کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ڕێزلێنان لە شەهید مامۆستا عەبدوڵای مەلاعوسمان ناسراو بە شەهید قەندیل لە سوید بەڕێوەچوو

Sunday, 26/08/2012, 12:00



ڕۆژی هەینی ٤ی خەرمانانی ١٣٩١ هەتاوی (٢٥ی ئوتی ٢٠١٢ی زایینی)، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ڕێزلێنان لە شەهید مامۆستا عەبدوڵای مەلاعوسمان، ناسراو بە شەهید قەندیل، لە سوید بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمەدا کە زیاتر لە ٧٠ کەس تێیدا بەشدار بوون، پاش سروودی "خوایە وەتەن ئاوەکەی" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهید قەندیل و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، چەند وێنە و دۆکیۆمێنتێک لەسەر کەسایەتی شەهید نمایشکرا. پاشان پێناسەیەکی ژیان وتێکۆشانی سیاسی عەوڵای مەلاعوسمان لەلایەن سۆران زەکی خوێندرایەوە.
پاشان وتووێژێک لەگەڵ برای شەهید قەندیل لەبابەت ژیانی سەردەمی لاوەتی شەهید لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکافەوە تا کاتی گیانبەختکردنی، نمایشکرا. پاشان چەند هاوڕێ و هاوسەنگەری پێشووی شەهید وەک بەڕیزان ئەمیری قازی، مامۆستا ڕەسوول پێشنەماز، خدر قادر، عەبدوڵڵا چیانە و سەید عەلی هاشمی و هەروەها کاوە سوور لە ڕێی سکایپەوە، باسی کەسایەتی و بیرەوەرییەکانی خۆیان لەگەڵ شەهید کرد و بە پێشمەرگەیەکی فیداکار و کەسیەتییەکی کەموێنە و شەهیدی گومناوی کوردستان ناوزەدیانکرد.
پیشاندانی وتووێژ لەگەڵ کاک جەلیل گادانی، م. عەبدوڵا حەسەنزادە، موحەممەد درەفش، ئەمیری قازی، مەلاعوسمان زەکی و ڕەسووڵی پێشنەماز لە بابەت چۆنییەتی ناسین و پێناسەی کەسایەتی عەوڵای مەلاعوسمان کە پێشتر ئامادە کرابوون بەەشێکیتری بەرنامەی ڕێوڕەسمەکەیان پێکهێنا. پاشان پایامی چەند کەسێک کە نەیانتوانیبوو لە نزیکەوە بەشداریی ڕێوڕەسمەکە بکەن، خوێندرایەوە کە لەناو پەیامەکاندا دەکرێ ئاماژە بکرێت بە پەیامەکانی کۆمەڵەی یەکسانی، براییم لاجانی، مامۆستا حەسەن ڕەستگار، خالید بێخەو، ئەحمەدی حوسێینی، مەنسوور ڕەزاقی، ڕەسوول قۆرغی و حەسەن نازی.
. شایانی باسە کە لەم کۆڕیادەدا شێعرەکانی "شەهیدانی کوردستان" لەلایەن سوورکێو زەکی، "شێعری پڵنگی بنار"ی خاڵە قازی و شێعری "شەهیدان" لەلایەن عەلی ڕەزاقی خوێندرانەوە. لەمناوەدا خوێندنەوەی چەندین سروودی جوان لەلایەن هونەرمەندی گەورە و نیشتمانپەروەری کورد، کاک ڕەشید فەیزینیژاد، کە ناوە ناوە پێشکەشدەکران، ڕێوڕەسمەکەیان بەشکۆتر و ڕازاوەتر کردبوو.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکەدا، وێرای سپاس و پێزانینی بنەماڵەی شەهید عەوڵای مەلا عوسمان بۆ ئەمەگناسیی و هاتنی بەشداربووان و هیوای زیندووڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان، دوای شەش سەعات، کۆتایی بە کۆڕیادەکە هێنرا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە