با فیشەك هەر تازە بێت سودى چیە كەچەك كۆن بێت!؟
Saturday, 10/07/2010, 12:00
ئاماژە بەنوسینەكەى براى بەڕێز (سەباح على قارەمان) لەژێر ناوى (نەوشیروان مستەفا خەریكە هەمان بۆیاخى یەكێتى دوبارە دەكاتەوە) بەپێویستم زانى منیش چەند تێبینیەك ئاڕاستەى بەڕێز نەوشیروان مستەفا بكەم ، كەمەبەستم تەنهاو تەنها خزمەت كردنە بەئومێدوخۆزگەكانى خەڵك..بەوئامانجەى لەخەونەكانى خەڵك بپرسمەوە..!
هەروەكو ئاشكرایە دروست بوونى بزوتنەوەى گۆڕان ئاواتى زۆربەى خەڵكى ستەمدیدەو ڕۆشنبیرو ئایندە خوازبوو!! قومە ئاوبوو لەشوێنى چۆڵ ووشكانى !!ئەویش بەحوكمى ئەوەى دروشمەكانى (گۆڕان) زمانحاڵى بەشخوراوو، ڕێ نیشاندەرى سەرگەردانى میللەت بوو..گۆڕان هیوابوو..بەماناى ووشە!! باشترین متمانەبەخشین هەڵبژادنى 25/7 بوو ،كەگۆڕان توانى 25 كورسى بەدەست بهێنێ ، بەڵام زۆر بەداخەوە لەبەر ئەوەى گۆڕان نەیتوانى درێژە بەو متمانەیە بدات ونەیتوانى ئیدامە بەناڕەزایەتى خەڵك بدات (ئەوەى دەیگوت ئەوە نەبوو) هەربۆیە لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى بەغدا گۆڕان دابەزى بۆ 8 كورسى ، ئەمەش ئەوپەڕى زەنگى ئاشكراو مەترسیدارە بۆ بڕیاربەدەستەكانى سەرەوەى بزوتنەوەى گۆڕان (ئەگەر هەستى پێ بكەن!!) چونكە هەتا ئێستاكادیرە هەڵسوڕاوەكانى (باڵى ڕیفۆرم لەناو گۆڕان) دان بەو شكستەى هەڵبژاردنى بەغدا دانانێن و،بیانوى بێ مانا دەهێننەوە ، هۆكارەكەشى ئەوە بوو :
1.گۆڕان هیچ ئامادەكاریەك و تاكتیك وسرودى تازەوهەنگاوى تازەو خەڵكى تازەى ئامادە نەكردبووبۆ هەڵبژاردنى بەغدا.
2.برادەرانى ڕیفۆرم كەپێشتر لەناو یەكێتى باڵادەست بوون و خەڵكیان لەناوچە جیا جیاكان زۆرتوڕەكردبوو،لەهەڵبژادرنى پەرلەمانى كوردستان دەوریان زۆر دیارنەبوو ،چالاكیەكان بەهەماهەنگى و بەهەڕەمەكى(عفوى) بەڕێوەدەچون.. جگە لەوەش بەڵێن بەخەڵك درابوو كە ئەمانە كاتین وخەڵكى تازەو نەوەى نوێ دێتە پێش ، بەڵام بەداخەوە جارێكى تر لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى بەغدا(بەشێوەى نیمچە كودەتاى سپى) دەستیان گرتەوە بەسەر نوسینگەكانى بزوتنەوەى گۆڕان وپەڕوباڵى ئازادى ناو گۆڕانیان كێشاو(هەموو دروشمەكانى گۆڕانیان لێكدانى سفر كردەوە!!) هەربۆیە گۆڕان باجەكەى داو ، پێ دەچێت گۆران باجێكى گەورە تر بدات لەهەڵبژاردنەكانى ئەنجومەنى پارێزگاندا چونكە (باڵى ڕیفۆرم نەوەى نوێ وخەڵكى تازەو خەڵكى لایەنەكانى تریان لەناو گۆڕان بەدەر ناوەوتەنها خەڵكانى ڕیفۆرم لەناو نوسینگەكان ماون!!)
بەڕێز كاك نەوشیروان: تكایە ..تكایە.. داواكارین لەبەڕێزتان لەپێناوى هەناسە بەبەرهێنانەوەى ئومێدى خەڵك بەبزوتنەوەى گۆڕان و..لەپێناوى شكست نەهێنانى گۆڕان لەهەڵبژاردنەكانى ئەنجومەنى پارێزگاكان.. لەپێناوى ئەو بەڵێنانەى بەخەڵك دراوەو ،لەپێناوى ئەوەى گۆڕانیش نەبێتەوە یەكێتى و پارتیەكى تر، داواكارم و تكایە.. بەتكا..ئەم خاڵانە بخوێنە:
1.لەزۆربەى نوسینگەى قەزاو ناحیەكان برادەرانى كۆنى یەكێتى دەستیان بەسەر نوسینگەكاندا گرتووەو، هەر كە ڕۆژانە شتێكى ئاسایى دەبێت ئەوە (3تا4كەس) لەناو قەرەباڵغى جیادەبنەوەو لەژورێك (سرك وكورك ) دەكەن و خەڵك بەجێدەهێڵن وهیچ حسابێك بۆ خەڵكە بێ لایەن و گۆڕانخوازى لایەنەكانى ترو میوانان ناكەن و، ناهێڵن بێنە پێشەوەوبەشدار بن و دەوریان هەبێ ، بەڕاستى بەڕێزتان غەدرێكى گەورە دەكەن تا ئێستا بەنهێنى سەردانى قەزاكانتان نەكردووەو، گوێتان لەناڵەوڕازى هاوڵاتیانى بێلایەن نەگرتووە..!!
2.لەهیچ هەڵبژاردنێكى پەرلەمانى (عیراق و كوردستان) لەقەزاكان حساب بۆ خەڵگى بێ لایەن وخەڵكى لایەنەكان تر كەهاتونە ناوگۆڕان ناكرێت، هەموو ئەوانەى كاندیدى گۆڕانبوون ئەوانەى لەسنورى( كۆیە ، رانیە،قەڵادزێ) دانراون پێشتر یاكەس وكارى شەهیدى یەكێتین ، یا كادیرى دیارى یەكێتى بوون، یا دكتۆربوون لەزانكۆكانى سەلاحەدین و كۆیە و(لەناوزانكۆدا كادیرێكى هەڵسوڕاى یەكێتى بوون) ئەرى بەڕاست گۆڕانیش سەر بەیەكێتیە یا سەربەخۆیە؟؟ ئەگەر سەربەخۆ یە بۆ جاریك خەڵكى تر دانانانێ؟؟؟(هەروەك چۆن حاكم شێخ لەتیف بێلایەن بوو توانى زۆرترین دەنگ بێنێ و دەنگى زیادش بداتە كادریرە ڕیفۆرمەكانى كۆنە یەكێتى!!)
3.هەقى خۆیەتى خەڵك بزانێ ئایا گۆڕان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پاریزگاكانیش دیسان گۆڕان (كاندیدەكانى هەریەكێتى كۆن و، بڕیاربەدەستەكانى نوسینگەى قەزاكان هەریەكێتى كۆنەكان دەبن؟؟) ئەگەر هەروابێت ، بێگومان دەبێت چاوەڕێ ى ئەوەش بین دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان گۆڕان و یەكێتى لەسیناریۆیەكى سەیردا تێكەڵاو ببنەوە یابەرەك پێك بهێنن..لەكاتێكدا ئەو كادیرە ریفۆرمانەى ئیستا لەنوسینگەكان دەستیان بەسەر نوسینگەكانداگرتووەو داگیریان كردوون، هەر ئەو كادیرانە بوو لەساڵەكان نەوەدەكان وسەرەتاى دوو هەزارەكان خەڵكى ئازادیخوازیان زەحمەت دەدا وئیهانە دەكرد، سەیرترلەوە ئێستا هەر ئەوانەلەسەر كورسى نوسینگەكانن وباسى ئازادى بیروڕاو دەستاو دەستى دەسەڵات دەكەن و كەچى بۆخۆیان كادیرێكى سەرەتاین وكورسى چۆڵ ناكەن بۆ نەوەى نوێ ..چۆڵى ناكەن بۆ كەسێكى تر ..توخوا گۆڕان ئاوا دەبێت ؟؟ ئەى توخوا بۆ گلەیى لە مسعودبارزانى و جەلال تالەبانى بكرێت!! هەقمانە بترسین ..زۆریش بترسین.. كێ ناڵى بەیانیەك هەڵدەستین وهەر ئەو كادیرە ڕیفۆرمانە دیسان ڕاوە ئازادى ناكەن!!چونكە گۆڕان وگۆڕانخوازى لەئەنجامى كەڵەكەبونى ئەزمون وڕۆشنبیرى وبڕوابون بە بەرامبەر ومافى مرۆف دەكرێت ، نەك بەكتانى ڕسمى وبڕیارى سەرەوە..نەك بەبریارى گواستنەوە لەحزبێكەوە بۆ حزبێكى تر..!!
4.بەڕاستى هەقمانە بپرسین لەو قسانەى لەناو خەڵك هەیە، گوایە هەموو ئەوكەسانەى لەناو گۆڕان سەركێشى دەكەن، یا ئیلتیزامى تەواوى ناكەن و بەتەواوى تەسلیم نابن وئیرادەى ئازادیان هەیە، گوایەغروریان دەشكێنن و داخیان دەكەن لەڕێگەى ڕاگەیاندنى یەكێتى وپارتى(بەناڕاستەوخۆى تایبەت) ، بۆنمونە:حاكم شێخ لەتیف یەكەم جار كەكاندیدكرا بۆبەغدا بریارى دا بەبێ لایەنى دابەزێت، هەروەك دیتمان و سەلماندى یەكەم دەنگى لەسەر ئاستى هەرێم بەدەست هێنا، بەڵام گۆڕان بۆ ئەوەى حاكم شێخ لەتیف یاخى نەبێت(لەبەردەم خۆیان بچوكى بكەنەوە) لەڕێگەى قوبادى جەلى زادەوەگۆنگەڵیان بۆسازداوە و بەردەوامە..
هەروەها پەرلەمانتار (بورهانى ڕەشەى كوڵە)لەبەر ئەوەى لەوەرگرتنى سەیارەى پەرلەمان بەقسەى سەرۆكى فراكسیونى گۆڕانى نەكردبوو، جگە لەوەش گوایە (بورهان) لەسلیمانى ئیلتزامى وەك پێویست نیەو زۆرتر خەریكى خواردنەوەیە، بۆیە لەڕێگەى (جمال عبدللە) وە هەندیك بەڵگەیانلەسەر بڵاو كردۆتەوەكەزۆر ئاسایین.
.بەڕێز كاك نەوشیروان :
لێرەوە داواكارین چاو بەنوسینگەكانى قەزاكاندا بخشێننەوە ، چونكە دڵنیات دەكەین ئەگەر ئەو دەم وچاوە سەدبارەو نەخوازراوانە لیپرسراووئەندامى نوسینگەكان بن و ،كاندیدەكان هەر كۆنە یەكێتیەكان بن و حساب بۆ توانا نەكرێت، دڵنیابە ئەنجامەكان لەئەنجامى هەڵبژاردنى عێراق خراپتر دەبێت ،دەڵێن بینا یە و هەیكەلى داهاتوى گۆڕان لە قەزاكان تازە دەبن وكلاسیكى نابن ، بەڵام بانەفەركان كلاسیكى نەبن ..لەبیرتان نەچێ ئێوە بەڵێنتان بەخەڵك داوە شێوەو شێوازیكى تازەبن!!بەڵام بافیشەك هەر تازە بێت چەكەكانتان كۆنن!! كادیرەكۆنە یەكێتیەكان قسەكانیان تازەن بەڵام كردارەكانیان كۆنن..یقولون مالایفعلون..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست