بەردەوامین وهەڵیشناچین

Friday, 25/11/2016, 3:50


بە هۆی سیاسەتی برسیکردنی زۆرینەی گەلەکەمان بینیمان پێش مامۆستایانی پەروەدە و زانکۆکان ،لە دەڤەری دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی دەیان جار ئەم دەستە و توێژانە گردبونەوەیان ئەنجامدا و هەندێکیشیان دیداری تایبەتیان لەگەڵ  مەسعود بارزانی سازکرد و هەمو ئەوانە داوای چارەسەریان لێکرد: کەمئەندامان و خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە دێرینە خانەنشینکراوەکان (پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش کە ئێستا موچەخۆرن ناوێرن خۆپیشاندان و مانگرتن بکەن چونکە یاسای توند هەیە بۆ سزادانیان)، خانەنشینانی مەدەنی ، بەڵێندەران کە حکومەت ناتوانێ چەکەکانیان بە پارە بۆ بگۆڕێتەوە،پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، کارمەندانی بەڕێوەبەریەتەکانی  ئاو و کارەبا و باج و زانکۆ و قوتابخانەکان و.... دڵخۆشکەربو کە لە هەمو ئەو چالاکیانەدا هیچ توندوتیژیی جەستەیی یا زارەکی بەرامبەر هیچ دەسگایەکی حکومەت، هیچ بنکەیەکی حیزبی، هیچ کەس و کەسایەتیەک نەکرا. بەشداربوانی ئەو چالاکیانە زۆربەیان تەمەنیان لە سەرو سی ساڵەوە یە، کەواتە دەسەڵاتی کوردی ناتوانێ بڵێت هەمو ئەوانە هاندراون و خەڵەتێنراون و هەرزەکاری بێئەزمونن. دروشمی سەرەکیی زۆربەی بەشداربوان سیاسی نیە بۆ نمونە بڵێن با حکومەت هەڵوەشێتەوە یا پەرلەمانێکی تازە هەڵبژێرێتەوە، دروشمەکانیان نان و شیر و دەرمان و پۆشاک و نەوت و ... بۆ خۆیان و منداڵەکانیانە. ژنان بەشداریەکی کاریگەریان هەیە لە خۆپیشاندانەکان، سەدان ژنی بەتەمەنی وام بینیوە لە ژیانیاندا بەشداریی هیچ چالاکیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان نەکردوە کەچی ئێستا لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکانن . ئەگەر ئەوانەشی بخەیتە سەر کە لە ڕاگەیاندنی بیسراو و بینرا و نوسراو لە سەر کاغەز و لە ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و ڤایبەر و فەیس بوک و... ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر حکومەت دەربڕیوە  ئەوا لەسەرەتای ئەم قەیرانی داراییەوە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی دو ملیۆن هاوڵاتی کوردستان. مەسعود بارزانی بە گرژی و هەڵچونەوە بە هەمو ئەو هاوڵاتیانەی کوردستانی گوت (با هەڵپەڕکێی خۆیان بکەن...). بەڕاستی غەمبار و نائومێدی کردین.بەڵام با خۆی و هاوپەیمان و نیوهاوپەیمانە ئاشکرا و نهێنیەکانی  دڵنیابن غەمباری و نائومێدیمان وزە و ورەی زۆرترمان دەداتێ کە لە ماڵەکانمان بێینە دەرەوە و بەردەوامبین لە دەربڕینی ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکانمان بەرامبەر بە حکومەتە شکستخواردوەکەی هەرێم کە هەردو حیزبی پارتی و یەکێتی کۆڵەکەکانی پێکدەهێنن. خەڵک چاوەڕێی ئەوە لە مەسعود بارزانی دەکات هەرچی زوترە  لە پەیامێکی تەلەفیزۆنی و ڕادیۆیی و نوسراودا  ڕاستەوخۆ کەسی خۆی داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی کوردستان بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە