گالیسكە
Sunday, 29/07/2012, 12:00
لە سەر ڕیگەی
بەردەڵانی مێژوو، ئەمرۆ
كوردستان
گالیسكەیەكە شڕە و پەڕپووت
دوو ئەسپی ملهوڕ و سەرەڕۆ
چەتوون و ڕەوشت نابووت
بێ سۆز و زەبوون
ڕایئەكێشن بەرەو هەڵدێر
بۆ ناو گەرووی نەهەنگێكی هەرگیز نەتێر
كوردستانمان
ڕێبوارێكی زۆر شەكەتە و
ڕێگەی كۆچی بەردەڵانە و، شەوگاریشی نسرم و سارد،
لە جێ سمی ئەسپەكان
لە سەر زەوی دایەگەورە و باپیرانمان
خوێن هەڵئەقوڵێ و
ئەبێ بە خەنە بۆ دەستی
گەلە كچ و ژنی بەزۆر ئەتك كراو
بە ئارەقی نێوچەوانی
هەزاران ڕەنجی بە تاڵان براو
بە فرمێسکی دایکانی ڕۆڵە کووژراو
بە جۆگەلەی زێڕی ڕەشی
كەركوك و خانەقینی بە موفت فرۆشراو
*
كوردستان ئەمڕۆ
عەرەبانەیەكی تریشقەی
بەرەو سەرەولێژچوونە
دەستخەڕۆی جووتێ ئەسپی سپڵە و چەتوونە
لە كووچەی هەمیشە - شەوگاری
تاری
مێژوودا
مێتیۆریت-ێكی تێکشكاوی گەردوونە
ئەسپەكان، لە ئاخوڕەكانیاندا
"گورگی بۆری" پان-تورانیزم و
ڕێوی ئاخونانی مێزەربەسەر و
چەقەڵی خۆشمرخی
زلهێزانی حەشار داوە،
خۆشیان لە لەگەڵ گورك ئەلوورێنن و
لە گەڵ شێر ئەنەڕێن و
لە گەڵ ڕێوی و چەقەڵیش
ئاهەنگی "دەم بە خوێن سوور بوون" ئەگێڕِن،
تەرمی کوردستان بە خاکی خیانەت ئەسپێرن
*
كوردستان ئەمڕۆ
عەرەبانەیەكی تریشقەی
بەرەو سەرەولێژچوونە
دەستخەرۆی جووتێ ئەسپی سپڵە و چەتوونە.
ڤیەننا نیسانی ٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست