کەمپەینی کارەساتی دەربەندیخان و راگەیاندنی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم
Friday, 29/12/2017, 1:56
بەبۆنەی کەمپەینی کارەساتی بومەلەرزەکەی دەربەندیخان ئەمڕۆ (٢٨/١٢/٢٠١٧)، پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر راگەیاندنێکی بڵاو کردەوە. لەو راگەیاندنەدا مرۆڤ زۆر بە زەقی هەست دەکات، کە ئەو راگەیاندنە تەنیا قسەی بێ ناوەڕۆکەو دوورە لە هەموو هەست و سۆزێکی مرۆڤایەتی و هاوخەمی بۆ خەڵکی لێقوماو و خاڵیە لە هاودەردی بۆ خەڵکانی زیانلێکەوتووی دەرنبەندیخان و ناوچەکانی تری ئەو قەزایە. هەڤاڵ ئەبو بەکر دەڵێت:
"سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە لەو کەمپینە بەشداریان کرد، ئەوانەی رێکیانخست، ئەوانەی بەخشیان و ئەوانەشی وەریدەگرن ، ئەمە تەنیا ئەو پەیامەی تێدا نییە کە ئەمە هاوکارییەکە و دەگەیێندرێت بە کۆمەڵێک خەڵکی لێقەوماو لەو کارەساتە سرووشتیانەی لێمان قەوماوە، بەڵکو پەیامی گرنگی تێدایە کە ئیتر کورد هەست بە ئازارەکانی یەکدی دەکەن. بە یەکەوە رووبەڕووی قەیرانەکان دەبینەوە، ئەوە پێی دەگوترێت ئاشتی کۆمەڵایەتی".
بەڕێز هەڤال ئەبو بوکر، باسی کام ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەیت؟ ئایا دەزانیت "ئاشتی کۆمەڵایەتی" (لە سەر ئەم واژەیە جەندەها لێکۆڵینەوە دیراسات هەیە لە ئەوروپا) یانی چی؟ ئەم ووشەیەت لە کام زمانەوە و لە چ موناسەبەیەکدا گوێ لێ بووەو تەرجومەت کردووە بۆ کوردی؟
گەلی کورد ماوەی زیاد لە ٢٦ ساڵە ئاشتی کۆمەڵایەتی بە خۆیەوە نەدیوە. بە تەواوی ئەو ساڵە شوومانەی رابردوو گەلی کورد لە نائاشتی و لە دۆخێکی دوور لە ئاسایش و سکهەڵگوشین و دەمکوتکردن و سەرکوتکردندا دەژی. بەڵی راستە ".... ئیتر کورد هەست بە ئازارەکانی یەکدی دەکەن". جەنابت کە لەو رستەیەی سەروە ناوی " کورد " دەهێنیت و باسی "هەست بە ئازارکردنی یەکدی" دەکەیت، دلێنیام کە تۆ خۆت و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو باسە تێهەڵکێش دەکەت.
کورد (مەبەستم لە خەڵکی سادە و رەنجدەر و برسی و ژیان لێ زەوتکراوی کوردستانە) تەنیا لە دوای ئەو کارەساتە سروشتیەی دەربەندیخان و ناوچەکانی تری کوردستانی باشور و کۆکردنەوەی پیتاک و یارمەتی دەستی بەوە نەکردوە، هەست بە ئازاری یەکدی بکەن، بەڵکو ئەو خەڵکە کوردانە هەمیشە و هەردەم هەستیان بە ئازاری یەکدی کردووە. ئەوەی کە هەست بە ئازاری ئەو خەڵکە ناکات، ئێوەی بەرپرسان و پۆستداران و دەستەڵاتڕەوایانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە پێش هەموویانەوە جەنابت. ئەگەر ئێوە هەستتان بە ئازاری ئەو خەڵکە بکردایە، هەڵندەستان بە ناردنی پۆلیس و زرێڤانی و دژەتێرۆر بۆ گیانی خۆپیشاندەرانی سلیمانی و رانیە و شوێنگەلی تر، ئەو خۆپێساندەرانەی کە تەنیا داوای مووچە و ئاو و کارەبا و گوزەرانێکی شایستە بە مرۆڤ دەکرد و هیچی تر. ئەو گەنج و پیر و مناڵی هەرزە و ژنە مێرد شەهیدبوو و خاوەن مناڵە برسیانەی کە لەوە خۆپیشاندانانەدا بەشدار بوون تەنیا دەیانووت: "بەسە ئیتر برسێتی، بەسە ئیتر بێ ئاوی، بەسە ئیتر بێ کارەبایی و بێ سووتەمەنی، بەسە ئیتر دەمکووتکردن چاوترساندن و رفاندن و کوشتن و ئەتککردن". ئەوان ئازاری ٢٦ ساڵی رابردوو لە جەستە و لە رۆحیاندایە و بەناخی دەروونیاندا چووەتە خوارە هەتا سەر مۆخ ئیسقانیان، بۆیە هاتنە سەر جادەو هاواریان لێ بەرز بووە.
ئایا ئەوە "هەست بە ئازار کردنەکەی" جەنابتە، کە ڕێگە بدەیت لە ناو پارێزگاکەی ژێر دەستی جەنابتا، سازمانی پۆلیس بە چەکی کوشندەوە هەڵبکوتێتە سەر خەڵکی رەش و رووتی بێ چەکی سەرجادە و دەستڕێژیان لێ بکەن بیان کوژن. پۆستی پارێزگار لە پراکتیکدا (بە عەمەلی) وەکو "سەرەککۆمار و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پۆلیس و بەڕێوەبەری ئیدار گشتی" پارێزگەیە. یانی تۆ لە تواناتدا وە لە دەستتدا بوو کە نەهێلیت ئەو هێرشە بکەریتە سەر خەڵک، بەڵام هەڵنەستایت بەو کارە. لەوەش دژوار تر، کاتێ ئەو هەڵمەتە دڕندانەیە کرانە سەر خەڵکی ئازاردار و ئازارجێژ و کوشتاریان تێدا کرا، جەنابت هەڵنەستایت بە راگەیاندن و ئیدانەکردنی ئەو پێشێلکاریەی سازمانی پۆلیسی ژێر دەستەڵاتی تۆ، بگرە ڕیگاشت دا کە لەدەرەوەی ئیدارەی پارێزگەی سلێمانی هێزی "زرێڤانیش" خۆی تێهەڵقورتێنێ و دەست بوەشێنێت. تۆ ئەبوایە ئەو کەسانەی کە بەرپرس بوون لەو دەسترێژیە بۆ سەر خۆپیشاندەران، لێپرسینەوەت لە گەڵ بکردنایە و بتدانایە بە دادگا و سستیان بکەن لە پۆستەکانیاندا. خۆ خۆپیشاندان هەلوویست و مافێکی دێمۆکراتیانەی یسایی خەڵکە و ءیوەش دەڵین "ئێمە دێمۆکراتین و ئیمانمان بە دێمۆکراتی هەیە".
سەرەتا کە "گؤڕان" دروست بوو (هەمووشمان دەزانین، کە چۆن، لە چ بار و دۆخێک و بە یارمەتی ماڵی و سیاسی چ هێزگەلێکی سیاسی ناوەکی و دەرەکی دروست بوو) کەف و کوڵ و هاوار هاژە هاژێکتان بەرپا کرد و وەکو زمانحاڵ و پارێزەری خەڵکی رەش و رووت خۆتان نیشان دا. بەڵام من لە زۆر پەیڤین و ووتووێژ و دەمەدەمێی سیاسی لە گەڵ هاوڕێیان و دۆستانی سەر بە رەوتی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە ووتم پێیان: "چاوەڕێ بن هەتا ئەو رۆژەی گۆڕان لە گەڵ لایەنە سیاسیە خاوەن دەستەڵاتەکانی ناو حکومەت ڕێک دەکەوێت و پۆست و وەزارات و پلەو پایە بەدەست دێنێت، ئەوسا دەبینن، کە گۆڕان لاڵ دەبێت و زمانی بەرگریکردنی لە خەڵکی رەنجدەر و ئازارچێژ لە گۆ دەکەوێت". بە کردەش هەر وا دەرچوو. جەنابت گەێشتیت بە ئاوات و ئامانجی سیاسی خۆت، ئازاری میللەتت لە بیر چووەوە و فەرامۆشت کرد.
ئەگەر (نەک هەر بە تەنیا تۆ) بەڵکو تۆ و هەموو ئەندامانی پارتەکەتان و هەموو پارتەکانی تری سەر بە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن هەستتان بە ئازاری میللەت بکردایە، هەر یەکێک لە ئێوە بە پارەی شەخسی خۆتان و بە پارەی حیزبی خۆتان (نەك لە پارە و داهاتێ فەرمی حکومەتی هەرێم، چونکە ئەو پارەیە پارەی ئێوە نیە، بەڵکو پارەی ئە و خەڵکە رەش و رووتە خۆیەتی کە حکومەت ئیدارەی دەکات) بەشداریەکی ئەو کەمپەینەی دەرندیخان و ناوچە وێرانبووەکانتان دەکرد و تەنەزولتان لە مووچەی یەک مانگی خۆتان دەکرد و دەتاننارد بۆ ئەو خەڵکە لێقەوماوە. هەر یەکێک لە پەرلەمانتارن و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم (بە گوێرەی پلە و پایە و مەسئوولیەت) مانگانە بەدەفتەر مووچە وەردەگرن، وە مووچەکانیشتان بەردەوام دەدرێت و بە پێچەوانەی خەڵکی رەنجدەر و بێ دەرەتان بە سێ مانگ جارێک چاوڕیی مەعاش نین، هەموو تێر و تەسەلن. دە ئەگەر هەست بە ئازار و برسێتی میللەت دەکەن، دە فەرموون ئەوە ئەرز ئەوە گەز: با هەر یەک لە ئێوە وەک تاکە کەس، وە هەرەوەها هەر یەک لە حیزبەکانتان وەکو حیزب بەشێک لە مووچە وبەشێک لە داهاتی حیزبەکانتان بببەخشن بە ماڵکاولبووان و زیان لێکەوتووان.
هەر هەمان شێوەی هەڤاڵ ئەبو بەکر، "نێجریڤان بارزانی" ش، سەرەک وزیرانی حکومەتی هەرێم، بەبۆنەی کەمپەینەکەی دەرنبەندیخان شەکری خۆ شکاند و وەکو سەرۆکی حکومەت هیچ یارمەتی و هاوکاریەکی بۆ لێقەوماوان و ماڵکاولبوون پێ نەبوو جگە لەم چەند ووشە بەتاڵانەی خوارەوە کە ئاڕاستەی ئەو لیژنەیەی کرد، کە هەستاون بە سازکردن و بەڕیوەبردنی ئەو کەمپەینە. بەڕیز نێچیرڤان بەرزانی ووتی:
"کارێکی باشتان کردووە و دەستان خۆش، ئەوەی کردووتانە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی دەربەندیخان و ئەو سنوورە کارێکی مرۆیی و باشە، ئێمە سوپاستان دەکەین و تەقدیریشمان هەیە بۆ ئەو کارەتان".
با لەسەر ئەم سوپاسگوزاریەی سەرەک وەزیران داستانێکی راستی باس بکەم کە پێش پەنجا ساڵ لە دەڤەری سەید سادق بۆ پێنجوون روویداوە. دەڵێن ئەو سەردەمە پیاوێکی خەڵکی سەید سادق دەبێت، ئەو پیاوە جێبێکی لەندرۆڤەری شری هەبووە، کە هاتووچۆی پێنجوینی پێ کردووە و نەفەر و باری لە نیوان پێنجوین و سەید سادقەوە گواستووەتەوە بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە قووتی خۆیی و ماڵ مناڵی دابین بکات. بەڵام ئەو بەستە زمانە بە دەست پێشمەرگەو سەرلق و مەسئوولەکانی ئەو سەردەمەی چیا زۆر بە سەغڵەت هاتبوو. هەرکەسێک لەو ناوبراوانە لە ڕێکا دەستیان لێ رادەگرت و سواری جێبەکە دەبوون و لە گەڵی دەڕۆیشتن هەتا شوێنی مەبەست. کاتێ کە دادەبەزین، بە کابرای خاون چیبیان دەووت "سوپاس" و بەبێ ئەوەی پارەی پێ بدەن دەڕۆیشتن. خاوەن جێبەکەش بەبێ داهات و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕایەوە ماڵ. ڕۆژیک کاتێ خاوەن جێب وەکو هەمیشە ووشەی "شوپاس" ی لە جیاتی هەقە پارەی خۆی پێ دەدرێت، دەگاتە تینی و خوای نامێنی و هاوار دەکات:
"ئەرێ کاکە سوپاس بدەم بە بەنزین، سوپاس بدەم بە نان، سوپاس بدەم بە جلوبەرگ بۆ مناڵەکانم، یان چی؟ سوپاس نە تێرم دەکات، نە برسێتی و نە تینوێتیم دەشکێنیت. دە بەسە ئیتر. من پارەم پێویستە".
ئەنجا جەنابی سەرەک وەزیران، ئەو خەڵکە لێەقوماوە چی لە سوپاسی تۆ بکەن؟ سوپاسی تۆ ئەوان لە برسێتی لە سەرمای زستان ناپارێزێت، لە کاتێکدا تۆ لە قەسری پڕ لە لوکسوس دەژیت و گەرما هەموو کوون کەلێنی قەسرەکەتی پڕ کردووەتەوە. سوپاسی تۆ جەستەی مناڵانی جل شڕ و پێ پەتی و رەقهەڵاتووی لێقەوماوان ناپۆشت. تۆ ئەوەندەت لە باردا نیە، بڕێک لەو دەفتەر- دۆلارانەی کە مانگانە بەردەوام وە بەبێ بڕین وەردی دەگریت، ببەخشیت بەو زیان لێکەوتووانە؟ هێندەی ئەو پیشەزساز و خاوەن کار و خاوەن کۆمپانیانەتان پێ ناکرێت (کە ئێوە ناویان دەبەن سەرمایەدار)، کەمێک لەو سەروەت و سامانەی کە لە سایەی میللەتەوە بەدەستت هێناوە، بیدەیت بە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە؟ خۆ تۆ خۆشت "کۆمپانی" ت وە خاوەن "کۆمپانی" ت!!!!
بە گوێرەی هەواڵەکان لەو کەمپەینەدا ئەم پیتاکانەی خوارەوە کۆکراونەتەوە:
• 270هەزار دۆلار
• 4000 تۆن چیمەنتۆ
• 15هەزار بلۆک
• 124تۆن شیش
• 100تۆن گەچ
• 220هەزار خشت
• 8بارهەڵگری دەرمان
• 500سۆپا
• بڕی 400 بەرمیل نەوتی سپی
• یەک شۆڤڵ بۆ شارەوانی دەربەندیخان
• قیرتاوکردنی شەقامێکی بەردەم بەنداوی دەربەندیخان
• بارهەڵگرێکی گەورەی جلوبەرگ
ئەنجا من گونجکاووم، کە ئایا چەند لە دەستهاتانە دەگەنە خەڵکی لێ قوماو، وە جەندی لێ دەدزرێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست