توندو تیژیەكانی گانگەكانی بەریتانیا و مامەڵەی حكومەت

Tuesday, 16/08/2011, 12:00






مەسەلەیەكی كوردی هەیە دەڵێت خەتا وەك هەڵمات خرەو كەس لەخۆی ناگرێت و هەركەس دەیگرێتە بەرامبەرەكەی. چەند مانگێك پێش ئێستا خۆپیشاندانێكی فراوان زۆرێك لەشارەكانی كوردستانی گرتەوە ,نەك تاكە دەرەنجامێكی بچوكیشی نەبو بەڵكو تا ئێستایش نە حكومەت و نەلایەنێك و نەبەرپرسێك تاوانێكی ئەو خۆپیشاندانە یاخود هۆكارەكانی پشت ئەو خۆپیشاندانەی لەخۆنەگرتوە، هەرهەمویان خۆیان لەبەشداربون و هۆكارەكانی دەرهێناوە . ئۆپۆزسیۆن دایە پاڵ دەسەڵات و دەسەڵاتیش دایە پاڵ ئۆپۆزسیۆن و پاشان وەك هەمیشە دەستی دەرەكی و وڵاتانی دراوسێش تۆمەتبار دەكرێن .
بەم شێوە دەسەڵات و لایەنەكان بێ تاوان دەرچون و خوێنی كوژراوەكانیش بە فیرۆ رۆشت ، ئەمە جگە لەوەی خۆپیشاندەران نازناوی تیرۆریست و تێكدەرو سەرلێشێواو و ..هتد یان پێبرا.
ماوەی چەند رۆژێكە گروپێك لەبەریتانیا سەریان هەڵداوە كە ژمارەیان ئەوەندە كەمە ئەگەر حكومەتی بەریتانیا بیەوێت بەتوندوتیژی سەركوتیان كات بەرگەی یەك كاتژمێری هێزی پۆلیسی بەریتانیا ناگرن ، بەڵام چۆن هەمو ناوەندە سیاسی و راگەیاندنەكانیان سەرقاڵ كردوە ؟ پێش ئەوەی ئەم گروپە ناو و ناتۆرەیان لێبنرێت و بەتاوانبار باس بكرێن بریار درا لێكدانەوەیەكی قوڵ بۆ هەمو رەهەندەكانی سەرهەڵدانی ئەم گروپە بكرێت ،لەرەهەندە سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئاینی و ..هتد. وەنابێت كەس خۆی بێتاوان پیشان بدات لەبەرامبەر سەرهەڵدانیدا . تەنانەت حزبەكانی پێشوی سەردەسەڵاتیش و نوێنەری كۆمیونیەتیەكان و كەنیسەكان وپۆلیس و شوێنانی تری پەیوەندی دار بانگهێشتی پەرلەمان كران تاوەكو بزانرێت هەریەكەیان چەندە هۆكارە بۆ سەرهەڵدانی ئەم جۆرە گروپە.
مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ هاوڵاتیان خراوەتە بەرباس و رۆژانە چەندین گەنج و خەڵك لەسەر جادەكان دەهێنرێن و دەیاندوێنن بۆ ئەوەی بزانن لەماوەی ئەمساڵدا پۆلیس چۆن مامەڵەی لەگەڵ كردون ، ئایا توندوتیژیان بەرامبەر كراوە؟ بێرێزیان بەرامبەر كراوە ؟ .دەسەڵات و سەرەك وەزیرانی ئێستا ئەو ریفۆرم و گۆراناریانەی لەداهات و ژیانی خەڵكدا كردی چەندە هۆكارە؟ ئەندامانی ئەو گروپە بەدەموچاوی بەستراوەو دەدوێنرێن و پرسیاریان لێ دەكرێت بۆچی وا هەڵس و كەوت دەكەن.
حزبی پێشوی سەردەسەڵات كە پارتی كرێكارانە بانگهێشت كراوەتەوە تا بزانرێت ئەو چەندە بەرپرسیار بوە ئایا تەراكوماتی شێوازی فەرمانرەوایی ئەوان هۆكار نیە ؟ چەندە بەر پرسیاریەتی دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانیش ؟
پاشان خێزان و كۆمەڵگە ، ئایا نەبونی خێزان و كێشەكانی ناوخێزان هۆكار نین ؟ دایكان و باوكانیان بانگكردوەو دەیاندوێنن لەو بارەوە . میدیا و فیلمەكانی توندوتیژی چەندە بەرپرسیارن ؟
هەمو لایەك ئامادەیە چەندێك خەتای هەبێت لە ئەستۆی بگرێت ، بۆ نمونە لەیەكێك لە روبەروبونەوەكاندا دەیڤید كامیرۆنی سەرۆك وەزیران ویستی تاوانەكە بخاتە ئەستۆی خێزانەكان و وتی داوادەكەم خێزانەكانمان رۆڵەكانیان بانگ بكەنەوە و لەسەر جادە كاری توندوتیژی نەكەن . یەكێك لەقەشەكان وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت : كام خێزان ،ئەوانەی كە منداڵەكانیان كەنیسە ناناسن . ئێوە نەبون ئەو منداڵانەتان لەدایك و باوك و لەكەنیسە كرد؟ خێزانتان نەهێشت و پۆلیستان بۆ كردن بەهەمو شتێك ، كەواتە جەنابی سەرۆك بە پۆلیس بڵێ با كۆنترۆڵیان بكات نەك خێزان چونكە ئەوانەی ئێستا لەسەر جادەن كاراكتەری فیلمە توندوتیژیەكان پێشەنگیانن، گۆرانی بێژە دەرمانخۆرەكان پێشەنگیانن نەك ئێمەی پیاوانی ئاین و دایكان و باوكان .
كامیرۆن ویستی داوا لە ئەمریكا بكات هاوكاری بكات كە چۆن ئەوان گروپە توندوتیژەكانی ناو ئەمریكایان كۆنترۆڵ كردوە ،بەم داوایەی بەرەوروی رەخنەی توندی پەرلەمان و سیاسیەكان بویەوە ، كە بەهیچ شێوەیەك قبوڵیان نیە ئەمریكا بێتە ناو كێشەكەوە و ئەوەیان بە خۆدزینەوەی سەرۆك وەزیران پێناسەكرد لەبەرامبەر كێشەی وڵاتەكەیدا.
ئەمان بەم شێوەیە بەدوای چارەسەری كێشەو گرفتەكاندا دەگەرێن ، هاتون دیراسەی بریارو شێوازی حوكم و مامەڵەی خۆیان لێكدەدەنەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ خۆیان دەكەن پێش ئەوەی هیچ تاوانێك بخەنە پاڵ ئەو گروپە . تاكە ناوێك لەو گروپە نراوە (گانگ) ە بەواتای گروپێك خەڵك بەیەكەوە یەكیان گرتوەو بەشداری لەكارێكی توندوتیژی یان نایاسایی دەكەن .
ئومێدەوارین چی تر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و خەڵك و كۆمەڵگە لە وڵاتی ئێمەش خۆیان نەدزنەوە لە بەرپرسیاریەتی لە سەرهەڵدانی كێشەو گرفتەكان و هەمو لایەك دان بەخەتاباری خۆیدا بنێت و لەخەمی ئایندەی ولات و نەوەكاندا بێت .

 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە