پارتی كێوییە و هەرگیز نابێتە حیزبێكی مەدەنی
Friday, 18/02/2011, 12:00
گەر بمانەوێت بزانین پارتی كێن ئەوا ئەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوی دروست بونیان ،پارتی یان ڕاسترە بڵێین بنەماڵەی بارزانی هەر لەسەرەتاوە بنەماڵەیەكی دەرەبەگ بوون ودەسەڵاتی خۆیان لەگوندەكانی ناوچەی بارزاندا سەپاندووە وكۆمەڵێك چەكداریان لە دەوری خۆیان كۆكردۆتەوە ،دواتر لەگەڵ پەرە سەندنی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە وفراوان بونی دەسەڵاتیان لەڕوی چەكداریەوە دەسەڵاتە دەرەبەگیەكەیان ناو لێناوە حیزب ،بەمەش ئیدی لەو كاتەوە خۆیان بە مەحسوب و مەنسوبی هەموو كورد ئەزانن و هەموو خەڵكی كوردستان بە قەرزار باری خۆیان لە قەڵەم ئەدەن .
كاتێك لەدەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستانەوە بیستم كە پارتی تەقەی لە خۆپیشاندەرانی شاری سولەیمانی كردووە هەروەها لەهەولێرو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەلاماری بارەگاكانی گۆڕانی داوە بەلامەوە سەیر نەبوو لەبەرئەوەی كارێكی چاوەڕوان كراوە لەو حیزبە.
دەیان جاری دیكە پارتی كورزی لەو جۆرە ی لە خەڵك و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان وەشاندووە .
هەروەك پێشتر لەدوای هەڵبژاردنی 25/7 پەلاماری بارەگاكانی گۆڕان و یەكگرتو كۆمەڵیدابوو.
لەساڵانی پێشووتریشدا بارەگای یەكگرتوی لەبادینان سوتاندو بەرپرسی بارەگاكەیشی بەئاشكراو بەبەر چاوی خەڵكەوە كوشت , لە نەوەدەكانیشدا وەك گورگی هار پەلاماری بارەگای پارتی پارێزگارانیداو دواتریش هێرشی كردە سەرگوندی كەڵشین وزۆربەی كەسایەتیەكانی عەشیرەتی سورچی كوشت ئەوانی دیكەیشی ئاوارەی هاندەران و ناوچەی سلێمانی كرد ، ئەمە جگە لە شەرَی برا كوژی و پەلاماری ئیسلامیەكان و پەلاماری بەرەی توركمان و شەڕدژی پەكەكە .
ئایا ئەم هەموو هێرش و پەلامارەی پارتی بۆسەر خەڵك و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ئاماژە نییە بۆئەوە ی كەپارتی خەون بە دەوسەڵاتی تاكڕەوی و دیكتاتۆرلایەتەوە ئەبینێت و بەتەمای دەسەڵاتی هەتاهەتاییە لەكوردستان!!؟
ئاخۆ كەیبێت خەڵكی كوردستان هەست بەو خەتەرە بكات ، ئایا هیچ كەسێك هەیە لەكوردستان كە نەزانێت پارتی هەركاتێك زۆی بۆهاتبێت هەموو موقەدەساتی كورد و كوردستانی ژێر پێناوە و شوێن بەرژەوەندی خۆی كەوتووە ، ئاشبەتاڵی ساڵانی هەفتاكان و سی و یەكی ئاب باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە .
پارتی تەنها ئەو كاتانە ئاشتی و ئارامی ئەپارێزێت كە لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت ، هەمیشە پارتی پارتان پێداگری لە پاراستنی و سەقامگیری هەولێر ئەكردەوە ، بەڵام ڕۆژی پێنج شەممە بەئاشكراو بەبێ گوێدان بە ئارامی دوبەی هەستاو بارەگای گۆڕانی سوتاند و لەدهۆكیش بارەگاكەیانی تاڵانكرد.
ئایا هەموو ئەو ڕوداو بەسەرهاتانە بەس نییە بۆ ئەوەی تێبگەین كە پارتی هەر بەكاتی دەرەبەگیەكەی جاران لێئەخوڕێت و هەرگیز ناتوانێت مەدەنیانە كاربكات ، بەبڕوای من پارتی و دیموكراتیەت وەك حوشترو قاپ قاپ وایە.
.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست