مامە گیان لەكوردەكەی هەردوو جەژن بوو
Wednesday, 07/07/2010, 12:00
سەرەتا بەرلەوەی هەر ووشەیەك لەسەر تاڵەبانی بنوسم ئەمەوێت ئەوەبڵێم ،من ئەو گەنجە یاخییە نیم كە هەموو شتێك ڕەتبكەمەوە و ڕاست و چەپ بەسەر گشت دەستەواژەكاندا بهێنم و تێكڕای سەروەری و كەسایەتییەكانی وڵاتەكەم بە گاڵتەجاڕیەوە تەماشابكەم وناو ناتۆرەیان لێبدۆزمەوە .
بەڵكو من ئەو كەسەم لەگەڵ قەڵمەكەمدا پەیمانم بەستووە كە ڕاستگۆیانە بنوسم وهەرگیز پەردەپۆشی وپینەدۆزی بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەكەم و پاشاو گەدایەكی ووڵاتەكەم بەیەك چاو تەماشابكەم .
ئەمەوێت لەڕێگەی نوسینەكانمەوە بەگەنجانی كوردستان بڵێم كەڕەش ڕەشە و سپیش سپی و ڕازیش نابم بەڕەنگی خۆڵەمێشی.
چوارساڵ لەمەوبەر گەلی كورد فریشتەی بەختی لەزۆنگاوەكە هاتەدەرەوە و هاواری كرد كوردە هیمەتێ ئەوە ئەو ڕۆژ ەیە كەساڵەهای ساڵە ئێوە چاوەڕێی ئەكەن ئەوەتا شوكور بۆ خوا عەرەبە سوننە شۆڤێنیەكان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق تۆراون و بەپانی و درێژی گۆرەپانەكە بۆ ئێوە و عەرەبە شیعەكانە ، دەیسا كوردینە گورزی خۆتان بوەشێنن ئەمەهەلێكە و دوبارە نابێتەوە .
پڕۆسەی سیاسی دەستی پێكرد پۆست گەلێكمان بەدەست هێنا هەر لەپۆستی سەرۆك كۆمار یە وە هەتا پۆستەكانی جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دەرەوە چەندین پۆستی باڵای دیكە ودەیان پەرلەمانتار.
كەئەگەر ئەو هەموو پۆستە باڵایە بەدەست نەیارەكانی ئەفغانیشەوە بوایە دەمێك بوو حكومەتەكەی حەمید كارزایان ڕوخاندبوو.
بەهەر حاڵ ئەم باسە قسەی زۆر هەڵئەگرێت ،لێرەدا من تەنها باس لە پۆستەكەی تاڵبانی ئەكەم ،پۆستی سەرۆك كۆمار باڵاترین پۆستە لەعێراقدا و ئەگەر چی لەسەردەمی حوكمڕانی مام جەلالدا دەسەڵاتەكانی سنوردار كرابوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر كاری لەدەست ئەهات كەئەبوو بیكات ونەیكرد.
لەكاتێكدا كە ئەبوو كاریگەری هەبێت لەسەر كاراكردنی مادەی 140 ی تایبەت بەكەركوك و ناوچەدابڕاوەكان بەڵام ئەو خەریكی ڕازی كردنی دڵی براعەرەب و توركمانەكان بوو،بەڵگەش لەسەر ئەوە چەند جارێك بەخشش و یارمەتی پێشكەش بە عەرەب و توركمانەكانی كەركوك كردووە. هاوكات تاڵەبانی كۆشكی كۆماری كردبووە دیوەخانی خوێن خۆشكردن وئاشتكردنەوەی ئەم عەرەب و ئەو عەرەب تەنانەت كار گەیشتبووە ئەوەی بەرگری وپشتیوانی لەكەسانێكی وەك تاریق رەمەزانی فڕۆكەوانی كیمیابارانی هەڵەبجەو نزار خەزرەجی پاڵەوانی ئەنفال وسوڵتان هاشمی تاوانباری جەنگ ئەكرد .
تاڵەبانی پێی وابوو بەو موجامەلە بێسنورەی بۆ عەرەبەكان پێگەی خۆی بە هێز ئەكات و ئەبێتە كەسایەتیەكی ویستراو لەلای عێراقییەكان بەڵام نەیزانی كە عەرەبی سەدامی و ناسەدامی هەر سەرو بنی كڵاشێكن و كوردی دۆست و نەیار بەیەك چاو تەماشا ئەكەن .
بەڵێ ئەوەی تاڵەبانی بە دارحەیزەرانی ئەزانی و پێی وابوو كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەیكات بەداردەستی خۆی وپشتی پێ ئەبەستێت بەداخەوە ماری سڕ بوون و كاتێك بوژانەوە گورج گەستان و ژەهری خۆیان ڕشت.
ئەوەتا مالیكی و عەلاوی كە براو دۆستی تاڵەبانی بوون مرخیان لە پۆستەكەی ئەو خۆشكردووەو شێرو خەت و هەلوربلوری بۆدەكەن .
كەواتە وەك ڕۆژی ڕون ئاشكرایە كە مامە گیان پۆستەكەی بەغدای فت ،هەرچی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانیشە پێشتر لەبەر خاتری پۆستەكەی بەغدای بەسەر بنەماڵەی بەرزانی و پارتیدا داڵان و بەخشی كردبوو.
كورد واتەنی مامە لە كوردەكەی هەردووجەژن بوو ، بەجارێك ماڵی وێرانم ئەمیشم چوو ئەویشم چوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست