ڕونكردنەوەو داواكارییەك لە كارمەندێكى كاراى ڕاگەیاندنى حزبى سۆسیالستەوە
Tuesday, 19/05/2009, 12:00
نەریمان سابیر
بەڕێزان لە بەروارى 14 / 5 / 2009 كەسێكى نەخوێندەوار بە ناوى (چاوى گەل) كە پێدەچێت ئەم برادەرە هەر بە زگماك بینایى لێڵ بێت .
لەژێر ناونیشانى (بۆكەناڵی كەی ئێن ئێن وڕۆژنامەىڕۆژنامە) بابەتێكی لە كوردستان پۆست بڵاو كردوەتەوەلەگەڵ ڕێزدا بۆناوى كەسایەتی وشوێنەكان كە ناویان هاتوە ئەم جۆرە نوسینانە شەرمە بنوسرێت چونكە هێندە بێبنەمایە كەبیركۆڵێك بیخوێنێتەوە زۆر بە قاقایەكی بەرز پێ دەكەنێت.وەك چۆن چاوی نوسەرەكەی كوێرە گوێچكەكانیشی كەڕ دەكات.
زۆر بەداخەوە كە بە ووشەی كوردی بەبێ بەڵگە كەسایەتیەكى بەڕێزی وەك كاك (محەمەدی حاجی مەحمود) لەو نوسینە جنێو ئاسایەدا بەجاش وپیاوی ئێران و دز تۆمەتبار دەكرێت.
ئەو كەسەی ئەم چوار دێڕەی نوسیوە منی ناچار نەكردووە بێم و وەڵامی بدەمەوە چونكە كەسی جنێوفرۆش شایەنی ئەوە نیە تەنها چركەیەك لەتەمەنی خوتی بدەیتێ.
بەڵام ئەوەی بێزاری كردم لادانی ئەركی ڕۆژنامەوانی هەندێك لەپێگە وڕۆژنامە وڕۆژنامەوانەكانى كوردە . كە هەندێك نوسین جێگەی شەرمەزاری نەوەكانی داهاتومانن.
داواكاری وڕونكردنەوەكەم دەكەمە چەند خاڵێك بەهیوای هەڵوێستی جوانمێرانەی ڕۆژنامەنوسانی كوردی ڕەسەن.چونكە هەڵوێست وەنەگرتن لەبەرانبەر ئەم جۆرە بوختان ودرۆشاخدارانەدا جۆرێكی ترە لەخۆدزینەوە ولادان لەئەركی پیرۆزی ڕۆژنامەوانی.
1- (ڕەخنە)
لەچ مێژوویەك وكامە نەتەوەدا بەدرێژایی قۆناغەكانی مرۆڤایەتی لەم چەشنە نوسین وبوختانە بێ بنەمایانەدا بونیان هەبووە بەرانبەر هەر جۆرە كەسایەتیەك.
تاسەر ئێسقان بڕِوام بەڕەخنە وڕەخنەگرتن هەیە لە هەركەسێك ولە هەرپلەیەكدا بێت منیش بەدرێژایی كاری ڕاگەیاندن لەساڵی1995تائێستا یەكێكم لەوكەسانەی ڕەخنە دەگرم...
بۆ مێژووی دەیڵێم تاكە ئەكتەری كوردم كە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەوە تەمسیلی بەڕێزان(مام جەلال ومەسعود بارزانی و محەمەدی حاجی مەحمود)م كردووە ڕەخنەم لێ گرتون و بەپێی جۆری كار وتارەكانیان.بەڵام هەرگیز ئەم كارەم بێ بەڵگە نەكردووە. ڕەخنەكانیش ئامانجی خۆیان پێكاوە
2-(تۆمەت)
تۆمەت دروست كردن بەپیاوی ئیتلاعات و.هتد...كەدەستم گۆ ناكات ئەو وشانە دووبارە بەكوردی بنوسمەوە وناوی بنێم كاری ڕۆژنامە نووسی.كەبەرانبەر كاك (محەمەدی حاجی مەحمود) نوسراوە وگوایە خەباتكەرانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەدەستی كاك (محمدی حاجی محمود) شەهید بوون.بەو كەسانە دەڵێم كە ئەوتۆمەتانە بەڕاست دەزانن وقسەی لەسەر دەكەن بابە بە بەڵگەوە ئەو بابەتە بدەنە تەواوى گەلی كوردستان لە هەرچوارپارچەكەى كوردستان بابیسەلمێنن كە ڕۆژێك لە ڕۆژان (محەمەدى حاجى مەحمود) و حزبی سوسیالست دیموكراتى كوردستان تاكە پێشمەرگەیەكى ڕۆژهەڵاتى كوردستانیان شەهید كردبێت و بە درێژایی مێژووى ئەو كەسایەتیە و حزبی سۆسیالست لە هەر هەل و مەرجێكى ناهەمواردا تەنها یەك چركە بەرانبەر هەر هێزێكى كوردى سودیان لە هێزەكانى كۆمارى ئیسلامى وەرگرتبێ .
3 (هەڵوێست)
كێ هەستی بینین و بیستنى هەبێت و بۆ تەنها ساتێكیش كاك (محەمەدى حاجى مەحمود) بناسێت دەزانێت كەئەم كەسایەتیە چەندە بە هەڵوێست بووە لە هەر كاتێك كوردستان هەڵوێستی وستبێت ئەوا كەسى لە پێشینە كاك (محەمەدى حاجى مەحمود) بووە كە دواجار لەرانبەر ئەم هەڵوێستە جوان و ئازایانەدا بە زیانى خودى خۆیی و حزبی سوسیالست كۆتایى هاتوە . دەتوانرێت پرسیار لە بەرپرسی پارتە كوردیەكانی هەر چوار پارچەكەى كوردستان بكرێت .
4 - (گۆڕان)
سەبارەت بە گۆڕان و ئەو كەسانەى ئەندامى حزبی سوسیالست دیموكراتى كوردستانن بەڵێ خەڵكانێكن تواناى چاكسازیان هەیە و دەتوانن خزمەت بە گەل و نیشتمانەكەیان بكەن و زۆرینەیان خەڵكی شۆڕشگێڕ و خاوەن بڕوانامەن بەڵام زۆربەشانازیەوە درۆنازانن و حەزیان لە سەنگ دەرپەڕاند نیە وەهەروەها زۆرێك لەخەڵكە بەتواناكانى ئێستاى كوردستان ئەگەر
سەربە سۆسیالستیش نەبن ئەوا لە ژێر كاریگەرى و زانایی كاك (محەمەدى حاجى مەحموود) هەڵوێست و گیانى لە خۆبوردویى و پێكەوە ژیان فێربوون . سەبارەت بەوەى لە یەك كاتدا وەزیرو ئەندام پەرلەمانە ئەوە دەتوانن بچن لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكەن بزانن بۆ واكراوە .
5 - (هاوپەیمانى)
سەبارەت بە هاوپەیمانى لە گەڵ حزبی ئیسلامى بۆ ئەو كەسانە كە ئەم ڕەخنەیە دەگرن ئایا پێشتر دەركیان پێ نەدەكرد ئایا لە كوردستان هیچ حزبێكی عەلمانى لەگەڵ ئیسلامیەكان بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمانى نەكردووە . زۆر ئاساییە هاوپەیمانیەتى لەگەڵ ئیسلامیەكاندا هەر وەك چۆن هاوپەیمانى لە گەڵ حزبێكی تر یان مەسیحی و یەزیدی و ئاشوریەكان دەكرێت پاشان هاوپەیمانیەتى حزبى سۆسیالست لەگەڵ ئیسلامیەكان هیچ كاتێك لەسەرحسابی بەرژەوەندیەكانى كورد نەكراوە . بۆچونى نەگۆڕى حزبی سوسیالست پاراستنى ئەزمونى هەرێمی كوردستان و دەسكەوتەكانى لە پێش هەموو هاوپەیمانی و ڕێكەوتنەكانەوەیە .
6 - (بودجەى حزب)
داواى دیارى كردنى بودجەى حزب بۆ ئەوەنیە كەبودجەى حزبی سوسیالست زیاد بكرێت بەڵكو بۆئەو مەبەستەیە كە هاووڵاتیانى كوردستان بزانن چەندە جیاوازیەكان زۆرن چۆن پارەى ئەم میللەتە بە هەدەر دەروات .
سەبارەت بە نەمانى یان كەمبوونەوەى بودجەى حزبی سوسیالست من وەك یەكێك لەو كارمەندانەى ڕاگەیاندنى ئەو حزبە ئەگەر مانگانە هێندەى بڕى یارمەتى ئێستام لە لایەن ئەو حزبەوە پارەشم لێ داوا بكرێت ئامادەم بیدەم و زیاتر بەردەوام دەبم . دڵنیام سەدان ئەندامى حزبی سۆسیالست بەم شێوەیە بیردەكەنەوە دەزانن كە ئەوان دەیانەوێت خەبات بكەن ، نەك گیرفان پڕكردن و كاسبی كردن .
7 - (دواوتە)
داواكارم لە هەر كوردێكى بەشەرەف و دڵسۆز و نیشتمان پەروەر لەهەركوێیەكى ئەم دنیایەدا ئەگەر لەهەر جێگایەك بەڵگەیەكى ڕەسمى و دروست و باوەڕپێكراویان لەسەر كاك (محەمەدى حاجى مەحمود) و حزبى سۆسیالست هەیە كە زیانى بە ئاسایشى نەتەوەیى كورد گەیاندوە و ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو كەسایەتیەو ئەو حزبە هاوكارى لایەنێكى دەرەكیان كردوە و زیانى بۆ كوردستان و مرۆڤى كورد هەبوە . تكایە خەڵكى كوردستانى لێ ئاگادار بكەنەوە لەپێش هەركەس من هەڵوێست وەردەگرم و واز لەو حزبە دەهێنم
ئەگەرنا داواكارم هەركەس وەك ئەركێكى نەتەوەیى و دڵسۆزى بۆ نیشتمان ئەو ناحەقیانەى كەبەرانبەر بەوكەسایەتیە شۆڕشگێڕو دڵسۆزە دەكرێت قبوڵ نەكەن و بەرپەرچى ئەو كەسانە بدەنەوە كە دەیانەوێت مرۆڤى كورد چەواشە بكەن
نەریمان سابیر
سلێمانى 17/5/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست