کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسەت وبیرو باوەڕ و ڕاستگۆیى

Friday, 23/10/2009, 12:00


ئەو هۆكارە چى بوو بووە هۆى دۆڕاندنى پۆستى سكرتاریەتى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان لەلایان قادر عەزیزەوە؟
ئاخۆ شێوەى پەكخستنى پەیڕەوى ناوخۆى حزب ونەبوونى كارى سیستمى بە میزاج كاركردن وەپشتگوێ خستن وپەراوێزكردنى هاوڕێیانى مەكتەبى سیاسى وە گرێدانى بودجەو دارایى حزب بەخۆیەوە وەتەدەخولى ڕاستەوخۆ لەهەموو كارو دەزگاكانى حزب، هەورەها هەڵسا بە لادانى ئەو ئەندامانەى حزب كە بەدڵى ئەو نەبێت، ئایا ئەوانە بەسە بۆ ئەوەى ئەو پۆستە بدۆڕٍێنێت. یاخود ئەوە نەبوونى دیموكراسیەت و شەفافیەت بوو واى كردوە وەك سكرتێر خۆى داببڕێت لە هاورێیانى وەك ئەوەى ئەو لەدۆڵێك بێ و ئەندامانى حزبیش لەدۆڵێكى تردا.
بڕیارەكانى حزب هەر لاى خۆى دەردەچوو بێ ئاگادارى مەكتەبى سیاسى، هەر خۆشى نوێنەرایەتى حزبى دەكرد لە كۆنگرەو كۆنفرانسەكانى دەرەوە، ئەو كێشەیەى ئەو حزبە كتوپڕ نەبوو، بەڵكو ناوبراو هەر لەسەرەتاى دامەزراندنەوە گرێى سكرتاریەت و سكرتێرى هەبووە، ڕووداوەكانى مێژووش ئەوەیان سەلماند كە چەندین جار گرفتى جیابوونەوەى هەبوو، هۆى سەرەكیش بۆ هەموو كێشەكان دەگەڕێتەوە بۆ خودى سكرتێرى حزب، ئەویش بە چارەسەرنەكردنى كێشەكان چاوپۆشین لەكەموكورتیەكان.
تۆمەت نانەوە پاڵ ئەندامانى جیابۆوەى حزب ناو هێنانیان بە موئامەرات چى و تەكەتول و گروپبازى، لەكاتێكدا خاڵى هەرە بەهێزى زەحمەتكێشان وناوزراندنى بە حزبى سەربەخۆو بە هەڵوێست و بە ڕابردوو پاك، ئەوەى بۆ ئەندامانى ئەو حزبە جێگاى شانازیە هیچ ئەندامێكى فایلدارى نەبووە لەناو دەزگا سیخوریەكانى بەعس، هەر گیانى شۆرشگێریى ئەندامەكانى وایان لێكردووە كە پێویستە ئەو حزبە گۆرانكارى لەخۆیدا بكات، هەڵبەت خالى ناكۆكمان لەوە دەست پێدەكات ئێمە دەمانەوێ حزبێكى سەربەخۆ بین و مەرجیش نیە بڕیارەكان پابەندى دیكتاتۆریەتى سكرتێر بن، خاڵێكیتر ئەوەیە ئێمە لەم حزبەدا دیدێكى تەقلیدیمان بەزاند، بەتایبەت لەدواى ڕاپەرین توانیمان دژایەتى ڕاستەوخۆى ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى وگەندەڵى ودیكتاتۆریەت بكەین، بەدڵنیایشەوە هەموو ئەو دەستكەوتانە بەدەستى ئەندامانى حزبەوەدەست هاتوون نەك بە بریارە دیكتاتۆریەكانى سكرتێرى پێشوو، بۆیە قسەكردن لەناو حزبێكى ماركسیزمى لینینیزم بۆ قادر عەزیز گۆڕدرا بۆ ماركسیزمێكى ستالینى، بۆیە ستالینیەتى ئەو واى كرد بەدژى هەموو ڕەخنەیەك بووەستێتەوە، ئەوەش بڕیارێكى هەڵچوو نەبوو هێندەى گوزارشتى لەسیاسەتى عەقڵیەتى ئەو دەكرد.
سەبارەت بەو پڕۆژە چاكسازیەى ئەوسا وەك چوار حزبى كوردستانى پێشكەشى حكومەتى هەرێمیان كرد، ئەو چونكە لەنێوان لایەنگیرى و رەتكردنەوەدا بوو بۆیە بەشێك بوو لە خەونى تاكخوازانەى بۆ دەسەڵات وەك چۆن ماوەیەك ویستى لەگەڵ حزبى سۆسیالیست یەكبگرێتەوە، هەموو ئەمانە بەبێ ئاگادارى مەكتەبى سیاسى بوو.
لەكۆنگرەى پێنجەمى حزب قادر عەزیز دروشمى گەڕانەوە بۆ حزبایەتى تەندرووست و بەدیسپلین كردنى حزبى بەرز كردەوە، ئەو درووشمە بووە هۆى دڵخۆشبوونى تەواوى ئەندامانى حزب، كەچى ئەو درووشمەش تەنها فێڵێكیترى ئەو بوو، كەدواتر نەیتوانى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى حزب قەبووڵ بكات، لەشوێنى ئەوەدا بڕیارى سڕ كردنى ئەو ئەندامانەى دا كە لە كۆنگرە هەڵبژێردران، لەهەمووشى ناشیرینتر لیژنەیەكى بۆ پیاچوونەوە پێكهێنا، سەرۆكى ئەو لیژنەیە سەرنوسەرى رۆژنامەیەكى ئەهلى بوو، دواى لێكۆڵینەوەكانیش قەبووڵى ئەنجامەكانى نەكرد.
بەڵام لە كۆنگرەى شەشەم بە ئیرادەوە هاوڕێیانى حزب بەخۆشەویستى مەكتەبى سیاسى وسەركردایەتى حزب وبێ تەكەتول ودواتر سڕكردنى سكرتێرو دواتر دەركردنى، لەگەڵ بڕیارەكانى كۆنگرە حزب زۆر ژیرانە وهەستیارانە ئەم كارەى ئەنجامدا، لەبەر ئەوەى هیچ ئەلتەرناتیڤێك نەبوو بۆ ڕزگاركردنى حزب لەو قەیرانە ومانەوەى.
چونكە ئەمجارە قادر عەزیز نەیتوانى وەكو جیابوونەوەكانى پێشوو بێباك و بەفیزەوە لبێى بچێتە دەرەوە بەهۆى ئەوەى مەكتەبى سیاسى یەكدەنگ بوون لەسەر ئەو پرۆژەى جیابوونەوەو دواتر دەركردنى بەبریارى كۆنگرە.
لەبەرامبەر ئەوەدا ویستى لاى هەڤالانى سۆسیالست بیانووى ئەوە بدۆزێتەوە كە بەهۆى یەكگرتنەوە لەگەڵ ئەواندا دەركراوە، لەگەڵ برادەرانى كۆمەڵ و یەكگرتووش گوایە بەهۆى هاوپەیمانیەتى لەگەڵیان واى بەسەر هاتووە. ئەمە واى كرد ئەو سێ هێزە بكاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەكى ئەخلاقى وسیاسى بۆ بەشدارى پێكردنى لیستەكەیان، ئەوانیش وەك حزبى ئێمە ئەو ڕاستیەیان دەزانى كە قادر عەزیز سەنگى سیاسى نەماوەو لەدەستى داوە.
دیارە قادر عەزیز دەیویست لەرێگەى ئەو لیستەوە شەرعیەت بەخۆى بداتەوە لەكاتێكدا ئەوانەى دەنگیان بە لیستى چاكسازى داوە هۆكارەكەى ئەو نەبووە بەقەد ئەوەى دەنگدانەكە بەهۆى ئۆپۆزسیۆنیان بۆ دەسەڵاتەوە وەك دەنگى سێیەم دەنگیان دا بە لیستى چاكسازى، لەلایەكیتر ئەوە هێزى قادر عەزیز نەبوو بەڵكو دەنگى ئیسلامیەكان بوو بەڵام چى واى كرد قادرێكى ماركسى بچێتە بەرەى ئیسلامى سیاسیەوە، ئایا هەقى خۆمان نیە پرسیارى ئەوە بكەین ئێمە بەدرێژایى مێًژووى حزب خاوەنى سكرتێرێكى ئیزدواجى بووینە؟ ئەگەر وانیە چۆن ماركسیەك چووە بەرەى ئیسلامیەكانەوە.
ئایا ئەو چوونە توانى بیگەیەنێتەوە بە دەسەڵات؟ ئایا شەمەندەفەرى ئیسلامیەكان ئەوى گەیاندە كەنارى چ دەسەڵاتێك؟ ئەوەش ئەو پرسیارەیە لایەنگرانى قادر عەزیز با بەدواى وەڵامەكەى بگەڕێن؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە