چەند خۆشە حکومەتت هەبێت!

Tuesday, 01/08/2023, 17:27


ئیشێکی ئیداریی ناچاریم کەوتە لای کۆمپانیایەکی سەرمایەداریی گەورەی خۆماڵی، ئیشەکە بە ١٥ خولەک تەواو بو بەڵام لە بەرامبەردا کارمەندی کۆمپانیاکە بە تۆپزی  ٥٠٠ دۆلاری هەم لە من سەند هەم لەو کەسەی تر کە پێکەوە ئیشەکەمان لای کۆمپانیاکە بو، من زۆر هەوڵم دا بە بەڵگە و عەقڵ و شعوری ئینسانی قەناعەت بە کارمەندی کۆمپانیاکە بکەم کە بۆ ١٥ خولەک کاری ئیداری ١٠٠٠ دۆلار زۆر زۆرە و ناحەقە، سودی نەبو، لەمەش خراپتر ئەوە بو کە وەسڵی وەرگرتنی ٥٠٠ دۆلارەکەی نەدا پێمان بێ ئەوەی بتوانێ پێمان بڵێ بۆ وەسڵمان ناداتێ! 
پاش ماوەیەک لەگەڵ کەسێکی تر کە دەبو بە هەمان کۆمپانیای بناسێنم  بەرکەوتەیەکی ٥ خولەکیم هەبو لەگەڵ بەشی یاسایی هەمان کۆمپانیا، کەسی یاساناس پێناساندنەکەی لێ گەورەکردم و کردی بە نوسین و واژو و پارە سەندن، لەمیشیان هەم لە من هەم لە کەسەکەی تر یەکی ١٠٠ دۆلای لێ سەندین، ئەمجارەشیان هەم پارەکە زۆر بو و هەم وەسڵیشی نەداینێ ، ناڕازیبونمان و بەڵگە عەقڵانی و نەرمونیانەکەی ئێمە سودی نەبو. 
من دڵنیا بوم لەوەی هەردو پارە سەندنەکە زیادەیە و زوڵمە، وەسڵ نەدانەکەش سوکایەتیە بە هەمو یاسا و ڕیسایەک و بەڵگەی ئەوەیە کە کارێکی نایاساییە، بۆیە بە ڕەسمی و بە نوسین داوایەکم پێشکەش بە (قایمقامیەتی سلێمانی) کرد کە حەقی خوراوم بۆ بسەننەوە، ئەڵبەتە من زۆرتر حەقە مەعنەویەکەم مەبەست بو نەک دۆلارە چڵکنەکەی کۆمپانیا، هەروەها مەبەستم بو ئەو ملهوڕی و خۆسەپاندن و زۆر و بێمنەتییەی کۆمپانیا سەرمایەداریە کە  کە زۆر ئازاری دڵی دەدام، بخەمە بەردەم دادگای یاسا و ڕێساکانی حکومەتی هەرێم و هەروەها بیخەمە بەردەم  دادگای  ویژدان وعەقڵ و شعور و سۆزی ئینسانی، مرۆڤ نابێت زوڵم و سوکایەتی و خۆسەپاندن لە هیچ کەس و لایەنێکی ڕەسمی و ناڕەسمی قبول بکات.
تەنیا دوای دو ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داواکەم دو کارمەندی (قایمقامیەتی سلێمانی) بەو پەڕی ڕێزەوە بەدەم داواکەمەوە هاتن و پێکەوە چوینە لای بەشی یاسایی کۆمپانیاکە و پێیان سەلماند کە بە ناحەق و نایاسایی ئەو پارانەیان لە من و دو کەسەکەی تر سەندوە و دەبێت کۆمپانیا بۆ مان بگەڕێنێتەوە دەنا  (قایمقامیەتی سلێمانی) سکاڵای یاسایی لە دژی کۆمپانیاکە تۆمار دەکات. ئەڵبەتە کەسی قایمقام خۆیشی (کاک ئاوات) زۆر دڵسۆزانە و بە شەخسی هات بە دەم داواکەمەوە، بە ڕاستی جێی سوپاس و پێزانینە لەم قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم ئەو هەستەیان پێ بەخشیم کە منی هاوڵاتی بێخاوەن نیم و وڵات وا کاول نەبوە زۆردارانی جۆراوجۆر (لێرا سەرمایەداری بێویژدان و تێرنەخۆر و نایاسایی) بە کەیفی خۆیان و بێ لێپرسینەوەی لایەنی ڕەسمیی حکومەتی زوڵم و ناحەقی لە خەڵک بکەن. 
ئینجا هاوڵاتیی هێژا! لە هەر کاروبارێکی ڕۆژانەت دا لە هەر دائیرەیەکی حکومەتی یا لەگەڵ هەر کەس و لایەنێکی ناحکومی، کە هەستتکرد زوڵمت لێدەکرێت، پرس بکە و زانیاری کۆبکەرەوە و مەچەمێرەوە بەرامبەر زوڵم و ناحەقی، هەوڵی یاسایی خۆت بدە، هانا بەرە بۆ میدیا جیدیەکان و بۆ سۆشیال میدیا و بۆ کەسایەتیە دادخواز و بەویژدانەکان، نائومێد مەبە و مەڵێ هیچ سودی نیە ، کردەی پەشیمان باشترە لە نەکردەی پەشیمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە