لە بێ غیرەت وایە هەموو كەس بێ غیرەتە .!
Friday, 10/04/2009, 12:00
دیارى كاكى چاودێر لە بێغیرەتى خۆتەوەیە كەسوكارى شەهیدان بەبێ غیرەت ئەزانیت چونكە ئەگەر غیرەتت بوایە بەناوى ڕاستى خۆتەوە ئەم بابەتە نایابەت دەنووسی و بڵاودەكردەوە : !! خۆ ئەگەر ڕاسپاردەشى . ئەوە هەر زۆر شورەى ترە كە خاوەنى بیرو بۆچونى تایبەتى خۆت نیت .
نازانم كە دەڵیت كەسوكارى شەهیدان مەبەستت كام شەهیدەیە . چونكە لاى ئێمە چەندەها جۆر شەهیدانمان هەیە .... شەهیدمان هەیە كە تائێستا بە شەهید ناو نابرێن نازانم لاى تۆ ئەوانیش دەگرێتەوە یان نا .. ؟ وەك ئەوانەى لە كارەساتە دڵتەزێنەكاندا لە تاریكاى شەوە درێژەكاندا لەناو براون . وەك شەهید (عبدالرزاق) ناسراو بە (ووریا) كە لە ساڵى 1983 دا بێتاوان لە گەوڕێكدا لە ناوچەى سەركردایەتى لە ژێر ئەشكەنجەدا لەتو كوت كراو پاش دەیان ڕۆژ كەسوكارى جەستەى هەڵوەریویان لە دوو عەلاگەدا بەبێ سەر هێنایەوە بۆ سلیمانى و ناشتیان . دواى ماوەیەكیش لەو كارەساتە سالار كە ناسرابوو بە (سالارى ماف) و ماڵى عبدالرزاق بەخێویان كردبوو . بە جلو بەرگى پیاوانى بەعس و بەناو گرتنەوە چونە سەرى و لە ڕاكردندا دەست درێژى لێكرا و شەهید بوو .. یان شەهید گۆران كە لە گەرماو گەرمى ڕاپەڕیندا هەل پەرستانە تیرۆر كرا .. كە جگە لە لەناوبردنیشیان هێشتا هەوڵى ڕیسواكردنی یان كرا بەوەى سیخوڕى ڕژێم و هەواڵگرى بەعس بوون ...!! كاكى چاودێر تۆ ئاگادارى ئەو كارەساتانەیت و جەسارەت دەكەیت بپرسیت ئەو پێشمەگە ئازاو بە ئەمەكانەتان بۆ والێكردو هۆى راِستەقینەى شەهیدكردنیان چى بوو یان كێ لە پشت ئەو تاوانانەوەیە .. ؟ یان جۆرێكى تر شەهیدمان هەن ئەوانەى لە شەڕەكانى ناوخۆدا تیادا چوون ، لە كاتێكدا كەسوكارى پێشمەرگە وایان دەزانى كوڕەكانیان لە بەرامبەر دوژمنانى بەعسدا چەكیان هەڵگرتوە ، دەكرانە شەڕى ناڕەواى ناوخۆوەو هەرجارە هێزێكیان دەكرد بە گژ هێزێكى تردا سەدان ناوى ڕۆشنفیكرو لێهاتوو بوونە سوتەمەنى ئارەزوى شەڕنگێزى سەركردەكانى ئەوكاتەو دواتریش شەڕى درێژخایەنى ناوخۆى لەسەر دەسەڵات و تاك ڕەوى سیاسى كە تائێستاش ئاسەوارەكانى بەسەر مرۆڤى كوردەوە هەر ماوە .... لێرەشدا دەپرسم جەسارەت دەكەیت بە ویژدانەوە بپرسیت كام سەركردەیەى ناو یەكێتى لە ساڵى 1994 وە دژى شەڕى برا كوژى بووە ...؟ بە پێچەوانەوە ئەوانیش وەك لێپرسراوى پارتى هەر كەسێك بۆ هەر مەبەستێك سەردانى هەر یەكێكى بكردایە ڕاستەوخۆ لێیان دەپرسى كێ دەستپێشخەرى ئەم شەڕە بووە و تاوانى كام لایە ... دیارە لاى هەر یەكێكیان دەبوو بڵیت ئەوى تروو كێ جەسارەتى هەبوو بڵێ ئێوە ...!!
با بڵێین جۆرى سێهەمى شەهیدانمان ئەوانەن كە بە دەستى پیاونى ڕژێم لە سەنگەردا شەهیدبوون یان لە گرتوو خانەكاندا لە سێدارە دراون یان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لە دەست داوە ..... كەسوكارى ئەم شەهیدانەو ئەوانەش كە بێ ڕەوا شەهید كراون كاكى چاودێر زۆر بەغیرەت و خاوەن كەرامەت و بە شعورت بە پێچەوانەى ئەوەى جەنابت ناوزەندمان دەكەیت . چونكە هەر خێزانێك كەسێكى پێشمەرگە بووبێت هەموو خێزانەكەى پێشمەرگە بووە و بەرەنگارى پیاوە دڕندەكانى ڕژێم بۆتەوەو بەوپەڕى خۆڕاگریەوە لە بەرامبەریان دا وەستابوین و ڕۆژێك لە ڕۆژان ملكەچى سیاسەتەكانى ئەو ڕژێمە دڕندەیە نەبووین هەروەها ئەوانەش كەگیرابون ولە گرتوخانەكاندا ئەشكەنجە ئەدران و دەكران بە سێدارەدا كەسوكارەكانیان ڕوبەڕوى چەندەها جۆر زەبر و زەنگەى ئەو ڕژێمە دەبووەوەو خانو ماڵى ئەدرایە بەر چەقۆى شۆفڵ و ئاوارەیان دەكردن هێشتا هەر ملیان كەچ نەدەكرد بۆیان .... ئالەو كاتانەدا هەركەسێك دەبوە پێشمەرگە یان لە ڕێخستنە نهێنیەكانى ناو شار و شارۆچكەكاندا كارى بكردایە ناوى لە خۆى دەنا (شەهید) چونكە لە پێناو پەیامێكى نەتەوەى و بەرگرى لە مانەوەى نەتەوایەتى دا بەو پەڕى قەناعەتەوە ئەو ڕێبازەى هەڵدەبژارد و لە خەیاڵى كەسدا نەبوو كە ڕۆژێك لە ڕۆژان كورد لە عێراقدا دەبێتە خاوەنى دەسەڵات و پلەو پایەو موچە دەبەخشێتەوە بەملاو ئەلادا .
ئێستاش كەسێكى وەك تۆ دێت و كەكسوكارى شەهیدان بەبێ جیاوازى ڕستەوخۆ هان دەدەیت بۆ بەرەنگار بونەوەى یەكێتى و دەزگاكانى ..... لەبەر ئەوەى موچەى (تەحسین شاوەیس) لە (مامە ڕیشە) زیاترە ..... یان پارتى یادى (خەمەخانى حاجى دارا) دەكاتەوە و چەندین هۆى تریش كە ئاماژەت پێداوە . ئایا ئەمە جێ ى گومان نیە كە ئێوەمانان جارێكى تر دەتانەوێت ئاگرى ناكۆكیەكان خۆش بكەن و بە كەسوكارى شەهیدانیش بیگەشێننەوە .....؟ چونكە یەكەم ئەوەى تۆش باسى دەكەیت و كەسوكارى شەهیدانى بۆ ئەوروژێنیت مەسەلەیەكى نوێ نیەو چەندەها ساڵە هەروا ڕۆیشتوەو تۆ تازە بە تازە بیرو كەوتۆتەوە ، دووهەمیش لە هەڵبژاردنەكانى عێراق و هەرێمى كوردستاندا لە ساڵى (2005) دا كە هەردوو پەرلەمانى عێراق و هەرێم لەگەڵ ئەنجومونى پارێزگاكاندا و جارێكى تریش لە كۆتاى (2005) دا پەرلەمانى عێراق . یەكێتى بە لیستى تایبەتى خۆى بەشدار بوو .... لێت دەپرسم چەند كەسى ناو ئەولیستانە كەسوكارى شەهیدن بوو یان ئەگەر تیاشیانا بوو بە چ ڕێژەیەك بوو ....؟ كاكەى چاودێر ئەى ئەوكاتە بۆچى تۆزێك دڵت بە كوڕ و كچ و خوشك و براى شەهیدان نەسوتاو ئاوا هاوارت لێهەڵنەستا كە بۆچى كەسوكارى شەهیدان بێقەدر سەیر دەكەن ..... كە بەمەرجێك ئێمە وەك كەسوكارى شەهیدان ئەو هەڵوێستەمان بایەخ پێنەدا چونكە ئێمە بە هیچ جۆرێك ئامادە نین بازرگانى بە شەهیدەكانمانەوە بكەین لەگەڵ ئەوەى لەچەند شوێن و ڕێوە بەرگوێمان كەوتۆتەوە كە ئەو لێپرسراوانەى لیستەكانیان ئامادە كردوە بە چەند كەسوكارێكى شەهیدانیان ووتوە ئەمانە چیان بۆ كردوین تا پلە و پایەیان بدەینێ ...!! جەنابتان جەسارەتتان كرد بپرسن كێ ئەو كەسانەى داناوە و ڕێژەى كەسوكارى شەهیدان تیایدا چەندە ....؟ دیارە ئەو كاتە مناڵبویت و لە بوارى ڕامیارى و ڕۆژنامە گەریدا نەبویت یان ئەوەتا هەوادارى ئەو بۆچون و هەڵوێستانە ئەو كاتەبویت ، ئێستاش لە سەردەمى هەڵبژاردنەكاندا تۆ و كەسانى وەك تۆ دەیانەوێت كەسوكارى شەهیدان بكەنە سوتەمەنى دژایەتیەك كەلە ئەسڵا ئێمە لایەن نین تیایدا و بۆ بەرژەوەندیەكانى خۆتان و بەم شێوە ناڕەوا ئاست نزمەوە سۆزمان بووروژێنن وامان لێبكەن چیتان مەبەستە پێمان بكەن .. وەك هەڵبژاردنەكانى ساڵى (1992) كە بە جارێك سۆزى كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگەتان بۆ خۆتان قۆرخ كردوو بە هەزاران كەستان بەوێنەى شەهیدەكانیانەوە ڕژانە گۆڕستان و بە سەرماندا شیوەنتان دەكرد یان چۆن فرسەتتان لە نەخوێندەوارى و سۆزى دایكى (مامە ڕیشە)ى داماو وەرگرتوو پەڕۆى سەوزتان ئاڵاندبوو بە سەریەوە و لەسەر پێشى ئۆتۆمبیل پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنتان پێ دەكرد ... دەتانەوێت ئەم جارەش بە جۆر و شێوازێكى تر بمان كەنە نمونە و سوتەمەنى كێشەو بەرژەوەندیەكانتان ....؟
یان لەشوێنێكى ترى نوسراوەكەتاندا دەفەرمویت كە كەسوكارى شەهیدان خۆیان گۆڕی بوو و ڕیشیان تاشیبوو بۆ وەرگرتنى كلیلى ڤیلاكانیان لە مام جەلال وەك ئەوەى بچن بۆ سەیران ..!!! ئەى كاكى چاودێر ئەگەر بە شپرزەى و ناڕێكەى و بە ڕیشەوە بچونایە ئێستا جۆرێكى ترت ڕەخنە دەگرت لێیان و دەتگوت ئەوەندە بە پەلەو خۆشیەوە چوون بۆلاى مام جەلال فریاى خۆڕێكخستن و ڕیش تاشین نەكەوتوون ...!!! ئەمە لە لایەك لە لایەكى كەوە لێت دەپرسم تۆ ئاگادارى لە چۆنیەتى گوزەرانى هەندێك لەو خێزانانەى ئەو خانوانەیان وەر گرتووە ... ئاگات لەوەیە كە خێزانى شەهیدى سەركردەى تیادایە لە خانوى كرێدابوون تا حەمام و پێداویستیەكانى ڕۆژانەى تیادا نەبوە ....؟ ئاگاداریت كە ئێستاش نیوەى ئەو خانوەى ئەو خانوەى وەرى گرتوە چۆڵەو ئیمكانیەتى نیە بە ئارەزوى خۆى پڕى كاتەوە ...؟ چەنكە خاوەنى هیچ پلەو پایەیەك نیە و وەك ئێوە دەفەموون ز. جگە لەوەى ئەو موچەیەى تا ئێستا وەرمان دەگرت بڕدراوە لە سایەى ئەو یاسایەى مووچە و ئیمتیازاتى شەهیدان و ئەنفالەى ئەو پەرلەمانە هەڵكەوتووەى سەرەتایى ساڵى (2005) كەسەكان هەڵبژێردراوە هەموارى كردوە . ئەى هەڵوێستت چییە لە بەرامبەر نان بڕینى بەشێكى زۆرى كەسوكارى شەهیداندا ... بۆ ئەوە بۆچى وورتەت لێوە نایەت بەڕاى جەنابت ئێمە ئەوە ناهێنین باسمان بكەیت و بەرگریمان لێبكەیت ...؟ كاكە گیان پڕو پاكەندە و هاندانى خەڵك بۆ هەڵبژاردن بەم جۆرو ششێوازە ئاست نزمیەوە نابێت .... تۆ لە ڕێگا پێدرا و نیت بەو جۆرە دابەزیتە سە كەسوكارى شەهیدان .... تۆ كێیت و چیت ......؟ ئەسڵەن مافى ئەوەت نیە و بۆت نەهاتوە بەم جۆرە ڕو بكەیتە ئێمە چونكە كەسوكارى شەهیدان زۆر ئاگادار و هۆش دارین و زۆر چاك لە مەبەستى ئێوە مانان گەیشتوین و ئەو خورمایەى ئێوە خواردوتانە دەنكەكەى لە گیرفانى ئێمەدایە .... ئێمە ئەو كەسوكارەین كە ڕۆژێك لە ڕۆژان بۆ هیچ كەسو لایەنێك بەرژەوەندیەكى تایبەتى خۆمان ملمان كەچ نەكردوە ئێمە ئەو كەسانەین كە لە بەرامبەر پیاوان و داو دەزگا سیخوڕیە نامرۆییەكانى بەعسدا دەست و پەنجەمان نەرم كردوە و زۆر بە شوعر ترو بە كارامەت ترین لەوانەى بونەتە بوقى خۆپەرستان و بۆ هیچ كەسو لایەنێكیش نەهاتوە خۆى بكاتە خاوەنى شەهیدەكانمان و پڕو پاگەندەى هەڵبژاردنەكانیان و ئیتر بەسە دەست لە ئێمەش و شەهیدەكانمان هەڵگرن وەك ئێمە هیچمان لە ئێوە ناوێت ئێوەش دەست بەردارى ئێمە بن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست