داستانی کۆچی بێ هەوار
Friday, 13/04/2012, 12:00
گەڕانەوە
هێشتا هەستێكی نەبوو بووم
لە قەوارەی دەریایەكی سووری لێڵا
لە گزنگی شەفەقێكی شەوجێهێڵا
ژیان وەكو دەردەكولـلە دای بە سەرما
شاری بوون ی داگیر كرد و
كەروێشكەی زام،
زامی گڕوگاڵی چاوی ئەستێرەكان
لاسكی قەرسیلی سەرەتای تەمەنیان هەژاند
ژیان خۆشە
ژیان بووكە و منیش زاوای جوانەمەرگی ئاهەنگێكم
ژیان ڕێ یە
بەلام ڕێ یەكی بڤڤەیە و
منیش ڕێبوار
بە تەنیا - ڕەدووی دەنگدانەوەی شڵپەی شەپۆلی دەنگێكم
برسیمەو شیری مەمكەكانت نۆش ناكەم
باڵی داڵم ڕێگا ئەخۆم
ئەڕۆم .... ئەڕۆم
تینوومە و سەیری چاوەكانی تۆش ناكەم
ئەشكێنم لووتی شەپۆلی لافاوی چۆم
ئەشكەوتەكان چاوزەق و مۆن
نیازیان وایە هەڵملووشن
ڕەوڕەوەكەم تێك بشكێنن
دامكرۆژن
ئەشكەوتەكان مەشكەی ترسی بێ ڕتووشن
گورگی برسی تیشكی ڕۆژن
تیشك قاتیە
ڕۆژ شەوبوێرە
گڕی چرای وێرانەخاك سەرەوخوارە
شەپۆلی هاری سەرەوژوور
نێزەی ڕۆچووی دڵی كچێكی شەنگار ە
ڕیگا تارە،
ڕیگا تارە و كلی چاوی تازەبووكێكی كەلارە،
فرمێسك ڕەشە و
برژانگ نووكی خامەیەكی پڕ ئازارە
ووشە ڕەشە و
لێو لاپەڕەی چنینەوەی خەمی هارە
شەوگار ڕەشە و
پێكەنین و گڕوگاڵ و گریەی ووشەش بێ شوینەوار
هەر ڕێبوارن
ئەڕۆن ... ئەڕۆن ... هەر ڕێبوارن
ئەوا منیش
برسیمە و شیری مەمكەكانت نۆش ناكەم
باڵی داڵم ڕێگا ئەخۆم
ئەرۆم ... ئەرۆم
تینوومە و سەیری چاوەكانی تۆش ناكەم
ئەشكێنم لووتی شەپۆلی لافاوی چۆم
بارگەی فرمێسك سازی كۆچە
هۆن هۆن ... هۆن هۆن
ڕووەو ڕێگای هەوارێكی مڕومۆچە
كۆچ داخی دڵی ڕەشماڵە
كۆچ ڕەدووی بۆرانی ساڵە
بەهارە،
كۆچ بەرەو خوارە
هاوینە،
كۆچ ڕوو لە خوارە
پایزە،
كۆچ بێ هەوارە
زستانە،
هەوار لە خوارە
زەردەلمی بیابانی نیاز
پەیوەستی یاد و ئاواتە
ئێستاش!
نە ئێستا دەنگی ئەگاتە سیڤەر و
ئازار یش هەمان ئازارە
هەواڵەكان،
مۆری تانەی چاوی ئاوەژووی لوزان ـ ن
مامە خەمە خەڕاتی بەزمی مەزادە
مەزادخانە قاڵبووی كۆڕی گەرمەژانە،
پۆستاڵ كیفی قاچی ڕەشە و
گێرەی بەفری ئاواتی چیا ئەكات ...
كالەو پێتاو
نەفرەت لە لمی قەراغی دەریا ئەكات
نەخشەی سووری چاوی ماسیی ئۆقرەگرتووم ... ئۆقرەگرتووت
چوار چواریەك ـە
منیش گەرای گوێ ڕووباری شەپۆل بردووم
لە چواریەكی دووبار لەت لەت
لووتم لە بەردی تاوانی كەنار هەڵنووت
كۆرپەی گەرووم ئەم جارەیان
لە بیابانا چاوی پشكووت
ڕەوەی خێڵیش وا ئەم جارە
قاڵبووی كۆچی سەرەو خوارە
سەركاروانچیش،
تارماییەكەی تەرمی یارە
منیش ڕێبوار
برسیمە و شیری مەمكەكانت نۆش ناكەم
باڵی داڵم ڕێگا ئەخۆم
ئەڕۆم ... ئەڕۆم
تینوومە و سەیری چاوەكانی تۆش ناكەم
ئەشكێنم لووتی شەپۆلی لافاوی چۆم
جادەی پانی ووشە و پشتێن كەساسێكە
جێ شەوڕەوی تاك و تەرای نەناسێكە
سەری شەرم و تاوان و ترس كزۆڵ ئەكات
جووت دەروازەی خانی دەمیان
بە ئەڵقەڕێزی پای خەڵات
مۆر كراوەو ڕەبایە ی جامانەكانیان
كورتانی قەلاندۆشكانی شان و ملە
ڕەشماری ڕێی هاتووچوویان
ترس بردەڵەی دووپشكی بەغا و تاران و ئەنقەرە ی خوێنەگلە،
كلكی دەمڕاستی شاڕێوی مرۆڤ دزە
قرتاوی كەڵبەی ڕێوی یە
کراڤاتی تەعزێباری لە گوێ بەستراو
كۆترێكی ڕەش هەڵگیرساوی چاوكزە
سپی خوازێكی كێوییە،
ئەسپی بالّداری ڕووباری دەنگی خنكاو
داد ناباتە لای داپیرەی دەلهێ ی جادوو،
هەتا كۆڕی گەرمەشایی كچی بێ زام جارێكی تر
دەستەسری گڕی نێڵە
لە سەرچۆپی زەماوەندی
دڵداریی پێشمەرگەو سەنگەر نەشەكێنێ،
هەتا ماسی بەندی گەرووی دیجلە ی نەهەنگ
بۆ قومێ گڕ
بارگەی تینوێتی پێدەشتی بەرینی چاو
لە كۆڵ نەگرێ و فوارەی گەرمەسێری تێری هەتاو
بە سەر تۆزی ڕەشبەڵەكی گەمێ كانا نەپرژێنێ،
كلكە قوڵەی ئاواتی دوور
نادریتەوە ... نادریتەوە
بگرە ئەوساش نادریتەوە،
كلكە قوڵەی ئاواتی سوور
تاساوی گۆمی دەم سوورە
بڵقی كووژاوەی قاسپەی خنكاوی كەوە
هاژەی چەمیش دۆڵ كپ ئەكاو گوڵەگەنم ئەتۆقێنێ
پردی ڕیگای دارەدارەم ئەڕووخێنێ
منیش ڕێبوار
برسیمە و شیری مەكەكانت نۆش ناكەم
باڵی داڵم ڕێگا ئەخۆم
ئەڕۆم ... ئەڕۆم
تینوومە و سەیری چاوەكانی تۆش ناكەم
ئەشكێنم لووتی شەپۆلی لافاوی چۆم
لە ناو باخچەی هەڵواسراوی بابل ی كێوی خواستما
سنگی نێرگز
قەڵغانی نێزەی زیخی داكوتراوی
ڕەشەبای چوارباڵی تۆف بوو
پەڕەی لێوی مەنگی نێرگز
كۆگردەڵەی ئاوونگی نیگای بەهاری پڕ لە ئۆف بوو
ووشەی ناوم ... ووشەی ناوت
هەنگی شەكەتی ڕێی دووری
پوورەی گەلەهەنگی خۆشەویستی چیا بوو
هاژەی تاڤگەی ڕۆچووی ناوم ... ڕۆچووی ناوت
دەنگی هاواری دەم ئەشكەنجەی زیندانەكانی تیا بوو،
با هەڵی كرد
نێرگز پەڕەی نیازی وەك خۆی هەر مایەوە
تۆفان هەڵسا
باڵی پەپوولەی ویستی ئەو هەڵنەوەری
تەرزە دایكرد
لاسكی تیشكی خۆری بزەی چەمایەوە
بەلام پێڵووی بێزار لە خەو هەڵنەوەری
شمشێری برووسكەی دوودەم وەك مار كشا
بەلام گەردن بەرپەرچی شێری دڕندەی خوا ی دایەوە،
كەچی كاتێ باخەوان هات
زانی نێرگز
یاخی ئەبێ لە یەخەی ئەو
چاو ناڕیژێ بە كلی شەو
باخەوان هات
پەنجەی كردە داسی درەو
لە سەر پەڕەی ئامانجی دوورا
فاڵی بۆ بەخی ئەگرتەوە:
ئەبێ، نابێ ... ئەبێ، نابێ ... ئەبێ، نابێ
لە ناو باخچەی هەڵواسراوی بابل ی كێوی خواستما
كۆست كەوتەوە.
دە با وابێ
ڕۆژی گیراو با ئاوا بێ
ئەی شاژنی جوانی دڵم
ملوینەها نێرگزی تر
لە نەورۆزی خۆخواردنەوەی ڕەنگەكانا
مەڵاشووی ووشەی دەنگی بەرد
ئەسوون لە هەسانی ئاگر
چەپكە دێڕی خۆشەویستی سەر سینەی هەرد
ئەدەن بە ڕووی كۆرپەی ووڕكی ساوامانا،
منیش ڕێبوار
برسیمە و شیری مەمكەكانت نۆش ناكەم
باڵی داڵم ڕێگا ئەخۆم
ئەڕۆم ... ئەڕۆم
تینوومە و سەیری چاوەكانی تۆش ناكەم
من پێی غارم
لە سەر باڵی ئەسپی بۆراقی پڕتاوە،
قژی كاڵی بڵێسەی گەرمەسێری ماچ
لە گەردنی ڕێ ئالاوە
چاوم هەگبەی چنینەوەی
لێزمەی نێزەی بای شالاوە
تۆزی خەوی دڵدارەكان
لە ووچانی ئاشی بەتاڵا جێ ماوە
كەچی ئێستاش لەم شارەدا
دڵداری وورتەی لێوێكی حەپەساوە
لە نسرمی بێ بەڕۆچكەی جێ ژووانا
بەستەڵەكی ئەم زستانەی چاوی وەڕس
چەكەرەی ڕازی سەر مەزار ئەتەزێنێ
بەلام كوانووی گەرمەتاوی شوێن هاوینمان،
هاوینی پاشكۆی بەهاری داهاتوومان
گەرووی چاڵەڕۆژی
بە سەر دارستانی ڕەشی شارا هەڵئەڕێژێ،
داری زڕی شەوەزەنگی بێ دەنگی خوا ئەسووتێنێ
خاكی كێوی هەوری دوێنێ
بە توورەكەی سی ی هەناسەی ڕۆژ ئەبێژى
وەرن ... وەرن
ئەی كچگەلی ژێر دەواری زامی شیرین
وەرن ... وەرن
دە لەنگەری گەمێی دڵتان
لە بەندەری
دەریای خۆشەویستیما بخەن
وەرن ... وەرن
من دڵدارێكی ڕەسەنم
گەر درۆم كرد
بە خەنجەری سوورەوەبووی
ناو كوورەی ژانی خاتوو زین
لاپەڕەی لێوی هۆنراوەو ووشەم بدڕن
سەری لافم ببڕن، ببڕن.
من پێی غارم
لە سەر باڵی ئەسپی بۆراقی پڕتاوە
ئەوا كۆرپەی بێ نازیشمان هاوار ئەكات
منیش ڕێبوار
برسیمەو شیری مەمكەكانت نۆش ناكەم
باڵی داڵم ڕێگا ئەخۆم
ئەڕۆم ... ئەڕۆم
تینوومە و سەیری چاوەكانی تۆش ناكەم
ئەشكێنم لووتی شەپۆلی لافاوی چۆم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست