كێشەكانى هاوڵاتیان لە راپۆرتێكى مەیدانى شاندى پەرلەمانتارنى فراكسیۆنى گۆڕان بۆ سنورى قەزاى رانیە
Sunday, 28/11/2010, 12:00
"سەرەڕاى تەرخانكردنى بودجە نەكەوتوونەتە بوارى جێبەجێكردن" لەسەردانێكى پەرلەمانتارانى فراكسیۆنى گۆڕان چەندین پرۆژەى وەهمى لە رانیە ئاشكرا دەكەن لە سەردانێكى پەرلەمانتارنى فراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى كوردستان چەندین پرۆژەى وەهمى لە قەزاى رانیە و دەورو بەرى ئاشكرا دەكەن سەرەڕاى تەرخانكدرنى بوودجە بۆیان نەكەوتوونەتە بوارى جێبەجێكرن.
شاندەكەى پەرلەمانتارنى فراكسیۆنى گۆڕان كە پێكهاتبوون لە دكتۆر جەعفەر عەلى و كاردۆ محمد و ڤیان عبدوالرحیم و دكتۆر زانا رەئوف سەنترى قەزا و چەندین لادێان لە سنروى قەزاكە بەسەركردەو ەو كێشە و داواكارى هاوڵاتیانیان لە راپۆرتێك بۆ سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان ئاستە كرد ئاشكراى دەكەن لە سنورەكەدا (117) قوتابخانەى بنەڕەتى هەیە، (20) لەو قوتابخانانە بیناى تایبەت بەخۆیان نییە، (10) قوتابخانەشیان لە خانووى بە كرێدان، (32)یان دوو دەوام و، (26)یان سێ دەوام و، (59)یان یەك دەوامن، یەك دەوامەكانیش بەشى هەرە زۆریان لە گوندەكاندان.
لە سنورەكەدا (25) قوتابخانەى ئامادەیى هەیە، (10) قوتابخانەیان لەوانە بیناى تایبەت بەخۆیان نییە، واتە دوو دەوامن.
هەروەها ساڵانە سنورەكە پێویستى بە زیاتر لە (5) قوتابخانەى (18) پۆلى دەبێت، كەچى لە هەڵمەتى نیشتمانى دروستكردنى قوتابخانەكاندا لە بودجەى ساڵى 2010 ئەم حاڵەتى زۆرى دانیشتوان و فراوانى سنورى پەروەردەكە وەك پێویست لەبەرچاو نەگیراوە.
لە یاداشتەكەى ئەو پەرلەمانتانەى ف لاراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى كوردستان كێشەكانى هاوڵاتیان لە روى خزمەت گوزارى و پەروەردە خراوەتە روو كە بەهۆى نەبوونى خوێندگا چەندین خوێندكار دابڕاون لە پرۆسەى خوێندن، هەر لە راپۆتەكە كێشەى پەیمانگاى هونەرە جوانەكانى رانیە باسكراوە.
ئەمەش دەقى راپۆرتى مەیدانى چوار پەرلەمانتارەكەى فراكسیۆنى گۆڕان
بەڕێز/ سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان
بابەت/ راپۆرتێكى مەیدانى
دەربارەى سەردانى چەند ئەندامێكى پەرلەمانى كوردستان بۆ شارى رانیە
سڵاوو رێز...
رۆژى (5شەممە) 4/11/2010 ئێمە وەك چەند ئەندامێكى پەرلەمانى كوردستان لە فراكسیۆنى گۆڕان، بە مەبەستى ئاگاداربوون لە كاروبارى هاوڵاتیان لە قەزاكەو گوێگرتن لە داواكارىو رەخنەو پێشنیازەكانیان، سەردانى شارى (رانیە)مان كرد. لەو سەردانەدا لە كاتژمێر (9)ى سەر لە بەیانییەوە تا كاتژمێر (2,30)ى دواى نیوەڕۆ هاوڵاتیان و كاسبكاران و پیشەوەرانى ناو بازاڕو چەند گەڕەك و ناوچەیەكى جیا جیامان بەسەر كردەوەو، لە نزیكەوە گوێمان لە رەخنەو سەرنج و داواكارییەكانیان گرت. لە كاتژمێر (3,30 تا 6)ى ئێوارەى هەمانڕۆژیش لە (هۆڵى بۆنەكان) لەگەڵ كەرتێكى بەرفراوانى چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانى قەزاكەو دەوروبەرى كۆبوینەوەو گفتوگۆیەكى كراوەمان ئەنجامدا.
لە ئاكامى سەردانەكەمان و پاش بەسەركردنەوەى قائمقامیەت و چەند فەرمانگەیەكى دیكەى شارەكە و دواى ئەوەى چەند پەیوەندییەكمان بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ بەرپرسانى كارگێڕى ناوچەكە ئەنجامدا، كۆمەڵێك سەرنج و بیرۆكەو پێشنیازمان لەلا گەڵاڵە بوو، كە لەم خاڵانەدا پوختیان دەكەینەوەو، داواكارین لە رێگەى لیژنە پەیوەندیدارەكانى پەرلەمان و ئاگاداركردنەوەى وەزارەت و دامودەزگا حكومییە پەیوەندیدارەكانەوە كار بۆ چارەسەركردنیان بكرێت:
1. پرۆژەى شەقامى (60) مەترى، كە بە شێوەیەكى بازنەیى و بە درێژایى (12)كم چوار دەورى سێنتەرى قەزاى رانیە دادەپۆشێت، لە ساڵى (1995)ەوە لە نەخشەى بنەڕەتى شاردایەو، لە ساڵى (2005)یشەوە بڕیارى دروستكردنى دراوە، بەڵام تا ئێستا بە هۆى تەرخاننەكردنى پارە بۆ پرۆژەكە، نەچۆتە بوارى جێبەجێكردنەوە.
2. پاركى راپەڕین، كە (280) دۆنم زەوى لە دەروازەى شارى رانیە بۆ تەرخانكراوە، یەكێكە لەو پرۆژە ستراتیژیانەى، كە چەندین ساڵە زەوى بۆ دابینكراوە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوى خستنە بوارى جێبەجێكردنى بۆ نەنراوە.
3. بەشێكى هەرە زۆرى گەڕەكە تازەكانى مەركەزى قەزاكە لە خزمەتگوزارى بنەڕەتى وەك (رێگەو بان و ئاوەڕۆ) بێبەشن و بەشێكى دیكەشیان گرفتى كەم ئاویان هەیە، كە سەرجەم ژمارەیان (10) گەڕەكى گەورەى ناو شار دەبێت.
4. پرۆژەى بە دووسایدكردنى ناو بازاڕى رانیە، كە نزیكەى (50) دوكانى هاوڵاتیان و (2) قوتابخانەى بنەڕەتى گەورەى بەردەكەوێت، بیر لەوە بكرێتەوە بەر لە ئەنجامدانى پرۆژەكە ئەو هاوڵاتیانەى، كە بژێوى ژیانیان لەسەر ئەو دوكانانەیە لە جێگەى گونجاوى دیكەدا بە بێ ئەوەى زیان بەر ژیان و گوزەرانیان بكەوێت، دوكانیان بۆ دروست بكرێتەوەو قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەها ئەو (2) قوتابخانەیەش، كە بەر پرۆژەكە دەكەون، پێش دەست پێكردنى پرۆژەكەو بڕیاردانى گواستنەوەیان، شوبَن و جێگەى گونجاویان بۆ دابین بكرێتەوە.
5. لە بەدواداچونمان بۆ كێشەى گەڕەكى نەورۆز (ئەو بەشەى بە ئاوارەكان ناسراوە) بۆمان رونبۆوە، كە پێویستە پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنى نەخشەى ئیفرازى گەڕەكەكە، تا بتوانن (سورەت قەید)یان دەست بكەوێت و دواى ئەوە بەشێوەیەكى یاسایى مامەڵەى تاپۆكردنى زەوى و خانوەكانیان بكەن.
6. لە سەردانێكى پێشترى پەرلەمانتار (د.جەعفەر عەلى) لە 16 ئابى 2010 دا بۆ (پرۆژەى رۆژ سیتى)، كە پرۆژەى دروستكردنى (1835) خانوەو لەلایەن (كۆمپانیاى بەڕێزەوە) لە شارى رانیە ئەنجام دەدرێت، دواى گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتیانى بەشدار بوو بە ئامادەبوونى لایەنى كۆمپانیاى جێبەجێكار، بۆماندەركەوت كە:
أ. بە پێى گرێبەستى نێوان حكومەت و كۆمپانیاى جێبەجێكار، دواى تەواوكردنى بەشێك لە خانوەكان، حكومەت بەرپرسیارە لە گەیاندنى خزمەتگوزارى (رێگەوبان،ئاوو ئاوەڕۆ، كارەبا، قوتابخانەو...هتاد). ئێستا بەشێك لە خانوەكان، كە نزیكەى (100) خانوو دەبن تەواوكراون و ئامادەن تا خاوەنەكانیان وەریانبگرن، بەڵام بەهۆى جێبەجێنەكردنى پرۆژەكانى خزمەتگوزارى لەلایەن حكومەتەوە تا ئێستا هاوڵاتیان نەیانتوانیوە لێیان سودمەند بن. بۆیە هاوڵاتیانى بەشدار بوو لەم پرۆژەیە داوایان دەكرد بە پێى ناوەرۆكى گرێبەستەكە حكومەت بەڵێنەكانى خۆى جێبەجێ بكات.
ب. هاوڵاتیانى بەشدار بوو داواكار بوون، كە حكومەت بەڵێنەكانى خۆى سەبارەت بە درێژكردنەوەى قیستى حكومەت لەسەر بەشداربووان لە (10) ساڵەوە بۆ ماوەى (15) ساڵ جێبەجێ بكات، لە كاتێكدا ئەم بەڵێنە لەلایەن هەدوو كابینەى پێنجەم و شەشەم بە هاوڵاتیان دراوە.
ت. بەشداربووان داواكار بوون حكومەت قیستەكانى خۆى لە بەشداربووان وەرنەگرێتەوە تا ئەو كاتەى تەواوى خزمەتگوزارییەكان بۆ پرۆژەكە دابین دەكات، چونكە لە كاتى ئێستادا ئەگەر بەشداربووان كلیلى ئەو خانووانە وەربگرن، كە تەواو كراون، جگە لەوەى بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزارییەوە ناتوانن بچنە ناویەوە، هەمانكات دەبێ دوو قیست لە یەككاتدا (قیستى حكومەت و كۆمپانیا) بدەن، سەرەڕاى ئەوەى ناتوانن بچنە ناو خانووەكانیان و دەبێ لە خانووى بە كرێ دا بمێننەوە، بەمجۆرە هاوڵاتیان دەبێ لە یەككاتدا دوو قیست و كرێى خانووەكانیشیان بدەن، ئەمەش بارگرانییەكى زۆر دەخاتە سەر شانى بەشدار بووان.
7. هاوڵاتیان لە شێواندنى دیمەنى سروشتى (قولە) ، كە سەرچاوەیەكى گرنگى دابینكردنى ئاوى خواردنەوەى رانیەیەو كەوتۆتە ناوەڕاستى شارەوە نیگەرانن و داوایانكرد شێوەى سروشتى و ئاسایى خۆى پێبدرێتەوەو بكرێتە جێگەیەكى جوان و سەرنج راكێش بۆ شارەكەو بۆ گەشتیارانیش.
8. لە دیدارمان لەگەڵ بەڕێوەبەرى كشتوكاڵى رانیە بۆماندەركەوت، كە:
أ. شارەكە پێویستى بە (فەرمانگەى كەشناسى) هەیەو، چەندین ساڵیشە خوێندكارانى بەشى جوگرافیاى كۆلیجى زانستە مرۆڤایەتیەكان لە رانیە داواى كردنەوەى فەرمانگەیەكى لەمجۆرە دەكەن، كە لەڕوى زانستى و پراكتیكیەوە سودێكى زۆرى بۆیان دەبێت.
ب. ناوچەكە لەروى دابینكردنى كەرەستەى خاوو ئاژەڵدارییەوە زۆر لەبارە بۆ دامەزراندنى كارگەى بەرهەمهێنانى (شیرەمەنى، پێستەخۆشكردن،رستن و چنین) لە رێگەى كەرتى گشتى یان تێكەڵ یان لە رێگەى كەرتى تایبەتەوە.
ت. بیر لەوە بكرێتەوە، كە (فەرمانگەیەكى دروستى ئاژەڵ) لە سنورى قەزاى رانیە دابمەزرێنرێت. شارۆچكەى سەروچاوە، كە دەكەوێتە سنورى كارگێڕى قەزاكە وەك شارەزایان ئاماژەیان پێدا شوێنێكى گونجاوە بۆ ئەم مەبەستە.
9. وەك خاوەن هەنگەڵانەكان ئاماژەیان پێدا، ئێستا هەنگوینى كوردستان وەك بەرهەمێكى خۆماڵى خەریكە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیشدا نرخ و بایەخى ئابورى پەیدادەكات، بۆیە داواكاربوون حكومەت بایەخێكى تایبەت بە خاوەن هەنگەڵانەكان و دابینكردنى پێداویستیەكانیان لە سنورەكە بدات، بە مەبەستى باشتركردنى چۆنیەتى و زیادكردنى بەرهەمەكەو زۆرتركردنى ژمارەى هەنگەڵانەكانیان.
10. لە چاوپێكەوتنماندا لەگەڵ دانیشتوانى (گوندى تیتۆكە)، كە لەگەڵ ناوەندى قەزاى رانیە تێكەڵ بۆتەوە، ئاماژەیان بە چەندین گرفتى بنچینەیى گوندەكەیان كرد، لەوانە: خراپى رێگەى نێوان (تیتۆكە_ رانیە)، كەمى ئاوى خواردنەوە، بچوكى قوتابخانەى گوندەكە، هەروەها داواكاربوون، كە هەوڵبدرێت گوندەكەیان بخرێتە نێو تەسمیمى شارەوە.
11. لەبەرئەوەى عیادەى پزیشكەكان و تاقیگەو دەرمانخانەكان كەوتونەتە سەر شەقامى گشتییەوەو قەرەباڵغیەكى زۆرى لە نێو شەقامەكەدا دروستكردوە، بە جۆرێك كارى زۆرى كردۆتە سەر شێواندنى هاتوچۆى ئاسایى شۆفێران و هاوڵاتیان. بۆیە بەرپرسان و هاوڵاتیانیش دروستكردنى كۆمەڵگەیەكى پزیشكیان لە دەرەوەى شار بۆ چارەسەركردنى ئەم گرفتە بە پێشنیازێَكى گونجاو دەزانى بۆ حكومەت.
12. وەك بەرپرسانى تەندروستى سنورەكە ئاماژەیان پێدا، لەبەرئەوەى خەڵكێكى زۆر لە ناوچە جیاوازەكانى دەرەوەى (قەزاى رانیە) روو دەكەنە نەخۆشخانەكانى ئەم شارە، بۆیە داواكار بوون لە رووى دابینكردنى دەرمان و پێداویستى پزیشكییەوە حیسابێكى جیاوازتر لە قەزاكانى دیكەیان بۆ بكرێت، تەنیا ژمارەى دانیشتوانى قەزاكە بۆ ئەم مەبەستە لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵكو ژمارەى ئەو نەخۆشانە بە پێوەر وەربگرن، كە ساڵانە لە دەرەوەى سنورى كارگێڕى قەزاى رانیەوە روو لە نەخۆشخانەكانى شارەكە دەكەن.
13. لە رووى پەروەردەییەوە، دواى سەردان و گفتوگۆى پێشترى پەرلەمانتار (د.جەعفەر عەلى) لەگەڵ بەرێوەبەرى پەروەردەى رانیە، بۆمان رونبۆوە كە كێشەى زۆر لەمبوارەدا هەیە، وەك:
أ. لە سنورەكەدا (117) قوتابخانەى بنەڕەتى هەیە، (20) لەو قوتابخانانە بیناى تایبەت بەخۆیان نییە، (10) قوتابخانەشیان لە خانووى بە كرێدان، (32)یان دوو دەوام و، (26)یان سێ دەوام و، (59)یان یەك دەوامن، یەك دەوامەكانیش بەشى هەرە زۆریان لە گوندەكاندان.
ب. لە سنورەكەدا (25) قوتابخانەى ئامادەیى هەیە، (10) قوتابخانەیان لەوانە بیناى تایبەت بەخۆیان نییە، واتە دوو دەوامن.
ت. ساڵانە سنورەكە پێویستى بە زیاتر لە (5) قوتابخانەى (18) پۆلى دەبێت، كەچى لە هەڵمەتى نیشتمانى دروستكردنى قوتابخانەكاندا لە بودجەى ساڵى 2010 ئەم حاڵەتى زۆرى دانیشتوان و فراوانى سنورى پەروەردەكە وەك پێویست لەبەرچاو نەگیراوە.
پ. لە سەردانێكى پێشترى پەرلەمانتار (د.جەعفەر عەلى) بۆ سنورى ناحیەى سەركەپكان (قەزاى رانیە) لە رۆژانى (14و15)ى ئابى ئەمساڵدا، یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانى بەشێك لە گوندەكان گرفتى بوارى پەروەردە بوو. بۆ نمونە: دانیشتوانى گوندەكانى (دۆڵە رەقە)، كە ئەم گوندانە لەخۆ دەگرێت: (دەروكە،شەروە،سماكە،سپیاو،تاڵینە) نزیكەى (50) ماڵ دەبن و قوتابخانەكەیان تا پۆلى حەوتى بنەڕەتى تێدایە، لە دواى ئەم پۆلەوە دەبێت بچن بۆ قوتابخانەى گوندى (دارەبەن)، كە زیاتر لە یەك كاتژمێرو نیو لێیانەوە دورە. وەك دانیشتوانى ئەم گوندانە ئاماژەیان پێدا، تەنها لە ساڵى 2009دا زیاتر لە (25) خوێندكار بەم هۆیەوە لە دواى پۆلى حەوتەوە وازیان لە خوێندن هێناوە.
ج. هەر لە سنورى ناحیەى سەركەپكان ، گوندى (مێدیرە) گرفتى نەبونى بنكەى تەندروستیان هەیەو ئاماژەیان بەوەشدا، كە كارەباى گوندەكەیان پێویستى بە بەهێزكردن هەیە
14. لە ئەنجامى سەردان و پەیوەندى پێشترى پەرلەمانتار (د.جەعفەر عەلى) بۆ پەیمانگاكانى (هونەرە جوانەكان، وەرزش، كۆمپیوتەر) لە شارى رانیە، بۆماندەركەوت كە:
أ. پەیمانگاى هونەرە جوانەكان بۆ ساڵى خوێندنى (2000_2001) دامەزراوە، لە ئێستادا نزیكەى (200) خوێندكارى هەیەو تا ئێستاش (5) خولى دەرچوونى خوێندكارانى تەواو كردووە، بەڵام تا ئێستا، واتە دواى نزیكەى (10) ساڵ لە دامەزراندنى بە هەمانشێوەى سەرەتایان لە بیناى كۆنە ئیستیخباراتى سەردەمى بەعس دەوام دەكەن، بیناكەیان هێندەى لە زیندان دەچێت، هێندە لە ناوەندێك ناچێت بۆ خوێندن و فێربوون، تایبەت بۆ پەیمانگایەك كە ناوى (هونەرە جوانەكان) بێت.
ب. پەیمانگاى وەرزشى رانیە بۆ ساڵى خوێندنى (2007_2008) دامەزراوە، لە ئێستادا نزیكەى (230) خوێندكارى هەیە. ئەم پەیمانگایە پێویستى زۆرى بە دروستكردنى بینایەكى تایبەت بە خۆى هەیە بە هەموو ئەو مەرجانەى، كە بۆ پەیمانگایەكى وەرزشى پێویستە، چونكە لە بیناى ئێستایاندا میوانن و جگە لە دەوامى پەیمانگاكە، دوو دەوامى قوتابخانەى بنەڕەتیشى تێدایە، بەم هۆیەشەوە زۆر جار ناتوانن بەشێك لەوانە بنەڕەتیەكانیان بخوێنن.
ت. پەیمانگاى كۆمپیوتەر بۆ ساڵى خوێندنى (2007_2008) دامەزراوە، لە ئێستادا زیاتر لە (200) خوێندكارى هەیە. ئەم پەیمانگایە لە بیناى (قوتابخانەى میدیاى بنەڕەتى) میوانن. قوتابخانە بنەڕەتیەكە خۆیان دوو دەوامن. بەشێكى بیناى قوتابخانەكە بۆ پەیمانگاكە جیا كراوەتەوە، بەڵام ئەم بەشە جیاكراوەش دەوامێك بۆ پەیمانگاكەو دەوامێكیش بۆ قۆناغى چوارەمى (ئامادەیى راپەڕین) تەرخانكراوە.
15. لە سەردانێكى پێشترى پەرلەمانتار (د.جەعفەر عەلى) بۆ شارۆچكەى چوارقورنە، بەرپرسى یەكەى كارگێڕى (ناحیەى چوارقورنە) ئاماژەى بەوەدا كە، یەكێك لە گرفتە بنچینەییەكانى هاوڵاتیانى ناحیەكە مەسەلەى تاپۆیە. لە بەهارى ئەمساڵدا لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنى ئەم گرفتە لە بەڕێوەبەرێتى نەخشەدانانى سەر بە وەزارەتى شارەوانى لە پارێزگاى سلێمانى پێكهێنراوە، ئەم لیژنەیە كێشەى (4 تا 5) لە گەڕەكە كۆنەكانى ناحیەكەى بەرەو چارەسەر بردووە، بەڵام زیاتر لە مانگ و نیوێك دەبێت ئەم لیژنەیە نەگەڕاوەتەوە بۆ ناوچەكە، داوا دەكەن جگە لە زیادكردنى ژمارەى لیژنەكان، پەلەش بكرێت لە گەڕانەوەى لیژنەى پێشووترو دەست بەكاربوونەوەى بە مەبەستى تەواوكردنى كارى یاسایى بۆ ئەو گەڕەكانەى دیكە، كە تا ئێستا گرفتى نەبوونى تاپۆ یەكێك لە كێشە بنەڕەتیەكانیانە.
16. لە دەروازەى (شارۆچكەى چوارقورنە) روبەرى (70) دۆنم زەوى بۆ دروستكردنى پاركێك بە ناوى (پاركى دەروازە) تەرخانكراوەو لەسەر بودجەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دیزاینى بۆ كراوە، بەڵام تا ئێستا جگە لە روبەرێكى زەوى وشك و رووتەن هیچى تر نییە. هاوڵاتیان داواكار بوون حكومەتى هەرێم لە ساڵى 2011دا بودجەى پێویستى بۆ تەرخان بكات و بیخاتە قۆناغى جێبەجێكردنەوە، كە سودى نەك تەنها بۆ شارۆچكەى چوارقورنە، بەڵكو بۆ تەواوى سنورى قەزاى رانیەش دەبێت.
17. بەشێكى زۆر لە گەڕەكەكانى چوارقورنە پێویستیان بە كۆنكرێت كردن هەیەو داواكار بوون حكومەت ئەم كێشەیان بۆ چارەسەر بكات.
18. لە سەردانێكى پێشترى پەرلەمانتار (د.جەعفەر عەلى) بۆ (شارۆچكەى حاجیاوا) لە كۆتایى مانگى ئابى 2010داو بەسەركردنەوەى چەند گەڕەك و گوندو فەرمانگەیەكى حكومى بۆمان دەركەوت، كە:
أ. گەڕەكى فەرمانبەران كێشەى ئاوو ئاوەڕۆو كارەبایان هەیە.
ب. گوندەكانى (پوكەو قوڕەبەرازە) كێشەى خراپى رێگەو نەبوونى بنكەى تەندروستى و ئاوى خواردنەوەیان هەیە. داواكاربوون دامودەزگا حكومیەكان هاوكاریان بن بۆ چارەسەركردنى گرفتەكانیان.
19. لە سەردانێكى پێشترى پەرلەمانتار (د.جەعفەر عەلى) بۆ سنورى (شارۆچكەى سەروچاوە)و (كۆمەڵگەى شكارتە) لە سنورى قەزاى رانیە لە سەرەتاى مانگى ئابى ساڵى 2010دا، هاوڵاتیان داوایانكرد حكومەت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات، كە بە خەڵكى ناوچەكەى داوە، بۆ نمونە: سەبارەت بە پرۆژەى شەقامەكانى شارۆچكەى سەروچاوەو كۆمەڵگەى شكارتە پێیانگوتین: لە مانگى تشرینى یەكەمى ساڵى (2008)ەوە لە سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە داوا لە وەزارەتى شارەوانى كراوە ئەم پرۆژانە دیراسە بكات، لە (14/4/2009)یش لە سەرۆكایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران (فەرمانگەى پلاندانان) بە نوسراوى ژمارە (3341) داوا لە وەزارەتى شارەوانى كراوە بۆ داڕشتنى هەردوو پرۆژە لە پلان و بەرنامەى وەزارەت و ئەنجامدانیان. بەڵام تا ئێستا ئەنجام نەدراون. داواكار بوون حكومەت پەلە بكات لە جێبەجێكردنى بەڵێنەكانى و ئەو واژۆیانەى لەسەر نوسراوى ئەنجامدانى ئەو پرۆژانەى كردووە.
20. پرۆژەى ئاوى دەربەند، كە پرۆژەیەكى ستراتیژیەو لە (13/7/2005)ەوە چۆتە بوارى جێبەجێكردنەوەو ماوەى تەواوكردنى پرۆژەكە تەنها (300) رۆژ بووە، واتە دەبوایە لە بەهارى ساڵى (2006)ەوە تەواو بكرایە، بەڵام تا ئێستا كە كۆتایى ساڵى (2010)یە تەواو نەكراوە. هاوڵاتیان داواكار بوون، كە:
أ. حكومەت چیتر ئەم پرۆژەیە دوا نەخات و پەلە بكات لە تەواوكردنى و دابینكردنى پێداویستییەكانى. بە تەواوكردنى ئەم پرۆژەیە، كە ئاوى خواردنەوە لە (دەربەندى رانیەوە) دەگەیەنێتە (ناوەندى قەزاى رانیە،چوارقورنە، حاجیاوا)، بە گوتەى بەرپرسى فەرمانگەى ئاوى رانیە، گرفتى دابینكردنى ئاوى پێویست بۆ خواردنەوە لە سنورى سێنتەرى قەزاى رانیەو هەردوو ناحیەى (چوارقورنەو حاجیاوا) چارەسەر دەبێت.
ب. لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵى جیدى بدەن بۆ بەستنەوەو تێكەڵكردنى ئاوى پرۆژەكە بە تۆڕى ئاوى سەرەكى سێنتەرى قەزاكەو هەردوو ناحیەى ناوبراو.
ت. وەك ئەندازیارى سەرپەرشتیارى پرۆەكە پێیڕاگەیاندین، بڕیارە تا ناوەڕاستى ساڵى 2011 پرۆژەكە بچێتە قۆناغى تەواوكردنەوە، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە حكومەت و بەرپرسانى ئیدارى ناوچەكە كاربكەن بۆ دابینكردنى كارمەندى شارەزاو پسپۆڕ لە بوارى (ئەلیكترۆنى، میكانیك، كارەبا، بەدالە، كارگێڕى، یاریدەدەرى تاقیگەو پاسەوان و كارگوزارو...هتد). بۆ ئەوەى كە پرۆژەكە هاتە تەواوكردن، بەهۆى نەبوونى كارمەندى شارەزاوە لە كاركردن نەوەستێت.
پ. بیناى تاقیگە بۆ پرۆژەكە دروستكراوە، بەڵام هیچ ئامێرێكى تاقیگەیى بۆ دابین نەكراوە، واتە تەنها بینایەكى رووتەو تەجهیز نەكراوە، كە بێگومان وەك شارەزایان پێیانگوتین تەجهیزكردنى كارێكى ئێجگار پێویستە بۆ پرۆژەكە، چونكە بەهۆى ئەم ئامێرانەوە (كە تا ئێستا دابین نەكراون)، دەتوانرێت پشكنین بۆ رێژەى ترشى و تفتى و رێژەى قوڕو لیتە لە ئاوەكەدا بكرێت، بەمەش سەلامەتى ژیانى هاوڵاتیان دەتوانرێت لەمبارەیەوە بپارێزرێت.
ج. لە شارۆچكەى حاجیاوا ئەو تانكیەى ئاوى پرۆژەكەى پێوە بەستراوەتەوە دەكەوێتە شاخى ماكۆك (كلكەى نەمرود)، هى رۆژگارى پێش راپەڕینى ساڵى (1991)ەو پێویستى بە نوێكردنەوەو پاككردنەوە هەیە.
21. لە ئەنجامى بەدواداچوون و سەردانمان بۆ لاى قائیمقامى قەزاى رانیە، بۆمان دەركەوت كە لە پرۆژە پێشنیازكراوەكانى ساڵى 2010 بۆ سنورەكە تا ئێستا ئەم پرۆژانەى لە خوارەوە ئاماژەیان پێكراوە نەخراونەتە بوارى جێبەجێكردنەوە:
أ. پرۆژەى دروستكردنى نەخۆشخانەى (200) قەرەوێڵەیى لە سێنتەرى قەزاى رانیە، كە گوژمەكەى (13,500,000,000) ملیار دینارەو بۆ ساڵى 2010 بڕى (5,000,000,000) ملیار دینارى بۆ تەرخانكراوە.
ب. پرۆژەى دروستكردنى مۆنۆمێنتى شەهیدانى راپەڕین لە دەروازەى سێنتەرى قەزاى رانیە، كە گوژمەكەى (2,000,000,000) ملیار دینارەو بۆ ساڵى 2010 بڕى (1,500,000,000) ملیارى بۆ تەرخانكراوە.
لەگەڵ رێزى ئەندامانى پەرلەمان:
كاردۆ محەمەد ڤیان عەبدولرەحیم د.زانا رەئوف د.جەعفەر عەلى
25/11/2010
سکرتیرى رۆژنامەوانى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست