نامەیەکی کراوە بۆ باوکی نما،دەمی ڕاپەڕینە
Tuesday, 15/03/2016, 22:39
دەمی ڕاپەڕینە دەمی ڕاپەڕین هەتاکەی بە سستی و بە پەستی بژین ،بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ئیستگەی گەلی کوردستانەوە گوێبیستی ئەو سرودە بووم و تائێستاش لە گوێمدا دەزرنگێتەوە ،یادەوەری سەردەمانێکی پڕ سەروەری و بەرخودانم بە بیردێنێتەوە.
ئەوکات من منداڵ بووم ئیرەیم بەو گەنجانە ئەبرد کە بە پۆزەوە تفەنگەکانیان نابوو بە نەڕەی شانیانەوە و باسیان لە بەعسی قڕان ئەکرد ،باسیان لە زەماوەند و شانەی چەکداری نەهێنی ئەکرد بەڵام من سەرم تەقەی ئەهات و هیچ حاڵی نە ئەبووم، وام ئەزانی خەڵکی خۆڕسکانە و بێ بەرنامە هەڵیان کوتاوەتە سەر دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسی ئەفلەقی.
تا دواتر ئاشکرا بوو کە ڕاپەرین پلان و نەخشەداڕێژی بۆ کراوە و ئەندازیاری ئەو نەخشەسازیەش نەوشیروان مستەفا بووە.
ئێستاش ئەوەندە ساڵ تێپەڕیوە و سەر لەنوێ خەڵکی خوازیار و تامەزرۆی ڕاپەڕینە .
جاران بەعسیەکان کوڕەکانیان ئەکوشتین و چاویان لەسەر ئابڕوی کچەکانمان بوو ،مڵک و ماڵیان زەود ئەکردین بەڵام هەرگیز دوڕوو نەبوون و بە ئاشکرا دوژمنایەتی خۆیان دژ بە گەلەکەمان ڕاگەیاندبوو.
بەڵام ئێستا بەرپرسانی کورد هاوشێوەی بەعسیەکان کوڕەکانمان بەکوشت ئەدەن وچاویشیان لە ئابڕوی کچەکانمانەو مڵک و سامانی ئەم میللەتەش بە تاڵان ئەبەن کەچی بەو پەڕی دووڕوییەوە ئەڵێن ئێمە کورد پەروەر و بەدیهێنەری مافەکانی خەڵکی کوردستانین.
بەڕێز باوکی نما ئەندازیاری پێشوی ڕاپەڕین ،دیسان پێویستمان بە نەخشەو پسپۆڕی جەنابتە بۆ یەک دەنگی و یەکڕیزی خەڵکی بەشخوراوی کوردستان وسەرلەنوێ ڕاپەڕین.
دودڵمەبە لە بڕیارت لەئێستادا تەنها چارەسەر بۆ دەسەڵاتێکی یاخیبوو ڕاپەڕینە ،سەبارەت بە هەولێر و بادینان ئەوان لەڕابردوشدا واتە ساڵی 1991 بە زەبری هێز ڕزگارکران لە ئێستاشدا هەروا ئەبێت، دەست لە دەست و قوەت لە خودا چاوەڕوانی هیمەتی جەنابتین.
تەنانەت خوداش بە دەقی ئایەتی قورئان دەفەرمێت (ان الله لایغیرما بقوم حتى یغیرما بانفسهم) .واتەخوداپەناو پشتیوانی مللەتێک ناکات کە بۆخۆی خوازیاری گۆڕانکاری نەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست