا بکوتی ! دیارە بۆ من و کەسانی وەک منیش زۆر گرینگ نییە کە حەتمەن شەهلا دەباغی و کەسانی هاوشێوەی ئەو حەتمەن ڕازی و قانع بکەم و کەیفی خۆشیانە لە چۆن بیر دەکەنەوە یان نا. بەڵام وەک کەسێک کە تەجرووبەی ژیانم بۆ ماوەیەک لە گەڵ هەڤاڵانی پەژاک هەبووە و لە نزیکەوە دەیانناسم، تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم کە لە فەرهەنگی ئەو پارتە دا شتێک بە ناوی بازرگانی کردن و دان و ستاندنی ئۆپۆرتۆنیستی لە ئارا دانییە. پارتیەکی وەک پەژاک کە بە سەدان کادری فیدایی خۆی بە شێوازی قارەمانەنە لە سالانی ڕابڕدوو دا (لەو ساڵانەی کە شەهلا خانمەکان و کەسانی هاوشێوەی کە ئوروپا جێیان خۆش کردووە و چارەنووسی خەڵکیان بە ئەمانی خودا سپاردووە و حیزبەکانی پێشووش هەمووی لە ئوردوگاکانی کۆنی سەدام لە باشوور خەریکی پچڕپچڕ و لە سەروگوێلاک کوتانی یەکتر و پارچە پارچە بوون دابوون) کردە قووربانی ڕێبازی ئازادی نەوەکانی داهاتوو. من ئەو پرسیارە لە شەهلا خانم دەکەم: پارتیەک کە کچە گەریلای وەک ڕووناهی تێدایە، پارتی ئۆپۆرتۆنیزمە یان فیداکاری ؟ ڕووناهیەک کە بە ڕۆژی ڕووناک و بە تاقی تەنیا لە شاری ماکۆ و بە تۆڵەی لەسێدارەدانی هەڤاڵێکی بە ناوی عەگید لە زیندانی شاری خۆی، خۆی بە پایەگایەکی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دا دەکات و تا کاتی شەهید بوونی خۆی دەست دەکات بە لەناو بردنی پاسدارانی ڕژیم، وەها کەسێک لە کام مەکتەبەوە پەروەردە کراوە کە بەو شێوە مەرگ دەداتە بەر چاو و خاوەنداریەتی لە شەهیدی وڵاتەکەی دەکات و بێ وڵامی ناهێڵێت؟! بە سەدان ڕووناهی دیکەش لە ناو پەژاک داهەبوون و هەن کە دواترین نموونەی قارەمانیەتیان لە کەسایەتی شەهید شیرین عەلەم هولو ناسراو بە ڕووناهی دا بینیمان. کچە کوردێک کە هاوڕێ لە گەڵ فەرزاد کەمانگەر لە سێدارە دراو نامەی پڕ لە هێزی بەرخۆدانی بە درووشمی بەناوبانگی گەریلا و ئاپۆ، " یا سەرکەوتن، یا سەرکەوتن" کۆتایی پێ دێنێت.
سەرکەوتن فەلسەفەی جووڵانەوەیەکە کە شەهلا خانم و کەسانی وەک ئەو تەنیا لە دوورەوە و بە پێوانەی خۆیان پێناسەی دەکەن و ئەوەندەی کە پێویستە لە سەری نازانن. ئەگەر شەهلا خانم زەحمەت بکێشێت و سەردانێکی چیاکانی قەندیل و شاهۆ بکات و ژیانی گەریلاکانی پەژاک لە نزیکەوە ببینێت، باش تێدەگات کە ئەو مرۆڤانەی لە گەڵ مەترسی سەرما و سەهۆڵ و ڕنوو و شەڕ و تۆپ و کاتیۆشا و کەمین ڕووبەڕوون، ئەو کەسانەی کە هیچ بنەماڵەیەکیان نییە جیا لە بنەماڵەی شۆڕشی ئازادی، ئەو کچ و کوڕە فیداکارانەی کە بەردەوام لە پەروەردەی کەسایەتی و ڕاهێنانی خۆیان و گەلەکەیانن، ژیانیان دوورە لە هەموو بەرژەوەندیەکی تاکەکەسی و بازرگانیەک. ژیانی ئەوان بەرخۆدانە و ئازایەتی و فیداکاری. گەریلا و هەوادارانی گەریلا، لە زیندانەکان و شار و گوند و شاخەکانی کوردستان، بەو تەرز و شێوازە ژیانەی خۆیانەوە لەرزەیان خستووەتە ناو دڵی دوژمن و ئەگەر ئەوەش نەبا، پەژاک نەدەبوو بە پەژاک، هەروەک چۆن پەکەکە لە باکوری کوردستان تەنیا بە فەلسەفەی فیداکاری و بە درووشمی بەرخۆدان ژیانە لە زیندانی ئامەد تا چیاکانی بۆتان پێگەیشت و ئەگەر شێوازی ژیان و خەباتی پەکەکەش وەک پارتەکانی پێشوو با، قەت نەدەبوو بەو پەکەکەیەی کە ئێستا هەیە و کاریگەری لە سەر سیاسەتی هەرێمی و ناوچەیی و ناونەتەوەیی داناوە.
من لام وایە کە ئەو تەرزە ژیانەی گەریلاکانی پەژاک کە سەرچاوەی سەرەکی سەربەخۆیی و هێزی ئەو پارتیە، نە تەنیا مایەی تووڕەیی دوژمنانی گەلەکەمانە، بەڵکوو بووەتە هۆی تووڕەیی زۆر کوردی بە ناو نیشتیمان پەروەریش !!! پارتەکانی کلاسیک لە لایەک و ژمارەیەک لە ڕووناکبیرانی دانیشتووی ئوروپاش کە سەردەمانێک بەردی حیزبە ناکوردیەکانی سەر بە سۆڤیەتی وەک تودەیان لە سینگ دەکوتا، هەر بە مەنتقی کلاسیکی خۆیان ڕێ دەپێون و بۆیان حەل نابێت کە چۆنە هێزێکی نوێی جەوان لەو ماوە کەمە دا وەها پەرەی گرت و بە سەر دوژمن دا تەقییەوە بە جۆرێک کە ڕۆژ نییە دەیان کەس بە تاوانی هاوکاری پەژاک دەستگیر و شکەنجە نەکرێن یانیش حوکمی لەسێدارەدانیان بە سەر دا نەسەپێت! ئەو کەسانە هەر بە ناوی پەژاک تووڕەن و تووڕەییان کەمتر لە تووڕەیی جەمهوری ئیسلامی نییە لە بەرامبەر ئەو پارتە ئازادیخوازە دا کە ئەندامانی هەڵۆیانە لە بەرزایی چیاکانی شاهۆ و قەندیل و کەلەڕەش ژیان دەکەن و نەبوونە قالاوەکەی ئێلێکساندێر پووشکین! هەموویان خۆیان پێ دێمۆکراتە و لە هەمان کات دا تەحەموڵی ناوی حیزبێکی ئازادیخوازی وەک پەژاک ناکەن ! لە بیرمە کاتێک کە فەسیح یاسەمەنی لە سێدارە درا، سایتی حیزبی دێمۆکرات لە خۆڕڕا دەستی کرد بە پڕۆپاگەندە کردن و فەسیحیان وەک ئەندامی حیزبی دێمۆکرات ناو دەبرد، بەڵام دواتر کە ئاشکرا بوو کە فەسیح یاسەمەنی بە تاوانی هاوکاری پەژاک ئێعدام کراوە، بە خێراترین کات لە هەموو جۆرە هەواڵێکی پێوەندیدار بە فەسیح یاسەمەنی لە سایتی فەرمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پاک کراوە و هەتا ئێستاش هەر نەماوە! یان سایتێکی وەک ڕۆژهەڵات تایمز کە سەر بە لایەنی مەلا عەولا حەسەن زادەیە و حیزبی دوویەمی بە ناوی دێمۆکراتە لە کوردستانی ئێران دا، بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات خۆی وەک سایتێکی ئازاد و دێمۆکراتیک نیشان بدات و لە هەمان کات دا هەموو پڕۆپاگەندەی بۆ لایەنی خۆیەتی و ڕقی خۆی لە دژی حیزبەکانی دیکە و بە تایبەت پەژاک نیشان دەدات کە نموونەکەی لە شێوازی داڕشتنی ئەو بابەتەی شەهلا خانم دا ئاشکرا دەبێت. بازارگەرمی و خۆ بە زل زانین و جنێودان بە ئەم و ئەو و تۆمەت و سووکایەتی پڕەنسیپی ئەخلاقی سایتێکە کە هێرش دەکاتە سەر پەژاک و بە بێ ئەخلاقی ناو دەبات !!! ئەو کەسانە کە زۆربەیان کەسایەتیان لەرزۆکە و خۆیان زۆرتر شکەست خواردووی سیاسین، ئیتر هێزی ئاڵتەرناتیڤی ڕژیمی ئێران نین و هاوکات لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی لەو جەوانە کوردانە بکەن کە بوونە ئاڵتەرناتیڤی ڕژیم لە کوردستان، هەوڵ دەدەن لە دوورەوە بەردیان تێبگرن و ئاستەنگی بنێنەوە. بەڵام دیسانیش بەردی ئەوان لە لایەک و و تۆپەکانی کۆماری ئیسلامیش لە لایەکی دیکەوە هەرچەندیش دوور بهاویشترێن، باڵی هەڵۆکانی ئازادی وڵات ناپێکێ ! ئەو کین و تووڕەییەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە گەڵ ناو هاتن لە پەژاک، یان تۆمەتی بۆ هەڵببەستن یانیش بە هەر شێوە شتێکی لە دژ بڵێن. ئەگینا بۆ دەبێ کەس گلەیی لەوە نەکات کە بۆ چی نەورۆز تی وی " ئیحسان فەتاحیان" وەک شەهیدی کۆمەڵە دەناسێنێ، بەڵام کاتێک کە نەورۆز تی وی باس لەوە دەکات کە بۆ وێنە " فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، شیرین عەلەم هولو و فەرهاد وەکیلی" بە تاوانی هاوکاری پەژاک لە سێدارە دراون، تەنانەت لە کاتێکدا کە دوو لەو کەسانە خۆیان گەریلا بوون و دۆسیەی ئەوانیش هاوکاری لە گەڵ پەژاک و ئەندامەتی پەکەکە بوو، هەموو ئەو کوردە بە ناو نیشتیمان پەروەرانە لە جێگەوە دەردەپەڕن و دەنگیان بەرز دەکەنەوە کە گۆیا پەژاک لە ڕێگای نەورۆز تی وی تەبلیغ بۆ خۆی دەکات و شەهیدان بە کار دەهێنێت!!! ئایا ئەوە بێ ئەخلاقییە کە پەژاک خاوەنداری لە شەهیدانی خۆی بکات و باس لەوە بکرێت کە بە چ تاوانێک لە سێدارە دراون، یان ئەوە بێ ئەخلاقییە کە پەژاک بێدەنگیان لێ بکات و هیچ ئاماژەیەک بە ژیانی فیداییانەی کەسێکی وەک شیرین عەلەم هولو نەکات کە بە ناسینی ئیدیۆلۆژی بەڕێز ئۆجەلان، ڕێبازی ئازادی خۆی و ژنانی کوردی دۆزییەوە و لە کچە کوردێکی سادەیی گوندییەوە بوو بەو شیرینەی کە هەموو جیهان باسی کرد؟
هەموو دونیا دەزانێ کە کەسێکی وەک ئیحسان تەبەری کەسێکی توودەیی بوو. بەڵام ئیحسان تەبەریان گەیاندە ئاستێک کە لە ژێر شکەنجە دا حاشا لە هەموو شتێک بکات و تەنانەت جنێو بە توودەش بدات! ئەوە لە کاتێکدابوو کە توودەییەکان و کەسانی وەک شەهلا دەباغی دیسان هەر وەک کەسێکی توودەیی ناویان هێناوە و شانازیان پێ کردووە. بەڵام ئێستا کە جەوانێکی کورد بە تاوانی هاوکاری پەژاک قەرارە لە سێدارە بدرێت و بە پێچەوانەی ئیحسان تەبەری ترسی لە مەرگ نییە و لە بەر دوژمن ناپاڕێتەوە، ئەو مافە بە هەواداری پەژاک نابێ بدرێت کە شانازی بە کەسایەتی ئەو جەوانە سەمبولیکە بکات ! زۆر سەرنج ڕاکێشە بە راستی! یان ئەو مافە بە پەژاک نادرێت کە هەرەشە لە ڕژیمێک بکات کە خەریکە بەردەوام جەوانانی کورد بە تاوانی هاوکاری کردن لە گەڵ ئەو لەسێدارە دەدات و لە راستی دا بە ئێعدام کردنی ئەو جەوانانە هەوڵی ئەوە دەدات کە چی تر جەوانی کورد بۆ لای پەژاک نەچن و نزیکی ئەو ڕێکخستنە شۆڕشگەرە نەبنەوە! ئایا شەهلا خانم بیری لەوە نەکردووەتەوە کە لە کەسایەتی ئەو جەوانانە دا ڕژیم خەریکە بیرۆکەی ئازادی خوازی و بەڕێکخستن بوون لە پێناو ئازادی لە سێدارە دەدات!؟ ئایا لەسێدارە دانی کەس یان کەسانێک بە تاوانی هاوکاری پەژاک، هێرش نییە بۆ سەر خودی ئەو پارتەش؟ ئایا ئەو پارتە مافی ئەوەی نییە کە بە دوژمنەکەی بڵێت" ئەگەر تۆ جەوانێک بە تۆمەت و تاوانی هاوکاری کردن لە گەڵ پەژاک لە سێدارە بدەی، ئەوە وڵامێکی توندیش وەردەگری؟". یان شەهلا خانم و کەسانی هاوبیری پێیان وایە کە هەر دەبێ سەرداخەین و پەژاک و حیزبە شۆڕشگەرەکانی دیکەش کۆتایی بە کار و خەباتی خۆیان بێنن!؟
بە هەر حال زۆرتر لەوە بابەتەکە درێژ ناکەم، بەڵام ئەوەی کە بە لای منەوە گرینگە ئەوەیە: زۆر کەس بە تاوانی هاوکاری جووڵانەوەی بەلووچستان لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێن، ڕژیمی ئێران بەو کارەی خۆی دەیهەوێ خەڵکێکی مەڕ و سەرنەوی لە بەلووچەکان ساز بکات و بەو کارەش (تەنانەت بە ئێعدام کردنی خەڵکی بێ تاوانیش کە رەنگە ئەندامی هیچ ڕێکخستنێک نەبووبن) مەبەستی ترساندی خەڵکی بەلووچ و دوور خستنەوەیانە لە بە ڕێکخستن بوونیان. هەمان کاریش لە کوردستان دەکەن و بە ئێعدام کردنی جەوانانی کورد، دژایەتی ئازادی و ڕێکخستنی ئازادیخوازی کورد دەکەن. لێرە دا ڕێکخستنی ئازادیخوازی کورد نە تەنیا نابێ بێ وڵام و بێ هەڵوێست بێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پڕەنسیپی ئەخلاقی وای لێدەکات کە ئەگەر پێویست بێت هەر جۆرە فیداکاریەک لە دژی ئەو هەڵوێستە نگریسەی دوژمن ئەنجام بدات و بێ ولامی نەهێڵێت. پرەنسیپی ئەخلاقی ئەوەیە کە لە وەها کاتێکی هەستیار دا کە دوژمن خەریکە دەستی دەخاتە قۆرگی جەوانێکی کوردی وەک حەبیبوڵڵا لەتیفی و کەسانی دیکە، ئێنەرژی و هێزی خۆمان لە دژی ئەو دوژمنە بخەینە گەڕ. بە پێچەوانەوە بێ ئەخلاقی ئەوەیە کە لە وەها کاتێک دا کەسێک هەستێت و ڕووی هێرشی بکاتە ئەو لایەن و ئیدیۆلۆژیەی کە فەرزادەکان و شیرینەکان و حەبیبوڵڵاکان بە تاوانی هاوکاری یان ئەندام بوونی ڕووبەڕووی مەرگ هاتوونەوە. ئەوە شۆڕشێکی گەورەیە و ئەوانیش شٶڕشگەرانێکی گەورەن، کە تەنیا بڕوایان بە ڕووناک بوونی ئاسۆ و سەرکەوتنە. هەر بۆیەش ئەو دەنگەی کە لە قەندیل دەنگ دەداتەوە و دەڵێت: " یا سەرکەوتن یا سەرکەوتن"، هەمان دەنگ لە ناخی زانکۆ و زیندانەکانی مەهاباد، ئورمیە، سنە، کرماشان، ڕەجایی شەهری کەرەج، ئێوین، زەنجان، بەندەر عەباس، ئەردەبیل و تەورێز و زۆر شوێنی دیکەش دەنگ دەداتەوە و ئەو ڕستەیەی نامەیەکی فەرزاد کەمانگەرمان بیر دەخاتەوە کە بۆ ئیحسان فەتاحیانی نووسیوە و وەک پارتیزانێک باسی دەکات و لە کۆتاییشی دا ڕستەیەکی ئۆجەلان دەهێنێتەوە و دەڵێت:
چۆنت بهێنمە پێش چاوی خۆم؟ وەکوو لاوێک کە ڕێگای شاهۆی گرتووتە بەر تا بە نێوان جەنگەڵە سووتاوەکانی داربەڕوو دا بگاتە کاروانێک کە ئامانجی گەیشتن بە وڵاتی ڕۆژە؟ بەڵام خۆ هیچ کام لەم شتانە تاوان نین. بەڵام دەزانم " کورد بوون ڕاستیەکی تاڵە و خاوەنداریەتی نەکردن لەو ڕاستیەش نامەردی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە