هەر جاره و گاتایهك، پهخشی ژماره(٣٦)
Sunday, 04/05/2014, 12:00
ههر جاره و گاتایهك
بهناوی مهزداوه
درود و خۆشهویستی ئاهورامهزداتان پێ ڕادهگهیهنین
خۆشهویستان و ئازیزانی زهردهشتی، مرۆڤ پهروهران و ڕاستی پهرستانی سهر زهوی، کوردانی خاوەن ئەندێشەی چاك، ڕۆڵەکانی خاوەن فەرهەنگی دێرین و دایکی شارستانییەتی جیهان. وهکو بهڵێنمان پێ دابوون بهردهوام پهخشنامهتان بۆ بنێرین، ئهم جارهش لهم پهخشهماندا، گرێدانەوەی کۆمەڵگا، لەسەر پایەی خۆشەویستیتان لەدەمی زەردەشتی مەزنەوە بۆ ڕوون دەکەینەوە. هەر ئەو خۆشەویستییەی، کە بنچینەی ئاین و فەرهەنگی زەردەشتیی لەسەر هەڵچنراوە. وەك زەردەشتی مەزن، لە گاتاکاندا و لە هاتی ٤٤ و بڕگەی ١٧ دا، لە ئاڤێستادا، دەفەرموێت" ئەی مەزدا ئاهورا، چۆن بتوانم بە ڕێنماییەکانت پەی بەعەشق و خۆشەویستیی تۆ ببەم، تاکو لەو ڕێگایەوە گوتارەکانم دڵنشین بێت و جیهانی لەسەر پایەی خۆشویستن پێ یەك بخەم. هەر بەو پەیامەی کەلەڕاستییەوە هەڵدەقوڵێت، خۆشەویستی، لەناخی هەموواندا، دوور لەتوندوتیژی، بەڕێنوێنیکردنی خەڵك، بەرەو خۆشەویستیی هەمیشەیی ببەم".
لەدیدگای زەردەشتی مەزنەوە، کۆمەڵگا، پێویستە لەسەر بنچینەی خۆشەویستی، بەیەکەوە ببەسترێنەوە. هەر چۆن خۆی دەبێژێت" جیهانی بێخۆشەویستی، دۆزەخی بەرجەستەیە". چونکە، ئەو مرۆڤە مەزنە بێوێنەیە، لەئازار و ئەشکەنجەی خەڵك، تێگەیشتبوو. سەبارەت بە هاتنیان بۆ ناو ئەم ژیانە سەختە، هەر ئەوکاتەی کە لەکێوەکانەوە، پاش گیرخستنی زانستەکەی، ڕووی کردە شار و ئاوەدانی، هێشتا چەند هەنگاوێکی نەبڕی بوو، لەدوورەوە، دەنگێك گوێکانی سمی. دەنگێکی هێجگار غەمناك، وەك بڵێیت ئەم دەنگە، ئاوێتەیەك بوون، لە ناڵەی گژوگیا و ئاژەڵ و مرۆڤە ڕەنجبەرەکان و پێکڕا، دەستیان بەرەو ئاسمان، بەرز کردۆتەوە و گلەیی و گازندەیان لەڕوحی جیهان دەکرد. لەناو ئەو گازندانەدا، دەردێك خۆی حەشار دابوو، کە خاڵی بوو لەخۆشەویستی و ناخی زەردەشتیان ئازار دەدا.
زەردەشتی مەزن، لەکەناری جۆگەیەك و لەژێر درەختێکدا، لەسەر بەردێك دانیشت و گوێی بۆ ئەو هەموو پاڕانەوانە گرت، کە سەرجەمیان، سکاڵای ڕۆحیی جیهان بوون و خۆیان لەناو یەك گوتاردا، تواندبۆوە. بۆیە، ڕووی کردە ئاهورا مەزداو فەرمووی" ڕۆحی جیهان سکاڵای هەیە! پێت دەڵێت، بۆچی منت دروست کرد و خۆشەویستیت لێداماڵیم؟ کێ منی خستە ناو چووارچێوەی جیهانێکی بێخۆشەویستییەوە؟ ئەی ئاهورا! تۆ ئاگات لەو توڕەیی و دەستدرێژی و دڵڕەقی و بێشەرمییەیە کەبەسەر مندا هاتووە؟ چونکە، جگە لەتۆ، دڵدار و یار و داڵدەیەکم بۆ خۆشەویستی، نییە. ئەی ئازادکەری چاکە، منیان وەك ئەو کەسە پێبناسێنە کەئازادیان دەکات و خۆشەویستییان لەنێواندا، دەچێنێتەوە".
هەر بۆیە، زەردەشتی مەزن، بەتەواوی، لەجیهانی مەعنەوی هاتە دەر و خەڵوەتگای بەیەکجاری بەجێهێشت و هەنگاوی جێبەجێکردنی گوتارەکانی ئەنجام دا. بەئەندێشەیەکەی ڕوناکتر و ناخێکی درەوشاوەتر لەجاران، ئەندێشە و هەستێکی نوێ ی تێدا دەرکەوت و ووتی" دەبێت ڕاپەڕم و پەیامی پاکی یەزدان، بەخەڵك بگەیەنم. پەیامێك کەلەئەندێشەی چاك و ڕاهێنان و فێرکردنی مەزدا ئاهورا و فێرکارییەکانی ئەمشاسپەندانەوە سەرچاوەی گرتبوو. دەبێت، ڕێگای ڕاستی و ڕێگای ئاوەز و ڕێگای زانست، لەسەر بنچینەی خۆشەویستی، بەخەڵك نیشان بدەم. تاوەکو بەهەشتێکی بەرجەستەیی لەسەر زەوی، بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان و تەندروست، بهێنمە دی". هەر لەو ڕۆژەشەوە، ووتە و ڕاوێژ و وانەکانی زەردەشت، پشتاوپشت، نەوە دووای نەوە، وەك باشترین داهاتی فەرهەنگی، لەدوتوێی بیرکردنەوەکانیاندا، مایەوە و تاکو ئێستاش، ئێمە، پیادەی دەکەین و دەشمانەوێت، لەو ڕێگایەوە، جارێکیتر، خۆشەویستی، لەنێوانماندا، وەك خۆی، بگێڕینەوە. هەروەك لەگاتاندا و لەهاتی ٥٠ و بڕگەی ٥ دا هاتووە" ئەی مەزدا ئاهورا، ئەی ڕاستی، بەسروتخوانی ئەندێشەی خۆت، خۆشەویستی ببەخشە و ڕووی لێ بکە دۆست و یارمەتیدەر بە. تاوەکو ئەو، بتوانێت، ڕێنوێنیی خەڵك، بەرەو ڕوناکی بکات"..
تاکو پهخشێکی نوێ به ئاهوراتان دهسپێرین.
ئهنجومهنی باڵای زهردهشتیان/ هۆبەی ڕاگەیاندن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست