داڵەكەرخۆرەكانی پایتەخت لەبری هێلكە ڕیقنەیانكرد
Monday, 20/09/2010, 12:00
دوای چوارمانگ لەكڕكەوتنی داڵەكەرخۆرەكانی پایتەخت لەهێلانەكانیاندا و دوای ئەو هەموو نقە و جقە و زۆرلەخۆكردنە سەرئەنجام كە هەستان لەبری هێلكە ڕیقنەیان كردبوو .
دوای چوارمانگ لە چاوەڕوانی خەڵكی كوردستان بەگشتی و بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان بەتایبەتی تاوەكو بەرپرسانی دەزگائەمنیەكانی هەولێر لێدوانێكی دروست لەبارەی ئاشكراكردنی بكوژانی ئەو شەهیدەوە بدەن كەچی دیسانەوە سیناریۆیەكی سەقەتیان بڵاوكردەوە تەنانەت خۆشیان كە دانەری سیناریۆكەن باوەڕیان پێی نیە.
پارتی لەسەرەتای ئەو ڕوداوەدا ویستی زۆر بە عەنتەریانە پیشانی بدات كە ئەو كارەكەی ئەنجامداوە ،تاوەكو بیسەلمێنێت كە هەركەس دژی پارتی بوەستێت ئاوا بەو دەردەی ئەبەن . بەڵام كاتێك بۆیدەركەوت كە ڕوداوەكە هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت و هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان لە پارتی توڕن و هاواردەكەن نا بۆ تیرۆر و نا بۆ كوشتنی ئازادی ئیدی پارتی لە هەموو لایەكەوە فشاری كەوتە سەر ونا چار بوو بە هەر نرخێك بێت خۆی لەو ڕوداوە دەرباز بكات و بۆئەو مەبەستەش هەستا بە داڕشتنی سیناریۆیەكی گونجاو تا لەگەڵ بارو دۆخەكەدا ڕێكبكەوێت .
لە سەرەتاوە سیناریۆكان جۆراو جۆربوون جارێك ویستیان بیخەنە ئەستۆی بزوتنەوەی گۆڕان و جارێك كۆسرەت ڕەسول و جارێك كێشەی كۆمەڵایەتی و ئەم جارەشیان بەرۆكی ئیسلامیەكانیان گرتووە گوایە ئەنسارولئیسلام ئەو تاوانەی كردووە.
بەرلە هەموو شتێك ئەبێت خەڵكی كوردستان مەنتیقیانە لەم سیناریۆ نوێیە بكۆڵێتەوە وبەژیاننامەو ئەرشیفی نوسینەكانی كاكە سەردەشتی جوانەمەرگدا بچێتەوە وبزانێت هێڵی بەریەككەوتنی نێوان ئەم گەنجە وئیسلامییەكان لەكوێدایە.
وەك ئاشكرایە كەسێك كە لایەنگری ئەو گروپە ئیسلامیانە بێت لە ڕوخساریدا یان لە جلوبەرگی یان لە هەڵسوكەوتیدا دەرئەكەوێت ، بەڵام بەپێچەوانەوە شەهید سەردەشت نەڕوخسار و نەجل وبەرگ و نە هەڵسوكەوتی ئیسلامیانە نە بوو .
سەبارەت بەنوسینەكانی ئەو گەنجە جوانە مەرگە، هیچ كام لە ڕاپۆرت و ووتارەكانی نە بەچاك و نە بەخراپ باسی ئیسلامی تێدا نەبووە و و زۆربەی نوسینەكانی بابەتی ڕەخنەیی بوون لەسەر دەسەڵات و گەندەڵیەكانی وهەندێكیشیان وتاری نە تەوەیی وكاری وەرگێڕان بووە و دوابابەتیشی كە مەرگی خۆی بەدوادا هێنا لەسەر بنەماڵەی بەرزانی بوو.
لەبەر ئەوە ئەگەر ڕاست بێت وئەنسارولئیسلام ئەو كارەی كردبێت ئەوا ئەبێت هاوپەیمانی پارتی بێت دەنا ئەو گروپە ئیسلامیە پوكاوەیە كاری بەو گەنجە چییە .
جگە لەوەی ئەنسارولئیسلام گروپێكی پەڕاگەندەیە و ئەگەر بیویستایە ئەو كارە بكات ئەوا كوشتنی ڕاستەوخۆ بۆ ئەوان ئاسانتر بوو نەك بە ڕۆژی نیوەڕۆ بیڕفێنن ئینجا دوایی بیكوژن.
بە ڕاستی ئەم لێدوانەی داڵەكەرخۆرەكانی پایتەخت تاقمەكەی شێخ زانام بیردێنێتەوە كە پارتی تا ئەو كاتەی ئیشی پێیان بوو بەكاری هێنان و كاتێكیش لێی هەڵگەڕانەوە هەموو یانی خستە سەر شاشەی تەلەفیزیۆن و ڕسوای كردن.
بەهەر حاڵ ئەو سیناریۆیە ناهەقییەكی گەورەیە بەرانبەر بە كاكە سەردەشت وگاڵتە جاڕییە بەبنەماڵەی ئەو شەهیدەو سەرجەم خەڵكی بەویژدانی كوردستان ،لەبەر ئەوە نە ئەو سیناریۆیەو نە هیچ سیناریۆیەكی دیكەی پارتی ناتوانێت خەڵكی كوردستان وبنەماڵەی شەهید سەردەشت قایل بكات ،كورد واتەنی جام بشكێت و نەزڕێت هەرچەندە ئەم جارە جامەكەی پارتی هەم شكاوە و هەم زڕاوە.
ن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست