با ماسکەکان فڕێدرێن !

Friday, 19/10/2018, 0:11


هەمو ئەوانەی تا ئێستا دەنگیان بە گۆڕان داوە و بەرگری لە گۆڕان دەکەن لەبەرچوار هۆ  گۆڕانیان هەڵبژارد.
 یەکەم: نائومێدبونی تەواو لە وەی حوکمی بنەماڵەیی ناڕەوا و توندوتیژ ودواکەوتوی پارتی و یەکێتی  خۆیان چاکبکەن و کوردوستان و گەلەکەی بەرەو پێشەوە بەرن۰ 
دوهەم: گەشبینی و  ئومێدێکی تەواو بە بەرنامە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە ڕاست و ڕەواکەی کە پێشکەشی خەڵکی کوردوستانی کرد۰ 
سێهەم: نەوشیروان مستەفا و هەمو  کەسایەتیەکانی  ناوەوە و دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانی کە لە دروستکرنی گۆڕان پشتگیریان کرد بەگشتی خاوەنی ناو و ناوبانگی باش و مێژوی خەباتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و چینایەتیی باش بون بۆیە خەڵک شوێنیان کەوتن. 
چوارەم: گۆڕان ڕێگای خەباتی مەدەنیی هەڵبژارد و هەمو جۆرەکانی توندوتیژیی ڕەفزکرد۰            
لەبەر ئەو هۆیانە گۆڕان کورە هەنگی هیوا و ئومێدێکی گەورەی لە  ناو هەمو چین و توێژە زوڵملێکراوەکانی کوردوستان هوروژاند٫ گۆڕانخوازەکانی دەوری ئەم کورەیە چاوەڕێی هەنگوینێکیان دەکرد کە  نەدەکرا و نەدەشیا لە ماوەی نۆ ساڵدا پێبگات۰
مردنی نەوشیروان و کەم و کورتی و لاوازیەکانی بەڕێوەبەرانی گۆڕان لە دوای خۆی٫ گزی و دزیە گەورەکانی پارتی و یەکێتی لە هەمو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردوستان و عێراق بە کۆمەکی هەمەلایەنەی ئێران و تورکیا٫ هەمو ئەوانە دۆخ و کەشێکی سیاسیی بێهودەیی و ڕەشبینی و بێهیوایی  تاریک و غەمباری لە ناو خەڵک بەگشتی و لە ناو گۆڕانخوازان بە تایبەتی دروستکرد تا ئەندازەی ئەوەی زۆر کەس هەر بڕوای بە هەڵبژاردن نەما و داوای بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد٫ لە ئەنجامدا بینیمان لەگەڵ خستنەسەری سەدانهەزار دەنگی وەهمیی پارتی و یەکێتی هێشتا ڕێژەی دەنگدەران لە ٪٦۰ ی تێنەپەڕاند کە ئەمە لە کوردوستاندا تا ئێستا کەمترین ڕێژەیە۰ 
لە بەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەدا ناڕەوایە و ناڕاستە کەمبونەوەی دەنگدەرانی گۆڕان لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردوستاندا بە تەنیا بخەینە ئەستۆی سەرکردەکانی گۆڕان٫ چەند ناڕاست و بێسود و ڕواڵەتگەراییە وابزانین بە دەسلەکارکێشانەوەی خانەی  ڕاپەڕاندن و دانانی چەند پیاو و ژنێکی گەنج ئیتر کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان خۆبەخۆ چارەسەردەبن! 
گۆڕان ئەو هێزەیە کە لە کوردوستاندا هاوتای نیە بۆ پاکی و بوێری و نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەروەری، بەڵام ئێستا ئەوەی توند دەستی ناوەتە بینی و خەریکە لە جوڵەی دەخات کێشەی سەرکردایەتی کردنێتی نەک کێشەی خوارەوە و کێشەی مەکۆ و ڕایەڵەکانی. 
بۆ هەستانەوە و سەرلەنوێ گەشانەوەی گۆڕان ئەم بنەمایانە پێشنیازدەکەم کە ببنە بناغەی هەر هەنگاوێکی کردەیی کۆنکرێت بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان.
 یەکەم: نابێت  گۆڕان بکرێتە دەسگایەکی بنەماڵەیی٫ هەر هەوڵێک بۆ ئەمە لە ژێر هەر بەهانەیەکدا بێت ڕێک بە بێچەوانەی ئەو بنەمایانەیە کە گۆڕانی لەسەر دروستکراوە٫ هەروەها پێچەوانەی بیروبۆچونی ڕۆحشاد نەوشیروانیشە۰ 
دوهەم:نابێت لە گۆڕاندا کەسانێک هەبن بەنهێنی و لە دەرەوەی جەستەی ڕێکخراوەیی گٶڕان و لە پشتی کۆڕوکۆبونەوە ئاشکرا و ڕەسمیەکانی گۆڕانەوە کاری کنە و بنکۆڵی لە گۆڕاندا بکەن و ڕای خۆیان بسەپێنن لە دروستکردنی بڕیارەکانی ناو گۆڕان، بۆ نمونە بڕیاری ئەوەی کێ بکرێتە کاندید لە هەڵبژاردنەکاندا، یا کێ ببێتە بەڕێوەبەری  کەناڵی KNN   و دەسگاکانی تری ناو گۆڕان. هەر کەسێک دەیەوێت لە ناو گۆڕاندا ڕۆڵێکی هەبێت دەبێت بە ڕەسمی و بە ئاشکرا بێتە پێشەوە و بوێرانە بە گۆڕان بڵێت چیی دەوێت لە گۆڕان، ئێمە لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی سەدام ناژین تا خەباتی ژێرزەمینی بکەین، دەبێت ڕوبەندەکان (ماسکەکان) فڕێبدرێن و بە دڵ ودەرون و نیازێکی پاکەوە  بۆ چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان باوەش بەیەکتردا بکرێت و ئەملاولای یەکتر ماچبکرێت. 
سێهەم: دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان خۆی جیابکاتەوە لە (کۆمپانیای وشە) و نەچێتە ژێرباری هیچ پەستان و گوشینێکی پارە و موڵکی ئەو کۆمپانیایە و هیچ کۆمپانیایەکی تر. ئەگەر هیچ چاری نەما واباشترە گردەکەی زەرگەتە چۆڵبکات نەک ئەوەی ببێتە بوکەڵەی دەستی پارەبەدەستان، لەم کوردوستانە پان و بەرینەدا گۆڕان جێیەکی شەرافەتمەندانەی دەستدەکەوێت کە بار و بنەی خۆی تیادانێ، گۆڕان بە هەنگاوێکی ئاوا  دەچێتەوە دڵ و دەرونی سەدانهەزار گۆڕانخوازی دڵشکاو و نائومێدکراو! 
چوارەم: لەم سەردەمی بەئەمریکاییکردنی (بە پارەکردنی) سیاسەتدا پارە لای کێیە دەسەڵاتیش لای ئەوە، کەواتە دەبێت لە گۆڕان دا  دەستەیەکی چەندکەسیی لێزان و پیشەیی و دەستپاک هەر چوارپێنج ساڵ جارێک لە لایەن جڤاتی نیشتمانیەوە هەڵبژێردرێت بۆ ڕێکخستنی کاری دارایی و ئابوری و بەڕێوەبردن، وە ناوبەناو لێپرسینەوەی لێبکات لە سەر کارەکانی.گرنگترین ئەرکی سەرشانی ئەم دەستەیە دەبێت سەربەخۆکردنی گۆڕان بێت بە جۆرێک خۆی خۆی بژیێنێت نەک دەست پانبکاتەوە لە هیچ کەس ولایەنێک، ئەمەش بە پەیداکردنی پارە  و موڵک دەبێت  بۆ گۆڕان لە ڕێی پرۆژەی ئابوریی بەردەوام وکۆکردنەوەی کۆمەکی پارە و کۆمەکی ماددیی تر لە لایەنگرانی و لە سەرمایەداران و ...
پێنجەم: بۆ پیادەکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە دەبێت خانەی ڕاپەڕاندن بە هەمو ئەندامەکانیەوە و هەرکەسێکی تری ناو گۆڕان کە بڕیاری لەسەردەدەن،  کۆبونەوەی ئارام و هاوڕێیانە و هاوسەنگ لەگەڵ هەمو ئەو کەسە دەستڕۆیشتوانە دا بکات کە گومانی توندیان لێدەکرێت کاری نهێنی و نیوەئاشکرا بکەن بۆ بە بنەماڵەییکردنی گۆڕان، ئامانجی کۆبونەوەکان گێڕانەوەی ئەو کەسانە بێت (ئەگەر لایاندابێت) بۆ سەر ڕێبازی ڕۆحشاد نەوشیروان و هاوڕێکانی و هەمو دەنگدەرانی گۆڕان کە هەرگیز ڕیبازەکەیان ئەوە نەبوە شوێنی پارە و پۆست و کۆمپانیای ئابوری بکەون و وەک چەک بەکاریبێنن بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان. 
بەڕاستی کارەساتە  گۆڕان کە دەیویست و دەیەوێت دنیای ناشیرین و ناڕەوا و توندوتیژی پارتی و یەکێتی بگۆڕێ بۆ دنیایەکی باشتر و جوانتر و ڕەواتر ، ئێستا وای لێهاتبێ لەناوخۆیدا  باس هەر باسی پلە و پۆست و کۆمپانیا و دەفتەرە دۆلار و تاپۆ و سورەت قەید و گرد و مۆڵ و ئەم شتانە بێت ! 
هەڵبژاردنی سەرلەنوێی بازنە و ڕایەڵە و مەکۆکان  و بەستنی کۆنگرە بێ ڕونکردنەوەی تەواوی ئەو خاڵانەی سەرەوە، لای من پینەکردن و ماکیاجێکی کاتیە و وادەکات کە  ئیتر گۆڕان گۆڕانەکەی جاران نەمێنێ ، چونکە گرفتی گۆڕان کێشەی ڕایەلە و بازنە و مەکۆکان نیە بەڵکو کێشەی سەرکردایەتیکردنێتی و کێشەی ئەوەی کێ دەسەڵاتی فیعلیی بەدەستە لە ناو گۆڕانی ئێستادا و کێ دەسەڵاتی بەدەست دەبێ لە ناو گۆڕان ی ئایندەدا ! 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە