بەفیڕۆدانى ساڵێكى خوێندن لەزانكۆى شاهانەى بەریتانى
Thursday, 13/10/2011, 12:00
گروپى نا بۆ بەفیڕۆدانى ساڵێكى خوێندن لەزانكۆى شاهانەى بەریتانى
نامەیەكى كراوە بۆ:
- بەڕێز سەرۆكى هەرێمى كوردستان.
- بەڕێز سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان.
- بەڕێًز سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان.
ئێمە خوێندكارانى قۆناغى دووەمى زانكۆى شاهانەى بەریتانى، ساڵى رابردوو كاتێك بۆ خوێندن روومان لەو زانكۆیە كرد، زانكۆ مۆڵەتى فەرمى كابینەى پێنجەمى حكومەتى كوردستانو وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەبوو، وەزارەتى خوێندنى باڵا ناوى زانكۆى (شاهانەى بەریتانى) لەزنجیرەى شەشەمى رێبەرى ساڵانەى خۆى دانابوو، هەروەك ساڵێكى خوێندنیشى تێدا بەڕێكرابوو، بۆیە لەو زانكۆیەدا دەستمان بەخوێندن كرد، كاتێك تاقیكردنەوەى نیوەى كۆڕسى یەكەممان ئەنجامدا، لەسەر گۆڕینى ناوى زانكۆ كێشە لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵاو زانكۆ سەرى هەڵدا، لەدەرئەنجامى ئەو كێشەیە وەزارەتى خوێندنى باڵا لەجیاتى ئەوەى داكۆكى لەخوێندكاران بكات، شەڕێكى دەروونى بەدژى ئێمە دەست پێكردو هەتا ئێستاش بەردەوامەو دەیەوێت ئێمە بكاتە قوربانى ئەو كێشەیەو ساڵێكى تەمەنو ماندووبوونو خوێندنمان بەفیڕۆ بدات، هەروەها لەچەند راگەیاندراوێكى وەزارەتى خوێندنى باڵا هاتووە، كە زانكۆى شاهانەى بەریتانى خوێندكارانى چەواشە كردووە، كەچى لەراستیدا ئەگەر چەواشەكردن هەبێ ئەوا وەزارەتى خوێندنى باڵا خوێندكارانى چەواشەكردووە، نەك زانكۆى شاهانە، چونكە وەزارەت رێگەى ئەو زانكۆیەى بەئێمە نیشانداوە، بەكارهێنانى ئەم دەستەواژەیە لەلایەن وەزارەتەوە دەرهەق بەخۆمان بەبێ رێزى دەزانینو هەروەك مامەڵەى وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەلأ ئێمەدا زۆر دڵڕەقانەیەو لەئاست داواكاریمان بۆ درێژەدان بەخوێندن، هەرجارەو بڕیارێك دەردەكاتو دەیەوێت ساڵێكى خوێندنمان بەفیڕۆ بدات، بۆیە ئێمە (گروپى نا بۆ بەفیڕۆدانى ساڵێكى خوێندن) داواكارین لەبەڕێزتان:
1- رێگە مەدەن لەوەزیاتر وەزیر سوكایەتىو بێ رێزى بەخوێندكارانى زانكۆى شاهانەى بەریتانى بكات.
2- كێشەى نێوان زانكۆو وەزارەت لەسەر حیسابى خوێندكاران یەكلا نەكرێتەوە، ئەگەر بڕیارى ئەوە هەیە خوێندكاران بەسەر زانكۆكانى دیكە دابەش بكرێن، ئەوا پێویستە ساڵێكى خوێندنمان بەناهەقو ناڕەوا بەفیڕۆ نەدرێت، چونكە بەپێى رێنمایەكانى خودى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ زانكۆى شاهانەو زانكۆ ئەهلیەكانى دیكە لەمساڵدا، ئەوا ئێمە مافى خوێندنى ساڵى رابردوومان هەیە.
3- ئێمە بەشێك نین لەكێشەى نێوان وەزارەتو زانكۆ، مادام كێشەكەش كێشەیەكى ئەكادیمىو زانستى نییە، تەنها كێشەیەكى ئیداریە ناكرێت ساڵێكى خوێندنى ئێمە بەهەدەر بدرێت.
بۆیە لەكاتى دەستپێكردنەوەى ساڵى تازەى خوێندندا، خوازیارین بەزووترین كات بەدەنگمانەوە بێن، ئێمەش بۆ داكۆكیكردن لەمافى خۆمان بەهەموو شێوازێكى دیموكراسیانە پەرە بەناڕەزایەتیەكانمان دەدەین.
لەگەلأ رێزماندا.
گروپى نا بۆ بەفیڕۆدانى ساڵێكى خوێندن لە زانكۆى شاهانەى بەریتانى
(9/10/2011)
وێنە بۆ:
رۆژنامەو ماڵپەڕەكان بۆ بڵاوكردنەوە تكایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست