گۆڕینی سیسته‌م نه‌ک چاکسازی

Saturday, 09/04/2011, 12:00







خه‌ڵکی خۆراگری کوردستان
جه‌ماوه‌ری سته‌ملێکراوی هه‌ولێر


دوای مانگ و نیوێ له‌ خرۆشانی جه‌ماوه‌ری به‌شێکی زۆر له‌ شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان و سه‌رکوت و تۆقاندنی به‌شه‌که‌ی تری له‌ هه‌ولێر و بادینان دوور له‌ هه‌ر بنه‌مایه‌کی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئیمڕۆ راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری کوردستان‌ وه‌رچه‌رخانێکی گرنگ و چاره‌نوسساز به‌ خۆیه‌وه‌ بینی. سه‌رای ئازادی وه‌ک داینه‌مۆی ئه‌م خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ توانی ئه‌م راپه‌ڕینه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ قۆناغیکی نوێی تێکۆشان به‌وه‌ی چیتر له‌ چاوه‌روانی گۆدۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌گریسه‌‌ نه‌بێ و بڕیاری خۆی بۆ گۆڕانێکی بنبڕی سیسته‌می سیاسی له‌ کوردستان دا، که‌ خۆی له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌بینێته‌وه‌.
هه‌ولێریش توانی ئه‌مڕۆ به‌ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌ زانکۆ ئه‌م په‌رژینه‌ی ترس بشکێنێ و چاوه‌ڕوانین بۆ‌ رۆژانی داهاتوو ببێته‌ بڵێسه‌ی خرۆشانی خه‌ڵکی هه‌ولێر و راپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ری بۆ گه‌یشتن به‌ دوا ئامانجی له‌ لابردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ و بونیادنانی سه‌ره‌تای سیسته‌مێکی نوێی دیموکرات و سه‌ربه‌خۆ دادپه‌روه‌ر.
ده‌سه‌ڵات هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ بڕیار خۆی داوه‌. جگه‌ له‌ کوشتی و بڕین، ره‌شه‌که‌ژی و ره‌شبگیری، داپلۆسێن و تۆقاندن، درۆ و بوختان هه‌ڵبه‌ست، تۆمه‌ت دابه‌شکردن و راوه‌دونان و گرتن. هه‌ولێریش ده‌بێ بڕیاری خۆی بدا، سلێمانی بووه‌ پێشه‌نگی ئه‌م خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌، هه‌ولێریش ده‌بێ ببێته‌ خاڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ و به‌ هیواین بادینانیش تاجه‌گوڵینه‌ی سه‌رکه‌وتن بنێته‌ سه‌رئه‌م راپه‌ڕینه‌.
شه‌قام سه‌لماندی که‌ ده‌توانێ سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێ و له‌ ساته‌ چاره‌نووسسازه‌کاندا، دوور له‌ هه‌ر هه‌ژمونێکی حیزبی و سیاسی، قسه‌ی خۆی هه‌بێ. ئه‌م سیسته‌می ئێستا له‌ کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ دوا پاشماوه‌ی سیسته‌می داپلۆسێنه‌ر و تۆتالیتاری سه‌رده‌می پێشووه‌، ده‌بێ نه‌مێنێ. هه‌ر جۆره‌ پاشاکشه‌یێ له‌م دروشمه‌ سازشه‌ له‌سه‌ر خوێن و خه‌باتی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ خرۆشاوه‌. نه چاکسازی و جوانکاری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ ته‌نها لابردنی روخساره‌کانیشی نامانگه‌یه‌نێته‌ که‌ناری رزگاری یه‌کجاره‌کی.



به‌رز بێ ئاڵای شه‌کاوه‌ی سه‌رای ئازادی
ئازادی و سه‌رفرازی بۆ خه‌ڵکی هه‌ولێر
سه‌که‌وتن بۆ راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری‌

ده‌سته‌ی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری هه‌ولێر

04.04.2011

 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە