با رێبەر ئاپۆ ئازاد بكەین، كۆتایی بەكۆمەڵكۆژی بهێنین
Saturday, 28/01/2012, 12:00
ئەنجومەنی ژنانی ئازاد لقی كەركوك رێكەوتی (27\1\2012) لەباخچەی قەڵای بەرامبەر كۆمەڵەی رووناكبیریو كۆمەڵایەتی كەركوك، گردبوونەوەیەكی جەماوەری سەبارەت بەگۆشەگیری رێبەری گەلی كورد(عەبدوڵا ئۆجەلان) لەلایەن سەرانی تورك بەرێوەبرد، سەرەتا دوای وەستان ساتێك بۆ گیانی شەهیدانی چوار بەشی كوردستان، بەیاننامەی ژنانی ئازاد لەلایەن هەڤال (ئامینە كەركوكیەوە) خوێندرایەوە:
وەك هەموو لایەك ئاگادارە رێبەر ئۆجەلان بەدرێژایی تەمەنی خۆی و لەماوەی(13) ساڵی زیندانیشدا خاوەنی زۆرترین پرۆژەو نەخشە رێگای چارەسەری و ئاشتی و دیموكراتیە، بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و تەواوی پرسەكانی كۆمەڵگا هەموو توانایەكی خستۆتە خزمەتی ئازادی گەلان، بەتایبەتی چارەسەری تەواوی كێشەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرێداوە بەئازادی ژنانەوە، لەو چوار چێوەیەدا خاوەن تێكۆشانێكی بێ سنوور بەپێشخستنی فەلسەفەو ئایدۆلۆژیای رزگاری ژنان، پەردەی لەسەر هەموو سەختەكاریەكانی سیستەمی پیاوسالاری هەڵماڵیوە، بەهەوڵ و تێكۆشانی بەرێزی گەورەترین پەیامە بۆ پەرپاكردنی شۆرشی كۆمەڵایەتی و سەركەوتنی شۆرشی دیموكراتیانە لە كۆمەڵگای كوردستاندا و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، هەر بۆیە ئێستا بەتوندكردنی گۆشەگیری لەسەر رێبەر (ئۆجەڵان) رۆژانە كۆمەڵكوژیەكی خوێناوی لەسەر ئیرادەی ئازادانەی هەموو گەلی كورد و مرۆڤایەتی و ژنان بەتایبەتی بەرێوەدەبەن، چونكە چارەنووسی ئێمەی ژنان و تەواوی گەلی كورد بەیەكەوە گرێدراوە، پێویستە رێگەبگرین لەكۆمەڵكوژی ئەویش بەخاوەندارێتی كردن لە رێبەر ئاپۆ بەئەنجامدانی چلاكی دیموكراتی و جەماوەریانە.
هەروەها لەلایەن رێكخراوی ئاسۆ بۆ مافی مرۆڤ وتەیەك خوێندرایەوە:
وەك رێكخراوی ئاسۆ لە كەركوك سیاسەتی كۆشەگیری بەپێشێل كردنی مافی مرۆڤی دەزانین، لەو روانگەیەوە دەوڵەتی تورك شەرمەزار و ریسوا دەكەین، هاوكات داوا دەكەین دەزگا و بنكە سیخورییەكانی دەوڵەتی توركیا بەزووترین كات لە باشوری كوردستان نەمێنن.
لەلایەن(هەڤال عەبدوڵرەحمان بزوتنەوەی گۆران)وتەیەك خوێندرایەوە:
ئەمڕۆ لەباكوری كوردستان هیوایەك هەیە، كە بۆتە جێگای ئومێد و رزگاری و بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كورد، بۆیە بۆ نەهێشتنی ئەو خواستە حكومەتی ئاكەپە هەموو جۆرە هەوڵێك تا دەگاتە سیاسەتی گۆشەگیری بۆ سەر بەرێز ئاپۆ پیادەكات، بەڵام بەرخودان و هیوای گەلی كورد شكستی بەپیلانگێرانی سەرانی تورك هێناوە.
لەلایەن گەنجانی وڵات پارێزی شاری كەركوك وتەیەك لەلایەن هەڤال سۆران خوێندرایەوە:
لەكاتێكدا دەوڵەتی تورك دەلێ كەتازە هیچ شتێك نەماوە بەناوی كورد،ئاڵێرەدا سەرۆك ئۆجەلان بێدەنگ نابێت گەورەترین شۆرش بەرپادەكات كەتائەمڕۆ بەردەوامەو بەردەوامیش دەبێت، بۆیە دەسەلاتی فاشستی تورك دەستی كرد بەگرتن وئەشكەنجەدانی چالاكوانی كورد كەتێیدا رێبەری گەلی كورد ئۆجەلان كرایە زیندانی تاكە كەسی، كەفشارێكی زۆر دەخرێتە سەری بۆ ئەوەی شۆرشی كوردان كپ بكات، بەڵام هیچ كات ناتوانێت بۆیە پەنای بردە بەر گۆشەگیری.
لەلایەن بەرپرسی كەركوكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وتەیەك خوێندرایەوە:
ئەو گردبوونەوەیە داكۆكی كردنە لە ئەخلاق و بوونی نەتەوەیەك كەئەویش گەلی كوردە،داگیركەران بەو گۆشەگیرییە دەیانەوێ مێژووی داگیركاری دووبارە بكەنەوە، بەلام لە رووبەروو بونەوە لە گەل(PKk ) سەركەوتوو نەبوون، داگیركەران دەیانەوێت لەو گۆڕانكاریانەی ئەمڕۆ كە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دووبارە ناسنامەی گەلی كورد فەرامۆشكەن و مێژووی داگیركاریونكۆڵی دووبارە بكەنەوە، بۆیە(6) مانگە بەگۆشەگیری و دیدار لەگەڵ سەۆرك ئاپۆ ئەنجام نادرێت، تادەگاتە ئەندامانی بنامەڵەكەشیدا، ئەوا خۆیان ئەو راستیە پیشانی گەلی كورد دەدەن كەگرتنی ئاپۆ كێشەیەكی خێزانی نییە بەڵكۆ دۆزی گەلێكە.
دواتر لەلایەن(وریا ئەحمەد)پارێزەر وتەیەك خویندرایەوە:
پێویستە پەرلەمانی كوردستان بەئەركی نەتەوەیی خۆی هەستێت، چیتر رێگا نەدات بەسەرۆكێك بچێت بۆ سەر گۆڕەكەی ئەتاتورك بڵێت دروست بوونی دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانە، هەروەها رێگا بەسەرۆكی هەرێم نەدات بچێتە توركیا لەگەڵ ئۆردوگان و گوڵ دیدار سازبدات بۆ لیدانی بزافی رزگاریخوزازی گەلی كورد و لەناو بردنی PKk واژوو بكات، بۆیە داكۆكی كردن لە ئۆجەلان شكاندنی گۆشەگیری وداكۆكی كردنە لە نەتەوەیەك.
شایانی وتنە ئەو گردبونەوەیە بەئامادەبوونی كۆمەلێك لە ژنانی چالاكوانی سیاسی و رۆشنبیر و لایەنی حزبی و هاوڵاتیانی شاری كەركوك لە كاتژمێر 3 تا 4 ی ئێوارە بەردەوام بوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست