کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خورماتووى بوكى حەمرین ڕەو دەكات

Sunday, 26/09/2010, 12:00



تكایە بەرپرسانى وڵاتەكەم ئەم بابەتە بخوێننەوە ....

زۆر دەمیكە دەمویست چەند سەرەقەڵەمێك لە سەر دۆخى ئاڵۆزى ڕامیارى وكارگێڕى وخزموتگوزارى كوردانى قەزاى خورماتوو بنوسم ، بەڵام لە بەر چەند فاكتەرێك لە ڕابردوودا ئەوەم پێى نەكرا ، بۆیە هەنوكە هاتمە گۆو وهەر هیچ نەبێت ویژدانى خۆم ئاسودە دەكەم .
خورماتو شارێكى دێرین وستراتیژى كوردستانە ، لە ساڵى(1951)وە ، كراوەتە ناوەندى قەزا ودەكەوێتەسەرڕێگاى گشتى كەركوك-بەغداد وبەدورى(35)كیلۆمەتردەكەوێتە خورهەڵاتى زنجیرە شاخى حەمرینەوە ، بەم پێیەش بێت خورماتو دەبێتە یەكەم دەروازەى كوردستان ، لە گەڵ بەشە عەرەبەكەى عیراقدا ، ئێستا ژمارەى دانیشتوانەكەى نزیكەى (170)هەزار كەس دەبێت ، كورد لە ناوەندى شارەكەدا زۆرینەیە ، سەرەڕاى ئەوەى تاكو ئێستا ژمارەیەك زۆر لە ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە وهەردوو ناحیەى كوردنشینى (قادركەرەم ونەجول)یش نەگەڕێندراونەتوە سەر قەزاكە ، گەر ئەمەش جێ بە جێ بكرێت وهەنگاوى بۆ بنرێت ، ئەوا بیشك كورد لە ئاستى قەزاكەدا دەبێتە زۆرینەى ڕەها ، لە بەر گرنگى هەڵكەوتەى شارەكە لە ڕووى جیوسیاسى وجیوئابورییەوە ، لە (35)ساڵى ڕابردوودا دەسەڵاتدارانى بەعس زۆر بە چڕى كاریان بۆ بەجێ گەیاندنى سیاسەتەكانى(ڕاگۆاستن وتەبعیس وتەعریب وئەنفال)كردووە ، بۆیە كاریگەرى ئەو سیاسەتە زۆر بە خراپى بۆ سەر كورد شكایەوە ، سیماى شێواندن وتێكدانى ناسنامەى قەزاكە تا ئەم چركە ساتە بە زەقى دەبینرێن ودواى(7)ساڵ لە ئازادى ئەو دۆخە تاڕادەیەك بێ چارەسەر ماوەتەوە .
ئەم پێشەكییە كورتە ، تەنها بۆ ئەوە بو خوێنەرى بابەتەكەئاشنایەتییەكیان بەم قەزایە هەبێت كە پارچەیەكى ڕەسەنە لە خاكى كوردستان ولە ئەمڕۆدا پیویست فریاى بكەوین ، ئەگەرنا ئەوا بە دەستى كورد خۆى ئەم قەزایەمان بە شێنەیى لە دەست دەچێت .
لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە كورد بە قورساییەكى باشەوە هاتە نێو شارەكە وهەندێك هەنگاوى جدى هاوێژران بۆگێڕانەوەى شارەكە بۆ دۆخى ڕەسەنایەتى خۆى وبەپێى كۆمەڵێك پێوەركورد بووە دەسەڵاتى یەكەمى قەزاكە وبە پێى پیگەى خۆیان پیكهاتەكانى تریش بەشدارییان پێى كرا ، ئەم دۆخە تا ئەندازەیەك درێژەى كێشا ، بەڵام لە كۆتایى ساڵى (2005)بەدواوە لە بەر چەندین فاكتەرى خودى وبابەتى كورد كەوتە پاشەكشە وبەگدانان ، ئیدى بارودۆخ ڕەخسا بۆ هەندێك لەتوركمانەكانى قەزاكە ، بە سود وەرگرتن لە حیزبە شیعیەكانى عیراقى وەكو(ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامى وپارتى دەعوەى ئیسلامى وبەدر وڕەوتى سەدر) كە دەسەڵاتدارى عیراقن ، كەوتنە هەڵپەى دژایەتى كردن ولاواز كردنى كورد لە قەزاكەدا ، لە بڕى ئەوەى هێزى چەك بە كار بێنن ، بە پێى پیلانێكى تۆكمە لە ڕێگاى دام ودەزگاكانى بەغداوە كەوتنە سەغڵەتكردن وشوێن پێى چۆڵكردنى كورد لە قەزاكەدا ، هەنگاوەكانیشیان بریتى بوون لە :
دامەزراندن / لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە بە هەزاران توركمان لە دام ودەزگاكانى قەزاكەدا دامەزراون وبێ ڕەچاوكردنى مافى پیكهاتەكانى تروبێ پرسكردن بە دام ودەزگاكانى قەزا وپارێزگاى سەڵاحەدین، بەلێشاو خەڵكى خۆیان دامەزراندووە ، بۆ نمونە تەنها بۆ سەر سلكى پەروەردەى قەزاكە زیاتر(800)كەسیان دامەزراندووە ، لەو ڕێژەیە تەنها نزیكەى(20)كەسێكى كوردە ، ئەویش بە پارە و واسیتە دامەزراون ، فەرمانگەى وا هەیە لە قەزاكەدا تەنها یەك كوردیشى تێدا نییە ، ئەگەر هەبێتیش زۆر بە كەمییە ، بفەرمون لە گەڵ چەند نمونەیەك دا :
*بەشى پەروەردەى قەزاكە / كۆى مامۆستاكانى بریتییە لە(3037)مامۆستا بۆ هەموو قۆناغەكان ، لەم ژمارەیە ڕێژەى هەر پیكهاتەیەك بەم شێوەیەى لاى خوارەوەیە :
توركمان / 1359مامۆستا
عەرەب / 1427مامۆستا
كورد / 251مامۆستا
*دەستەى باڵاى كۆمسیونى هەڵبژاردن لە قەزاكە/ ژمارەیان (40)كەسە ، بەم شێوەیە :
توركمان / 21 كەس
عەرەب / 10 كەس
كورد / 9 كەس

فەرمانگەى كارەبا / ڕێژەى فەرمانبەر لەم فەرمانگەیە(300)كەس ، كە لە(70%)توركمانە ، ئەوانى تر عەرەب وكوردن . بیگومان ئەمە حاڵى هەموو فەرمانگە ویەكە ئیدارییەكانى شارەكەى ، بە كورتى لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە بە بەرنامەیەكى ترسناك بە لێشاو توركمان دادەمەزرێت ، وكورد وعەرەبیش زاقەى چاویان دێت وەك ئەوەى خەڵكى ئەو قەزایە نەبن .
ئاڵوگۆڕكردنى بەرپرسى دام ودەزگا حكومیەكان / لە سەرەتاى ساڵى(2006)بەداوە بە پێى بەرنامەیەك لە بەغداوە ، هەرچ بەڕێوەبەرێكى كورد لادەدرێت ، یەكسەر توركانێك لە شوێنەكەى دادەنرێت ، بێ ئەوەى حیساب بۆ كورد وپیكهاتەكانى ترى شارەكە بكرێت ، بفەرمون لە گەڵ چەند نمونەیەك :
بەڕێوەبەرى(سایلو)كورد بو ، كاتێك خانەنشینكرا ، یەكسەر توركمانێك لە شوێنەكەى دانرا .
بەڕێوەبەرى(ئاو)كورد بو ، ئێستا توركمانێك لە شوێنى دانراوە .
بەڕێوەبەرى(پۆلیس)كورد بو ، بە پیلانێك لە بەغداوە لە كارخراو وئێستا توركمانێك لە شوێنەكەى دانراوە .
بەڕێوەبەرى(پەروەردە)كورد بو ، لادراوە وئێستا بە نیازن بە پێى پیلانێك كەسێكى خۆیان دابنێن .
تەنها(4-5)ئەفسەرى كورد لە شارەكەدا هەیە ، بە پیلانێك لە چەند مانگى ڕابردوودا(3)یانیان لە كارەكانیان دورخرانەوە ، هەروەها ڕۆژانە گێچەڵ بە پۆلیسە كوردەكان دەكەن تاكو ڕەو بكەن وازبێنن .
دیارە هەندێك كاروكردەوە وپیلانى تریان لە دژى كورد ئەنجام داوە وتائێستایش بەردەوامن ، كە ئێرە جێگاى باسكردنى نییە وتا نوسینى ئەم ووتارە بەردەوامن لە هەمان سیاسەت ، بیگومان هەموو ئەو كارانە بە تەنها وەزیرێك وچەند ئەندام پەرلەمانێكى توركمان ئەنجام داون ، بە سود وەرگرتن لە دەسەڵاتى پارتە شیعییەكانى بەغدا ، كە بەداخەوە بە دۆستى كورد ناسراون (پیاو دۆستى واى هەبێت ئیدى دوژمنى بۆ چییە) . سەرەڕاى ئەوەى لە حەوت ساڵى ڕابردوودا ئەو تەنها وەزیرە وچەند ئەندام پەرلەمانەى توركمان مانگانە وبگرە لەوەش زیاتر بەبەردەوام سەردانى شارەكەیان كردووە ، ببورن سەردانى تەنها گەڕەك وناوچە توركمانشینەكانیان كردووە ، بۆ ئەنجامدانى چەندین پرۆژەى گەورەو گرنگ وهەروەها چارەسەركردنى كێشەكانیان ودامەزراندنى كچ وكوڕەكانیان بە لێشاو ، لە ڕاستى دا لە عیراقى نوێ دا هەموو پیكهاتەیەك مافى خۆیەتى هەوڵ وكۆشیش بكات بۆ ئامانج وداخوازییەكانى ، بەمەرجێك لە سەر حیسابى ئەوانى تر نەبێت ، نەك وەك ئەوەى لە قەزاى خورماتو دەگوزەرێت ، لە لایەكى تریشەوە لەم عیراقە شڵژاو وفرە خاوەنە دا پیاو ئێرەیى بە توركمانەكانى خورماتوو دەبا ، بە یەك وەزیر ودوو سێ ئەندام پەرلەمانێكەوە ئەو هەموو هەوڵ وخزمەتە بە میللەتەكەى خۆیان دەگەیەنن .
كوردانى خورماتوویش لەم دۆخەدا هاوار دەكەن ودەڵین ئێمە كەسمان نییە وبێكەسین ، ئایە ئەمە ڕاستە ؟
بیگومان ئەى شارەكەى سەدان شەهید وهەزاران ئەنفالكراوى پێتەختى گەرمیانەكەم ، بەلێى ئێوە بێكەسن وبە تەنهاین لەم مەیدانە جەنجاڵە دا ، ئاخر چۆن وانییە لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە بەبەردەوام كورد لە بەغداد خاوەنى چەندین پۆستى سیادى و(5-6)وەزیر ولانى كەمى(60)ئەندام پەرلەمان وبەدەیان بریكارى وەزیر وبەڕێوەبەرى گشتى بووە ، با لێیان بپرسین لە حەوت ساڵى ڕابردوودا چەندیكیان سەردانى قەزاكەیان كردووە ، مەگەر تەنها بە فڕۆكە بە ئاسمانى شارەكەدا ڕۆیشتبێتنەوە بۆ سلێمانى وهەولێر ودهۆك ، ئایە تاكو ئێستا چەند جار كەرەمیان كردووە وبە لیست پاشماوەى ئەنفالكراو شەهیدان وكوڕوكچى شارەكەیان دامەزراندووە ، یان چەند پرۆژەى خزمەتگوزاریان بۆ ئاوارە وخەڵكى ماندوو جەرگ سوتاوى شارەكە ئەنجام داوە ، كوا لە پرۆسەى ئازادییەوە لەو شارەین وهیچمان نەدى ئاخر براینە ئەوە بەرهەمى خوێنى ئەنفالكراو شەهیدانى خورماتوو وتەواوى كوردستانە ، ئەمڕۆ ئێوە لەو پۆستەدان ئاخر كوردەكانى خورماتوى بەعس بەزێن ، ئەمڕۆ لە سایەى ئازادى دا ناهەقیان نییە خۆیان بە بیكەس وبێ پشتیوان بزانن وسەدان گلەیى وگازندەیان بێت وبەدەست دەیان كێشە وگرفتى جۆراوجۆرەوە بناڵێنن ، كەچى خێرەو مەنێكیش نەبێت گوێ لە دەنگى بێكەسییان بگرێت .
هەرچى هەرێمى كوردستان وحیزبە سیاسیەكانە ، ئەوا(ى . ن . ك) هەر لە دواى پرۆسەوە كۆمەڵێك پرۆژەى بچوك ومام ناوەندى لە سەر حیسابى ئیدارى گشتى بۆ شارەكە ئەنجام داوە ، حكومەتى هەرێمى كوردستانیش زۆر بە كەمى هەندێك شتى كردووە ودوو سێ ساڵ پێش ئێستا كۆمەڵیك مامۆستاى دامەزراندوە ، كە لە ئاستى پیویست دا نین ، بەڵام ئاخۆ شارێكى ئەنفالكراو وێرانكراو ، دیارە زیاتر مەبەستمان لە كوردەكانە بەو ژمارە كەمەى دامەزراندن وچەند پرۆژەیەك كێشە وداخوازییەكانیان چارەسەر دەبێت ، ئێستا كوردانى ئەم شارە هەموو دەرگاكانى بەغدایان لێى داخراوە وكەس خۆى بە خاوەنى نازانێت ، ئەى دەبێت كێ خەمى دامەزراندنى كچ وكوڕەكانى بخوات ؟كێ زامى كەس وكارى شەهیدان وئەنفالكراوەكانى ساڕێژ بكات ؟ كێ كێشە سیاسى وئیدارییەكانى چارەسەر بكات ، زۆرمان پێى خۆشە سەركردایەتى سیاسى كورد وحكومەتى هەرێمى كوردستان بە پرۆژەى خزمەتگوزارى ودامەزراندن وسەردانى بەرپرسە باڵاكانى حكومەت وحیزب بایەخ وگرنگى زیاترى بە كەركوك وخانەقین داوە ، بەڵام براینە بیرتان نەچێت خورماتویش پارچەیەكى گرنگى كوردستانە ویەك ڕوبار خوێنى بەخشیوە ، تۆزیك ڕووى ماشێنەكانتان بەلاى ئێمەش دا هەڵسوڕێنن وبینە دەنگمانەوە ، تاكو كارلەكار نەترازاوە وشارەكەمان لە كیس نەچووە .
دەبێت باش بزانن كوردى خورماتو ئێستا لە هەموتان نیگەرانە ، گلەییان هەیە تیروتوانجتان لێ دەگرن وتەنانەت دەنگۆى هەندێك هەڕەشەى ترسناكیش بەرگوێمان دەكەوێت ، كە ئەگەر ڕووبدات زیانى زۆر بە دواى خۆى دا دێنى وئەوجا كارلەكار دەترازێت وهیچ دادمان نادات . ئێستا هەموو ئەو دۆخە نالەبار وئاڵۆزە كۆمەڵێك ئاسەوار وكاریگەرى خراپى جێ هێشتووە ، هەوڵ دەدەین بە كورتى ئاماژەیان بۆ بكەین :
*ڕەوكردنى كورد ، ڕاستە لە دواى پرۆسەوە ژمارەیەك خێزانى كورد شارەكەیان چۆڵ كرد ونیشتەجێ كەركوك بون ، بەڵام دیاردەى باركردنى كورد لە شارەكە لەئێستادا لە ڕادەبەدەرە وبە لێشاو شارەكە بە جێ دەهێلن وڕوو لە شارەكانى كەركوك وكفرى وكەلار وسلێمانى دەكەن ، ئێستا هیچ گەڕەكێكى كورد نییە بە سەردان خانوى كورد لە سەرى نەنوسرابێت (دار للبیع) ئەم خانوە بۆ فرۆشتنە ، بۆ نمونە تەنها لە یەك كۆڵانێك دا لە گەڕەكى كۆمارى(13)خانوى لە سەرى نوسراوە بۆ فرۆشتن ، لە هەمویشى مەترسیدار تر ئەوەى ئەو خانوانە بە زۆرى لە لایەن توركمان وعەرەبەكانەوە دەسەندرێن ، دیارە ئەمەش زەنگێكى مەترسیدارە ، بە كورتى هۆكارەكانی ئەم ڕەوكردنەى كوردیش بۆ ئەم فاكتەرانە دەگەڕێتەوە :
یەكەم / كەمى خزمەتگوزارى وئاوەدانى لە قەزاكەدا .
دووەم /تیرۆر بۆتە مۆتەكە ومەترسیەكى گەورە بۆ سەر دڵى شارەكە ، هەر لە ساڵى(2005) بەدواوە بە هۆى هاوسنورى قەزاكە لە گەڵ بەشە عەرەبەكەى عیراق وزۆرى ڕێژەى گروپە تیرۆرستەكان لە ناوچەكە ولاوازى دام ودەزگا ئەمنییەكان
بیگومان كورد بە پلە یەك قوربانى دەستى كارەتیرۆستیەكان وتاكو ئێستا بە دەیان كادر وكارمەندى ئاسایشى (ى . ن . ك) بونەتە قوربانى ، ئەمەش كەشێكى نائارامى دروست كردوە ، بۆیە خەڵك بە ناچارى شارەكە بە جێ دەهێڵن و ڕەو دەكەن بۆ شارەكانى تر .
سێهەم /كەم بونەوەى دەسەڵاتەكانى كورد لە قەزاكە دا ، هۆكارێكى ترە ، هەر لە ماوەى جارێك بەڕێوەبەرێكى كورد لە سەر كارەكەى لادەدەن ، بەلێشاو غەیرە كورد لە شارەكەدا دادەمەزرێنن ، لە سەدا هەشتاى فە رمانبەرى دام ودەزگاكان لە توركمانن وزۆربەیان دژایەتى كورد دەكەن .
چوارەم / خوێندن ، لەم ساڵانەى ڕابردودا بە دەیان قوتابخانەى كوردى لە شارەكەدا كراونەتەوە ، بەڵام بە دەست كەم وكوڕى زۆرەوە دەناڵێنن ، لە هەموویش خراپتر ئەوەیە كاتێك خویندكارە كوردەكان قۆناغى ئامادەیى تەواو دەكەن لە هیچ زانكۆ وپەیمانگایەكى هەرێمى كوردستان وەرناگیرێن ، ئەمەیش كێشەیەكى ترە بۆ بیئومیدى كورد وڕەوكردنى لە شارەكە .
پێنج / لاوازبونى ئینتمایى نەتەوەیى وبیئومیدبون لە سیاسەت و وعد وبەڵێنى پارتە سیاسیەكان ، لە بەرانبەردا بیرى توندڕەوى وپەلكێشان بۆ چەند مەسەلەیەكى تر لە ناو لااوان وگەنجان دا خەریكە تەشەنە دەسێنێ ، كە ئێرە شوێنى باسكردنى نییە .
بیگومان كۆمەڵێك هۆكار وفاكتەرى تریش هەن لە پشت ئەم دۆخەوەن ، دەترسم ئێستا بەرپرسانى وڵاتەكەم زویر ودڵگران بن لەم ووتارە ودور نییە كێشە وگێچەلیشم بۆ دروست بكات ، ڕەنگە هەندێكیان لە پڕا بێنە قسە وبڵین وانییە وئەگەر وایە بۆ ئێمەى لێى ئاگادار نەكراوەتەوە ، خۆ ئەگەر دواى بڵاوبونەوەى ئەم بابەتە شتى وا ببینم ئەوا ئینجا ناچار دەبم ، بە دەیان بە ڵگە ونوسراو بخەمە ڕوو ، كە شاهیدى ئەوەن لە چەند ساڵى ڕابردوودا كێ ماوە لە بەرپرسە حكومى وحیزبیەكانى وڵاتەكەم ، ئێمە زۆر لەمە بە زیادەوە ڕاستى وزانیاریمان لە سەر دۆخى ئاڵۆزى شارەكە نەخستبێتە بەر دەستى ئەوان ، كەچى ئەوان بەدەنگ نەهاتون ؟
ئێستا ئەوەى نەچوە بچێت ، دەبێت بەرپرسانى وڵاتەكەم بزانن تا كار لەكارنەترازاوە وشارەكەمان لە كیس نەچوە دەبێت بێنە سەر هێڵ وكۆمەڵێك هەنگاوى سەرەتایى بهاون ، تاكو بەدەستى خۆمان وبە شێنەیى لە سەردەمى نەمانى بەعس دا ، شارەكە بە فەتارات نەچێت وبەمەش ئەمنى قەومى كورد وبەشێك لە خاك ونیشتمانى كورد لە دەست دەدەین كاتێك شارەكە لە كورد چۆڵ دەبێت ئیدى بە چ پێوەر ومیكانیزمێك دەتوانین شارەكە ببینەوە وبگەڕێتەوە باوشى هەرێمى كوردستان ، بۆێە لێرەڕا كۆمەڵێك پێشنیارى سەرەتایى دەخەمە بەر دەستى بەرپرسانى وڵاتەكەم ، تاكو بتوانین دۆخى شارەكە بگۆڕین وئومید بگەڕێتەوە نێو ماڵە ساردوسڕەكانى خورماتوى بوكى حەمرین :
*بودجەیەكى كاتى ومام ناوەندى لە لایەن حكومەتى هەریمەوە بۆ شارەكە تەرخان بكرێت .
*بایەخ بە بەرپرسە ئیداریەكانى شارەكە بدرێت وچەندین لیژنە سەردانیان بكات ، تاكو بە پێى بەرنامەیەك بارى گرانى شارەكە ئاسان بكەن .
*ژمارەیەك دەرچوى زانكۆ وپەیمانگاكانى شارەكە دابمەزرێنن ، بەتایبەتى لە بوارى پەروەردەدا .
*یەكێك لە نوێنەرەكانى كورد لە پەرلەمانى بەغدا بۆ شارەكە تەرخان بكەن ونوسینگەیەكى بۆ بكرێتەوە تاكو لە ڕێگاى بەغداوە كێشەكانى كوردى شارەكە چارەسەر بكات .
*ئەنجامدانى كۆمەڵێك پرۆژەى بچوك ومام ناوەندى بۆ گەڕەكە كوردنیشین وهەندیك لە كوندە عەرەبنشینەكانى سنورەكە .
*باشتركردنى پەیوەندى لەئاستى باڵادا لە گەڵ عەرەبى سنورى قەزاكە وپیكهاتەكانى تردا .
*تەواوى وەزیر وبەڕێوەبەرە كوردەكانى بەغدا ڕابسپێردرێن ، بەبەردەوامى سەردانى قەزاكە بكەن وكێشە وداخوازیەكانى كوردى شارەكە چارەسەر بكەن .
*هەروەها جێ خۆیەتى سەركردایەتى سیاسى كوردستان ، ئەو لایەنانە ئاگادار بكەنەوە كە خۆیان بە دۆست وهاوپەیمانى كورد دەزانن ، كەچى كەسانێك لە ژێر ناو دەسەڵاتى ئەوان دا دژایەتى كورد دەكەن وزۆر ناهەقى بەرانبەر ئێمە دەكەن .

 
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە