کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەر نوخبە خائین بێت، جەماوەری هەشبەسەر روو لەكوێ بكات!؟

Saturday, 20/07/2013, 12:00




(جەواهیر لال نەهرۆ) دەڵێ: ئەوەی كە لێی دەترسم كەمبوونەوەی نوخبەیە لە هیندستان و لاوازبێت ، چونكە نوخبە هەڵگری كوتلەیە ، ئەگەر نوخبە لاوازبوو كوتلە دەكەوێت ووڵاتیش لاواز دەبێت.).

بەراستی ئەوی ئەمرۆ لە گۆڕەپانی سیاسی كوردی لەباشوور بەدیدەكرێ، مایەی سەرسووڕمانەو بگرە مایەی دڵەراوكێ و بێزایە لەلایەن زۆرینەی جەماوەری بێبەش كراو لەمافەكانی بەری خەباتی خۆی. گەرچی نوخبەی سیاسی هەیە، نوخبەی رووناكبیری هەیە، نوخبەی تەكنۆكرات هەیە، كەچی هیچیان فریای ئەو جەماوەر ستەمدیدەیە ناكەون. (عەلی وەردی)دەڵێ : (ئەوانەی خاوەنی بیروباوەری بەرزن و دەیانەوێ لە كۆمەڵگاكانیاندا پراكتیزەی بكەن سەرەرای سروشتی كۆمەڵگاكانیان و بارودۆخیان ، دەبێ لە بورجی عاجی خۆیان بێنە خوارەوە و ئەو واقیعە كۆمەڵایەتیە لەبەرچاو بگرن كە تێدا دەژین)..ئەوەی ئێستا لە باشووری كوردستان روودەدات نەك لاوازبوونی نوخبەیە بگرە پەراوێزخستنیەتی و هیچ حیسابێكی بۆ ناكرێت، ئەوەتا حاڵی ووڵاتیشمانە كە خەریكە بەرەو داڕووخان دەڕوات و پیادەی خێڵەكێتی و دەسەڵاتی ئاغایەتی جاران دەكرێت. ئەوەتا بووەتە شەڕی مەغلوبە لەسەر شەرعیەتدان بە سیستمی دیكتاتۆریەت بۆ بنەماڵەیەك و ژێر پێخستنی ئیرادەی جەماوەری ستەمەدیدەی باشووری كوردستان.بەڵام ئەوانە میژووی شۆرشی فەرەنسایان نەخوێندووەتەوە، بۆیە نازانن كە كۆنترین دەسەڵاتی خواهانەی پاشایەتی لویسەكانیان رووخاند. خۆیان نەبان دەكەن لەوەی كە شۆرشەكانی بەهاری عەرەبی سەرسەسخترین دەسەڵاتی تۆتالیتاری دەیان ساڵەی عەرەبیان لەناوبرد (دەسەڵاتی ئەفسەرە ئازادەكان لە میسر، كە لە1952ەوە تا 2011 دریژەی هەبوو ، واتا نزیكەی شەست ساڵ تەمەنی بوو ). لەكاتێكدا ئەوانە لەناو جەماوەرەكەی خۆیاندا وڵاتپارێز وعەرەب پارێز بوون و هیچ خیانەتێكیان لە كێشە نەتەوەییەكانی عەرەب نەكردبوو، ئەوجایش جەماوەر بەبەرد و چەپڵە رووخاندنیان. كاتێكیش ئیخوان موسلمین لە غەفەڵەتێكی مێژووییدا وبەتەزویر بە هەڵبژاردن دەسەڵاتیان گرتەدەست ، بەڵام ئەوە بۆ جەماوەری میسر قووت نەدرا و هاتنە سەر جادەو لەسەر كار لایانبردن و دەسەڵاتیان گەڕاندەوە بۆ گەڵ.
(ئەلبێر كامۆ) دەڵێ: "دیموكراسیەت مومارەسەكردنی خاكێتی و میانڕەوییە". كەچی ئەم خاكێتی و میانڕەوییە لە فەرهەنگی ئەوانەدا نیە بۆیە بڕوایان بە دیموكراتیەت نیە. چونكە فەلسەفەیەكیان نیە كە خاوەنی تۆڕێكی بەرینی پەیوەندیەكانی نێوان یاساو رۆشنبیریی و نێوان مافەكان و ئازادیەكان و بیروباوەرە دەستووریەكان و نێوان فرەیی و گواستنەوەی دەسەڵات و نێوان یەكسانی و مافی هەوڵاتیبوون بێت.
ئەوەی پێی دەووترێت نوخبە واتا هەڵبژاردە لە هەموو توێژەكان ، زۆرجاریش مەبەست لە چینی باڵای كۆمەڵە، كە خاوەنی بایەخپێدانی كۆمەڵاتی خۆیانن لە كۆمەڵگاكانیاندا و خاوەنی رای گشتین و كاری تێدەكەن و پێكهێنەری ئاراستەی رای گشتی و بۆچوونەكانی كۆمەڵگان. بێگومان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر نوخبەی سیاسی و نوخبەی رۆشنبیران هەیە، وەكو ئەنتلجنسیا ، بێگومان ئەنتلجنسیا بەواتای پڕ بە پێست كورد ئەنتلجنسیای نیە،یان بەواتا پیشەییەكە، لە هەموو پارچەكانی كوردستانیشدا هەشبێ زۆر كەمە و هەمیشە سەركوتكراو و راونراوو لەبەندیخانەكان تووندكرابوون یان روویان كردووەتە تاراوگا، بێَگومان تاراوگایش گۆڕستانی ئەجیندا و هەموو خواستە مەعریفیەكانی ئەو ئەنتلجنسیایە نەتەوەییەی كوردە، ئەمەیش بە تەئكید لە سەر دەستی رژێمە داگیركەرەكانی كوردستان بووە،یان لەكاتی شەڕی ناوخۆ بووە. ئەمە چ جای نیمچە دەسەڵاتی ئێستای كوردی! بەو پێیەی كورد دەسەڵاتی سیاسی نەبووە. ئەوەی ئەمرۆ پێی دەووترێت لەباشووری كوردستان(نوخبە) هەرچەندێك نوخبەیەكی لاوازو بێ هێزیشە، بەداخەوە سیاسەتی تازەكاری باشووری كوردستان تا ئێستا نازانێت نوخبە كێیە و كامەیە و رۆڵی چیە؟ چونكە سەرجەم جووڵانەوە چەكدارەكانی كورد لە تەكیە و مزگەوتەكانەوە هاتوونەتەدەرێ، نەك لە مەكۆكانی نوخبەوە، بۆیە لەو مەسەلەیەدا تەقەی سەریان دێت ،جگە لە مەفسەڵێكی زۆر كورتدا نەبێ كە نوخبەی كوردی بووە خاوەن جووڵانەوە، ئەو نوخبەیەیش كە لە رێكخراوی (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان) پێكهێاتبوو لەباشووری كوردستان، بەشێكی كەمیش لەو نوخبەیە خۆڕاگروخاوەن بیری پێشكەوتنخوازی بوون ، ئەوانیدیكە چەپڕەوی منداڵانە بوون وەكو (لینین) دەیووت .بە هەمان شێوەیش كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لە باكووریش لە كۆتایی حەفتاكان ولە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا ئەم نوخبەیەش هەر زوو هەرەسی هێنا و رێكخراوە سیاسیەكەیشی(كۆڕك) بە بێ هیچ پاساوێك هەڵوەشێنرایەوە!. نوخبە جەمسەرێكی ئەوسێگۆشەیەیە كە لە میللەت و نوخبەو دەسەڵات پێكهاتووە ،ئەم نوخبەیەش هەمیشە نزیك بووە لە چینە چەوساوەكان و دووربووە لە چینی بۆرژواو سیستمی دەسەڵات. هەمیشە پێشەنگی سەرەكیە لە هەر وڵات و كۆمەڵگایەكدا. بۆیە دەووترێت هەر كۆمەڵگایەك ئەو ئەنتلجنسیایەی نەبێت دواكەوتوو و نەزانە بەبێ ئەویش پێشناكەوێت، لە هاوشانی سیاسیەكاندا زاناو رووناكبیران و نوسەران و هونەرمەنداندا رووخساری ئەو كۆمەڵگایە درووست دەكەن ، چ لەناوەوە بێت یان لەدەرەوە، بێگومان دوورخستنەوەی ئەم نوخبەیە یان پەراوێزخستنی كارەساتی سیاسی و رووناكبیریی لە وڵات و كۆمەڵگادا درووست دەكات ،وەكو ئێستا لە باشووری كوردستان درووستی كردووە. ئەمرۆ دەسەڵاتی كوردی نەك نوخبەی رۆشنبیری پەراوێزخستووە بگرە سەركوتیشی كردوە وزیندانی كردوون بە ناهەق و لێی كوشتوون، ئەمە جگە لەوەی ماوە ناماوەیەك هەندێ كۆڵكە مەلای مزگەوتەكانیانی لێراست دەكەنەوە بۆ سووكایەتی پێكردن پیێان وبەرهەمەكانیان دەخەنە ژێر فشاری ئسووڵیەكانەوە یان سەلەفیەكانەوە. ئەمەیش تاكە دەسكەوتی ئەم دەسەڵاتەیە. بێگومان ئەگەر ئەم دەسەڵاتە لەسەر ملهووڕی خۆی بەردەوام بێت ، ئەوا باشووری كوردستانیش بەدەردی میسر دەچێت و ئیسلامیەكان لەكوردستان دەسەڵات دەگرنە دەست..
ئێمە لە كۆمەڵگایەكی شێواوەوە هاتینە دنیاوە، كۆمەڵگایەك كە پێش زیاتر لە هەزارو چوار سەد ساڵ شێواو بوو لەماوەی ئەو هەزار وچوار سەد ساڵەیشدا هێندەی دیكە شێوا. ئێستایش بەرەو شێواویەكی دیكە مل دەنێت ، بۆ نموونە خەریكە كۆمەڵی كوردی روو لە دواكەوتوویی دەكات ، بۆیە زەیفی سەحوەیەكی ئایینی، كە سەرچاوەكەی سەحوەیەكی كەلتووری عەرەبە و روو لە شێواندنی كەلتووری كورد دەكات، ئەوەتا بۆ نموونە بڵابوونەوەی باڵاپۆشی و لەچەك لەسەركردن لە نێو كیژانی زانكۆكانی كوردستان و ریش بەردانەوەیەك لە جۆری سەلەفی لەلایەن كوڕانی كوردەوە لە خوێندنگاو زانكۆكاندا ، كە سیستمی ئێستای كوردستان بەناو عیلمانی ناتوانێ رێگری لەم دیاردەیە بگرێت و كەلتووری كورد لە شێواندنی كەلتووری سەلەفیانەی عەرەب بپارێزێت. ئەمەیش بە گۆڕینی سیستمی پەروەردە دەبێت هەر لە خوێندنی سەرەتاییەوە ، ئەویش بە دامەزراندنی مامۆستای پێشكەوتنخواز و رۆشنفكرو نەتەوەپەروەر و دوورخستنەوەی خەڵكانی خاوەن دیدی سەلەفی لە خوێندنگاكانی كوردستان و موتربەكردنی مزگەوتەكان بە مامۆستایانی كوردپەروە و بیركراوە و ئاقڵ و دوورخستنەوەی ریش پانە سەلەفیەكان و ئیسلامگەراكان.
كەسانی نوخبە خۆزگەیان بوو لە نووسینەكانیان لە شیعرەكانیان لە چیرۆكەكانیاندا كە دەسەڵاتێكی كوردی لەو جۆرە درووست بێ تا خەونەكانیان بەدیبهێنن، وەلێ مەخابن زۆر پێچەوانە كەوتەوە ، سیاسیەكانی كورد نەك نەیانتوانی خەونەكانی ئەم نوخبەیە و سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵ بەدیبهێنن بگرە كردیانن بە مۆتەكە، بگرە زیادەرۆییشیان كرد لەوە و جەماوەریشیان بێئومید كرد، زۆریان لە شۆڕشگێڕی شاخەوە بوونە سەرمایەگوزار لە سەر حیسابی بودجەی میللەت و شۆڕشگێڕیتی لەواتاكەی خۆی بەتاڵ كرایەوە و هیچ واتایەكیشیان نەهێشتەوە بۆ واتای نیشتیمانپەروەرێتی و كوردایەتی و وڵاتپارێزیی، بگرە زۆریش هەن بە چاوی قێزەوە دەرواننە ئەو دەستەواژانە! بۆیە ئێستا نەك نوخبە لاواز بووە بگرە هەستی نوخبەیش تێكچووە(میزاجی كوردەواریمان تیكچووە دەروێشەكانی دەسەڵات ..) گرەو لەسەر باكوورو رۆژهەڵات و رۆژئاواناكەین، لەبەرئەوەی تووشیی فۆبیای كورسی دەسەڵات نەبوون ،چونكە لەباشوور لەسەر كورسیەكانیان دەست لەگەڵ شەیتانیش تێكەڵ دەكەن! كوردستان لە باشوور لە ئێستا ولە ئایندەیشدا بەرەو هەڵدێر ملدەنێت ئەگەر جەماوەرو نوخبە نەكەونە خۆیان وفریانەكەون و چارەسەری سیستمی فەڕمانڕەوایی ووڵات نەكەن. بێگومان لە ناو نوخبەی سیاسیشدا نوخبەیەكی خاوەن هەڵوێست ماوەتەوەودژی هەڵسوكوتی ئێستای شۆڕشگێڕەكانی جارانن. مەبەست لە نوخبەیش نەك (نوخبەی چەواشە) وەكو جاران دەستەواژەی شۆڕشی چەواشە پەیابوو, ئەو نوخبەیش ناڵێم ئەوان خۆیان بە نوخبە دەزانن ، چونكە شیعرو شتی لەو بابەتەیان نووسیووە- ئەم نوخبەیە كە لەترسی راژەی سەربازی رایكرد بۆ شاخەكان لەوێ خۆی دایە پەنای حیزبێك و تا توانینان لەو ئاخوڕە لەوەران و هەر لەیەكەم چركەساتی دەركردنی لیبوردنی گشتی لەلایەن رژیمەوە و هاتنەوە بۆسەر جادەكان و دوای راپەرینیش چوونە سەر ئاخوڕیی حیزبیكی دیكەو تەنانەت چوونە سەر خوانی بنەماڵەیەكی خاوەن دەسەڵاتیش بوونە زورناژەنی ,زۆر لەم بەناو نوخبەیەش بوون بە میدیاكار بوونەتە شێوەی (ئەحمەد سعید) بێژەر لەكاتی جەمال عەبدولناسردا لە كاتی جەنگی 1967 لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلدا، دەیووت ئەوەتا فرۆكەكان تەل ئەبیب بۆردومان دەكەن ، كەچی سوپای ئیسرائیل سەرجەم بیابانی سینای داگیر كردبوو! ئیستا ئیشی ئەو میدیاكارانەی ئەو حیزبانە رۆلی ئەحمەد سەعید دەبنن ، دەڵێن ساڵی 1974 لە ئیزگەكەی پارتی هەندێ درۆزنی میدیاكار رۆژی چەند فڕۆكەیان بە درۆ دەخستەخوارەوە، دەڵێن ژمارەی ئەو فڕۆكانەی بە ووتەی ئیزگەكە خرابوونە خوارەوە لە ژمارەی ئەو فڕۆكانە زۆرتر بوون كە رژێمی عیراق هەیبوو. كەچی دوای ئاشبەتاڵ هەموو ئەو میدیاكارانە بوونە بەعسی و پیاوی رژێم. ئێستایش زۆر لەوانەو هەندێ شیوعی رووخاوو پاشماوەكانی پشتاشان بوونەتە زوڕناژەنی پارتی . نوخبەیەكیش هەن لەسەر لاپەڕەی میدیاكان هەرجارەو لە ئاشێكی دەكەن و وەكو تەلەفۆنی سەرجادە وان و بەپارە ئیشدەكەن، كە (ئەدوارد سەعید) لە كتێبی (خیانەتی رووناكبیران)دا باسی ئەو میدیاكارە بەناو نوخبەیە دەكات. ، بگرە ئەو نوخبەیەی كە بۆتە ویژدانی جەماوەر پەراوێزخراوە لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوەو هیچ حیسابێكی بۆ ناكات. ئەو نوخبە شەریفە. كە ئەمرۆ قسە دەكات نەك گوێی لێناگیریت بگرە تووشی بەرەنگاربوونەوە دەبێت و دەیان تومەتی خراپی بۆ درووست دەكەن وناوی دەزڕێنن، دەیكژن و لەناوبازاڕەكاندا چەقۆوەشێنەكانی دەسەڵات تەعدای لێدەكەن . ئەم دەسەڵاتە دەیەوێت سیستمێكی تۆتالیتار درووست بكات وبەرەبەرە بیكاتە دەسەڵاتێكی ویراسی ، وەكو رژێمەكەی (كیم ئیل سۆنگ) لە كۆریای باكوری فاشیزم ورژێمەكەی ئەسەد لە سوریا.گەرچی كە هێشتا ئەم (دەسەڵاتە) داماوەی باشووری كوردستان دەسەڵاتێكی ئیداری سیاسیە لە چوارچێوەی دەسەڵاتێكی ناوەندی لە خۆی گەورەتر!. بۆیە دەبینین بە قسەكەی (نەهرۆ) هەرێمی كوردستان هێندە لاواز بووە ناتوانێ لەگەڵ نەیارە لاوازەكانیشیدا بڕەبڕ بكات ، لە كاتێكدا لە شاخ كۆڵی بە گەورەترین هێزی سەربازی دەدا كە دەسەڵاتی فاشی بەعس بوو(مەبەست لێرەدا یەكێتیە)! چونكە ئەمڕۆ شەڕە پارەو دەسكەوت و كۆمپانیا بووەتە فۆبیای شۆڕشگێڕەكانی جاران لەگەڵ كوردفرۆشانی 31ی ئابدا. تەنانەت لەبەغدایش شەڕی كۆمپانیادەكات و لەبەرامبەر پرسە نەتەوەییەكانی بەرامبەر دەسەڵاتی بەغدا نقەی لێوە نایەت.!
ئێمە هەرچی شۆڕشمان هەبووە شكستیخواردووە چ لە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواو باشوور . دوای ئەوەیش زۆرینەی شۆڕشگێڕەكان بوون بە پیاوی ئەو دەوڵەتانە! بۆ نموونە دوای ئاشبەتاڵی 1975 زۆر لە (شۆڕشگێڕەكانی) ئەو شۆڕشە بوونە جاسوس وئامر مەفرەزە خاسەی ئەمن وموستەشاری خەفیفە و پیاوی هەواڵگری عێراق و وەزیری بەعس. ئێستایش هەمان ئەو گروپانە بەشدارن لە هەڵسووڕانی كاروباری هەرێمی كوردستاندا!. ناخۆشترین و كارەساتاویترین شكستی شۆرشەكانی كورد، شكستی شۆرشی شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1925 لە باكوور و شۆرشەكەی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان بوو لە ،1988 دوای ئەنفالی نەتەوەیەك و كاولكردنی نیشتیمانێكی بەدواداهات. (یۆژین یۆنیسكۆ) دەڵێ: (مۆتەكەكەم لە دەرەقەت نایەت، وەكو خەوێكی ترسناك وایە، جەنگ و كارەسات و بەڵا و رق وكینەو چەوساندنەوە و ئاژاوەو مەرگ چاوی بڕیوەتە هەموومان، كەچی ئێمە قسەدەكەین و كەسمان لەیەكتر تێناگەین و تێدەكۆشین تا توانامان هەبێ، لە جیهانێكدا وادیارە كە لە چنگی گەرماتەیەكی ترسناكدایە.. ئایا هەقمان نیە ئەگەربێتو هەست بكەین كە ئەم جیهانە هی ئێمە نیە، بە راستی هی ئێمە نیە؟).
ئێمەیش دوای راپەڕین تووشی كارەساتی كۆڕەو و گەمارۆی ئابووری و برسیەتی و وڵاتێكی وێران و رق و كینەو ململانێی حیزبایەتی و ئەجیندای خێڵەكێتی و چەساندنەوەی چینە بێدەسەڵاتەكانی و سەرجەم گەلی باشوور و شەڕی ناوخۆی نێوان حیزبە سیاسیەكانی كوردستان : شەڕی ئیسلامیەكان و عیلمانیەكان و راستڕەوەكان و كۆنەویستەكان و یەكیتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و پاوانكردنی وڵات لە نێوان ئەو دوو هێزە نیمچە بۆرژوازیەدا. مەرگیش تا ئێستا چاوی بڕیوەتە هەموومان ، بەتایبەتی لەناوچە كوردیەكانی دەرەوەی نەخشەی هەرێمی كوردستان، بێئەوەی دەسەڵاتی كوردی هەنووكەی هەرێمی باشووری كوردستان مێشێك میوانی بێت، حیزبە كوردیەكان لەو ناوچانەیش شەڕ لە سەر لێفە شڕی هەتیوانی گەرمیان دەكەن و ئەو ناوچانەشیان وەكو برا بەش دابەشكردوە لە هەموو روویەكەوە تەنانەت لە رووی خێزانیشەوە!. هەموو لایەكیش قسەدەكەین و كەس لەكەس تێناگات و وڵات لە شێوە بێ یاسایەك و ئاژاوەیەكدا دەژیت ، بۆ نموونە هێشتا خاوەن ئیدارەیەكی هەرێمی دانپیانەنراوی نێو دەوڵەتین ، كەچی شەڕی بە ئیمپراتۆریەتبوونی ئەم دەڤەرە دەكەین، كورد دەڵێ: (كەر لە كوێ كەوتووە و كوندە لە كوێ دڕاوە)!. بۆیە هەندێك لە میللەت كەوتوونەتە بەرەی دوژمنان و هەندێك لەبەرەی كوردان، گەندەڵییش هەموو جمگەكانی ئەم تۆزە دەسەڵاتە كوردیەی تەنیوەو شەڕی دەسەڵات وكورسیە لەنێوان بەرەی (ئەنەوشیروان و بەختەك)دا " مەبەست ئەنەوشیروان ئیمپراتۆری كۆنی ئێرانە و بەختەكی نوخست وەرزیرەكەی". ئەم ململانێیەش ووڵات بەرەو كاولبوون دەبات، بەتایبەتی گەندەڵیی، دواجاریش پەپوو لەسەری دەخوێنێت.بۆیشە ریفۆرم لەناو ئەم جۆرە حوكمرانی دەسەڵات وئەجیندا وبیركردنەوەیەدا قبوول نیە. وەكو چۆن دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان هیچ رەخنەیەكیان پی َ قبووڵ نیە، ئەگەریش ئەو رەخنانە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی دیكتاتۆریشدا بێت، ریفۆرم بەلایانەوە وەكو هەتوانێكە كە چاكەرەوە نەبێت ، دیموكراسی بەڵاو سەرەتانە، بگرە پیێانوایە كە برینەكان هێندەی دیكە بەسۆ بكات. چونكە ئەقڵی پاوانخوازو كورسیخوازو خاوەن ئەقڵی دیوەخانەیی بەلایەوە ریفۆرم پەتایەكەو هەمیشە لێی دەترسن، چونكە ریفۆرم رۆژ بە رۆژ تەشەنە دەكات و لە ئەقڵی زۆرینەی جەماوەری ستەمدیدەو بێبەش دەچەسپێت و دەگاتە هەموو جمگەكانی كۆمەڵگا و تەنانەت جۆری بەرێوەبردنی خێزانیش، چونكە دژە ریفۆرمەكان چاویان كردووەتەوە باوكێكی جەمەدانی بەسەر و دایكێكی لەچك بەسەریان بینیووەو بەو ئەقڵیەت و جیناتە گۆشبوون.ئەم جۆرە ئەقڵە هەتاهەتایە ریفۆرم قبووڵ ناكات ، وەكو چۆن كەسی نوێژكەر هەموو نوێژنەكەرێك بەلایەوە كافرە . دوای راپەڕینی 1991(نەوشیروان مستەفا) دەبینێ ئەو (شۆڕشگێڕانەی) كە لەشاخ لەدوای راپەڕین هاتبوونەخوارەوە هەریەكەو سەیاریەكی دوا مۆدیلی راگرتووە، ئەویش دەپرسێ :(ئێوە هەمووتان بە پێڵاوی لاستیكەوە لە ئێرانەوە هاتن بەمدیودا ئەم سەیارە جوانانەتان لە كوێ بوو؟!). نازانین ئێستا تۆبڵێی بپرسێت لێیان كە ئەم هەموو كۆمپانیانەتان لە كوێ بوو؟ ئەم هەموو ملێونە دۆلارانەتان لە كوێ بوو؟ ئەم هەموو ڤێلا و شالێ و باخە گەورانەتان لە كوێ بوو، ئەو هەموو دۆنمە زەویەی كە لەشارەكان داگیری دەكەن و دەیكەنە تەلار و ئوتێلی پێنج ئەستێرە لە كوێتان بوو؟ ئەم هەموو جەنائین موعلەقانەتان لە كوێ بوو؟. ئەم پرسیارە ئێستا كەس نایكات چونكە ریشی هەمووان دەگرێتەوە. دوای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی دەووترێت گوایە چەند گروپێكی سیاسی و ئایینی دەستیان بەسەردا گرت و شۆڕشی ئەو گەلانەیان دزی، بۆ نموونە(ئیخوانەكان) بەلام سوپای میسر دەسەڵاتی ئیخوانی تڕۆكرد.دەشێ شۆڕشەكەی ئێمەش كە بێگومان جامەوەری كوردستان بووە سووتەمەنی و4500 گوندیش بوونە قوربانی ئەو ئامانجە، شۆڕشگێڕەكانیش دوای ئەنفال وەكو بەرزەكی بانان لێیدەرچوون ، بۆیە دەووترێت ئەم شۆڕشی باشوورەیش بە دەردی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی چوو. بۆیە نوخبە ئەگەر حاڵ وابڕوات دەست دەشۆرێت لە باشووری كوردستان ، چونكە خەریكە دەبێتە زەیعەیەك بۆ چەند كەسێك لەو (شۆڕشگێڕانەی) جاران. بۆ نموونە ئەگەر لە ناو نوخبەی كوردی كەسی وەكو دكتۆر كەمال مەزهەر هەبێ بە قسەی پارتی و سەرۆكەكەی خائینێكی وەكو (مشیری حەمەی سلێمان) بێتاوان دەركات لە بەدستدانەوەی شێخ مەحموود بە ئینگلیزەكان . یان كەسانێك لەو (نوخبەیە) هەموو جارێك كتێبی (قەڵەم و شمشێر) چاپ دەكاتەوە بۆ ئەوەی پارتی لای لێبكەنەوە، یان بۆ كاندیدكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان هەموو شیعر و رابردووی خۆی بسووتێنێت.. من خودی خۆم نەك لە كوردستانیان بێزاركردم بگرە لە هەموو دنیاش و دەڵێم ئەگەر بچم بۆ ئەوروپایش دیسان دەبینم لێرە گەندەڵترو خراپترە، رۆژ نیە سەربردەی چەندین گەندەكاری حیزبیم بۆ نەگێڕنەوە كە لە سواڵكەرەوە بوونەتە ملیاردێر و كەسیش نیە لە حیزبەكانی خۆیان پیێان بڵێت (من این لك هژا). بۆیە پێم ناخۆشیشە كە خۆشبەحاڵی ئەوانەی ئەم (نیشتیمان)ەیان بە جێهێشت. وابزانم هەرێمی كوردستان كە بە میوانیش لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا وەرناگیرێت، بەڵام لە یەكەمین وڵاتانی گەندەڵە كە لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئاڵای نیە، كە ئەمەیان دەبێت بیخەینە پاڵ ئەو سەروەریانەی كە هەندێ لە جاهیلە پیرۆزەكانی كورد لە خوتبەكانیاندا بەخەڵكی جەهل كڕی دەفرۆشن ئێوارە و بەیانی. بۆیە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان روون بووەتەوە كە ئەم دەسەڵاتە كوردیە تووشی مەهزەلە بووە و پارتیش وەكو حیزب ریسوایە و یەكێتی بەرەو هەڵوەشانەوە دەروات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە