لە كەركوك دژی سیاسەتی داگیركاری ئێران و توركیا خۆپیشاندان دەكرێ
Wednesday, 24/08/2011, 12:00
رێكەوتی 24\8\201 كاتژمێر چوار و نیوی سەر لە ئێوارە لە گۆرەپانی مامە ریشەی گەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك خۆپیشاندانێكی جەماوەری دژی سیاسەتی داگیركاری ئێران و توركیا بەر ێوەچوو،ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن جەماوەرێكی بەرفراوانی كەركوك و 21 پارت و رێكخراوی مەدنی و ژنان سازدرابوو، بە هۆی كێشەی تێكچوونی ئامیری گەورە كردنی دەنگ(مكبرە) بەیاننامەی هەموو حزب و لایەنەكانی ئامادەبوو نەخوێندرایەوە ، بەڵام بە ئامادەبونی كەنالێكی زۆری راگەیاندن توانرا دەنگی ناڕەزایەتی جاماوەر بەرزبكرێتەوە، شایانی وتنە بۆ رسوا كردنی تۆباران و بوردومانی وڵاتی ئێران و توركیا سەرلەبەیانی هەمان رۆژی 24\8\2011 لە بارەگای كەركوكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كۆبونەوەیەكی بەرفراوان بۆ 9 پارتی كوردستانی كەركوك بەرێوەچوو، بە ئامادە نەبوونی هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی، كە هەرچەندە بانگێشتی ئەو كۆبوونەوەیە كرابوون، بەشداری نەبوونی هەردوولایەنی پارتی و یەكێتی نارەزایەتی لای حزبە كوردستانیەكان دروست كردبوو، تا رادەیەك بەرپرسی حزبیكی كوردستانی كە نەیویست ناوی بهێنرێت گوتی ئەو دووسەڵاتە هیچ كاتێك ئامادەنین بەشداری لە گەل لایەنەكانی تری دەرەوەی خۆیان بكەن ، بەڵام كاتێك كاریان پێمان دەبێت بۆ ریكلام و بەرژەوەندی خۆیان بانگێشتمان دەكەن، بۆیە دەبی لەمەودا هەڵویستی خۆمان بە هەردوو لایەنی دەسەڵات رابگەێینین، لە مەیدانی خۆپیشاندانی مامە ریشەی كەركوك وەك پەیامنیری رۆژنامەوانی پرسیاریًكم ئاڕاستەی چالاكوان و رۆشنبیری شاری كەركوك هاورێ تالیب كرد لەمەڕ ئامادەنەبوونی پارتی و یەكێتی لەو كۆبوونەوە جەماوەرییەی دژی سیاسەتی جینۆسایدی وڵاتی ئێران و توركیا بەرێوەچوو لە وەڵامدا وتی" ئەو لایەنانەجاران لەسەردەمی شاخ پیویستیان بە خەڵك و جەماوەر هەبوو، ئێستا لە شێوەی كۆمپانیایان لە بەرژەوندی خۆیان دەگەڕێین، دەبێ میللەت بەدوایان بكەوێت، پێویستیان بەجەماوەر نەماوە، هەر ئەم سیاسەتە وای كردووە داگیركران بەكەمی سەیری كورد بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست