کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەرحان عومەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەجەكە لەباشووری كوردستان هەتا پرسی كورد چارەسەر نەكرێت مساوەمە لەسەر چەكدانان ناكەین

Tuesday, 28/06/2011, 12:00


لەم دیمانەیەی فەرحان عومەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەجەكە لەباشووری كوردستان كە ئامادەنەبوو وێنەی بگیرێت، باس لە پەیوەندییەكانی حزبەكەی و هەرێمی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت پێویستە هەموولایەك رێز لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بگرن و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەزموونە بكەن.

فەرەیدون بێوار: دەرەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا بەگوێرەی باكووری كوردستانەوە چۆن دەبینی؟
فەرحان عومەر: سەركەوتنی 36 كاندیدی كوردەكان بۆ باكووری كوردستان سەركەوتن و دەستكەوتێكە، ئەمە دەریخست كە دەنگی كوردان واتە دەتەپە زێتر بووە، لەرووی سیاسییەوە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد دەتوانن زیاتر كاریگەربن، چونكە خەباتی مەدەنی بۆ مافی نەتەوەی كورد دەكەن.
فەرەیدون بێوار: پێتوایە ئەمجۆرە بەشداریكردنەی كورد لەتوركیا جۆرێكە لە پێشڤەچوونی سیستەمی دیموكراسی لەو وڵاتەدا؟
فەرحان عومەر: ئەمڕۆكە كورد ئەركی بە دیموكراسیكردنی سیستەمی سیاسی و دەستووری دیموكراسی توركیای لە ئەستۆ گرتووە، بەتایبەتی هەبوونی 36 پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەماندا بۆ هەمواركردن و بەدیموكراسیكردنی دەستوور زۆر گرنگە، واتە توركیا بەبێ كورد ناتوانێت لەسەر هیچ شتێك بڕیار بدات، بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور توركیا ناچارە بەشداری بە كورد بكات و رای كوردان وەربگرێت.
فەرەیدون بێوار: تۆ پێتوایە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا، ئەردۆغان و حزبەكەی (پارتی داد و گەشەپێدان) دەتوانن پرسی كورد چارەسەر بكەن و دەستوور بەجۆرێك هەمواربكرێتەوە كە مافە نەتەوەییەكانی كوردیشی تێدا دەستەبەركرابێت؟
فەرحان عومەر: لەقۆناغی هەڵبژاردندا، وتارەكانی ئەردۆغان لەسەر پرسی كورد زۆر زۆر خراپ بوو، تەنانەت لەئاستێكی نەتەوەپەرستی دابوو، ئێمە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد چاوەڕێی ئەردۆغان نین، بەڵكو بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد خەبات دەكەین، ئەردۆغان یان هەر كەسێكی تر كە لەتوركیادا دەسەڵاتدارن، ناچارن پرسی كورد ببینن و بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد هەندێك هەنگاوبنێین، بانگەوازی ئێمە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ئەوەیە كە دەستووری توركیا هەمواربكرێتەوە، تەواوی مافە نەتەوەیی و سیاسی و كولتوورییەكانی كوردی تێدا دەستەبەر بكرێت، دواتر
پەرلەمانی توركیا بڕیاری لەسەر دەدات، واتە ئەردۆغان بەتەنیا ناتوانێت شتێك بكات، ئەگەر ئەردۆغان هەڵگری پێشڤەچوونی توركیا بێت، ناچارە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد هەنگاوبنێت، بەدیویكیتردا ئەردۆغان ناتوانێت رێگری لە چارەسەركردنی پرسی كورد بكات، چونكە كورد بۆ خۆی هێزی هەیە و یەكگرتووە، لەبەر ئەمانە چاوەڕێی ئەردۆغان نین، بەڵكو پرسی گرنگ ئەوەیە كورد بۆ چارەسەركردن چی دەكات، كورد ئەمڕۆ خاوەن پێگە و سیاسەت و هێزی سەربازییە، لەم چوارچێوەیەدا بڕیاری كورد گرنگە، كورد بڕیاری دیموكراتی داوە، دەكرێت بە سیستەمی دیموكراتی پرسی كورد
چارەسەر بكرێت.
فەرەیدون بێوار: بەدیدی ئێوە چارەسەركردنی پرسی كورد لەباكوور بە مافی ئۆتۆنۆمی یان سیستەمی فیدراڵی دەبێت؟
فەرحان عومەر: پێشنیاری سیستەمێكی تایبەتمان كردووە كە سیستەمی خاستەری دیموكراتییە، ئەم سیستەمە وەك فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی نییە، بەڵكو زێتر فراوانتر و مەدەنیترە، سیستەمی بە دیموكراسیكردنی تەواوی توركیایە، واتە تەنیا بۆ كورد نییە، ئەگەر ئەم سیستەمە لەتوركیادا جێبەجێ ببێت ئەو دەمە دیموكراتی بوونی توركیا پێشڤەدەچێت.
فەرەیدون بێوار: لەپەیامێكیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لەئێوە كردووە كە قۆناغی بێ چالاكی درێژ بكەنەوە، وەڵامی ئێوە بۆ پەیامەكەی ئۆجەلان چی دەبێت؟
فەرحان عومەر: دوای هەفتەیەكی تر كۆما جڤاكا كوردستان لە بەیانێكی فەرمیدا بۆ رای گشتی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پەیامەكەی سەرۆك ئاپۆ دەخاتەڕوو، مەبەستی سەرۆك ئاپۆ لە قۆناغی بێ چالاكی ئەوەیە كە بەرێگەی گۆڕانكاری و دەستووری چارەسەركردنی پرسی كورد لەتوركیا پێشڤەبچێت، بۆ ئەوەی هەموو دنیا بزانێت كە كورد هەڵگری چارەسەری سیاسییە، واتە هەڵگری چارەسەری سەربازی و توندوتیژی نین، نامانەوێت بە توندوتیژی هاووڵاتیانی كورد و تورك زیان ببینن، ئەگەر دەستوور هەمواربكرێتەوە و مافە نەتەوەییەكانی كورد دەستەبەر بكرێن، ئەوكات قۆناغی بێ چالاكی
دەبێتە قۆناغی ئاگربەستی هەمیشەیی، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە، یەكەم: توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی
(كەجەكە) رابگرێت. دووەم: ئۆپەراسیۆنی سیاسی لەناو توركیا دژی سیاسەتوانانی كورد رابگرێت. سێیەم: هەموو زیندانی كراوەكانی (كەجەكە) بەبێ مەرج ئازاد بكات. چوارەم: سەرۆك ئاپۆ بێتە ئازادكردن. ئەگەر قۆناغی بێ چالاكی بەشێوەیەكی ئیجابی وەڵام بدرێتەوە، ئەوكات ئەو قۆناغە بەسەركەوتوویی بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی و سیاسی درێژە پێبدات، ئەوكات ئێمە مافی بەرگریكردن و وەڵامدانەوەمان هەیە.
فەرەیدون بێوار: ئەگەر دەوڵەتی توركیا ئەو گۆڕانكاری و چاكسازییانە بە قازانجی كورد بكات، ئایا (پەكەكە) ئامادەیە چەك دابنێت و بچێتەوە توركیا و درێژە بەخەباتی سیاسی و پەرلەمانی بدات؟
فەرحان عومەر: ئێمە ئێستا خەباتی سیاسی بە سەركەوتووی بەڕێوەدەبەین، بۆ مەسەلەی چەكدانانیش، سەرۆك ئاپۆ دەڵێت ئەگەر پرسی كورد بێتە چارەسەركردن، ئەوكات دەتوانین لەسەر هەموو بابەتەكان دانووسان و گفتوگۆ بكەین، واتە هەتا پرسی كورد چارەسەر نەكرێت دانووسان و مساوەمە لەسەر چەكدانان ناكەین.
فەرەیدون بێوار: لەساڵی 2003ەوە ئەمریكا لەعێراق و كوردستانە، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت بەرامبەر بە (پەكەكە) هەڵوێستی روون نییە، ئایا ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریكا هەیە، یاخود چۆن لەهەڵوێستی ئەمریكا دەڕوانن؟
فەرحان عومەر: نێوانی ئێمە و ئەمریكا خراپە، ئەمریكا سیاسەتی ناحەق پەیڕەو دەكات و بۆ پەیوەندی خۆی و دەوڵەتی توركیا كوردان دەكاتە قوربانی. سیاسەتی ئەمریكا سیاسەتێكی دووفاقەییە، ئەو كە بانگەوازی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی بۆ هەموو دنیا دەكات، بەڵام كورد لەباكووری كوردستان لە توركیا و پارچەكانی تری كوردستانیش زوڵمی لێكراوە، پێویستە ئەمریكا ئەو حەقیقەتە ببینێت و هیچ میللەتێك نەكاتە قوربانی بەرژوەندییەكانی خۆی.
فەرەیدون بێوار: لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە چالاكی سیاسی لەئێوە قەدەغە كراوە، ئایا ئێوە بە چ شێوەیەك خەباتی سیاسی دەكەن و تێڕوانینتان لەسەر حكومەتی هەرێم چییە؟
فەرحان عومەر: نا، ئێمە لە باشووری كوردستان چالاكی سیاسیمان نییە، بەڵكو ئێمە لەچیاكان خەباتی خۆمان دەكەین. هەڵبەت لەباشووری كوردستان و پارچەكانی تریش هەڵگری بیری پەكەكە زۆرن، بەڵام پەیوەندی نەتەوەیی هەیە، چونكە ئێمە هەموومان كوردین و نەتەوەیەكین و كوردستان یەك پارچەیە، بەڵام دوژمن خاكی ئێمەی پارچە پارچە كردووە، پێویستیشە هەموو پارتە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان رێز لە حكومەتی هەرێم بگرن و ئەزموونەكەی بپارێزن و بەرپرسیارانە رەفتار بكەن، هەروەها پێویستیشە حكومەتی هەرێم هاوكاری پارچەكانی تری كوردستان بێت.
فەرەیدون بێوار: پەیوەندی ئێوە لەگەڵ یەكێتی و پارتی لەچ ئاستێكدایە؟
فەرحان عومەر: پەیوەندییەكی دۆستانە و نیشتمانپەروەرانەیە، پێمانخۆشە پەیوەندی لایەنە سیاسییە كوردییەكان خۆشتربێت و بەرەو پێشڤەبچێت، بانگەوازی ئێمەش ئەوەیە كە كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان بێتە سازدان و پەیوەندی نێوان كوردان بەهێزتر و خۆشتر بێت، لەهەر سێ پارچەی كوردستان دەمی شۆڕش زۆر نزیك بووە، دەرفەتێك بۆ شۆڕشی كورد دروست بووە، دەتوانین پێكەوە سوود لەو دەرفەتە وەربگرین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە