کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرەو(5/5)رۆژى ئازادى رادەربڕین لەكوردستان..

Monday, 11/04/2011, 12:00


لەم بەروارەدا رۆژنامەنوسێك لە پایتەختى هەرێمێكى سێ شارییدا، بەدەستى جەلادانى ئازادى و دوژمنانى عەدالەت و یەكسانى رفێندرا و خەڵتانى خوێن كرا، تەنها لەبەر ئەوەى خەون و خولیاكانى باڵاتر بوو لە خەونە و خولیاكانى جەلادەكان، تەنها لەبەر ئەوەى گەرەكى بوو قسە لەسەر هەموو شتێك بكات، دەمیان پڕ گوللە كرد !
لە 5/5/2010 مەرگەوەرەكانى تاریكى چاویان چویە سەر رووناكیەك كە پەیامى رووناكى و بەختەوەرى و خۆشبەختى لە كۆڵى خۆى بۆ برا بچوكەكانى هەڵگرتبوو،لە رۆژێكى رۆشندا و لەبەردەم كۆلیژەكەى و لەبەرچاوى هەموو خوێنكاران و پاسەوانانى كۆلیژ (سەردەشت عوسمان)ى بیست و سێ بەهارییان بەزۆر راپێچى مەرگ كرد و جارێكیتریش بە هەموو دنیایان گوتەوە كە ئیتر دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان لەگەڵ ئازادى بیروڕا زۆر ناكۆك و ناتەبایە، بەدەركەوتنى كەسانى ئازاد و سیماكانى ئازادى هەست بەنەمان و ئاوابوونى خۆیان دەكەن،بۆیە پەلامار دەدەن !

ئەوان ویستیان دەمى گەنجێك ببەستن،بەڵام هەمومان هاوارمان كرد تا گوێچكەكانیان ئازارى پێگەیشت ئیتر دوایى ئەو بەروارە رامانهێنان لە بیستنى كۆمەڵێك رستە كە پێشتر نەیانبیستبو بەڵكو بەبیستنیان توشى هستریا دەبون، ئەوان ویستیان سەردەشت نەمێنێت،بەڵام هەمومان بوین بە سەردەشت و پێمان گووتن هیچ كەس و شتێك نیە كە لاى ئێمە پیرۆز و مقدس بێت و هەموو شتێك و كەسێك دەبێت قسەى لەسەر بكرێت، ئەوان ویستیان بەر بە خەون و خەیاڵاتى قەڵەم بەدەستێك و رۆژنامەنوسێكى مەملەكەتێكى قەتیس بەبوو لە ترس و تۆقاندن بگرن،بەڵام خۆشبەختانە هەموومان قەڵەمەكانمان تیژتر كردەوە تا پەیامە تەواونەكراوەكانى سەردەشت تەواوبكەین و رۆحى بۆ هەمیشە شاد بكەین،ئەوان ویستیان بەر بە ئازادى بیروڕا بگرن،بەڵام هەر سەردەشت خۆى لە خۆییدا بوو بە رەمزى رادەربڕین و سەرەتایەكى بەهێز بۆ (نا)ووتن .
ئەم رۆژانە ساڵێك بەسەر قرتاندنى گوڵێك تێپەڕ دەبێت كە بەدەست دوژمنانى ئازادى تیرۆركرا ، ئیتر شانازییەكیش بە ئەمن و ئاسایش و ئازادى پایتەختى هەرێمەكەیان نەمایەوە ، دواجاریش سەردەشت بە چاونەترسى و گوێنەدان بە هەرەشە و گورەشەكانیان پێى گوتن: ئەگەر ئێوە بەرگەى دێرەكانى من نەگرن كە لەوپەڕى دڵسۆزیمەوە دەینوسم ، ئیتر كەواتە ئێوە هیچ نین و بە كزە باییەك دەرۆن و نامێنن وەرن ئەو كارە بكەن تا ماهیەتەكەیان باشتر دەركەوێت ، بەداخەوە ئەو كارەیان كرد و بچوكى خۆیان سەلماندەوە .
سەردەشت عوسمان، بە مەرگەكەى وەزعیەتێكى لە كۆمەڵگاى كوردستان دورستكرد كە هەمومان بێ جیاوازى بە ئازادى كەمتر رازى نابین،بە كەمتر لە یەكسانى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى رازى نابین، رازى نابین بەبەرچاوەكانمانەوە سەروەت و سامانى ئەو وڵاتە بە تاڵان ببەن و نوسین و قسەكردنیشمان پێ رەوا نەبینن، رازى نابین سات و سەودامان پێبكەن، رازى نابین..... .

سەردەشتى هەمیشە زیندوو، بەوپەڕى دڕندەیى و لەحاڵەتێكى بەربەریەتدا تیرۆركرا ،بەڵام ئەمە خاڵى كۆتایى نەبوو ، دەسەڵاتى سیاسى لەرێگاى كۆمیدیایەك بەناوى(لیژنەوە) پەیامێكى مەترسیدارى بۆ هەموو نوسەران و رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان نارد، بەڵام خۆشبەختانە نەك پەیامەكە نەگەیشت بەڵكو ئەو (تیرۆریستە)لاى هەموان خۆشەویستر بوو و هەموان ئامێزیان بۆ باوەشى میهرەبانى ئەو (تیرۆرستە) شیرنە كردەوە، ئیتر پاكى و بەرائەت و راستگۆیى سەردەشت لاى خەڵك زیاتر رۆشن بویەوە و دەرگاى لەسەر كۆمەڵێك بابەت كردەوە كە بەڵگە و دیكۆمێنتى دایە دەست هەمووان بۆ قسەكردن و گفتوگۆكردن و داكۆكى زیاتر لە سەردەشت و ئازادى.
ئیستا سەردەشت لەناوماندا نیە،بەڵام وێنە و پەیام و پێكەنین و زەردەخەنە شەرمنەكانى لەنێو كوچە و كۆڵان و شار و و ماڵەكانمان دێن و دەچن و بۆ هەمیشە لەنێو دڵ و دەروونى ئازادیخوازان و رۆژنامەنوسان بە زیندوویى دەمێنێتەوە.
ئەوان وویستیان ئازادى لە رێگاى سەردەشتەوە تیرۆر بكەن ، بەڵام سەردەشت و ئازادى بوون بە دوو ناوى لەیەك جیانەكراوە بۆ هەتا هەتایە و سەردەشت بوو بە دەروازەیەكى گەورە بۆ گەیشتنى خەڵكى كوردستان بە ئازادى.
بژى سەردەشت ، بژى سەردەشت ، بژى ئازادى !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە