کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیسلامیەكانی كوردستان مەترسین لەسەر هزری نەتەوایەتی

Saturday, 20/04/2013, 12:00






ئاین پەیامێكی خوداییەو بۆ پاكردنەوەی گیانە لە شەڕەنگێزی و ستەم وناداد پەروەری ،ڕێبازێكە بۆ چاكەكاری و دوركەوتنەوە لە خراپە.
بەڵام پێویستە ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە ئاین لە دێر زەمانەوە لەلایەن كەسانی هەلپەرستەوە بۆ مەرامی تایبەتی بەكارهێنراوە ، ئاین وەك هۆكارێك جڵەوی ڕۆحی مرۆڤەكانیان پێكردووە بەمەبەستی گەیشتن بە دەسەڵات.
ئیسلامیەكانی كوردستان لەژێر كاریگەری سێ لایەنی ڕەگەز پەرستی نەتەوە پەرستی دژ بە كورددا گوزەر ئەكەن عەرەب ،تورك ،فارس.
ئەم چەند دێڕی ئەینوسم دروستكراوی خەون و خەیاڵی خۆم نییە ،بەڵكو ڕەشنوسی ئەو ووتو وێژانەیە كە بە ڕاستەو خۆ یان ناڕاستەوخۆ لە زاری ئەوانەوە بیستوومە.
بانگخوازە ئیسلامیەكانی كوردستان هزری نەتەوایەتی لە لای گەنجانی كورد بێبایەخ ئەكەن ،ئەوان ئەڵێن نەتەوەگەری لە ئیسلامدا بونی نیە و ئەوە بەسە كەبڵێیت من ئیسلامم و لەخاكی ئسلامدا ئەژیم .
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئاغا توركەكانیان شانازی بە توركی خۆیان و خاكی توركیاوە ئەكەن و ئاخونەكانی ئێرانیش لەمەشهەد تا عەبادان بەخاكی فارسی ئەزانن وعەرەبیش وڵات گەلێكی هەیە ،كەواتە تەنها كوردە كە ئەبێت بڵێت بەرلەوەی كورد بم من ئیسلامم.
خاڵێكی تر ئەوەیە كە بانگخوازە ئیسلامیەكانی كوردستان گەنجانی كورد ڕادێنن لەسەر دەستەمۆیی و بەكەم تەماشاكردنی خود كەئەمەش دیسان پەیامێكی دیكەی ئاغاكانیانە،ئەوان ئەڵێن عەرەب خاوەنی دواین پێغەمبەرە و زۆربەی گەورە پیاوانی ئیسلام لەعەرەبدا هەڵكەوتووە لەبەر ئەوە ئەبێت ئێمەی كورد عەرەب بەپێشەوای خۆمانیان بزانین و هەرگیز خۆمان بەوان بەراورد نەكەین.
زۆر جار ئەگەر یەكێك ئەو گەنجە دەستەمۆیانە بدوێنێت و باسی عەرەب بە خراپە بكات ئەوا بەتوند بەرپەرچی ئەداتەوە و ئەڵێت ئەی كورد چیەو چی لەبارەدایە.
خاڵێك كە زۆر مەترسیدارە لەسەر ئایندەی نەتەوەكەمان ئەویش بەعەرەب كردنی زمانی كوردیە ،بانگخوازە ئیسلامیەكانی كوردستان كار لەسەر ئەوە ئەكەن كە برەو بدەن بە زمانی عەرەبی وزمانی دایك كە كوردیە ببێتە پاشكۆ ئەمەش لە ناونانی منداڵانەوە دەست پێئەكات كە داوا ئەكەن بە ناوی ئیسلامی ناوبنرێن وەك ئوسامە ،ئەنەس،شەیما ،بیلال،مەروە....هتد
هەروەها داوا ئەكەن كە گەنجان ناوەكوردیەكانی خۆیان بگۆڕن بە ناوی ئسلامی یان هەر نەبێت نازناوێكی ئیسلامیان هەبێت ،ئەمە تەنها خودی كەسەكانی نەگرتۆتەوە بەڵكو ناوی ئەوجێگە وشوێنانەشی گرتۆتەوە كە لەبن دەستی ئەواندایە.
ئەم بەعەرەب كردنی زمانی كوردیە تەنها بەناونانەوە نەوەستاوە بەڵكو كاریگەری لەسەر ئاخاوتنیش كردووە و ئەبێت بڕگە سەرەكیەكانی بەیەك گەیشتن و چاك و چۆنی بەعەرەبی بێت .
خاڵێكی دی هەوڵدان بۆ دورخستنەوەی تاكی كورد لە بۆنەو یاد و داب و نەریتە كۆمەڵایەتیەكان و ناونانیان بە بیدعە و لادان لە ئیسلام .
ئەمە تەنها چەند سەرە پێنوسێك بوون كورد واتەنی مشتێك بوو لە خەروارێك ،دەنا زۆر شتی دیكە هەن كە بە پشتیوانی یەزدان ئەگەر پێویست بكات لەنوسینێكی دیكەدا پێنوسەكەم دەكەمە شاهید لەسەر هەموو ووشەكانم.
هیوادارم موسوڵمانانی كوردستان ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ خودی رۆحیان بكەن و ئەوە بزانن كە نەتەوە پێش ئاینە و مرۆڤ سەرەتا بە نەتەوایەتی زمانی ئەپژێت و دواتر فێری یاساكانی ژیان ئەبێت جا ئەو یایایانە ئاینی بن یاخود عەلمانی.
لەكۆتایدا منیش ووتەیەكی بەنرخی پیرە میًَرد ی كەڵە شاعیر دوبارە ئەكەمەوە كە ئەفەرمێت خودا لەدڵمدایە و هیچ شوێنێكی بۆ ناگەڕێم.

ئیمەیل:[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە