کاتێک به‌رپرسی لقی (2) یاسا پێشێڵ ده‌کات، هه‌ڵوێستی وه‌زیری ناوخۆچی ده‌بێ؟؟

Tuesday, 09/02/2010, 12:00



رۆژی 7 ی ئه‌م مانگه‌ کاتژمێر یه‌کی دوای نیوه‌ڕۆ له‌ فولکه‌ی ئیسکان شه‌ست مه‌تری له‌کاتێکا چاوه‌روانی داگیرسانی گڵۆپی سه‌وز بووم بۆ ئه‌وه‌ی مافی ڕۆیشتنم هه‌بێت له‌پڕ له‌ سایدی ده‌سته‌ چه‌پم که‌ به‌پێی سیسته‌می هاتووچۆ سایدی ده‌سته‌ چه‌پ له‌دوای من گلۆپی سه‌وزی داده‌گیرسێ که‌چی له‌ناکاو که‌ژاوه‌ی مۆنیکایه‌کانی پشتیوان سادقی به‌رپرسی لقی دووی پارتی به‌بێ هیچ گوێدانه‌ مافی هاوڵاتیان و پابه‌ندبوون به‌ یاسا گڵۆپی سووریان به‌زاند وهه‌ردوو پۆلیسی هاتوچۆی ئه‌م فولکه‌یه‌ چاوه‌کانیان ئه‌بڵه‌ق مابوو جونکه‌ مافی ئه‌وان نه‌بوو که‌ له‌م ساته‌دا ده‌ربازبن بۆیه‌ بووه‌ هۆی خنکانی هاتووچۆ له‌م ترافک لایته‌ چونکه‌ ئه‌و سایده‌ی خاوه‌ن ماف بوو ئه‌وا ده‌ستیان کرد به‌ رۆیشتنی ئۆتۆمبێله‌کان بێ ئاگا له‌وه‌ی له‌ سایدی ده‌سته‌ چه‌پ به‌رپرسی لق یاسا پێشێڵ ده‌کا و دۆخین ئاسا گڵۆپی سوور ده‌به‌زێنێ. یه‌کێ له‌ شوفێره‌ خاوه‌ن مافه‌کان به‌ ده‌ستی شکاوی و به‌ په‌نجه‌ی سوتاوی هۆڕنێکی لێدا نه‌ک خوا ناکرده‌ به‌دوای کاروانی بووک گواستنه‌وه‌ بێت به‌ڵکو ویستی هه‌م به‌رپرسی لق شه‌رم له‌خۆی بکات و هه‌م برای پۆلیس ئاگادار بکاته‌وه‌ له‌م سه‌رپێچیه‌ که‌چی هێنده‌ی نه‌مابوو بنا گوێی ببێته‌ دیوه‌خانی شه‌ق له‌لایه‌ن برای پۆلیس!! له‌هه‌مووشی سه‌یرتر پاسه‌وانانی ناو ئۆتۆمبێله‌کانی به‌رپرسی لق وه‌ک سه‌گی دوای کاروان ئاسا به‌چاوێکی نیمچه‌ حیز و توڕه‌ سه‌یری خه‌ڵکیان ده‌کرد. له‌کاتێکا به‌رده‌وام گوێچکه‌کانمان ده‌زرینگێته‌وه‌ به‌ دروشمی (یاسا سه‌روه‌ره‌) خۆی ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ئه‌رزی واقع وایه‌ چونکه‌ له‌ زمانی ئینگلیزی وشه‌ی سه‌روه‌ره‌
(cir-war) مانایه‌کی تر ده‌به‌خشێ ئه‌ویش واتا (نهێنی شه‌ڕ) لێره‌دا خاوه‌ن ئه‌م دروشمه‌ راست ده‌فه‌رموێ یاسا سه‌روه‌ره‌
واتا (یاسا نهێنی شه‌ڕه‌)، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌م ووڵاته‌ که‌مترین به‌های هه‌بێت یاسایه‌ له‌هه‌موو وڵاتێک یاسا له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ که‌چی له‌ ووڵاتی ئێمه‌یا ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه‌ی یاسایه‌ ئه‌وه‌تا به‌رپرسی لقی دوو گڵۆپی سوور بۆ ده‌ربازبوون به‌کاردێنێ و گلۆپی سه‌وزیش بۆ وه‌ستان!! ئاخۆ ده‌بێ هه‌ڵوێستی وه‌زیری ناوخۆ چی بێ؟ ئایا ده‌توانێ لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ بکات؟ یان ئه‌وانه‌ش خاوه‌ن ته‌زکیه‌ی حزبن و بۆیان هه‌یه‌ یاسا پێشێڵ بکه‌ن وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی ڕابردوو کاتێک کوڕی زه‌عیم عه‌لی ویستی ئۆتۆمبێله‌که‌ی له‌ شوێنێکی قه‌ده‌غه‌کراو بوه‌ستێنێ و له‌لایه‌ن پۆلیس رێگه‌ی پێ نه‌درا له‌ئه‌نجامدا پۆلیسێکی کرده‌ قوربانی دوو فیشه‌ک و یاساش ده‌ستخۆشی لێکرد! ئاخر هه‌ر ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌یه‌ که‌ واده‌کات پۆلیس زاتی ئه‌وه‌ی نه‌بێت سزای منداڵه‌ به‌رپرسێک بدات .ئاخر هه‌ژده‌ ساڵه‌ خه‌ڵک حزب و حکومه‌ت تف باران ده‌کات هه‌مووی له‌م جۆره‌ سه‌رپێچی و به‌د ڕه‌فتارانه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه،‌ کاتێک ده‌بینن به‌رپرسێک به‌ رۆژی رووناک و له‌ پێش چاوی پۆلیسی هاتووچۆ گڵۆپی سوور ده‌به‌زێنێ و یاساش لێی بێ ده‌نگه‌ له‌ کاتێکدا پشتیوان ێادقی به‌رپرسی لق دوو خۆی ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌ یاسا ئه‌گه‌ر دکتۆراشی نه‌بێ ! ئاخر ئه‌گه‌ر به‌ حه‌قی خۆی ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ی پێ به‌خشراوه‌ چۆن ده‌توانێ یاسا پێشێڵ بکات؟ به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ وه‌رگرتنی بڕوانامه‌که‌شی هه‌ر به‌ نایاسایی وه‌رگرتووه‌ و دیسان مافی که‌سانی تری پێشێڵ کردووه‌ و بگره‌ ده‌سه‌ڵات و پاره‌ی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ به‌کارهێناوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر شوفێری تاکسیه‌ک گڵۆپی سوور ببه‌زێنێ ئه‌وا خوا ده‌یزانێ وه‌کو پشیله‌ به‌دوای مشکێک بکه‌وێ ئاوا به‌دوای ئه‌م تاکسیه‌ ده‌که‌ون له‌م تڕافک بۆ ئه‌م تڕافک تا ده‌یگرن وسزای ده‌ده‌ن چونکه‌ یاسا بۆ خه‌ڵکی هه‌ژار هه‌رده‌م سه‌روه‌ره و بۆ به‌رپرسه‌کانیش سفر (.......) به‌ده‌ست‌!!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە