هەولێر، دژی لەسێدارەدانی حسێن خزری خۆپیشاندانێك بۆ بەردەم كونسولخانەی ئێران بەرێوە چوو
Monday, 17/01/2011, 12:00
هەولێر ـ رەهێڵ مامەش
دژی لەسێدارەدانی حسێن خزری چالاكوانی سیاسی ـ مەدەنی كورد و هەموو ئەو بەرخۆدانوانانەی كە بە دەستی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەسێدارە دراون، ئەمڕۆ 17/1 ژمارەیەك لە كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان و گەنجانی وڵاتپارێزی هەولێر خۆپیشاندانێكیان بۆ بەردەم كونسولخانەی ئەو وڵاتە لەشاری هەولێر رێكخست.
خۆپیشاندەران بە دروشمی "ئەی رژێمی سێدارە دەست هەڵگرە لەو كارە" و "شەهیدان نامرن"، داوایان لە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد لەسێدارەدان رابگرێت و زیندانیان لە بەندیخانەكان ئازاد بكات.
ژیاری رەسوڵی ئەندامی بەرێوەبەری سایتی بەیانی كە یەكێك بوو لە خۆپشاندەران بە ماڵپەڕی چەترپرێسی راگەیاند: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی گەنجێكی كورد لە لایەن رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەر چەند دیار نیە ئایا ئەو كەسە حسێن خزریە یان گەنجێكی تر، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە گەنجێكی كورد لە سێدارە دراوە. بۆیە ئەمرۆ لە بەرامبەر ئەو كردەوە وەحشیانەی كۆماری ئیسلامی هاتوینەتە بەردەم كونسولخانەی كۆماری ئیسلامی و ئیدانەی ئەو كارە دەكەین.
هەر لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەك وتار خوێندرانەوە كە تیایاندا داواكار کرابوو لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، "بۆ ئەوەی ناوماڵی كورد رێك بخرێت. ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ئەو دەستكەوتانەی بۆ كورد بە دەست هاتوون لەدەستمان دەچێت". هەروەها لە میانەی وتارەكان ئاماژەی بەوەش كرا كە لە ساڵی (1991)ەوە (735) لاوی كورد لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دراوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست