یەكێتى بەرەو سۆسیالدیموكرات، یان سۆسیال بنەماڵە؟ ئاشكراكردنى هەنگاوەكانى بە بنەماڵەكردنى یەكێتى

Friday, 13/11/2009, 12:00


پێتان سەیر نەبێت، كە وشەى سۆسیال بنەماڵەم بەكارهێناوە، ئەگەرچى دڵنیام زۆربەى هەرەزۆرى خەڵكى كوردستان، باش لەوە تێدەگەن، بەڵام گرنگە كار بۆسەلماندنى ئەو چەمكە نوێیە بكەین، كە سۆسیال بنەماڵەیە.
یەكێتى نیشتمانى كوردستان كە دۆڕاو و زەرەرمەندى یەكەم بو لە هەڵبژاردنەكاندا روبەڕوى چارەنوسێكى نادیار بوەتەوە و لە نێوان بنەماڵەى سكرتێر و مەكتەبى سیاسیدا كێبڕكێ هەیە بۆ دەستبەسەراگرتنى یەكێتى، هەردو چارەنوسەكەش ئەوەندەى مەرگى یەكێتى نزیكتر ئەخاتەوە، نابێتە هۆى هەستانەوەى ئەو حزبە.
چاوەڕوان نەدەكرا لەدواى هەڵبژاردنى 25 ى تەموزى 2009 ەوە برا و براو برازا و كوڕ و خێزان و ژن خوشك و ژنبراو زاوا و هاوزاواى تاڵەبانى ئەوەى ئاوڕى لێبدنەوە مەسەلەى سیاسەت و حزبایەتییە، بەڵكو چاوەڕێدەكرا ئەمجارە بە خودى تاڵەبانیشەوە دوكانەكە كوردستانیان(یەكێتى) وازلێبهێنن و بڕێكى ترى لێبكەنەوە و بەرەو ئەوروپا و ئەمریكاى بەرن و بڕۆن ئیتر تجارەت لەسەر ورگى كەسوكارى ئەنفالەكان و هەڵەبجە و خەڵكى رەشوڕوت بكەن.
هەموئەوانە وادەرنەچون، نەك ئەوە خواستى كۆنترۆڵكردنى ئەو حزبە بۆ بنەماڵە لە ئێستادا زیاتر بوە و كەمى نەكردوە، چەندین هەنگاوى ترسناك نراون و دەنرێن كە ئەو خواستەى بنەماڵەمان زیاتر بۆ روندەكاتەوە لەوانە:
1-دانانى هێرۆ ئیبراهیم لەمەڵبەندى سلێمانى بۆ سەرپەرشتى كردنى مەڵبەندەكان و مەكتەبى رێكخستن و عیماد ئەحمەدیش دەبێ بەرێنمایى و فەرمانى ئەو كاربكات.
2- ئامادەكارى شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ سەركردایەتى داهاتو.
3- هەڵۆى ئیبراهیم ئەحمەد، بۆ مەكتەبى سیاسى كە بەپێى زانیارییەكان ئێستا هێرۆ رێگا بۆ ئەوە خۆش ئەكات لە كۆنگرەى داهاتوى یەكێتیدا بیكاتە مەكتەبى سیاسى.كە سێكى نزیكى هەڵۆ سەرەداوى ئەو زانیارییەى بۆ من رونكردوە.
4-لەتیف رەشید دواى كۆتایپێهاتنى وەزارەتەكەى لەبەغداد ئەهێنرێتەوە بۆ كوردستان تاكو لە دواى دوو ساڵى حكومى بەرهەم ساڵح، ئەو بكرێتە جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى پارتى، بە فیعلیش لەدواى هەڵبژاردنى بەغدادەوە ئەیهێننەوە ناو كارى حزبى و بە پێى زانیارییەكانیش دەخرێتە شوێنى دلێر سەید مەجید لە ئیدارەى گشتى و مەكتەبى دارایى.
5- پاڤڵیش بڕیارە بكرێتە سەرپەرشتیارى هەردو دەزگاى زانیارى و دژە تیرۆر لەیەككاتدا، بە پێى زانیارییەكان، ئەو هەنگاوەش لەسەر ئەو مەبدەئەیە (لەپاڵ پارە و چەكدا دەزگاى جاسوسى هۆكارێكى بەهێزە بۆ مانەوە وراگرتنى ئەو دۆخە) كە رێك بە دڵى بنەماڵەى تاڵەبانییە.
6-قوباد تاڵەبانى هەر لە نوێنەرایەتى ئەمریكا ئەمێنێتەوە، بۆ بەهێزكردنى حكومى بنەماڵە .
ئەوهەنگاوانە بەشێكن لەو مەرامانەى هێرۆ و شاناز، كە دەیانەوێت لە ماوەى كەمتر لە سێ ساڵدا جێبەجێى بكەن.
هەمو ئەو زانیارییانە لەكۆبونەوەى بنەماڵەى هیرۆ لە قەسرەكەى تاڵەبانى لە دەباشانى سلێمانى، بەرنامەى بۆ دانراوە، بێ ئاگادارى و بەبێ ئامادەبونى تاڵەبانى، كۆبونەوەى بنەماڵە لە مانگى 10 بەڕێوە چوە، زانیارییەكان، ئەوەشى تێدایە كە نەخشەى ئەو بنەماڵەیە بۆ چۆنێتى روبەڕوبونەوەى كۆسرەت و هەروەها شكستپێهێنانى بەرهەم ساڵح لەدوساڵى حكومیدا بەرنامەیان بۆ دانراوە، هەروەك چۆنێتى بەكارهێنانى ئەرسەلان بایز و مەلابەختیار و عومەر فەتاحیش لەو بەرنامەیە، كاری بۆ كراوە، یەكێك لەوانە ئاگاداركردنەوەى مەلا بەختیار و ئەرسەلان بایزبوە، كە ژمارەیەكى زۆرى خەڵك بەدڵى خۆیان بهێننە پلینۆمەكەى كۆتایى مانگى 10، تاكو لەو رێگەیەوە، بە مسۆگەرى شاناز بكەنە ئەندامى سەركردایەتى، بەڵام كۆسرەت و بەرهەم كە زانیبویان بەو نەخشەیە داوایانكرد، پڕكردنەوەى شوێنى سەركردایەتى ریفۆرم دوا بخرێت بۆ كۆنگرە.
ئەوەى تا ئێستا لە چوارچێوەى پیلان و نەخشەكانى بنەماڵە رونە بۆ خەڵك، یەكەمیان هێنانەوەى هەڵۆى برایم ئەحمەدە بۆ ناو یەكێـتى و تواندنەوەى ئەو حزبە وەهمیەیە كە بەناوى پێشكەوتنەوە بۆ چەواشەكردنى خەڵك داینابو، ئەگەر تێبینی بكەن، رۆژى 10-11-2009 هەڵۆ و شاناز هێرۆ لە قەسرەكەى تاڵەبانى لەگەڵ كۆمەڵێگ گەنج كەژمارەیان نەدەگەیەشتە 40 كەس دانیشتبون بە ناوى پەیوەندى كردنى 250 گەنجى دهۆك و زاخۆ، بەڕیزەكانى یەكێتییەوە، ئەو ژمارە لە كاتێكدایە پێشكەوتن كە لیستى جیایى هەبو لە هەڵبژاردنەكەى كوردستاندا، لەسنورى بادیناندا، ئەوەندەى ژمارەى ئەوگەنجانە كە ئامادەبون دەنگى نەهێنا،(http://pukmedia.com/kurdish/Hwal/10-11-2009/news58.html) بێگومان تەنها ئامانجیش لەوەى كە لە راگەیاندنەكانی یەكێتى بڵاویانكردوە، بۆ چەواشەكردن و لەهەمانكاتدا بۆ غافڵتركردنى تاڵەبانى بو، بۆ ئەوەى بە تاڵەبانى بڵێن هاتنەوەى هەڵۆى برامان هێزى بەخشیەوە بە یەكێتى .
دوەمیشیان دانانى هێرۆیە لە مەڵبەندى سلێمانى، یەكەم ئەركیش كە دەیكات دیاریكردن و هەڵبژاردنى ئەو 100 كەسەیە كە لەرێى مەڵبەندەوە دیاریدەكرێن بۆ كۆنگرە، تاكو جێبەجێكردنى قۆناغەكانى دیكەى پیلانەكانى بە بنەماڵەكردن جێبەجێبكات.
پیلانەكان بۆ بنەماڵەكردنى یەكێتى بەردەوامە و ئەو هەنگاوانەش بەشێكن.
هەمو ئەوانە لە كاتێكدایە ریكخراوى سۆسیالدیموكرات، دواى شكستى یەكێتى لە هەڵبژاردندا، و سزادانە سیاسیەكانى خەڵك، خەریكى بەدواداچون و لێكۆڵینەوەیە، ئەویش دواى ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان سەركەوتو بو لەگەیاندنى دەنگى سزادراوان بۆ رایگشتى ئەوروپى رێكخراوەكانى مافى مرڤ .
ئەوەى كەمێك وردبێتەوە، باش درك بەوە ئەكات، یەكێتى نیشتمانى كوردستان كە نەیتوانى بەرنامەى سۆسیالدیموكرات جێبەجێبكات، ئێستا بنەماڵەى تالەبانى خەریكى داهێنانى چەمكێكى نوێى سیاسین بەناوى سۆسیال بنەماڵە و دەیانەوێت یەكێیتى لەحزبى سۆسیالدیموكراتەوە بكەنە سۆسیال بنەماڵە.
لەكۆتاییدا دەمەوێت تەنها یەك راى خۆم دەربڕم ئەویش ئەوەیە، وەك چۆن تاڵەبانى رێگاى بۆخۆشكردون و، دواى هەڵویست و كاروكردەوەكانى خودى تاڵەبانى، بنەماڵەكەى دەبنە سەرەخۆەرەى نەك ئێستا بەڵكو داهاتوى تاڵەبانى و مێژوى ئەوەشى هەیەتى رەشى دەكەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە