بزووتنەوەى ئیسلامى، دەبێتە دارەدەستى چەتڕە شڕەكەى یەكێتىو پارتى
Tuesday, 17/11/2009, 12:00
سلێمانى
بە درێژایى مێژووى سیاسى كوردستان كەمتر ڕێك كەوتووە، ئیسلامییەكان بە بێ قەیدو شەرت، دۆڕابن، بە واتایەكیتر تەسلیمى ئیرادەى عەلمانییەكان بووبن، بە تایبەت لە كوردستاندا، لەو ڕەهەندەوە ئەمەوێ پەنجە بخەمەسەر هەڕاجكردنى ئاشكراى ئیسلام كە ئەمجارە بزووتنەوەى ئیسلامى بە 2 كورسى پەرلەمانیەوە ڕایگەیاند.
زۆر قووڵیش نەگەڕێینەوە ناو مێژوو، بەڵام شەڕە خوێناوییەكانى كوردستان لە نێوان بزووتنەوەى ئیسلامى وەك تەنیا حزبى چەكدارى ئیسلامى لەگەڵ عەلمانییەكان بەڵگەیەكى ڕوونو ئاشكران لەسەر ئەو خاڵە گرنگەى كە ئاماژەم پێكرد، گرنگە بزانین بزووتنەوەى ئیسلامى وەك تاكە ئامانج بۆچى بەرگرى لە خۆى كرد، بۆچى شەڕى كرد، بە شێوەیەكى گشتیش ئەو چەندین كوژراو (شەهید)ەى بۆچى دا ـ مەلا مەغدید، مەلا شەریف، كۆسارى، ئاسۆ، ... تاد ـ بۆچى خۆیان بەختكرد، ڕەنگە ئەمە حەقیقەتێكى یەكانگیر بێت كە وەڵامێكى ترشى هەبێت.
ئەوەى زیاتر لە هەر شتێكیتر جێگاى پرسیارە، ئەوەیە كە بۆچى بزووتنەوەى ئیسلامى بە بێ هیچ مەرجێك خۆى خستۆتە ناو باوەشى یەكێتىو پارتییەوە، كە سەرەتاى پەیوەندى خوێناوى نێوانیان ئاشكرایە، ئەبێ ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵە چى بێت، كە وا بكات، ئەندامێكى مەكتەبى سیاسى بزووتنەوەى ئیسلامى پەشیمان بكاتەوەو بڵێت "شەڕى نێوان بزووتنەوەى ئیسلامىو عەلمانییەكان (یەكێتىو پارتى) لە ساڵى نەوەداكاندا شەرعى نەبووە"، گرنگە كە جەماوەرى ئیسلامى پرسیار بكات، شەرعییەت چۆن ئەگۆڕێت، ئەى ئەوكاتە بۆ شەرعى بوو كوڕى خەڵكیان بە كوشت دا؟؟؟، ئەى بۆ هەرچى ماڵى هەورامىو شارەزوورى هەبوو، بە ناوى هیجرەتو شەرعیەتەوە كرانە خانەخوێى هەولێرى، چەمچەماڵى، سۆرانىو بادینىو كەركووكىو گەرمییانییەكان؟؟؟ كەواتە ناكرێت هەڵوێستە لاسارەكانى سەركردایەتى ئێستاى بزووتنەوەى ئیسلامى لە بیر بكرێن، كە دیارە ئەو كەسانەى ئەم قسانە دەكەن هەر ئەوانە بوون، لە برى چەند فلسێك چەند گەنجێكى كوردستانى ڕۆژهەڵاتیان تەسلیمى ئێران كردەوە...
دەى با بپرسین، هاوپەیمانى ئێستاى بزووتنەوەى ئیسلامى لە گەڵ یەكیتىو پارتى بۆچى...؟ من دیفاع لە هیچ حزبێكى ئیسلامى ناكەم، بەڵام بۆچى كە پێشتر یەكگرتووى ئیسلامىو كۆمەڵ بە چەندین مەرجەوە كە خۆیان دایانابوو لە گەڵ حسكو زەحمەتكێشان هاوپەیمان بوون، لاى برادەرانى بزووتنەوەى ئیسلامى ناشەرعى بوو، شەرعییەت دیسان ئەپرسم كامەیە..؟؟. ئایا ئەمە هەڕاجكردنێكى بێماناى شەرعو ئیسلام نییە..؟؟. بەڵگەى ڕوونتریش بۆ ئەم بابەتە لاسارى دوو ئەندامى مەكتەب سیاسى بزووتنەوەیە كە بێ پرسى شوراكەیان واژۆى ئەو هاوپەیمانیەتەیان كردو قوڕیان كرد بە سەر ئەندامە داماوەكانیان لە هەڵەبجەو هەورامان شارەزوور...
لە كۆتاییشدا هەر ئەوەندە ئەڵێم با چاوەڕێ بین بزانین هەنگاوى دواترى ئەم هەڕاجكردنە بەرەو كوێ دەڕوا، چونكە تا ئێستاش یەكێـتىو پارتى ئامادە نین تەنانەت 1 كورسیش لە پەرلەمانى بەغدا بدەنە بزووتنەوە، چونكە ئەوان خۆیان ترسیان لێنیشتووە، وەك بە پێى زانیارییەكان دەركەوتووە، لە ئەگەرى بوونى 55 كورسیدا بۆ كورد هەریەك لە یەكێتىو پارتى تەنیا 15كورسییان بەر ئەكەوێت كە دیاربوو پێشتر هەریەكەوو 27 كورسییان هەبوو كەواتە ئێستا چۆن ئامادەن لەو كورسییە كەمانەش بەشى بزووتنەوەى ئیسلامى بدەن، لە كاتێكدا بزووتنەوە ئامادە نەبووە تەنانەت یەك جاریش ئەو داوایەیان لێبكات، وەك بڵێى مادام یەكێـتىو پارتى ڕازى بوون بمانبینن ئیتر بەسمانە، بە ڕاستى شەرمە بزووتنەوەیەك وەك گەورەترین ئۆپۆزسیۆنى ئیسلامى كوردى بەرامبەر ڕژێمى بەعس دەركەوتبوو، ئێستا بۆتە دارەدەستى چەترە شڕەكەى یەكێتىو پارتى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست