له‌

Thursday, 07/10/2010, 12:00



بڵاوکراوه‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان که‌ گوایه‌ (ئه‌نسار ئیسلام) ئه‌وی کوشتوه‌ وه‌ک درۆیه‌کی شاخدار کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردوستانی خورپاند و توڕه‌کرد ،(سکت دهرا"، فنگق کفرا").ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ نه‌ک هه‌ر ڕۆژنامه‌کانی (هاوڵاتی، ئاوێنه‌، ڕۆژنامه‌، گۆڤاری لڤین..) له‌ لایه‌ن پارتی و پارتیه‌کان و نزیکپارتی ه‌کان سکاڵای یاساییان لێکراوه‌ و داوای ملیارده‌ها دیناریان لێده‌کرێ، به‌ڵکو سکاڵا له‌ ڕۆشنبیران و نوسه‌رانێکی پڕبه‌رهه‌می هه‌میشه‌ نیشتمانپه‌روه‌ر و سه ر‌به‌خۆ و بێلایه‌نی واش کراوه‌ که‌ به‌ درێژایی ژیانیان جێی ڕێز و متمانه‌ی خه‌ڵک بون و هه‌رگیز بۆ ساتێک هاوکاریی هیچ داگیرکه‌رێکی کوردوستانیان نه‌کردوه‌! خراپترین جۆری سانسۆر و بنچاوکردن ئه‌وه‌یه‌ ‌ مرۆڤ کاتێک ده‌یه‌وێ شتێک بڵاوبکاته‌وه‌ که‌ به‌دڵی ده‌سه‌ڵات نیه‌، ترس و قه‌له‌قی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌سه‌ڵات تۆڵه‌ی لێبکاته‌وه‌، تۆڵه‌کان جۆراوجۆرن: له‌کوشتنه‌وه‌‌ بیگره‌ تا ناوزڕاندن . ئامانجی سکاڵاکان ئه‌وه‌یه‌ هه‌مو ده‌نگه بوێره‌ جیاواز و موعاریزه‌کانی کوردوستان به‌ ترس و تۆقاندن و به‌ خۆسانسۆرکردن کپ بکرێن. سه‌رده‌شت عوسمان له‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕ به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ به‌ به‌رچاو پاسه‌وانانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان له‌ ناو (حه‌ره‌می جامعی) له‌ هه‌ولێر ده‌فڕێنرێ و له‌ جێیه‌کی تر ده‌کوژرێت. سه‌رده‌شت عوسمان سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و شێخ ستار و....مان دێنێته‌وه‌ یاد. خه‌ڵک و که‌س و کاری قوربانیه‌کان جگه‌ له‌وه‌ی تینوی دۆزینه‌وه‌ و سزادانی بکه‌ره‌کان و فه‌رمانپێده‌ره‌کانیانن، زۆر زۆر نیگه‌رانن له‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر نه‌دۆزرێنه‌وه‌ زنجیره‌ی کوشتنی سیاسی درێژه‌ی ده‌بێت و باری ئاسایشی هه‌رێم تێکده‌چێت و هه‌ڵۆ گۆشتخۆره‌کانی ئه‌ودیو سنوره‌کانمان به‌رده‌بنه‌ جه‌سته‌ و گیانی هه‌لاهه‌لامان! بنج و بنه‌وانی کێشه‌کان له‌ ناو خودی ده‌سه‌ڵاتی کوردیدایه‌ که‌ دوای 18 ساڵ نه‌یتوانیوه‌ کۆمه‌ڵانی به‌رین و فراوانی خه‌ڵکی کوردوستان به‌ ناوه‌ڕۆک و شێوه‌ی ئیداره‌که‌ی ئارام و ڕازی بکات. شه‌ڕی تاوانی براکوژی و بر‌ینه قوڵه‌کانی‌ ، ناعه‌‌داله‌تیی ئابوری و بێبه‌شکردنی خه‌ڵکی کوردوه‌ستان له‌ نه‌وته‌که‌ی، ژماره‌ی ملێۆنه‌ره‌کانی که‌سانی ناو و نزیک له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی زیاد ده‌کات و به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ سوپای نه‌داران و به‌شخوراوان و ناڕازیان زیادتر ده‌کات. به‌رده‌وام و به‌ پلان ته‌سک و ته‌نگکردنه‌وه‌ ی ڕوبه‌ره‌کانی دیموکراسیی په‌رله‌مانی و ده‌ره‌وی په‌رله‌مان و میدیای ئازاد ،له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ ترساندن و گه‌ڤ و هه‌ڕه‌شه‌ و سکاڵای یاسایی، له‌ لاکه‌ی تریشه‌وه‌ به‌ پاره‌ و ده‌م چه‌ورکردن و ده‌نگ کپکردنی ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و پسپۆڕانی بواره‌ جیاکانی زانین و زانست. شێوه‌ی حوکمی خێڵه‌کی و موخابه‌راتی که‌ ده‌یه‌وێت هه‌موده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ ده‌ستی چه‌ند که‌سێکی که‌مدا چڕبکاته‌وه‌ و به‌ که‌سانێک پیاده‌ی بکات ودایبه‌زێنێته‌ ناو خه‌ڵک که‌ وه‌ک ڕۆبۆته‌یوکی بێگیان و قوڕمیشکراو هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ پێیانده‌وترێ، به‌ کوشتنی مرۆڤیشه‌وه‌. وێرانیی دێهاتی کوردوستان و که‌م وکوڕیه‌ بنچینه‌ییه‌کانی پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانیی کوردوستان،...هتد. ئه‌م گرێ کوێرانه‌ن هۆی سکاڵا و دادوبێدادیه‌کانی ئیمڕۆی خه‌ڵکی کوردوستان که‌ ئۆپۆزیسێۆن و که‌سانی وه‌ک سه‌رده‌شت عوسمان ی ناو میدیای ئازاد کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن. بۆ کردنه‌وه‌ی گرێ کوێره‌ی که‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان من پێشنیاز بۆ پارتی ده‌که‌م 1.(که‌ریم سنجاری) وه‌ک سزا له‌ وه‌زیری بخات که‌ له‌ ژێر سایه‌ی وه‌زاره‌ته‌که‌ی ئه‌ودا ئه‌و تاوانه‌ ڕویداوه‌ و تا ئێستا بکوژه‌که‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.2.بژاردنی مادی و مه‌عنه‌وه‌یی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رده‌شت، بۆ نمونه‌ دانانی په‌یکه‌رێک بۆ سه‌رده‌شت وه‌ک شه‌هیدی وشه‌ له‌و جێیه‌ی له‌زانکۆ فڕێندرا.3.قوبوڵکردنی لیژنه‌یه‌کی کوردی ــ نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دۆزینه‌وه‌ی بکوژه‌کانی سه‌رده‌شت عوسمان. من دڵنیام گرێ کوێره درێژخایه‌نه‌‌کانی تری ده‌سه‌ڵاتی کوردی، کورد خۆی به‌ده‌سه‌ڵات و به‌ ئۆپۆزیسێۆن پێکه‌وه‌ ده‌توانن چاره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه‌، مه‌گه‌ر حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان به‌ری ڕه‌نجی خه‌باتی هه‌مومان نیه‌؟ هی هه‌مومان نیه‌؟ به‌ شمشێری ده‌سه‌ڵات گرێ کوێره‌ له‌ گوریسی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک ناکرێته‌وه‌، به‌ڵکو گوریسه‌که ش‌ ده‌بچڕێ و گرێکه‌ش ده‌بێت به‌ سه‌د گرێی تر. بۆ ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌و په‌نده‌ی (کۆنفیشۆس) ی فه‌یله‌سوفی چینی ده‌هێنمه‌وه‌ که‌ ده ڵێت "ڕێگا ئامانجه‌" ، ئاخر به‌ ڕێگا و ئوسلوبی موخابه‌راتیی نهێنکاریی نامرۆڤانه‌ و بێڕه‌وشتانه‌ و غه‌در و زوڵم چۆن ده‌توانیت بگه‌یته‌ ئامانج و ئایدیاله‌ بڵند و ناوازه‌ و ڕنده‌کان که‌ بۆ ئێمه‌ی کورد ڕزگاریمانه‌ له‌ده‌ست داگیرکه‌ران و ئازادیی تاک به‌ تاکی مرۆڤه‌کانمان له‌ هه‌مو کۆت و زنجیرێک؟

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە