ستران عەبدوڵا لەدژایەتى گۆرانەوە بۆ سوكایەتی بە قورئان ئەكات
Friday, 17/07/2009, 12:00
سالەی عەبەی موختاری كەركوك كە ئەمڕۆ بۆ رزگاربوون لە ڕابردووی ڕەشی بنەماڵەكەی ناوی لەخۆی ناوە ستران عەبدوڵا، ئەو رۆژەی وەك شەیتانێ لە پێستی رۆشنبیرا هاتە ناو رۆژنامەگەریی كوردییەوە، سەروەختی شەڕی ناوخۆ بوو، لەرێگەی كوردستانی نوێوە هانی لاوانی ئەم نیشتیمانە كڵۆڵەی ئەدا كە خۆیان لە كەپكی حەمەداغا و كڵاوقاسم بەكوشتبەن تا بنەچەی بارزانیان لەسەر زەوی ببڕنەوە. خۆزگە كەسێك ئەرشیفی رۆژنامەی كوردستانی نوێی هەڵەدایەوە تا وتارەكانی سالە بەعسی دوێنێ و هەڤاڵ ستران ببینێ چی بە بنەماڵەی بارزانیان ئەكات، هێندەی نەبرد بەم ماستاوانە بووە جێگری سەرنوسەر لە كوردستانی نوێ، ئەوەی رۆژێك هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كردبێ، مەرحەبایی نەكردۆتەوانێ، ئاخر چەندە ملكەچ و ماستاوچی بوو لەبەردەم بەرپرسان، زۆر لەوەش زیاتر دڵرەق و بێ حورمەت بوو لەگەڵ كارمەندانی خوار خۆی. ئێستاش لەیادمه وەك وەزارەتى ئەوقاف سەردانى كوردستانی نوێم كرد، چوومە بەردەمی و زۆر بەپۆزەوە قسەی ئەكرد، هێندەی نەبرد تەلەفۆنێكی بۆ هات بەهەزار دەعییەوە تەلەفۆنەكەی هەڵگرت، هەر ئەوەندەی زانی عادل مورادە خێرا هەستایە سەرپێ و هەزار لەخزمەتدام و بەسەرچاوی لەدەم باری!. كاتێك تەلەفۆنەكەشی داخستەوە، كۆمەڵێك وردە جنێویشی بۆ ئەژداد و ئابادی عادل موراد نارد!!.
ئێستاش ستران كە بەرپرسی دەزگای خەندانە، یەكەمین كەس بوو یارمەتی لە بنەماڵەی بارزانی وەرگرت و لە رۆژنامەی (ئاسۆ)ش سوپاسنامەی بۆ بارزانی بڵاوكردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەردوو رۆژنامەنووس كاروان عەلی و مەریوان مەسعود كە بەرێوەبەری نوسینی ئاسۆ بون و كە پارەكەیان لە نێچیرڤان بارزانی وەرگرتبو نیوەیان بۆ خۆیان گلابۆوە، كێشە كەوتە نێوانیان و بەناوبژی سەندیكای رۆژنامەنووسان پارەكەیان لێ وەرگیرایەوە.
ئێستاش ستران كە كەم رۆژ هەیە سوكایەتی بە كارمەند و رۆژنامەنوسەكانی خۆی نەكات و هەموویان رقیان لێیەتی، دەستی كردوە بە دژایەتی كاك نەوشیروان و بەزنجیرە وتاری لەسەر ئەنوسێ، هەرچەند جوانی نەوشیروان مستەفا لەوەدایە كە بەدكردار و پیاو خراپی وەك ستران رقیان لێیەتی، بەڵام ئەوەی ئەسڵی مەخسەدە لێرەدا پەنابردنی سترانە بۆ هەموو كارێكی دزێو، هەر لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە وتارێكدا بەناوی ((پارانەوە بۆ دەنگ) كۆمەڵێك ئایەتی قورئانی پیرۆزی هێناوەتەوە بەبێ ئەوەی هەروەك لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا واجبە نە لەسەرەتادا (بسم اللە الرحمان الرحیم)ی هێناوەو لە كۆتایی نوسیویەتی (سدق اللە العڤیم)، تەنانەت ئایەتەكانیشیان لەبەر ئیهمالی بەپیتی كوردی نوسیوە، ئەمە یەكەم جار و دواجاری نییە كاكە ستران سوكایەتی بەقورئانی پیرۆز و موسڵمانان ئەكات، هەروەك چۆن لەسەردەمی حكومڕانی د. بەرهەمیشدا كە بەرپرسی راگەیاندن بوو، كێشەی جۆراو جۆری بۆ وەزارەتی ئەوقاف دروست ئەكرد لە دروستكردنی مزگەوت و تازییە خانە و نوێكردنەوەی شوێنە پیرۆزەكاندا، باشم لەیادە كە لەراگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف كارم ئەكرد لای وەزیر شكاتم لێ كرد بەڵام لەوەڵامدا وتی: ئەم كوردستانە ئەدمۆنزی لێ نابڕێ!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست