فەلسەفەی پێش سوکراتی ...گەران بەدوای جەوهەری بوون
Thursday, 26/04/2012, 12:00
کاتێک باسی فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی پێش سوکراتی بەتایبەتی دەکەین مەبەستمان چەشنێک رامان و بیرکردنەوەی تازەیە کە نزیکەی ٦٠٠ ساڵ بە لەر زایین سەریهەڵداوە، بەر لەو مێژووە ئایینە جۆراو جۆرەکان خۆیان بە وەڵامگۆی سەرجەم پرسیارەکانی مرۆڤ دەزانی ، ئەم وەڵامانەش دەماو دەم و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی لە شێوەی لێکدانەوە گەلێکی ئەفسانەیی دەگوێزرانەوە، ئەم بۆچوونە ئەفسانەییانەش بەدێژایی هەزاران ساڵ بەردەوامیان بە مانەوەی خۆیان دا تا دواجار فەیلەسوفە یۆنانییەکان هاتن و جاری بێ متمانە و بێ بنەمابوونی ئەم دید و تێروانینانەیان دا ، لە دەوروبەری ساڵی ٧٠٠پ.ز یش دا (هۆمیر)زۆرینەی ئەفسانەکانی یۆنانی نوسییەوە .
ئەمەش دۆخێكی تەواو نوێی ئافراند ، لەکاتێک ئەفسانەکان لە فۆرمێکی نوسراو دا ئامادەن ئەوا لێدوان و رەخنە کردنیان پتر کردەیە هەربۆیە فەیلەسوفە سەرەتاییەکانی یۆنان ئەفسانەکانی هۆمیریان دایە بەر نەشتەری رەخنە، چونکە دەیانبینی ئەو خوایانەی کە ئەم باسی دەکردن لە مرۆڤ دەچوون، نەمر نەبوون و خۆپەرست و ناپاک بوون،بەمجۆرە بۆ یەکەمجار لە شکۆی خواکانیان دا و دەریانخست خواکان لە مەزەندەیەکی وەهمی مرۆڤ زیاتر چی دی نین .کە لەمرووەوە دەتوانین ریشەی یەکەمین رەخنەیەک کە لەئەفسانەکان گیرابێت لەلای(زینۆفان) بدۆزینەوە کە لە دەوروبەری ساڵی ٥٧٠پ.ز دا ژیاوە، ئەو دەیگووت مرۆڤەکان خواکان لە شێوەی خۆیان دروست دەکەن و پێیان وایە وەکو ئێمە دێنەبوون هەروەکو ئێمەش دەخۆن ودەپۆشن و خاوەنی زمانن.ئەم دۆخە نوێ یەش زەمینەیەکی بە پیتی سازاند کە تیایدا تۆوی یەکەمین تێروانینە فەلسەفییەکان دەربارەی دیاردە سروشتی و هەبووە گەردوونییەکان چەکەرەی کرد کە ئەویش فەلسەفەی پێش سوکراتییە کە دەشتوانین بە فەلسەفەی سروشتی نێوزەدی بکەین، لە رووی زەمەنیەوە فەلسەفەی سروشتی ماوەی نێوان ساڵانی ٦٠٠-٤٠٠پ.ز لە باوەش دەگرێت، ئەم جۆرە لە فەلسەفە بە پرسیار کردن دەربارەی سروشتی راستەقینەی جیهانی بەرهەست دەستیپێکردووە و لەهەولی دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ئەو جەهەرە یەکەمیە یاخود ئەو هەوێنە بەراییەیە کە تەواوی سروشتی ماددی گەردوونی لێوە پەیدا بووە، فەیلەسوفە سروشتییەکان لە شانۆگەریی ئەفسانەکان دا ئەکتەرگەلێکی یاخی بوون بەواتا ئەوان لە لێگەرین و تێفکرینێکی بەردەوام دا بوون بۆ دۆزینەوەی وەڵامی سروشتی بۆ دیاردە سروشتییەکان چونکە وایان دەروانی کە هەموو ئەو ئالو گۆرو دیاردانەی لە سروشت دا روودەدەن هیچ نین جگە لە بەرهەمی کارلێک و بەریەککەوتنی نێوخۆیی سروشت خۆی هەروەک لەم رووەوە هەرچەشنە ویستێکی خوایی و دەستوەردانی سەروسروشتییان رەتدەکردەوە، بەمرەنگە دەبینین کە هاتنی فەلسەفە لەگەل مەرگی ئەفسانەکان هاوزەمەنە،بۆیە دکرێت بڵیین فەلسەفەی سروشتی شۆرشێکی زانستی عەقڵە دژ بەنەقڵی ئەفسانەکان یا بەگوزارشتێکی تر، تێپەراندنی دۆخی چەقبەستوویی عەقڵ و دەستەپاچێیی هزریی مرۆڤە لە راڤەکردنی دیاردەکانی بوون. لەم ماوەیەدا چەند فەیلەسوفێک دەرکەوتن و هەندێک قوتابخانەی فەلسەفیش سەریان هەڵدا کە هەر بەناوی ئەو ژینگەیەی کە تیایدا سەریانهەڵدا ناونران ،لەم نوسینەدا هەلدەدەم بەکورتی باس لە هەریەکێک لەو فەیلەسوفانە و دید و ئایدیا فەلسەفییەکانیان بکەم. تاڵس یەکەمین فەیلەسوفێکە لە مێژوودا ناوی تۆمار کرابێت، خەلکی شاری (مێلیتۆس)ە کە دەکلەوێتە ئاسیای بچوکەوەلە سالی ٦٢٤پ.ز لەدایک بووە،بە دامەزرێنەرو باوکی فەلسەفەی یۆنانی دادەنرێت و یەکێکە لە حاوت پیاوە داناکەی یۆنان(حەوت پیاوە داناکەی یۆنان ئەمانەن:سیلۆبۆلیسی لیندۆس، شیلۆنی سپارتا،سۆلۆنی ئەسینا،بایەسی پراین،پیتاجوسی میتیلین،پریاندەری کۆرینس هەروەها تاڵسی میلیتۆس).باوکی ناوی (ئیگزامیس) و دایکیشی ناوی (کلۆبەلینای)ە کە هەردووکیان لە بنەمالەیەکی فینیقین. تالس گەشتی بۆ وڵاتی میسر کردووە و هەر لەوی زانستی ئەندازەی خوێندووە،لە عێراقیش ئەستێرە ناسی لە بابلیەکانەوە فێربووە ،کاتێکیش گەرایەوە مێلیتۆس، بەهۆی توانستە ناوازەکانی هاوجەرخانی خۆی دووچاری سەرسامییەکی مەزن کردووە ، بەوەرگرتنی دوو خاڵ لەسەر زەوی توانیویەتی پێوانەی دووری کەشتی بکات لەناو دەریا،هەروەها توانیویەت بەرزی هەرەمێک دیاری بکات بە پێوانی درێژی سێبەرەکەی ئەمەش دروست لەو کاتەدا بووە کە درێژی سیبەرەکەی بەقەدەر باڵاکەی خۆی بووە، دەشگوترێ تالس توانیویەتی بە وردی پێشبینی خۆرگیرانە مەزنەکەی ساڵی ٥٨٥پ.ز کردوو، زۆرینەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم پێشبینیەی لەسەر بناغەی تۆمارە میسرییەکان و ژمێرکارییە بابلییەکان بینا کردبێت کە بە مە مۆری نێوبانگی خۆی لە مێژوودا داچەقاند.سەرەرای دانایی خۆی و ناوبانگی بنەمالەکەی کەجی تالس پیاوێکی هەژار بوو،دانیشتوانی مێلیتۆس سەرزەنشتییان دەکردو دەیانگووت کە دانایی ئەو بۆ چی باشە گەر بە گوزەرانیکی شاییستە ژیان نەکات بەمجۆرە بەهۆی فەلسەفەکەیەوە سەرزەنشت دەکراو توانجی ئەوەیان لێدەگرت کە فەلسەفەکەی هیج مانایەکی نییە، بەاڵام ئەو بەهۆی کارامەییەکەی لە ئەستێرەناسیدا ،هێشتا زستان بووە توانیویەتی پێشبینی زۆری بەرهەمی زەیتون بۆ ساڵی داهاتوو بکات ،بۆیە بە پارەیەکی کەم سەلەبەری بەروبومی زەیتونی شاری میلیتۆس دەکرێت کە بەمە قازانجێکی دارایی مەزن دەکات، بەم کارەشی بۆخەڵکی دەرخستووە گەر فەیلەسوفەکان بیانەوێت دەولەمەند بن ئەوا دەتوانن ببن بەڵام ئەمە خواستی ئەوان نییە،.لە رووی رامیاریشەوە پێش لەناو چوونی ئایۆنیا چەندین ئامۆژگاری بەسووودی دا بە دانیشتوان و کاربەدەستانی ئایۆنیا ، بەمە ویستی شاری ئایۆنیا لەبەرامبەر لایدیا بە هیزبکات کەلەم رووەوە هاندانەکانی بۆ خەلکی ئایۆنیا سوودێکی ئەوتۆی نەگەیاند تا لەساڵی ٥٦٠پ.ز ئایۆنیا کەوتە ژێردەستی(کرێسیەس) کە دواهەمین پاشای لایدیا بوو. تالس بیرکاریزان وگەردوونناسیش بوو بەڵام ئەمرۆ تەنها چەند بەشێکی پچرپچر لە شاکارە فەلسەفیەکانی ماونەتەوەو لەبەر دەست دان.بە گوتەی فەیلەسوفانی دواتر تاڵس دوو بەرهەمی هەن بەلام تائێستا لە راستی یەمە دڵنیانین خۆ ئەگەرشتێکیشی نووسیبێت ئەوا ٣٠٠ ساڵ پاشترو لەسەردەمی یەرەستۆدا فەوتاوە، ناگونجێت باس لە سێگۆشەی گۆشە وەستاو بکرێت و ناوی تالس نەیەت چونکە ئەو یەکەمین کەسێک بوو چەمکی گۆشەی وەستاوی هێنایەگۆرێ کە تیایدا دەڵێت"گەر سێگۆشەیەک لە ناو نیوە بازنەیەک دا بکێشرێت ئەوا سێ گۆشەی گۆشە وەستاوە" هەرچەندە ئەمە لە رواڵەت دابە تیفکرینێکی سادە دێتە بەر چاو بەڵام لەراستیدا تالس یەکەمین کەس بوو ئەمەی روونکردەوەو ئەوەی دانا کە ئەمرۆ پێی دەگووترێ(زانستی دەرەنجامی)،هەروەها بە گێرانەوە لە (پڕۆکلۆس) ەوە دەگوتریت تالس ئەو بیردۆزەی داناوە کە دەڵیت"لە هەموو سێگۆشەیەکی گۆشە وەستاو دا دوو گۆشەی بنکە لە پێوانەدا یەکسانن"تالس تەنها قسەی لە بارەی سێگۆشەو بازنەوە نەکردووە بەڵکو دیاردە موگناتیسی و کارەباییەکانیش لەو بوارانە کە ئەو لە بارەیانەوە دواوە بەڵام لەبەر ئەوەی بەرهەمیکی کەمی ئەو لەبەردەستدا ماون بۆیە ناتوانین بەوردی بزانین لەبارەیانەوە چی دەرخستووە،وا وێدەچێت تالس باوەری بە بوونی روح هەبووبێت لە موگناتیسداچونکە ئەو والە روحی دەروانی کە بنچینەی جووڵە بێت.تالس پێی وابوو سەرچاوەو رەسەنی هەموو شتێک (ئاو)ە، واتە هەموو دیاردە سروشتییەکان و فۆرمە جۆراو جۆرەکانی ژیان زادەی ماددەیەکی بنچینەیینە کە بەنەزەری ئەم ئەو ماددەیە (ئاو)ە چونکە دەیبینی کە ئاو پێشمەرجی ژیانە ئەوەشی لەبەرجاو بوو کە ژیان لە زەریاکانەوە سەری هەلداوە کەواتە دەبێت ئاو سەرچاوەی درووستبوونی ماددەکانی تر بێت،ڕێشی تێدەچێت لە میسر سەرنجی کێڵگە وشکەکانی دەلتای نیلی دابێت کە دوای گەرانەوەی ئاوی نیل رسکا بووبن لەوانەشە لەدوای وەشینەوەی باران دەرکەوتنی کرم و بۆقی بینیبێت.بیریشمان نەچێت کە ئەو پێیوابوو بەهەڵمبوونی ئاوبەهۆی گەرمی و چربوونەوەی لە چینە ساردەکاندا کردەگەلێکی گەردوونین. تاڵس برواشیوابوو کە زەوی لە سەر ئاو ئۆقرەی گرتووە هەربەو چەشنەی کە بەلەمێک لەناو دەریادا مەلە دەکات برواشی بەوە هەبوو کە لەکاتی زەمینلەرزەدا زەوی وەکو کەشتی ناو ئاو دەبزوێت و دەلەنگێت لەوانەیە ئەم هزرە فەلسەفییانە تارادەیەک سەیر بێنە پێشچاو بەڵام پێویستە بیرمان نەچێت کە لەو کاتەدا فەیلەسوفەکان لە ژینگەیەکدا ژیاون کە دیاردە سروشتییەکان مەحکومی لێکدانەوە خورافیەکان بوون تالس یەکەم کەسێک بوو کە لێکدانەوەینەریتی(تقلیدی)ەکانی سەرچاوەی جیهانی دەتکردەوە و پشتی کردە میتۆلۆژیاو تووری دا ،دەستی کرد بە لێکدانەوەی عەقلانیانە بۆ ئەو مەتەڵ و دیاردانەی کە سروشت بەسەر خەلکدا سەپاندبوونی لەو لێکدانەوەیەش تەنها پشتی بەست بە تێرامانو ئاوەز(عقل) لەوانەیە هەر ئەمەش بێت گەورەترین دەستکەوتی ئەو .دوو تایبەتمەندی بەرچاو هەن لە تیۆریە فەلسەفییەکانی تالس فەیلەسوفانی دوای ئەو ئەوانیش:١-بەتەواوی سروشتگەران(naturalist)واتە هەوڵی لێکدانەوەی جیهان دەدەن لە ڕێگەی هەستەکانەوە بەبێ باسکردنی هێزی بان سروشتی٢- بە پلەی یەک نا دوانیین(non-dualistic)، جا چ بە دوورکەوتنەوە بێت لە جیاکردنەوەی ماددەو هۆشمەندی چ بە کەمکردنەوەی دوەمیان بێت لە یەکەمیان بە بۆچوونی تالس ژیان و مردن هیچ جیاوازیەکیان نییەو بە مردنیش هیچ شتێکی تازە نایەتە ئاراوە ئەم تێروانینەشی تابڵێیت جێی سەرسامیە،لە دیدی ئەودا باشترین شێوە ژیان گوزارەیە لە وازهێنان لە ئەنجامدانی کاگەلێک کە بە کردنیان لۆمەی ئەوانی تر دەکەین پێشی وابوو ئەو کەسەی خاوەنی جەستەیەکی تەندروست و روحێکی باشەو سروشتێکی زانخوازی هەیە ئەوا خۆشبەخت و بەختیارە،ئەو دەیگووت گرنگ نییە رووخساری خۆمان برازێنینەوە بەلکو پێویستە لە کارو کردەوەمان دا جوان بین،پێداگری دەکرد لەسەر بە تەنگەوە بوونی دۆستەکانمان لە هەردوو باری غیاب و ئامادەبووندا ئەو ئامۆژگاری مرۆڤەکانی دەکرد تالەرێگەی خراپەوە خۆ زەنگین نەکەن و دەشیگووت رێگە بە خۆت مەدە گوتەگەلێک دەرببری کە بەهۆیانەوە لەوانەی متمانەت پێیان هەیە نامۆت بکەن.. تالس دەیگووت "هەموو شتێک پرە لە خودا"، ئەو هیچ کات دانی بە بوونی هێزێکی بان سروشتی دا نەنا و بۆ بەرێوەبردنی جیهانیش هەرگیز باسی هێزێکی لە سرووشت بەدەری نەکرد. دەگووترێت تالس وەرزەکانی ساڵی دۆزیوەتەوەو ساڵی بە٣٦٥رۆژ داناوە بەهۆی ئەوەی پێشتر توانیبووی درێژترین رۆژی هاوین دیاریبکات . تامرد،تالس ژیانی هاوسەری پێکنەهێنا، کاتێکیش لێیان دەپرسی بۆ منداڵت نییە ئەو دەیگووت چونکە مندالم خۆشدەوێت تالس لە تەمەنی نزیکەی ٨٠ ساڵی و لە گەرمان و لە تینوێتی لەکاتی سەیر کردنی کێبرکێی جومناستیکیدا مالئاوایی لە ژیانکرد هەندێ لە هاوچەرخانی تاڵس لەوانە ئەناکسیماندەر بەوە رازی نەبوو کە ئاو رەسەنی هەموو جۆرە بوونێک بێت چونکە گەر ئاوا بیت ئەوا بە تێپەربوونی کات هەموو شتێک دووبارە دەبێتەوە ئاو،ماقولیش نییە شتێک بگۆرێت بۆ دژەکەی خۆی ئاخر چۆن ئاگر دەبێتە ئاو! ئەناکسیماندەر هەروەکو تالس خەڵکی شاری مێلیتۆسە(تورکیای ئەمرۆ) و لە سالی ٦١٠پ.ز لە دایکبووە، زانیاریمان دەربارەی تالس زیاتر لە رێگەی گێرانەوەی مێژوویی نا دڵنیایە، بەڵام دەرهەق بە ئەناکسیماندەر لە دۆخێکی باشتری زانیاریداین چونکە فەیلەسوفانی دواتر لەوانە (ئەفلاتون و ئەرەستۆ) نوسراوەکانی ئەویان خوێندوەتەوەو قسەی خۆیان لەبارەوە کردووە، ڕێی تێدەچێت ئەناکسیماندەر قوتابی(تاڵس) بووبێت بە دەلیلی ئەوەی لە بەرخورد لەگەڵ ئۆنتۆلۆجیا و کۆسمۆلۆجی کە دوو بواریسەرەکی لێکۆلینوەکانی ئناکسیماندەرن کۆکی تەباییەکی زۆر هەیە لەگەل لێکۆلینەوەکانی تالس. ئەو بە حەق کەسێکی عەقلانی بوولە رێچکە فەلسەفیەکەی دا،ئەفسانە و خواکانی یۆنانی خستە ژێرپرسیارەوە و بۆ دیاردە سروشتیەکان دەیویست وەلامی سروشتی بهێنێت کە پێشتر لە رێگەی هێزە سەرو سروشتیەکانەوە لێکدانەوەی بۆ دەکرا...ئەو وا شرۆڤەی بارانی دەکرد کە بریتیبێت لە هەلم بە هۆی شتگەلێک لە ژێر خۆرەوە بەرەو سەرەوە هەلدەکشێت دویی لە چینە بەرزەکانی هەواوە دادەبارێتە سەر زەوی.سەبارەت بە هەورە بروسکەش جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەوە (زیۆس) نییە کە ئەم تیشکانە دەگرێتە زەوی بەلکو ئەم دیاردەیە هۆکاری سروشتی خۆی هەیە کە بە گوێرەی ئەناکسیماندەر ،ئەم هۆیە هەوای پەستێوراوە کە لەناو گەواڵە هەورەکاندا کەڵەکە دەبێت تا دەگاتە ئەندازەیەک دەتەقێت و ترێشقەی لێوە دەردەچێت.ئەگەرچی ئەم لێکدانەوانەی ئەناکسیماندەر زۆر ورد نین بەلام ئەمە یەکەم هەوڵی زانستیە لە میژوی مرۆڤایەتی بۆ لێکدانەوەی میتۆرۆلۆژی(کەشناسی).ئەناکسیماندەر هەر بەمەوە نەوەستابەلکو زانستی جوگرافیا و کۆسمۆلۆجی هێنایە بوون،یەکەم کەسێک بوولە یۆنان وەسفی خری یا شێوە گۆیی زەوی کرد و نەخشەی جیهانی زانراوی ئەو سەردەمەی کێشا کە دواتر لە لایەن زانا و گەریدەکانەوە دووبارە هەموارو بیرازکرایەوە، لە م نەخشەیەدا ئایۆنیا لە ناوجەرگەی جیهاندا جێدەگرێت لە رۆژهەلاتەوە تا دەریای قەزوین بر دەکاتلە رۆژئاواشەوە دەگاتە ستوونەکانی هەرقل(گاشە بەردەکانی جبل گارق و چیای هاکۆ لە مەغریب) و لە باکورەوە ئەوروپای ناوەراست دەبینین و ئەسیوپیا و نیلی خوارووش دەکەونە باشووری نەخشەکە..پاشتر ئەناکسیماندەر هێلکاری گەردوونیشی کرد، هەرچەندە ئەمەلە سەرووی تێگەیشتنەکانی ئەوەوە بوو بەڵام ئەمە بە یەکێک لە یەکەمین هەولەکان دادەنرێت لە جیهانی خۆرئاوا بۆ ئافراندنی مۆدێلێکی زانستی گریمانەیی بۆ گەردوون،لەم کارەیدا مۆدیلێکی گۆیی یا بازنەیی بۆ جیهان و هەسارەکان پێشنیارکرد کە تیایدا هەسارەکان یەک لە دوای یەک ریزیان بەستووە لەم لایانەشدا وەک راشنالیستێک لەسەر بنەماکانی بیرکاری و ئەندازە ئەمەی ئەنجام دا نەک لەسەر بنەمانی گێرانەوە ئەفسانەییەکان،هەولی دا قەبارەی هەسارەکان و دووریان لە زەویەوە دیاری بکات لەمەشدا بەو ئەنجامە گەیشت کە چێوەی خۆر ٢٧ جارو هی مانگیش ١٧ جارلەوەی زەوی گەورەترە، برواشی وابوو مانگ هەروەکو خۆر رووناکی خۆی لە خۆیەوە دەردەچێت هەروەها وای پێشبینی کردبوو کە خۆر ئەستێرەکان بریتیبن لە تۆپەڵی ئاگرو بەهۆی هەوای ساردەوە لە وێنەی بارستەی گۆییدا خڕبوونەتەوە،ئەناکسیماندەر دەڵێت"تەنە ئاسمانییەکان،وەکو بازنەی ئاگر دێنە بوون لە جیهاندا لە ئاگرەکە جیا دەبنەوە و بەهەوا دەورە دەدرێن،چەند کوونێکی هەناسەدان هەن کە لە رێگەیانەوە تەنەکان دەردەکەون، هەر بۆیە خۆرگیران بەهۆی گیرانی ئەم کونانەوەیە، دەرکەوتنی کاڵ و تۆخی مانگەشەویش بەهۆی چەندێتی کرانەوەو داخرانی ئەم کەنالانەیە" بەگوێرەی ئەناکسیماندەر زەوی چەقی جیهانێ ناکۆتایە هەروەها باوەریشی وابوو کە زەوی شێوە لوولەکییەو تیرەکەی سێ ئەوەندەی بەرزییەکەیەتی ئەوەیشی درکاندووە کە ئێمە لەسەر رووە بازنەییە تەختەکەی وەستاوین و ئەو پێی وابوو زەوی پێویستی بە راگر نییە و بە شێوەیەکی سەربەست لە گەردووندا راگیرە چونکە پێی وابوو تەنە ئاسانییەکان لە شێوەی بازنەی تەواو لە دەوری زەوی دان و ئەوەشی روونکردۆتەوە کە زەوی لە جێی خۆیدا دەمێنیتەوە چونکە دووری یەکسانی لەگەڵ تەنە ئاسمانییەکانی تردا هەیە واتە زەوی لە دۆخێکی هاوسەنگی دا یە بەمەش دەبینین کە ئەناکسیماندەر پێش(نیوتن) کەوتووە چونکە لەم تیۆریەی پێشوو دا هێزی کێشکردن ئامادەیی هەیە. ئەوەی دواجار بەهۆیەوە ئەناکسیماندەر نێوبانگی دەرکرد تیۆری (ئەپیرۆن) بوو.ئەپیرۆن بە واتای ناکۆتا یا بێ سنوور دێت .ئەناکسیماندەر پێی وابوو گەردوون بێسنوورەو ژمارەی جیهانەکانیش ناکۆتایە،بە بروای ئەو (ئەپیرۆن) تەنها ناکۆتاییەکی سادەی شوێن-کات نەبوو بەڵکو پرنسیپ و رەسەنی گەردوون خۆیەتی، خودی خۆیشی بوونێکی بێ رەسەنە واتە بنەرەتێکی لە بنەرەت بەدەرە بەڵام رەسەنی سەرجەم بوونەکانی ترە. ئەپیرۆن جەوهەرێکی نەبینراوو هەست پێنەکراوی ناکۆتایە، زەمینەیەکی بەرایی نموونەییە کە لێیەوە هەموو شتێک دروست دەبێت هەرچەندە نازانین ئەناکسیمانسەر بەوردی چۆن گوزارەی لە ئەپیرۆن کردووە بەڵام هەرچۆنێ بێت وەکو جۆرێک کەیۆسی یەکەمی وێناکراوە.بارستەیەکی بێ شێوەو بێ سنوورە کە لێیەوە ماددەی رەق درووست دەبێت و بۆ ئەویش دەگەرێتەوە.ئەناکسیماندەر شیمانەی کردووە کە بنەرەتی گەردوون دەگەرێتەوە بۆ لە یەکدی جیابوونەوەی دژەکان لە مادەیەکی بەرایی،وشکی لە تەری ،گەرمی لە ساردی وە پێشی وابوو دواجار شتەکان دەگەرێنەوە بۆ ئەو توخمەی لێیەوە پەیدا بوون.ئەو ئاماژەی بە جەوهەرێک کردووە کە نەمرەو قابیلی لەناوچوون نییە لەم تێروانینەوە جەوهەرگەلێ لە وێنەی گەرمی و ساردی زەوی و هەوا بە بەردەوامی پەرردەسێنن و ماددەو شتگەلی جیاجیا دروست دەکەن و ئەو بوونەوەرانە دەخەنەوە کە جیهانی تێبینیکراویان پێکهێناوە. سێیەم فەیلەسوفی قوتابخانەی ئایۆنی دوای ئەناکسیماندەر،ئەناکسیمینیسە کە خەڵکی شاری مێلیتۆسە و قوتابی ئاناکسیماندەر بووە، پێدەچێت لە ماوەی نێوان ساڵانی ٥٧٥-٥٢٥پ.ز دا ژیا بێت، بەگوێرەی ئەنااکسیمینێس بنەرەت و رەسەنی هەموو سروشت هەوا یان هەڵمە.، ئەناکسیمینێس ئاگاداری تیۆری ئاوەکەی تاڵس بوو، بەڵام ئەدی ئاو لە چییەوە دروست بووە؟ بە بۆچونی ئەم دەبێت ئاو فۆرمێکی چرکراوەی هەوا بێت کاتێکیش ئاو زیاتر چر دەبێتەوە ئەوا دەبێتە خاک، هەرچی ئاگریشە ئەوا دۆخێکی روونکراوەی هەوایە، بە واتا بەلای ئەناکسیمینیسەوە ئاو و ئاگرو خاک لە هەواوە دروست دەبن.تیۆری هەواکەی ئەناکسیمینیس دوو شت پێشنیاز دەکات١-ماددەی بەرایی (هەوا) هەرچەندە خۆی نەبینراوە بەڵام لە تونایدا هەیە ببێتە ماددەی بینراو٢-هەموو شتەکان لەسروشت دا لەیەکچوون، تەنها لە شێوە یاخود لە دووری دا جیاوازیان هەیە،واتە تەنها جیاوازی چەندێتی هەیە لە نێوانیان دا،لەبەر ئەوەی هەوا لە سنووری شوێن دا ناکۆتایە(مەبەست لە ناکۆتایی هەوا بێسنوورییە لە رووی چەندایەتییەوە، واتە شتێک نییە هەوا لەناوی دا بێت بەلکو هەوایە کە هەموو شتیک لە خۆدەگرێت)و لەجووڵەیەکی هەمیشەیی و نەبراوەدایە کەواتە دەبێت سەرچاوەی دروست بوونی سەرجەم هەبووەکانی تری گەردوون بێت بەبێ ئەوەی خۆی لە هیچ شتێکی ترەوە دروست بووبێت،بە گوێرەی ئەناکسیمینیس زەوی پەپکەیەکی تەخت و تەنک و فراوانی شێوە مێزە تەواوی تەنە ئاسمانییەکانیش بارستەیەکن لە ئاگر کە ئەوێش دووبارە لە هەوایەکی روونبوەوە دروست بووە بەڵام سروشتی گرگرتوی ئەستێرەکان دەگەرێتەوە بۆ خێراییەکەیان لە جووڵەدا، بەڵام ئەو پێیوابوو کە ئەستێرەکان بەهۆی دووریانەوە هیچ گەرمییەکی هەستپێکراوییان نییە ،هەرچی دەربارەی دیاردە سروشتییەکانی هەور و باران و بەفریشە ئەوا هیچ نین جگە لە هەوایەکی چربووەوە بەپلەی جیاواز،بەگوێرەی ئەناکسیمینێس هۆی پەیدا بوونی پەلکە زێرینە بەهۆی بەریەککەوتنی تیشکەکانی خۆرە لەگەل هەوای هەوای پەستێوراوی چربووەوە هەروەک پەیدا بوونی هەورەبروسکەش بەهۆی برین و لەتکردنی هەورەکانە بەهۆی باوە،.بەبۆچوونی ئەناکسیمینیس،زەمین لەرزە، یا بەهۆی کەمی رێژەی (شێ)ەوەیە کە دەبێتە هۆی شەقبردنی زەوی یا ئەوەتا بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆروزەبەندی (شێ)یە کە لەهەردوو بارەکەدا بەهۆی پەیدابوونی درز، زەوی لاواز و فشەڵ دەبێت و گردو تەپۆلکەکان هەرەسدەهێنن وزەمینلەرزە پەیدادەبیت. بەبۆچوونی ئەم روحی مرۆڤ وەک هەر شتێکی تر لە هەوا پێکهاتووە لێرەدا رێی تێدەچێت ئەناکسیمینیس هەناسەی مرۆڤ کە بەلگەی زیندوێتییە بە شێوەیەکی روح ئەژمارکردبێت، ئەناکسیمینیس یەکەم پرنسیپی ماددی یەکسان دەکات بە کیانێکی خودایی ،واتا بەلایەوە هەوا گوزارشتی خودایە کە لەشوێندا ناکۆتایەو لە زەمەن دا ئەزەلییە(هەمیشەیی)ە هەروەها لەجوڵەیەکی سەرمەدیدایە . فیساگۆرس (پیتاگۆراس)وەکو تالس زیاتر وەکو ماتماتیکزانێک شۆرەتی دەرکردووە تا وەکو فەیلەسوفێک هاوکێشەی سێگۆشەی گۆشە وەستاو هەڵگری ناوی فیساگۆرسە ،هەرچەندە بەهۆی ئەم تیۆریەوە نێوبانگێکی مەزنی پەیدا کرد بەڵام لە راستیدا ئەم بیردۆزە لەلایەن ماتماتیکزانی هیندی(بودایانا) لە ساڵی ٨٠٠پ.ز بەر لە ویش لە لایەن میسرییەکانە خراوەتە روو ،هەروەک ئەمە بۆ بابلییەکانیش زانراو بوو بەلام پێدەچێت فیساگۆرس ئەم تیۆریەی لە زەمینەی پراکتیک دا سەلماند بێت،تیۆریەکانی فیساگۆرس وەکو دەستپێکی زانستی ماتماتیک دەستنیشان دەکرێت لە رۆژئاوادا، فیساگورس لە ساڵی ٥٨٢ پ.ز هاتۆتە دنیاوە، باوکی ناوی منیسارکۆسەو بازرگان بووە دایکیشی ناوی پیتایسەو خەلکی دوورگەی سامۆسە کە شوێنی لەدایکبوونی فیساگۆرسە لەو کاتەدا سامۆس لەلایەن پۆلیکراتەکانەوە فەرمانرەوایی دەکرا، فیساگۆرس لەو شێوازە لە حوکمرانی بێزار بوو بۆیە ناچار ما بەرەو کرۆتۆن کۆچ بکات کە لەو کاتەدا لە رووی بازرگانی و داراییەوە لە گەشەو نەشو نمادا بوو،هە لەم شارەشدابوو فیساگۆرس زۆرینەی تیۆری و ئایدیا گرنگەکانی خۆی پەرە پێدا،بەمەبەستی وەچنگخستنی هەموو ئەو زانیاریانەی لەو دەمەدە لەئارادا بوون، فیساگۆرس چەندین گەشتی بۆهەریەک لە میسرو بابل و هیندستان ئەنامداوە،باسی ئەوەش کراوە کە لە میانەی گەشتەکەی دا بۆ میسر چەندین فەرمانی لە قەشەی شاری هێلیۆپۆلیس(عین الشمس)ەوە وەرگرتووە بەڵام ئاسان نییە بزانین فیساگۆرس چەندە لە قەشە میسرییەکانەوە فێربووە یا لە راستیدا ئایا ئەم شتێک لە ئەوانەوە فێر بووە یان نا، فیساگۆرس بە رادەیەکی مەزن بە تالس و ئەناکسیماندەر کاریگەر بووە هەر بەهۆی ئەمانەیشەوە بوو کە خولیای ماتماتیک و ئەستیرەناسی لەناخی دا چەکەرەی کرد، فیساگۆرس قوتابخانەیەکی دامەزراند کە تاماوەیەکی زۆر کاریگەری گەورەی هەبوو تیایدا نێر و مێ (ژن و پیاو)دەیانتوانی ببنە ئەندام وەکو یەکیش مامەلەیان لەگەل دا دەکرا،کە ئەمە بۆ ئەو دەم شتێکی ناباو بوو.شاگردانی فیساگۆرس لەسەریان پێویست بوو ملکەچی فەرمانە ئایینیەکان بن (مەبەست لە ئایین هێلەفکری و فەلسەفیەکانی فیساگۆرسە، دەربەست بوونی ئەو سرووتە شکڵییانەیە کە ئەو لە چوارچێوەی سیستمێکی باوەری دا خستونیە روو) خواردنی پاقلەمەنی و دەستدان لە کەڵەشیری سپی هەڵگرتنەوەی شتی کەوتوو و سەیر کردنی ئاوێنە لە تەنیشت روناکییەوە..تد یاساغ بوون .تارمایی و روح و فرینی روح لە بونەوەرێکەوە بۆ ئەوی دی شتگەلێک بوون کە فیساگۆرس بە قووڵی بروای پێیان بوو.دەگێرنەوە جارێک فیساگۆرس بە کوچەیەکی شاری (کرۆتۆن)دا گوزەر دەکات دەبینێت سەگێک ئازار دەدرێت ئەمیش بەبینینی ئەمە هەراسان دەبێت و دەڵێت"بوەستن،ئازاری مەدەن، ئەمە روحی هاورێیەکمە، ئاخر دەیناسمەوە چونکە دەنگەکەیم بیست" وەکو ئاماژەم پێدا فیساگۆرس باوەری بە روحگۆرکێ(تناسخ الارواح،تقمێ،metempsychosis) هەبوو، هەربۆیە وەکو کردەیەکی بێزراو(مکروە، abominable) لە خواردنی گۆشتی روانیوە و بانگەشەی روەکخۆری کردووە،ئەو دەیگوت روحی گیانلەبەران دوای مردنیان دەچنە جەستەی گیانلەبەرانی ترەوە تەنانەت خۆیشی بە وێنەیەکی تری (ئیفۆربەس و هێرمیس و پایرەس) دا دەنا.دەڵێن هەرکاتێک لە (ئارگۆن) مابایەوە لەو قەڵغانە رادەما کە لە تالانەکانی شاری ترۆی هەڵواسرابوودواتر دەیدایە پرمەی گریان کاتێکیش سەبارەت بەو هەستەی پرسیاری لیدەکرا دەیگووت"ئاخر خۆم ئەو قەڵغانەم هەڵگرتبوو لە شاری ترۆی ئەو کاتەی من ئیفۆربەس بووم" هەرچەندە خەڵکی باوەریان پێی نەکردوو جاری شێتی ئەویاندا بەلام ئەو هەر سوور بوو لەسەر قسەی خۆی و دەیگووت لە دیوی ناوەوەی قەڵغانەکە واژۆیەکی راستەقینەی خۆی هەیە کە نێوی ئیفۆربەسی تیادا هەلکەندراوە.گەر بنوارین لەفەرهەنگی فیساگۆرسی دا مانایەک بۆ مەرگ نییە، بە واتا ئەوەی کە هەیە ژیانەو ئەم ژیانەش لە سورێکی هەمیشەیی و بێ پسانەوەدایە،لەلای فیساگۆرس، روح بوونێکی نەمرو باقییە کە لە جەستەیەکی مادیو فانی دا بەند کراوە هەر جەستەشە لە رێگەی چێژە هەستییەکانەوە روح پیس دەکات، بۆ ئازاد بوونیشی ،روح پێویستی بە پاکبونەوە هەیە، ئەم پاک بوونەوەیەش لە رێگەی چالاکییە هزرییەکان و قوڵبوونەوەی میتافیزیکییانە دێتەدی .فیساگۆرس مۆزیک و ماتماتیکی وەکو پاککەرەوەی روح دەبینی لەم رووەوە گەیشتبووە ئەو دەرەنجامەی کە جوڵەی هەسارەکان مۆسیقای جیهانەکان وەبەرهەم دێنێت.هەروەها پەرەشیان دابە چارەسەرکردن بە مۆسیقا بۆ ئەوەی مرۆڤایتی لەگەل تەنە ئاسمانییەکان دا بخەنە هارمۆنیایەکەوەبەم شێوەیە دەبینین فیساگۆرس و شاگردەکانی ماتماتیک و مۆسیقایان ئاوێتەی یەکتری کرد چونکە دەیانبینی ماوەی نێوان نۆتە مۆسیقییەکان تەنها بەزاراوەی ژمارەیی گوزارشتی لێ دەکرێت.فیساگۆرس ژمارەی لە هەموو شتێکدا دەبینیو پێی وابووگەر راستینەیەکی حەقیقی و جەوهەرێک بۆ شتەکان هەبێت ئەوا ژمارەیە، ئەو قایل بوو کە پرەنسیپە ئیلاهیەکانی گەردوون گەرچی بە هەستەکانمان وێناناکرێن،دەتوانرێت لە رێگەی پەیوەندی ژمارەییەوە گوزارشتیان لێبکرێت،هەرئەمە بووە هۆی ئەوەی دواجار گووتە بەناوبانگەکەی بڵاوبکاتەوەکە دەڵێت"هەموو شتێک ژمارەیە"واتە جیاوازی شتەکان لەسروشتدا شتێک نییە جگە لە جیاوازی لە ژمارەی یەکە پێکهێنەرەکانی ئەم شتانە، فیساگۆرس خۆی قسەی لەسەر ژمارەی دووجا و سێجا کردووە کە تائێستاش ئێمە بەکاریان دەهێنین هەروەها فیساگۆرس وەک ژمارەیەکی پیرۆز سەیری ژمارە(١٠)ی کردووە تەنانەت پیرۆزی ئەمژمارەیە لەلای فیساگۆرس گەیوەتە ئەندازەیەک کە سوێندی پێ بخوات ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم ژمارەیە سەرجەمی چوار ژمارەی یەکەمە(١+٢+٣+٤).هەرچی دەربارەی هیراکلیتۆسیشە ئەوا لەدەوروبەری ساڵی ٥٠٠پ.ز لە شاری ئێفیسۆس لە ئایۆنیا(ئاسیای بچووک) لەدایک بووە،لە بنەمالەیەکی بەناوبانگی ئەریستۆکراتییە،چەندین روانگەی تازەی هێنایە ناو هزری یۆنانیەکانەوەو کتێبێکیشی داناوە کە بەقسەی قووتابییەکانی بێت خوێندنەوەی تارادەیەک گرانە دەڵێن (یورپیدس) دانەیەک لە کتێبەکەی هیراکلیتۆس دەداتە سۆکرات و بۆچوونی ووردەگرێت دەربارەی کتێبەکە سوکراتیش دەڵێت"ئەوەی تێی گەیشتم شتێکی نایاب بوو،ئەوەیش کە تێی نەگەیشتم پێم وایە هەروایە،بە لام گەیشتن بە بنی ئەم کتێبە مەلەوانێکی کارامەی دەوێت" سەررای سەختی تێگەیشتنەکەی بەڵام هیراکیتۆس جێگای تێرامانی هاوچەرخەکانی بوو بە تایبەتی لەوەدا کە پێی وابوو لە گەردوون دا هەموو شتێک لە جوولەو رابوون دایە کە ئەم هزرە کاریگەری خۆی لەسەر نەوەی پاشتری فەیلەسوفەکان دا نابوو.هیراکلیتۆس کاراکتەرێکی قنوع نەبوو ئەو نەک تەنها سەرکۆنەی فەیلەسوفەکانی پێش خۆی دەکرد بەڵکو رق و کینی ئەو لە مرۆڤایەتی ئەوی گەیاندە ئەو ئاستە کە بڵێت گێلی و نەفامی مرۆڤ ئدگارگەلێکی خۆزایین(,instinctuallفگری) ئەو دەیگوت بروای زۆربەی خەڵکی لە یارییەشمەکێکی منداڵان زیاتر نییە،بەردەوام هێرشی دەکردە سەر مرۆڤایەتی بە گشتی و بەتایبەتیش سەرزەنشتی ئەوانەی دەکرد کە لەگەل بۆچوونەکانی ناکۆۆک بوون وەک بڵێیت چێژی لەمە وەردەگرت. وا پێدەچێت هیراکلیتۆس باوەری بە جەنگ بوو بێتئەو دەیگووت"جەنگ باوکی هەموانە، پاشای هەموانە ،هەندێکیان خوداوەند دروست دەکەن هەندێکیان پیاو برێکیان کۆیلەو هەندێکیشیان کەسی ئازاد دەئافرێنن" هەروەها دەیگووت"پێویستە ئێمە حاڵی بین کە جەنگ دیاردەیەکی گەردوونیە،ململانێ دیوێکی تری دادپەروەریە، ئەوەی دێتەبوون لەبەین دەچێت هەر لە رێگەی ململانێوەیە" گەر سەرنج بدەین لەیەکچوونێک هەیە لەگەل (فرێدریک نیچە) ئەمەش سەیر نییە چونکە نیچە خۆی هۆگری قوتابخانەی هیراکلیتییە.لە فەلسەفەی ئەخلاقی هیراکلیتۆس دا مۆرالیزمێکی رەق و وشک دەبینرێت کە دەتوانیین بە زوهدێکی فیزن (متکبر) وەسفی بکەین. ئەو پێداگری دەکرد لەسەر وازهێنان لە مەی خواردنەوە و دەیگووت"کاتێک مرۆ مەست دەبێت لەلایەن گەنجە دەمرووتەکانەوە رێنموونی دەکرێت،رەتەل دەباو نازانێت بەرەو کوێ هەنگاو هەلدێنێ و روحی خۆی تەردەکات".هیراکلیتۆس ستایشی ئەو هێزەی دەکرد کە لە رێگەی سەروەری خودییەوە وە چنگ دێت،رقی لەو سۆزە بوو کە مرۆڤ لە خواستە سەرەکییەکەی(کە بە گووتەی هیراکلیتۆس تەزکییەی نەفسە) دوور دەخاتەوە،هەروەها دەیگووت"بۆ مرۆڤ باشنییە هەموو ئەوەی دەیهەوێت بەدەستی بهێنێت چونکە ئەمە پێویستی بە گووژمەیەکە بەقەدەر بەهای روح" دواجار هیراکلیتۆس گۆشەگیری هەلبژارد، شاری جێهێشت و رووی کردە چیاکان لە وێ لەسەر رووەک و گیای کێوی ژیانی دەکرد بەم هۆیەشەوە تووشی سک ئاوسان هات(dropsy،استقاو) هەرئەمەش زۆری بۆ هێنا تا بگەرێتەوە شار بەهیوای چاکبوونەوە بۆ ئەم مەبەستەش خۆی لەناو ئاغەڵ دا ناشت تا بە هۆی گەرمی پاشەرۆی ئاژەڵەکانەوە شلەی ناو جەستەی بە هەلم ببێت بە ڵام ئەمە بێسوود بوو تا لە تەمەنی ٦٠ سڵی دا ماڵئاوایی لە ژییان کرد.. بەر لە هیراکلیتۆس دەبینین یۆنان وڵاتێکی ستاتیک و وەستاوە . خوداوەندەکانی ئۆلۆمپی دەستیان بەسەر جیهان دا گرتووە، سرووشت وادەهاتە بەرچاو کە هەمیشەیی و نەگۆر بێت بەواتا گریکییەکان جەوهەری شتەکان و سروشت و بوونیان بە نەگۆر دەدایە پێنووس بەڵام هیراکلیتۆس هات و بە پێچەوانەی ئەم باوەرەوە گووتی"تۆ ناتوانی دوو جار پێ بخەیتە ناو ئاوی هەمان رووبار" بەواتا ئاوی هەمان رووبار لە دوو کاتی جیاوازدا گۆرانی بەسەر دا دیت. ئەو والە هەموو شتێکی دەروانی کە دۆخی جووڵەو رابوون دایە ئەو دەیگووت " سەقامگیری وەهمە" کەواتە جەوهەری حەقیقەت بەدوای یەک داهاتنی بارە راگوزەرییەکانە،ئەو بە خەڵکی دەگووت شتی هەمیشەیی بوونی نییە ،ئەو شتەی ئێستا هەیە لە رابردوو دا نەبووەو لە دهاتووشداهەمان ئەو شتە نابێت.هیراکلیتۆس (ئاگر)ی بەسەرچاوەو بنەرەتی هەموو شتێک دادەنا،ئاگر رەسەنی هەموو ماددەیەکە،بەهۆی ئاگرەوە شتەکان دێنە بوون و لەناو دەچن ئاگر خۆیشی هێمای گۆرانی بەردەوامە چونکە ئاگرە ماددەیەک دەگۆرێت بۆ ماددەیەکی تر بێ ئەوەی ببێتە ماددەکە خۆی.هیراکلیتۆس دەیگووت"ئەم جیهانە ، کەلە دیدەی هەموومان دا یەک شتە،نە مرۆڤ و نە هیچکامێکیش لە خوداکان درووستی کردووە، بەلکو لە رابردوو و ئێستاو لە داهاتووشدا ئاگرێکی هەمیشەیی دەبێت"ئەو وەکو هێزیکی بگۆر سەیری ئاگری دەکرد تا وەکو رەگەزێکی لەنێو بەر،ئەم گۆرانەش لە شتەکاندا هەر بەرێکەوت نییە بەلکو بەرهەمی عەقلی خودایەواتە لۆگۆس(بە گوێرەی هیراکلیتۆس، لۆگۆس ،یاسایەکی خۆیی جیهانە، پرەنسیپکە بە هۆیەوە پرۆسێسی گۆرانکاری و رابوون رێکدەخرێن، بنەمای شاراوەی پشت گۆرانکارییە ئەزەلییەکانی دیاردەکان و پێوەرو مەبەستی سەرجەم هەبووەکانە)کاتێک باسی خوداکان دەکات ، هیراکلیتۆس نە مەبەستی خواکانی گریکە و نە قەوارەیەکی هەبووی کەسی(شخێی،personal) بەڵکو ئەو پێی وابوو خودا لە هەموو روحێک و هەموو شتێکی ماددی دا دەژی لەسە زەوی، رەگەزی ئاگر گوزارشتی خودایە لە هەموو شتێک دا، بۆیە بەهەربارێک سەیری بکەین ئەوا هیراکلیتۆس کەسێکی پانپیستە(پانسیزم:باوەرێکی ئایینی و مێتافیکییە، بە گوێرەی ئەم باوەرە هەموو شتێک خودایەو خودایش هەموو شتێکە، هەبوونی هەر چەشنە خودایەکی کەسی و تەشبیهی رەتدەکاتەوە و باوەرییشی بە خالقییەتی خوا نییە چونکە پێی وایە جیاوازی نییە لە نێوان خالیق ومەخلوق: یەکێتی بوون) یەکێکی تر لەو چەمکانەی هیراکلیتۆس لێیدواوە(یەکێتی دژەکانە) ئەو وەکو ئەناکسیماندەر هاوسەنگی گەردوونی لە ململانێی توخمەکانی ئاو ، ئاگرو هەوا و خاک دادەبینی، یەکێتی دژەکان مانای ئەوەیە دژەکان ناتوانن بە بێ یەکدی بوونیان هەبێت، شەو بێ رۆژ،چاکە بێ خراپەو زستان بێ هاوین بوونیان نییە. ئەو دەیگووت جیهان شتێک نییە جگە لە کارلێکی دژەکان و خوداش خودی دژەکانە، بە بروای هیراکلیتۆس خودا شتێکە هەموو جیهان دەگرێتەوە خودا خۆی لە گۆرانکارییە بەردەوامەکانی سروشت و ناوەرۆکە دژەکان دا مانیفێست دەکات.یەکێکی تر لە فەیلەسوفانی پێش سوکراتی. پارامنیدێسەکە لە ناوچەی ئیلیای باشووری ئیتالیا ژیاوە،شتی زۆر دەربارەی ژیانی نازانرێت بەڵام دەگووترێت کوری (پایرەس)ە،لە بنەمالەیەکی خانەدانە،پارامیندێس یاسایەکی نوێی بۆ شاری ئیلیا دانا کە کاربەدەستە نوێکانی ئیلیا پێویست بوو بەر لەوەی دەست بە ئەرکەکانییان بکەنسوێند بخۆن کە بە پێی ئەو یاسایە بەرێوە دەچن ،پارامیدێس قوتابخانەیەکی فەلسەفی دامەزراند بە ناوی (قوتابخانەی ئیلیایی) کە هەر بەم هۆیەوە ژۆرەتێکی مەزنی پەیدا کرد.دەڵین جارێک پارامیدێس هاورێ لەگەل شاگردەکەی (زینۆ) دەچن بۆ فیستیڤاڵێک لە ئەسینا لەوێ چاویان بە سۆکراتی لاو دەکەوێت هەرچەندە ئەم گێرانەوەیە دڵنییایی ئەوتۆی تێدانییە بەڵام ئەوە هەیە سوکرات و ئەفلاتوون ئەرەستۆ ئیلهامیان لە قوتابخانەی ئیلیایی وەرگرتووە، لەدیدی ئەو دا هەستەکانمان وێنەیەکی هەڵەی جیهانمان پێدەبەخشن لەبری ئەوەی راستییەکانمان پێ بلینهەڵمان دەخەڵەتێنن، هەست کردنی ئێمە بۆ جیهان رەنگدانەوەی راستەقینەی جیهان نییە بەڵکو جیهانی راستەقینە شتێکە لەسەرووی تێگەیشتنەکانمانەوەیە و تەنها لە رێگەی لۆجیکەوە دەتوانین تییبگەین،بەم چەشنە دەبینین بۆ یەکەمجار جیاوازی نێوان عەقل و هەست لە فەلسەفەدا و لە لالەیەن پارامیندێسەوە سەرهەڵدەدات:بەم پێیەجیهانی روکەش جیهانێکی ساختەیەو بەرێگەی هەستەکانەوە خۆی دەنوێنێت هەرچی بوونی حەقیقیە ئەوا تەنها لە رێگەی هزرو ئاوەزەوە دەتوانین پەی پێبەرین بۆیە حەقیقەت شتێکە لە عەقڵ دا حەشاردراوە ئەم روانینەش هەڵوێستێکی بنچینەیی ئایدیالیزمە. جەوهەری رێبازە فەلسەفییەکەی پارامیدێس ئەوەیە کە دەیگووت"تەنها بوونێکی راست (یەک)ە"کە ئەم یەکە دابەشنەکراو نەبینراو رەهایە سەرمەدی و ناکۆتایە لە شوێن-کات دا بەڵام کاتێک دەیگووت (یەک) نە مەبەستی ئەو خودایەیە کە ئایینە ئیبراهیمییەکان وێنای دەکەن و نەئەو براهمانەشە کە کە لە ئایینی هیندۆسی دا هەیە،بەلکو ئەو (یەک)ی وادەبینی کە بوونێکی ماددی هەیە و خاوەنی دووریەکی ناکۆتایە واتە ئەم دێت و هەموو شتێک یەکسان دەکات بە (یەک) ئەو (یەک)ەش گوزارشتی (بوون)ە بە واتا ئەوەی کە هەیە بوونەو نەبوونیش بوونی نییە، کە ئەمەشی لە میانی رامانێکی لۆجیکییەوە وەدەرەنجام هێناوە.ئەو دەیگووت هەستکردن بە جوولەو گۆرانکاری شتێک نییە جگە لە وەهم لەوەش زیاتر دەیگووت ئەو شتەی ئێستا هەیە هەر بووەو هەر دەشبێت چونکە هەردەم دەتونین لەبارەیەوە بدوێین و بیری لێبکەنەوەجەوهەری ئەم ئارگومێنتە ئەوەیە: ئەگەر تۆ بیر لە شتێک بکەیتەوە یاخود لەبارەیەوە بدوێیت ئەو پەیڤەی پەیوەندیدارە بە شتەکە لەراستیدا بوونی هەیەواتە هزر و زمان پێویستییان بە شتگەلێک هەیەلەدەرەوەی خۆیان ئەگینا ناتوانرێت وێنا بکرێن، هەر وەک گووتویەی ووشەکان واتای نەگۆرییان هەیە ئەوەی ئێستا هەن هەر بوون و گۆرانیشییان تێنەکەوتووە،. پارامیندێس لە خستنەرووی ئایدییاکانی دا زۆر روون نییەو سیمبۆلیزم بەرادەیەکی بەچاو ئامادەیی هەیەبۆیە تێگەیشتن لێی تارادەیەک دژوارەمێلیسۆس هاولاتییەکی شاری (سامۆس)ە و هەوادارێ پارامیدێس بوو ٥٠ساڵ دوای مردنی ئەو کتێبێکی دانا کە تییایدا رێبازە فەلسەفییەکەی(پارامیدێس)ی لە شێوەی پەخشانێکی روون دا دارشتەوە کەلەم چەند دەقە وەرگیراوەدا یاسای ناکۆتایی و بەردەوامی (یەک) روون دەکاتەوە"لەبەر ئەوەی هەر شتێک کە دێتە بوون سەرەتای هەیەهەر بەو چەشنەش ئەوەی کە نایەتە بوون دەسپێکی نییە،بەلام ئەوەی ئێستا بوونی هەیە نەهاتۆتە بوون واتە سەرەتای نییەدووبارە ئەوەی کەلەناودەچێت کۆتایی هەیە ، ئەوەیش کەلەناو ناچێت کۆتایی نییە، کەواتە ئەوەی کە هەیە (قابیلی لەناوچوون نییە) ناکۆتایە،بەلام ئەوەی نەسەرەتاو نە کۆتایی هەیە ناکۆتایە. کەواتە ئەوەی کە هەیە ناکۆتایەئەگەر شتێکیش ناکۆتا بێت ئەوا بێ هاوتایە (تاکانەیە)لەبەرئەوەی دوو شت ناتونن لەیەک کات دا ناکۆتا بن بەلکو سنوورێکیان هەیە لەبەرامبەر یەکتریدا کەواتە فرەیی هەبووەکان لە ئارادا نییەکەواتە ئەوەی هەیە تەنها (یەک)ە" سەرسەختترین بەرگریکاری هەڵوێستەکانی پارامنیدێس قوتابییەکی خۆی بوو بە ناوی (زینۆ) کە لەماوەی نێوان ساڵانی ٤٩٠-٤٣٠پ.ز دا ژیاوە، (ئەرەستۆ) بە داهێنەری دیالێکتیک نێوی بردووە، کتێبێکی نوسیوە کە تیایدا نکۆلی لە بوونی جووڵەی فیزیایی دەکات و جیهانی پلورالیستی رەتدەکاتەوە، زینۆ پێی وایە هەستەکان هیچ بیرۆکەیەک نادەنە دەست بۆ تێگەیشتن لە راستەقینە ئەمەشی لە میانەی دیالۆگێکەوە لەگەڵ پرۆتاگۆراس سەلماندووە لەم دیالۆگەدا (زینۆ) دەریدەخات کە چۆن کەوتنەخوارەوەی مشتێک تۆو داروجان دەنگ بەرهەم دێنێت بە هەمان شێوە دەبێت تەنها تۆو داروجانێک دەنگ دروست بکات لەبەرئەوەی رێژە هەیە لە نێوان کێشی تۆوداروناێک تەنانەت لە نێوان هەزاریەکی تۆوداروجانێک و مشتێک تۆو داروجان هەر بەمجۆرە هەمان پەیوەندی لە نێوان دەنگەکاندا شایانی باسە بەڵام ئێمە دەنگەکە نابیستین. زینۆ ئارگیومێنتە فەلسەفییەکانی لە شێوەی پارادۆکس دا خستوەتەروو کە بەهۆیانەوە نێوبانگێکی مەزنی پەیداکردوو،لە هەندێ لەم پارادۆکسانەدا زینۆ هەوڵی سەلماندنی ئەوە دەدات کە جوڵە و گۆرانکاری وەهمن بۆ نمونە دەڵێت ئەگەر راکەرێک بییەوێت ماوەیەکی سەد مەتری لەکاتێکی دیاریکراودا ببرێت ئەوا بۆگەیشتن بە دوایین خاڵ پێویستە زنجیرەیەک یەکەی دووری ببرێت(مەتر، بۆ وێنە) هەریەکە لەم یکانەش دووبارە دابەش دەبن بۆ یەکەی بچوکتر(سم، ملم،...تد) تا لە کۆتایی دا ژمارەیەکی ناکۆتا دووری پەیدا دەبێت، کەواتە راکەرەکە چۆن دەتوانێت ژمارەیەکی ناکۆتا دووری لە ماوەیەکی سنورداردا ببرێت.لە پارادۆکسێکی تر دا زینۆ دەڵێت کاتێک تیرهاوێژێک تیرێک ئاراستەی ئامانجێک دەکات، ئەوا تیرەکە ناجوڵێت چونکە ئەگەر شتێک هەبێت بەناوی بۆشایی، کە هەیە ،ئەوا پێویستە تیرەکە لە هەموو کاتێک داو لەرێگەکەیدا بۆ گەیشتن بەئامانجەکە شوێنێک داگیربکات کە یەکسانە بە قەبارەی تیرەکە بۆ ئەوەیش تیرەکە شوێنێک لە بۆشایی دا داگیر بکات پێویستە لە رێچکەکەیدا لە باری سەقامگیری دا بێت، کەواتە جوڵە وەهمە. ئەو بۆچونەی پارامنیدیس و زینۆ کە جوڵە وەکو نەبوو ئەژمار دەکات لەگەل رامانەکانی ئێمپیدۆکلس کە داکۆکی لە راستەقینەی هەبوونی جوڵە ەکات توشی تێکگیران دەبێت کاتێک لە رێگەی ئارگیومێنتی فەلسەفییەوە هەوڵی دەرخستنی چەوتی بۆچونەکانی ئەوانو راستی بیروراکانی خۆی دەدات. ئێمپیدۆکلس لە بنەمالەیەکی دەولەمەند و بەناوبانگی (ئەکراگاس)ە، لەکەناری باشووری سیسلی لە ساڵی ٤٩٠پ.ز هاتۆتە دنیاوە،زانا و فیزیکزان کەسایەتییەکی رامییاری بوو، زۆرێک لە ئایدییاکانی فیساگۆرس لە کارەکانی ئێمپیدۆکلس دا دەبینرین بە گوێرەی ئێمپیدۆکلس تێکرای بسرووشت لەو چوار جۆر لەو (توخمە بنەرەتییانە)بەدەر نییە کە ئەو بە ئاگر و ئاو وهەواو خاک نێوی دەبردن.بۆ ئەمە لەوانەیە سەرنجی سووتانی داری دابێت کە ئەوەی چرقە چرقی دێت دەرچوونی ئاوەکەیە،ئەوەیش کە بەشێوەی دووکەڵ بەرزدەبێتەوە هەواکەیە،بێگومان ئاگرەکەش بەئاسانی دەبینرێتهەرچی خۆلەمێشەکەیشە ئەوا خاکەکەیە..برواشی وابوو چاوی مرۆڤ وەک هەر شتێکی تر لە چوار توخمی (ئاگر،ئاو،خاک،هەوا)پێک هاتووە هەریەک لەم توخمانەش توخمە بەرامبەرەکەی خۆی لە جیهانی عەینی دا دەبینێت. ئێمپیدۆکلس پێی وایە هەموو شتێک لەسروشت دا بەردەوام لە گۆراندایە بەڵام جەوهەری شتەکان هەرگیز لەنێو ناچێت ئەوەی کە ئێمە پێمان وایە مەرگ یا نەبوونە ئەوا لە راستیدا شوێنگۆرکێ یا شێوەگۆرانی توخمەکانە، بەم پێیە ژیان ئەبەدی و نەمرە، نە لە نەبوونەوە دێتە بوون نە بە مەرگیش کۆتایی دێت چونکە شیاو نییە شتێک لە هیچەوە پەیداببێت یا شتێک کە بوونی هەیە لەناوبچێت واتە کۆتایی بوون عەدەم نییە بەڵکو ئەمە بارێکی راگوزەرییە لەمیانەیەوە بوونێک دەگۆرێت بۆ بوونێکیتر، دەڵێن ئێمپیدۆکلس چەندین معجزە(پەرجوو، دەرئاسا)ی لەرێگەی زانستو جادووەوە ئەنجام داوە، بەلام چلۆنێتی ئەم کارە نازانرێت، خەڵکی باوەریان وابوو کە ئەو دەتوانێت بەسەر باکان دا زاڵ بیت ،باسی ئەوەیش کراوە کە ئەو توانیویەتی ژیان بۆ ژنیک بگەرێنێتەوە کە پێدەچێت بۆ ماوەی مانگێک مردبێت.ئێمپیدۆکلس هەندێ جار وەکو خوا باسی خۆی دەکرد ، خواستی بوون بە خوا ئەوی مەحکومی مەرگ کرد کاتێ خۆی فرێدایە ناو زارکی گرکانی (ئیتنا) بەو هیوایەی هیچ پاشماوەیەک لە جەستەی مردووی بە جێ نەمێنێت بەڵکو خەڵکی وا زەنبکەن ئەو بۆ لای خواکان گەراوەتەوە،ئەمیش هەروەکو هیراکلیتۆس کارە فەلسەفییەکانی خۆی لە شێوەی شعردا نووسیوە. گرنگترین نوسراوەکانی بریتین لە (دەربارەی سروشت)و(پاکبوونەوە)کە بەشێکی زۆریان تا ئێستا ماونەتەوە،ئێمپیدۆکلس گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە جوولەو گۆرانکاری لەراستیدا بوونیان هەیەو هەروەها راستەقینە شتێکی نەگۆرەبەمەش رەوایەتی بەخشییە هەردوو قوتابخانەی (هیراکلیتۆس)و (پارامێنیدێس) ئاوێتەی یەکتری کردن و لە چەمکێک دا کۆی کردنەوەوەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئێمپیدۆکلس بروای وابوو گەردوون لە چوار توخم پێکهاتووە، بەڵام ئەو شتێکی تری خستەسەرو گوتی ئەم توخمانە بەهۆی هێزی (خۆشەویستی)یاخود هارمۆنیا لە یەکتری نزیک دەبنەوەو یەکتری رادەکێشن بەڵام هێزی قین یا ناتەباهێزێکی کەرتکەرەو شتەکان لەیەکتری جیا دەکاتەوە،بە گوێرەی ئێمپیدۆکلس هەموو ماددەیەک بە شێوەیەکی خوولی دەکشێت(فراوان دەبێت) پاشان دێتەوە یەک،لە ژێر هێزی خۆشەویستی دا هەمووشتێک یەکدەگرێت تاوەکو تەنها (یەک)دەمێنیتەوەکە بە گووتەی ئەو (یەک) گۆیەکی چوونیەکی ئیلاهییە،دواتر ئەم گۆیە لە ژێر هێزی قین یاخود شەرلەیەکدی هەڵدەوەشێت و بە زنجیرەیەک قۆناغ جیهان دروست دەبێت تا دەگاتە باری تەواوی هەلوەشان پاشان مێژوو خخۆی پێچەوانە دەکاتەوەئەم سوورە گەردوونیەش بە بێ بوونی دەستپێک کۆتایی بەردەوام دووپات دەبێتەوە گەر سەرنج بدەین دەبینین وێکچونێکی هەستپێکراو هەیە لە نێوان بیرۆکەی (خۆشەویستی و قین)ەکەی ئێمپیدۆکلس و پرنسیپی(یینyin،ویانگ،yang) کە لە فەلسەفەی تاویزم دا هەیە، ئێمپیدۆکلس هەروەکو فیساگۆرس باوەری بە ئاڵوگۆری روح هەبووە لە نێوان مرۆڤ و رووەک و گیانەوەران و بەلایەوە هەموو شتە زیندووەکان لە یەک ئاستی روحی دان هەروەک هانی شێوە ژیانێکی رووەکخۆری داوە چونکە پێیوابوو جەستەی گیانەوەران ژینگەی ئەشکەنجەدانی رووحەکانە، بەگوێرەی ئێمپیدۆکلس ئەوانەی هەوڵی تێگەیشتنی نهێنییەکانی ژیان دەدەن نزیکترینن لە متعالیەوە و روحەکانیشیان بەسوری رەوانگۆرکێ دا گوزەر ناکەن و لە ئاسودەییەکی ئەبەدی دا دەمێننەوە..دەربارەی پەرەسەندنیش قسەی هەبوو ئەو دەیگووت"لەسەردەمەکانی پێش مێژوودا سروشت بوونەوەری سەیرو سەمەرە هێناوەتە بوون ،هەندێ لەوانە سەری بێ مل و قۆڵی بێ شان و چاوی بێ تەوێڵیان هەبووە هەرخۆیشی ناچاری کردوون یا خۆیان لەگەڵ دەوروبەر بگونجێنن یا لە نێو بچن بەلام مانەوە بۆ ئەوانە بووە کە خۆگونجێنترینن(survival of the fittest)، بەم شێوەیە ئەم بوونەوەرە ناتەواوانە بە تێپەربوونی کات بەرەو تەواوکۆیی جەستەیی هەگاو هەڵدێنن دەگەنە پلەی مرۆڤ بوون" لێرەدا دەکرێت بڵیین روانینەکانی ئێمپیدۆکلس بوونە کەرەسەیەکی خاو کە بەهۆیەوە ٢٣٠٠ساڵ دواتر(بیردۆزی پەرەسەندن)لەلایەن چارلز داروینەوە بخرێتەروو. هەروەها ئێمپیدۆکلس بەلایانی کەمەوە نموونەیەکی چەقەهێزی خستۆتەروو، ئەو دەیگووت"ئەگەر پەرداخێک ئاو بە کۆتایی دەزوویەکەوەببەسترێت وبە خێرایی بخولێنرێتەوەئەوا ئاوی ناو پەرداخەکە نارژێت"بەمە دەتوانین بڵێین ئێمپیدۆکلس پێش سەردەمەکەی خۆی کەتووە .ئەو بروای وابوو تریفەی مانگ بەهۆی دانەوەی رووناکییە لەرووی مانگەوە هەروەها دەیگووت کە خۆرگیران بەهۆی تێکگیرانی مانگ و خۆرەوەیەئەوەشی ئاشکرا کرد کە رووناکی بۆ تێپەربوونی پێویستی بەکاتە بەلام ئەم کاتە ئەوەندە کەمە کە ئێمە هەستی پێناکەین .دوای ئیمپیدۆکلس ئەناکساگۆراس دێت لە کلازۆمینیای لە ئاسیای نچوک لە ساڵی ٥٠٠پ.ز لە دایک بووە. زۆربەی تەمەنی لە ئەسینا بەسەربردووە، تێکەلاوی لەگەل ئورپیدس(نوسەری تراجیدی).هەبووە، لەهەردوو جەنگی فارسەکاندا (٤٩٠ و ٤٨٠پ.ز) ئەسینا توانیبووی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت هەربۆیە شکۆی ئەسینا لە ترۆپکی دابوو ،لە ناو یۆنانیش دا خاوەن پایەیەکی مەزن بوو ،لە ژێر سەرکردایەتی پێریکلیس دا ئەسینا بەرەو گەشەو بوژانەوە هەنگاوی هەلهێنا،سەردەمی فەرمانرەوایی ئەو بە چەرخی زێرین دا دەنرێت ئەم دۆخە بۆ ماوەی ٣٠ بەردەوام بوو تا لەساڵی ٤٦٠ پ.ز دا پێریکلس شکستی هێناو کەوت بەهەرەسی فەرمانرەوایەتی پێریکلس ئەناکساگۆراس ناچار بوو ئەسینا بە چیبهێلێت و بەرەو لامپساگۆس بووەوەو لە ترۆد گیرسایەوەتالەوێ و لەساڵی ٤٢٨پ.چ کۆچی دوایی کرد،دەگووترێت ئەناکسگۆراس تەنها یەک کتێبی نووسیوە، ئەناکساگۆراس لەگەڵ ئەو بۆچونەی ئیلیاییەکان کۆک بوو کە دەیگووت ئەوەی کە هەیە نە دێتە بوون و نە دەشفەوتێ لەگەڵ ئێمپیدۆکلسیش دا هاورابوو لەوەدا کە ئەوەی دێتە بوون و لەبەین دەچێت تەنها یەکگرتنو هەلوەشانەوەی توخمە بنەرەتییەکانەبەلام بیرۆکەی قین(شەر) و خۆشەویستی(تەبایی) ی ئێمپیدۆکلسی رەد دەکردەوە چونکە هیچ دەلیلێکی زانستی نەدەبینی کە قسەی لەسەر بکاتئەو وای دەبینی کە هەموو شتێک بەشێوەیەکی ناکۆتا دابەشکراوە، تەنانەت بچوکترین بەشی ماددەش بەشێک لەهەر توخمێک لە خۆ دەگرێت، ئەناکساگۆراس دەیگووت بەفر هەردوو دژ رەنگی (رەش و سپی)تێدایە بەلام دەرکەوتنی بە سپی لەبەر ئەوەیە کە سپی تێیدا زاڵە.هەرشتێک پشکێکی دیاریکراوی لە هەموو شتێک تێدایە،جیاوازییەکان لە فۆرمی ماددەکان دا بەهۆی پشکی جیاوازی توخمە پێکهێنەرەکانە،ئەو دەیگووت"ئەو پرۆسێسەی (کردە)بەهۆیەوە ماددەکان دروست دەبن جیابوونەوەیە، جیهانی ماددی لە ((یەک))ەوە دروست دەبێت کە هەموو شتێک دەگرێتەوەلە رێگەی دابەشبوونی بەردەوامەوە خۆی دەئافرێنێت،بەگوێرەی ئەم، ئەو پرۆسێسە لەلایەن عەقل(ناوس)ەوە کۆنترۆل دەکرێت، ئەناکساگۆراس دەڵێت "ناوس(عەقل) شتێکی ناکۆتاو خۆزاڵە،واتە لەگەل هیچ شتێک تێکەل نابێت بەلکو خۆی تەنها بۆخۆیەتی، پاکترین و باشترین شتێکەزانیاری لەبارەی هەموو شتێکەوە هەیە، هەروەک گەورەترین هێزیشی هەیە،دەتوانێت بەسەر هەرچی شتێک هەیە زاڵ بێت بەسەر گەورەو بچووک،ئەرەستۆ کە ئەویش دانیشتوویەکی ئەسینابوو سەدەیەک دواتر لەبارەی ئەناکساگۆراسەوە نوسیویەتی"جارێک گوێم لە کەسێک بوو کتێبێکی ئەناکساگۆراسی دەخوێندەوە و دەیگووت ئەوە عەقڵە هەموو شتێک رێکدەخاتو بەرپرسە لە هەموو شتێک، ئەم روونکردنەوەیە چێژی پێبەخشیم،شتێکی باشە کە عەقڵ لەهەموو شتێک دا بەپرس بێت، پێم وایە لەم بارەدا عەقل هەموو شتەکان رێکدەخات و بەباشترین شێوە شتەکان لە جێی خۆیدا دادەنێت" ئەناکساگۆراس گەردوونزانیش بوو لەمرووەوە بروای وابوو کە جیهان لەمیانەی جوولەی بەخولی لولەکێکەوە دروستبووە کە لە سەرەتادا هەموو ماددەکان لە ناوەند دا کۆبوونەتەوە دواتر بەهۆی چەقەهێزەوە کە بەهۆی عەقل(ناوس)ەوە دروستبووە شتەکان هاتنە بوون لە رێگەی جیابوونەوەی بارستەکانەوە بۆ تەن و ماددە لە ژماردن نەهاتوەکان، پێناچێت ئەناکساگۆراس ئەم بیرۆکەیەی لە تێبینی کردنی مەجەرە لولەکییەکانی بۆشایی ئاسمانەوە وەرگتبێت چونکە پێکهاتەی ئەمانە ناتوانرێت بەچاوی رووت تێبینی بکرێن،وە یۆنانیەکان تەلەسکۆپیشیان نەبووە، ئێستا دەرکەوتووە گەر بارستایی مەجەرە لە ناوەند دا چرببێتەوەئەوا کونی رەش دروست دەبێت کە هێزی کێشکردنی ئەوندە زۆرە کە رێگە بەهەر شتێک دەدات لێیەوە تێپەر ببێت بەکارەکانی لوسیپۆس و دیمۆکریتۆس فەلسەفەی یۆنانی گەیشتە لوتکە کاتێک پرسی سروشتی حەقیقی ماددە نزیک بۆوە لە تێفکرینێک کە وێکچوونێکی سەرسورهێنەری هەبوو لە گەل تێروانین و دۆزینەوەکانی زانستی کیمیا لەسەدەی بیستەم کە ئەویش خۆی لەچەمکی گەردیلەکان(atoms) دا دەنوێنێت.ساڵی لەدایکبوون و مردنی لوسیپوس دیار نییە، هەندێک دەڵێن وەها ناوێک هەربوونیشی نەبووە، بەڵام پێدەچێت لەسەردەمی ئێمپیدۆکلس و لەدەوروبەری ساڵی٤٤٠پ.ز ژیابێت،رێشی تێدەچی خەڵکی ئیلیا یاخود مێلیتۆس بێت، هەرچی دیمۆکریتۆسە ئەوا قوتابی لوسیپۆسەو لە باکوری یۆنان لە ئابدێرا و لەساڵی ٤٦٠پ.ز هاتۆتە دنیاوە لە تەمەنی ٩٠ ساڵی دا ماڵیاوایی لە ژیان کردووە. کارگەلێکی زۆری لە پاش بەجێماوە کە فەلسەفەکەیی و تیۆرە گەردیلەییەکەی ئەوی بە درێژی تێدا روونکراوەتەوە، دیمۆکریتۆس نزیکەی ٧٠کتێبی نوسیوە کە بەمهۆیەوە ناوی مامۆستاکەی لە شۆرەتی خۆی دا ونکردووە. لوسیپۆس و دیمۆکریتۆس لەهەڵ فەیلەسوفانی پێش خۆیان دا کۆک بوون کە دەیانگووت ناکرێت گۆرانکارییە بەرهەستەکانی سروشت بەهۆی گۆرانی شتێکەوە بێت بۆیە دەیانگووت دەبێت هەمووشتێک لە یەکەیەکی بچوکی نەبینراو و هەمیشەیی نەگۆر پێکهاتبێت، ئەو گریمانەیەی قوتابخانەی ئیلیاییان رەتکردەوە کە دەڵێت"هەموو شتێک هەر یەکە" و بەوەش قایل نەبوون کە جووڵەو گۆرانکاری وەهم بن، ئەوان دەیانگووت سروشتی شتەکان لە ژمارەیەکی ناکۆتا لە وردیلەی ئێجگار بچووک پێکهاتوە کە ئەویش گەردیلە(ئەتۆم)ە.گەردیلەکان لە رووی فیزیاییەوە دابەشنەکراون بەلام لەرووی ئەندازییەوە نا چونکە ئەتۆمەکان گەر دابەشکراو بن ئەوا ناتوانرێت بە یەکەی پێکهێنەری شتەکانی سروشت دابنرێت لەمەش زیاتر، یەکەی پێکهێنەری سروشت دەکرێ ئەبەدی بێت چونکە هیچ شتێک لە هیچەوە نایەت.دیمۆکریتۆس وەها وەسفی ئەتۆمی دەکرد کە قابیلی لەناوچوون نییەو هەروەها پرە واتە هیچ بۆشاییەکی تێدا نییە، بە گوێرەی ئەم دوو ئەتۆمیستە سروشت لە دوو شت پێکدێت ئەوانیش ئەتۆم و بۆشاییە(کە دەوری ئەتۆمەکان دەدات)، لوسیپۆس و دیمۆکریتۆس پێیان وابوو کە چەندین جۆری ئەتۆم هەن کە هەریەکەیان لە شێوەو قەبارەدا جیاوازن هەیانە خرو لوسن هەشیانە نارێکن .هەرچەندە ئەتۆمەکان لە ژمارەدا دەشێت ناکۆتابن بەڵام هەمیشەیین و قابیلی فەوتان نین،هەروەها ئەوەشیان دەرخستبوو کە ئەم ئەتۆمانە لە بۆشاییدا دەسوورێنەوە بەڵام بە پێویستییان نەبینی هۆیەک بۆ جووڵەی ئەتۆمەکان بدۆزنەوە، ئەوان لەو بروایە دا بوون کە جووڵەی ئەتۆمەکان بەشیوەیەکی هەرەمەکییانەیە،ئەتۆمە جووڵاوەکان لە بۆشاییدا بەریەک دەکاون کە لەهەندێ باردا ئەم بەریەککەوەتنە دەبێتە هۆی لادان و لەیەکدی دوورکەوتنەوە لە وێنەی تۆپەکانی بلیارد لە هەندێ باریشدا گەر شێوەی دوو ئەتۆم یا زیاتر هاوگوونجانیان تیادا بوو ئەوا دەچنە ناو یەکەوەو ماددەی نوێ دروست دەکەن.بەم جۆرە دەبینین کە هاوتەریبی لە نێوان ئایدیای دیمۆکریتۆس و فیساگۆرس دا هەیە کە گووتبووی "هەموو شتێک ژمارەیە" چونکە تایبەتمەندییەکانی ئەتۆمێک بە هۆی ژمارەوە وەسف دەکرێت،هەر ماددەیەک وەک کۆبوونەوەی ئەم ژمارانە گوزارشتی لێدەکرێت، بەڵام ئەوە جێگای مشتمرە کە ئایا ئەتۆمیستەکان کێشیان وەکو کوالیتیەکی(جۆرایەتی) ماددە ئەژمار کردوە یانا ، پێدەچێت ئەم لایەنەیان فەرامۆش کردبێت بەلام ئەوە هەیە کە دیمۆکریتۆس گووتوویەتی" تا دابەشنەکراوی زۆرتر بێت ئەوا کێشی ئەم دابەشنەکراوە گرانتر دەبێت" ئەوان دەیانگووت ئاو هەوا ئاگر و خاک سەرچاوەی دروستبوونی گەردوون نین بەلکو ئەمانیش وەک هەر ماددەیەکی تر لە ئەتۆم پێکهاتوون، زانستی سەردەم راستی بۆچوونی ئەتۆمیستەکانی سەلماندووە، دواجارو لەتێروانینە فیزیایی و کیمیاییەکانی سەدەی بیستەمدا چەمکی ئەتۆم شکلی گرت، ئێستا ئێمە ئەتۆم وەکو وردیلەیەکی ماددی دەناسین کە خاوەنی ناوکێکی موجەبە و بەهەورێک لە ئەلیکترۆنی سالب دەورە دراوە هەروەها تەواوی قەبارەی ئەتۆم نزیکەی ٠،١نانۆمەترە. بەڵام سیفەتی دابەشنەکراوی کە پێشتر وەکو ئەدگارێک دەدرایە پال ئەتۆم چیتر وەکو سیفەتێکی ئەتۆم ئەژمار ناکرێت، ئەمرۆ دەرکەوتووە کە کێش ، یا راست تر، بارستایی سیفەتێکی گرنگیئەتۆمە. لەگەل هەموو ئەمانەش دا لوسیپۆس و دیمۆکریتۆس زیاتر لە هەریەکێک لە راستی نزیک بوونەتوە تەنانەت لە هەزارەی دوای خۆیشیان، ئەوان پەرەیان بە روانینێکی تەواو میکانیکی دا دەرهەق بەسروشت کە تیایدا هەموو دیاردە ماددیەکان وەکو بەریەککەوتنی ئەتۆمەکان لێی دەروانرا، تیۆرەکەی دیمۆکریتۆس شوێنێکی بۆ بیرۆکەی ویست و دەستوەردانی خواکان لەکارەکانی جیهان دا نییە. دیمۆکریتۆس پێی وابوو هۆشمەندی یاخود روح بە هۆی جووڵەی ئەتۆمەکان دروست دەبێت کە ئەم هەڵوێتەشی تەواو ماتریاڵیستانەیە. لە کاتێک دا کە باوەری پوچ و خورافە باڵی بەسەر جیهانی روحانیەت دا کێشا بوو ، تیۆرە ئەتۆمیەکەی دیمۆکریتۆس سەیر دەهاتە پێشچاو هەربۆیە رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، لە کاتەدا خەڵکی پەیوەستبوون بە باوەرێکەوە کە ژیان و چارەنووسیان لەلایەن خواکانی ئۆلیمپۆسەوە ئاراستە دەکرێت و بەوە خۆشنود نەبوون کە هەموو شتێک تەنانەت خودی بوونی مرۆڤیش شتێک نین جگە لە بەرهەمی بەریەککەوتنی ئەتۆمەکان، هاوچەرخانی و ئەوانەی دوای ئەویش توانجی ئەوەیان لە دیمۆکریتۆس داوە کە هەموو شتێک بۆ رێکەوت جێدەهێلیت. بۆ وێنە ئەفلاتون،لە هیچ کام لە کارەفەلسەفییەکانی ناوی دیمۆکریتۆسی نەهێناوە تەنانەت دەگوترێت بە ئەندازەیەک قینی لە ئایدیاکانی دیمۆکریتۆس بووە کە ئاواتەخوازبووە کتێبەکانی ئەو بە سووتاوی ببینێت هەرچەندە ئەمە مشتومری لەسەرە کە ئایا ئەم وتانە هی ئەفلاتونن یان نا. فەلسەفەی پێش سوکراتی بە دیمۆکریتۆس کۆتایی دێت. دوای لوسیپۆسو دیمۆکریتۆس فەلسەفە بەشەوەیەکی گشتی بەرەو بابەتەکانی وەک سیاسەت و ئەخلاق دەبێتەوە.
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
Thomas Knerrim, presocratic greek philosophy
Jostien Gaarder, Sophie,s world, a novel about history of philosophy
(Stanford Encyclopedia of Philosophy)
internet encyclopedia of philosophy
Kirk, G.S., Raven, J.E. & Schofield, M., The Presocratic Philosophers (Second Edition), Cambridge University Press, 1983
Giannis Stamatellos, Introduction to Presocratics: A Thematic Approach to Early Greek Philosophy with Key Readings, Wiley-Blackwell, 2012.
Lloyd, G. E. R., Early Greek Science: Thales to Aristotle. New York: Norton, 1970.
ماجد فخری، تاریخ الفلسفە الیونانیە من گالیس إلى أفلوگین (بیروت
موسوعە الفلسفە، الدكتور عبد الرحمن بدوی، المۆسسە العربیە للدراسات والنشر، گ 1 1984
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست