سەرنجێکی پێوست لە سەر پێکهێنانی ئەنجومەنی سەرای ئازادی کوردستان
Sunday, 15/05/2011, 12:00
پاش ئەوەی بە دەنگی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی، ئەنجومەنەکەو هەڵسورانی ئەنجومەنەکەیان هەڵپەسارد، بەشێک لەو ئەندامانەی کە لەگەڵ ئەو هەڵپەساردنەدا نەبون، لە هەوڵی ئەوەدا بون و قسەو باسیان لەسەر ئەوە بوو کە چالاکی خۆیان لە پەیوەند بە نارەزایەتیەکانی جەماوەری کوردستانەوە بەشیوەیکی تر بەردەوامی پێ بدەن، بەڵام بە دوای ماوەیەکی کەمدا لە بری خۆرێکخستن و دانانی پەیرەویی ناوخۆ و دارشتنی بەرنامەی کارو دیاری کردنی شێوازی گونجاو..، بریاری ئەوە درا کە وەک شاندێک برۆن مەسعود بەرزانی ببینن، ئەمەیان چۆن رێکخست، قسەی جۆراوجۆر هەیە لە سەری، کە ئایا سەرۆکی هەرێم داوای کردووە یان شاندەکە ئەو داوایەی هەبووە، لە لایەن شاندەکەوە قسەیەکی رۆشن ناکرێت، لە هەمان کاتدا ئەو کەسەی کە لە بەیندا بووە دەڵێت مەسعود بەرزانی داوای نەکردووەو پێشنیاری خۆی بووە بۆ شاندەکەو شاندەکەش قەبوڵیان کردووە .
شاندەکە لە پێشدا چون بۆلای نەوشیروان رەزامەندی ئەویان وەرگرتووە، دوای ئەوە دانیشتنیان لە گەڵ سەرۆکی هەرێمدا کردووە و داوایان لێ کردووە کە وەک باوکێک بە تەنگ خواستەکانی خەڵکەوە بێت، بە جیا لەوەی بەدەستی بەتاڵ و بێ ئومێد گەرانەوە، لە سەر دەستگیرکردنی تاوانبارانیش مەسعود بەرزانی پێ ی ووتون ئەوە کاری دادگایەو رێگەی یاسایی هەیە.
گوایە ١٤/٥ بە دوای دانیشتنەکەیان لە گەڵ سەرۆکی هەرێمدا ٢٥ ئەندامی ئەنجومەن کۆبونەتەوە و ناوی ئەنجومەنەکەیان ناوە ئەنجومەنی سەرای ئازادی کوردستان، لە هەمان کاتدا بریاریانداوە" یهكهم كاری ئهنجومهنهكه بریتی بێت له كاركردن لهسهر كهیسی تۆمهتباران بهكوشتنی خۆپیشاندهرانو بۆ ئهو مهبهستهش لیژنهیهكی یاسایی تایبهت پێكدههێنرێت".
ئەوەی پێوستە سەرنجی ئەو بەرێزانە رابکێشن لە بەرامبەر ئەم جۆرە چالاکیانەی پێ ی هەڵدەستن، ناتوانێ خۆی بگونجێنێت و بجێتە ریزی خۆپیشاندان و نارەزایەتی و خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە، چونکە ئەوەی کە بۆتە هوشیاریەکی گشتی و واقعیەتی خواستی خەڵک، کۆتایی چارەنوسی خەڵکە لە پەیوەست بەم دەسەڵاتەوە، ئەم دەسەڵاتە نەک وەڵامی بە سادەترین خواستی خەلکی نەدایەوە بەڵکو بە تەقەکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران کەوتە بەرەی دوژمنانی خەڵکەوە، بۆیە خەڵک ووتیان بروخێ ئەم دەسەڵاتە.
ئێستاش ئەو بەرێزانە کە ئەنجومەنی سەرای ئازادی کوردستانیان پێک هێناوە، کە نە نەخشەکار و پەیرەوی ناخۆ و نە ئەجندای سیاسیان دیارە، بەڵام هەر لە یەکەم بریاریان ئەوە پیشان ئەدەن کە خەریکن لە سەر پەیرەوی و ئامۆژگاریەکانی سەرۆکی هەرێم درێژە بە کارەکانیان ئەدەن، ئەوەتا یەکەم بریاریان کارکردنە لە سەر کەیسی تاوان باران و لێژنەی یاسایی تایبەتی بۆ پێکدەهێنن.
ئەم چالاکی و هەوڵە بێ هودەیەی ئەو بەرێزانە لە سەرەتاوە دیارە ئاکامەکانی باش نابن، کام یاساو دادگا لە ناو دەسەڵاتی بیست ساڵی ئەم دوو حزبە میلیشیایەدا بەرێوە چووە، مێژووی هەڵسورانی سیاسی یەکێتی و پارتی پرە لە تاوان و کارەسات و دژی ئینسانیەت، کام دادگاو یاسا توانیویەتی بە دوادا چونی لە سەر بکات، ئەم ئەنجومەنە ٢٥ کەسیە بە خۆیان بزانن یان نا سەرەتای کاریان خەریکی ساردکردنەوەی نارەزایەتیەکانن و بەربەست دروستکردنە لە بەرامبەر خۆئامادەکردن بۆ دەورەیەکی تر لە خۆپیشاندان، لە هەمان کاتدا رەسمیەت پێدانە بە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بە هێزی سەربازی.
تاوانەکانی پارتی و یەکێتی لە بەرامبەر خەڵکدا کێشەیەکی سیاسیە نەک یاسایی، ئەم دەسەڵاتە دژی هاتنە مەیدانی ئیرادە جەماوەری خەڵکم و لە بەرەی دوژمنانی خاڵکدا وەستاون، پەنا بردن لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستاندا بۆ دادگاو یاسا، ئەوە بجوکردنەوەو بێ بایەخ کردنی خواستە ئابوری و سیاسیەکانی خەڵکەو تێ نەگەیشتنە لە شۆرش، ئەو بەرێزانە دەیانەوێت نوێنەری خەڵک بن یا وەسیەتی سەرۆکی هەرێم جێبەجێ دەکەن.
هیوادارم ئەو بەریزانە جدی ترو لێپرسراوانە تر مامەڵەی کارەکانیان بکەن و بە ئومێدی بە هێز بونی نارەزایەتیەکانی خەڵک وە لە کۆرو کۆبونەوەی فراوانتردا بەشداری بکەن و بریار بدەن.
١٤/٥/٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست