كاریگەری گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە وكوردستان لەسەر بارودۆخی كەركوك
Friday, 28/09/2012, 12:00
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە هۆڵی مستەفا گەرمیانی كۆمەڵەی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی كەركوك، پێنج شەممە رێكەوتی (27/9/2012) هەڵسا بەسازدانی سیمینارێك بۆ هەڤال(دیار غەریب) هاوسەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، بەناونیشانی( كاریگەری گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە وكوردستان لەسەر بارودۆخی كەركوك)، لەو بارەوە بەرێز(دیار غەریب) وتی:
بۆ هەڵسانگاندنی ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ لە ناوچەكەو رۆژهەلاتی ناوەڕاست و كوردستان و عێراقدا هەیە، وە كاردانەوەی ئەم بارودۆخە لەسەر كەركوك بەتایبەتی لەسەر جێبەجێ كردنی مادەی(140) وەك بابەتیتر ئەمڕۆ لە رۆژەڤە، هەر لایەنێك لە روانگەیەك باس لەم بابەتانە دەكات، ئێمەش دەمانەوێ كۆدەنگییەك لەسەر ئەم بابەتە دروستكەین، پێمانوایە ئەو كێشانەی ئەمرۆ لە كەركوك و كوردستاندا هەن، بەبێ ئەوەی بتوانین كۆدەنگییەك لەسەری دروستكەین ناتوانیین بگەینە چارەسەری، پێویستیمان بەپرۆژە و ئیرادەی هاوبەش هەیە، ئەمرۆ ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و دنیا لەناو قەیرانێك و گێژاوێكدا تیدەپەرێ،ماوەی ساڵێكە كە لەژێر ناوی بەهاری عەرەبی یا بەهاری گەلان یاخود بەهاری ئیسلامی بەناو دەكەن، بەڵام جەوهری مەسەلەكە ئەوەیە ئیتر كۆمەڵگا بەگشتیو سیستمی ئیدارەی دنیا گەیشتۆتە ئاستێك ئەو بارودۆخەی پێ هەڵناگیرێت، یاخود ناتوانێ ببێتە وەڵامدەر بۆ پێداویستەكانی ئەم قۆناغە، لەبەر ئەوە لەلایەك لە خوارەوە لە ناو كۆمەڵگا فشار لەسەر سیستەم دروست دەبی لەلایەك بەرژەوەندییەكانی سیستەم بۆ خۆی فشار لەسەر خۆی دروست دەكات، ئەمانە لە هەردوولاوە سیستەم ناچاری گۆڕانكاری دەكەن، چۆن لە مێژوودا شاهیدی ئەوەین هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی هەر ماوەیەك بەسەر دەچێت بەهۆی پێشكەوتنی فیكری و زانستی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە سیستەمی دنیا ناچاری گۆڕانكاری دەبێت، سیستەمێك بەرەو وڵاتی نەتەوەیی چوونو بەشێك لە سیتەمی نەتەوەیی بەرەو سۆسیالیستی چوون، دەوڵەتە سۆسیالیستەكان بەشی زۆریان بەرەو هەڵوەشانەوە، دەوڵەتە نەتەوەییەكان بۆ زۆر كێشە نەبوونە چارەسەری، ئەمرۆ سیستەمی جیهانی لە قەێرانێكدا دەژیو دەیەوێ لەو قەیرانە رزگاری ببێت، وە گۆمەڵگاش لە ناو قەیراندا دەژی دەیەوێ لەو قەیرانە رزگاری ببێت، هەڵبەت لەوەی كۆمەڵگا گۆڕانكاری دەیەوێت سیستەمیش ناچاری گۆڕانكارییە، كۆمەڵگا و سیستەمی دەسەڵاتداری لە خاڵی پێویست نین لە گۆڕانكاری یەك دەگڕنەوە،بەڵام بەچ شێوەیەك گۆڕانكاری بكرێت جیاوازی دەردەكەوێت،چونكە پێداویستەكانی كۆمەڵگا و پێداویستەكانی سیستەمی دەسەڵاتداری یەك نین جیاوازن، سیستەمی دەسەڵاتداری بۆ دابین كردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی پێویستی بەگۆرانكارییە، لە میكانیزم و ئالیەتێك دەگەرێت كە بتوانی پێداویستیەكانی خۆی دابینكات، كۆمەڵگاش لەپێناو دەستەبەر كردنی ئازادییەكانی خۆیدا پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، ئەمە وادەكات وەك ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەبینرێ گەلان بە زۆری هاواری ئازادی و گۆڕانكاری دەكەن، تونس و میسر و لیبیا و بەحرین و یەمەن ئەم وڵاتانە بونەتە ناوچەی گەرم بۆ گۆڕانكاری،ئەو وڵاتانەی وەك میسر و تونس و لیبیا گۆڕانكارییان تیابوو نا بۆ گەلانی خۆیانو نا بۆ خەڵكانی تر وەك پێویست نەبوونەتە وەڵام، وەك چاوەڕێ دەكرا،ئایا گۆڕانكاری بەم رەنگە دەتوانێ ببێتە نموونە بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە شوێنەكانی ترا. چارەسەر كردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕیندراەكان بابەتێك نییە وابەستە بێت بەلایەنە عێراقییەكان یاخود بە تەنیا لایەنی كوردی، بابەتێكە لە چوار چێوەی پەیمانی سان رێمو و لۆزان تا ئاستێك كاریگەری هێزە نێو دەوڵەتیەكان لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە، لەبەر ئەوە ئەو هێزانەی لە دەرەوەن پێویست دەكات رۆڵو پێگەیان لە گۆڕانكاریەكان بە تایبەت لەسەر كوردستان و عێراق و كەركوك ببینرێت، ئەمرۆ (31یا 33)حیزب وەك باسی دەكەن لە باشوری كوردستاندا بوونی هەیە، ئەم حیزبانە خاوەنی ستراتیژی هاوبەش نیین، لەبەر ئەوەی خاوەنی ستراتیژی هاوبەش نیین ئەمە خاڵی لاوازی ئێمەیە، ئەمە وای كردووە ئێمە بۆ چارەسەری كێشەكانی خۆمان لە هەرێمی باشور لایەنی دەستور و چاكسازی و لە بنبڕكردنی گەندەڵی و جێگیركردنی سیستەم ڕای جیاوازمان هەیە، لەسەر ئاستی عێراقیش رای زۆر جیاوازمان هەیە، بەڵام ئەمانە بۆنەتە هۆی ناڕەحەتی لەسەر ئاستی هەرێم ولەسەر ئاستی عێراقیش هەبێت، دەردەكەوێ هێزی كوردی وردە وردە پاشەكشە بكات، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی و ئۆپۆزسیۆن و هێزەكانی تریش ڕایان جیاوازە، ئەمانە پێویستیان بەچارەسەری هەیە، ئەمانە كاریگەری لەسەر پرسی گشتی كورد و كەركویش هەیە، ئێمە ڕەخنە لە مالكی دەگرین دەلێین مادەی(140)چارەسەر ناكات زۆر جاریش خۆمان دەڵێین ئەوان نایانەوێ چارەسەر بێت، باشە ئێمە بۆ ئەوەی چارەسەر بێت چی بكەین، ئێمە وەك كورد چی بكەین، هێشتنەوەی كێشەكە بەو بارودۆخە لە بەرژەوەندی كورد نییە، بێگومان ئەو هێزانەی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و هەرێمی و كوردستانیش هەریەكە بەشێوەییەك لە شێوەكان دەیانەوەێ كاریگەری خۆیان لەسەر هەر كێشەیەك دابنێن،یەك لەو كێشانە مادەی 140 و كەركوكە، دەكرێ لە پرۆژەی هەمو لایەنە كوردستانیەكان پرۆژەییەكی هاوبەشمان هەبێت، ئەو كات دەتوانین ئیرادە و ئالیەتێكی هاوبەش بۆ چارەسەری دروست بكەین، كەركوك ئەمڕۆ چی پێویستە، (نوجیفی و دوكتۆر ئەرسەلان پایز) هاتنە كەركوك، بەڵام لە گەڵ خەڵكدا دانەنیشتن،لە گەڵ ئەو حیزب و لایەن و ئیدارەی ئێرە نەبێ كە پێكەوە دادەنیشن، دەبێ حزبە كوردستانیەكان لە گەڵ خەڵك و رۆشنبیر و رێكخراوی مەدەنی و لە ناو گەڕەكەكانە دەتوانن دانشین ،لەم قوناغە هەوڵدەین پرۆژەیەكی نەتەوەیی و هەم لایەنی دیموكراتی هەبێتو گەلالەی بكەین، ئیشی لەسەر بكەین، ئەمانەمان كرد دەتوانین هێز و ئیرادەی چارەسەری دروستكەین، زەمینەی جیهانی و ناخۆیی لەبارە بۆ گۆڕانكاری، بەڵام ئیرادەی گۆڕانكاری لای ئێمە لاوازە، با ئەوەندە چاومان لە دەرەوە نەبێت،ئەگەر خەڵكی كەركوك هەنگاوی عەمەلی بنێت، ئەو كات لە هەرێمەوەش بەدەنگەمانەوە دێن، لە بەغداش حیسابمان بۆ دەكەن، بەڵام ئێمە چاومان لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی بێ هیچمان بۆ ناكات، دەبێت پرۆژەی فیكری هەم كرداری دروست بكەین، بۆ ئەوەی ئەگەر بمانەوێت مادەی 140 جێبەجی بكەین، بەڕاستی بۆ جێبەجی كردنی چیمان پێویستە، پێویستە كەش و هەوایەكی پێكەوە ژیان لە كەركوك دروست بكرێتەوە،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست