بزوتنەوەی گۆڕان و سیستەمی هاوسەرۆكایەتی
Sunday, 20/10/2013, 12:00
سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لە سادەترین پێناسەیدا واتە سەرۆكایەتی حیزب یا خود گروپێك لە لایەن دو كەسەوە بە مانایەكی تر راِبەرایەتی كردن و بەڕێوەبردنی هێزێك لەلایەن دوو سەرۆكەوە كە خاوەن یەكجۆر دەسەڵاتن بڕیاری حیزب لە دەستی ئەو دو كەسدا دەبێَت ئەمە سەرەرای ئەنجومەنێكی بەڕێوەبردن لە خوار هاوسەرۆكەكانەوە.
سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لە باكوری كوردستان ئەو رێكخراوانەی نزیكن لە پەكەكەوە پەیڕەو دەكرێت لە باشوری كوردستانیش پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان كە بە باڵی پەكەكەیە لە هەرێمی كوردستان پەیڕەوی لە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی دەكات.
سەبارەت بە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی و هێزە سیاسیەكانی تری هەرێمی كوردستان شتێك دەخەمەڕو ئەویش پیشنیاری سیستەمی هاوسەرۆكایەتیە بۆ هێزیكی وەك بزوتنەوەی گۆڕان ،ئایا بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بەو سیستەمەیە؟ ئایا لایەنی ئیجابی زیاترە بۆ گۆڕان یا سلبی؟ئایا ئەتوانێت لە ئەگەری نەمانی ڕێخەری گشتیدا باڵانسی هێز ڕابگیرێت و پێویستی بە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی نەبێت.،ئەوەی كە باسی لێوە دەكەم ئەوەیە ئایا سیستمەی هاوسەرۆكایەتی تا چەند بۆ هێزەكای باشور گرنگە.
هەمیشە وابوە ئەو هێزانەی خاوەن سەركردەو سیمبوڵَن و كارێزمایەك ریبەرایەتیان دەكات گەورەترین تەحەدایەك كە هیچ سیاسیەكی ناو ئەو حیزبەكان نەیوێراوە خۆی لە قەرەی بدات باس كردن بوە لە جێگرتنەوەی سەرۆكی حزب چونكە وەك هێڵی سور و بڤە سەیركراوەو سەركردەی حیزب خۆی بە ئەبەدی زانیوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مێژوی دروست بونی ئەو حیزبەوە كەسێك ڕابەرایەتی دەكات ئەویش تاڵەبانیە وەك بینیمان لە دوای دیارنەمانی تاڵەبانیەوە یەكێتی لە چی دۆخێكدایە كە بە دانپێنانی دۆست و نەیاری ئەو حیزبە شكستی ئەم دواییەی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا بەشێكی پەیوەندی بە نەخۆش كەوتن و دیارنەمانی هەژمونی ئەو پیاوەوە بوە لە ساحەكەدا.
پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەنگە توشی ئەو ئەگەرانە نەبێت و لە كاتی دیار نەمانی سەرۆك دا حیزب بەرەو فەوتان ناچێت چونكە پارتی لەلایەن خێزانێكەوە بەڕێوە دەبرێت لە ئەگەری نەمانی سەرۆكدا كەسیكی ئەو خێزانە دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوە. سەبارەت بە هێزە ئیسلامیەكانی وەك یەكگرتوو كۆمەڵ بە بۆچونی من سیستەمی هاوسەرۆكایەتی گرنگ و كاریگەر نابێت بۆیان چونكە هیچ كام لەو دوو هیزە خاوەن سەركردەی هەتا هەتایی نین و ئەتوانریت لا ببرێن، نمونەی یەكگرتوی ئیسلامی كە لە كۆنگرەی رابردوی ئەو حیزبەدا گۆرانكاری لە ئەمینداریتی یەكگرتودا كرا ئەمینداری پێشوو دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە كە ئێمە مەبەستمانە بیخەینە بەر باس ئەویش ئەوەیە بزوتنەوەی گۆِان لەم ساتە وەختەدا زۆر پێویستی بە ڕێخەری گشتی هەیە و تا ئێستاش نە كەس جێگریەتی نە كەسیش باس لە جێگرتنەوەی ئەكات، بە بۆچونی من سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بۆ ئەم قۆناغەی گۆڕان كارێكی پێویستە چونكە گۆران لە توانی مۆدێلێكی تا ڕادەیەك جیاوا ز تر بێت لە حیزبەكانی تر چی لە ڕوی هەیكەل و ئۆرگانیزە كردنی پێكهاتەكانی بزوتنەوەكەوە چی لە ڕوی شیوازی مومارەسەی دەسەڵات و چۆنێتی پیادەكردنی قەراری بزوتنەوەكەوە، بۆیە دەشیت بوترێت سیستەمی هاوسەرۆكایەتی سیستەمێكی باشە بۆ ئێستای گۆڕان، بۆ؟ چونكە وەك ئاشكرایە لە دوای نەمانی ڕێخەری بزوتنەوەكەوە كەسێكی تر ناتوانێت ئیدارەی ململنێكانی ناو ئەو هێزە بكات و هاوسەنگی ڕاگرێت بەمەش توشی تەنگژەو قەیرانی ناوخۆیی دەبێتەوە، لە باشیەكانی ئەم سیستەمە بۆ گۆڕان: گۆڕا لە تاكڕەوی رزگار دەكات وهەڵوێستە گرنگەكانی حیزب بە تونێلێكی تەندروستدا تیپەڕ دەبێت و ئەبنە قەراری گرنگ و چارەنوس ساز ، دەتوانَت لە لەكاتی بەستنی هەموو گۆنگرەیەك گۆڕانكاری بەسەر هاوسەرۆكەكاندا بێت بەوەش گۆڕان ڕزگاری ئەبێت لە تاك سەرۆك و زۆرترین سەركردەو خەڵكی رابەر بەرهەم دێت،دەرفەتێكی باشیشە بۆ خۆ نوێكردنەوەی بزوتنەوەكەو سەیتەرە كردن بەسەر قەیران و ئالۆزییە ناخۆیەكاندا، هاوكات دەشبێتە مۆدێلیك بۆ هێزە سیاسیەكانی تر و بەوەش دواجار دەچێتە خزمەت پرۆسەی سیاسی و نەخشاندنی ڕۆڵێكی نوێ بە حیزب لە بونیكی مشە خۆرییەوە بۆ ئالیەتی خزمەتكردنی خەڵك و هاونیشتمانیان، دەشبێتە هۆی دەرخستنی تواناكان و هێنانە پێشەوەی خەڵكی پسپۆڕ و دروست بونی ململلانێیەكی تەندروست لە پێناو هێنانە ئارای سیستەمی نوێ و هاوچەرخ بۆ كایەی سیاسی.
ئەلبەتە سیستەمەكە بەدەریش نیە لە لایەنی ئیجابی خەوشی خۆی هەیە بۆ نمونە پەیڕەو كردنی سیستەمەكە بۆ خۆی كە تا ئێستا كاری لەسەر نەكراوە بۆ یەكەم جارە پەیڕەو بكرێت ئیشكالیەتی خۆی هەیە ئەمە لە لایەك لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ئەو فاكتە سیاسییەی هەرێمەوە ناتوانریت بەزوویی ئاراستەیەكی باش وەرگرێت رەنگە ببێتە هۆی دروست بونی باڵ و گروپی جیا جیا لە ناو حیزبدا كە هەر یەكەیان سەر بە سەرۆكێك دەبێت، ئەم باسە پێویستی بە توێژینەوە هەیە بە تایبەت لەلایەن ژوری توێژینەوەی سیاسی و ئۆرگانەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەكرێ وەك سیستەمێكی نوێ بیكەنە بنەمایەك بۆ بنیات نانی حیزبی نوێ ی هاوچەرخ كە تەنها ئامانجی خزمەتكردنی هاونیشتمانیان بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست