ده‌سه‌ڵات و سزای مێگه‌ل
Wednesday, 11/11/2009, 12:00
"پێوه‌ری په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵاتی کوردی و تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردی له رۆشنایی فه‌لسه‌فه‌ی نیچه‌وه"
دو حیزبی سه‌ره‌کی (یهکێتیو پارتی) له کوردستانی باشوردا له رۆژی نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه، واته له ساڵی 1991ه‌وه، به کرداریی ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست. ده‌سه‌ڵات له بڕیار به پاڵپشتی هێزی میلیشیاو پاسه‌وانی حیزبی (که به پێشمه‌رگه ده‌ناسرێن)و به یارمه‌تیی لۆجیستیی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی. ئه‌م دو حیزبه سه‌ره‌کییه له ماوه‌ی هه‌ژده ساڵی رابردودا، له سه‌ره‌تاوه، به پێی پێداویستیی مێژویی‌و به پێی باری ئاساییشیو سه‌ربازیی هه‌رێمایه‌تیی کوردستان‌و ناوچه‌که‌و به ئه‌مری واقع، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و ئیداری‌و دارایی خۆیان به‌سه‌ر تاکی کوردی‌دا سه‌پاندوه.
من لێره‌دا، به مه‌به‌ستی چونه نێو باسه‌که‌وه، له‌م پرسیارانه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م، ئایا ده‌سه‌ڵات چییه؟ بۆچی مرۆڤ ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ؟ چ پاڵنه‌رێک له سروشتی مرۆڤدا هه‌یه، که حه‌ز له‌وه بکا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ، یان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بێ؟ ئایا ههوڵدانو تێکۆشانی که‌سانێ، بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست، بۆ ئه‌وه‌یه، که بیانه‌وێ له باوه‌ڕێکه‌وه خزمه‌ت پێشکه‌شی مرۆڤه تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یان بکه‌ن؟ یان ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ غه‌ریزه‌یه‌کی تێدایه، وه‌کو به‌شێ له غه‌ریزه‌کانی‌تری، وه‌ک: غه‌ریزه‌ی مانه‌وه بۆ ژیان‌و غه‌ریزه‌ی هێزو غه‌ریزه‌ی تێربون له خۆراک‌و غه‌ریزه‌ی سێکس‌و لهزهتو غه‌ریزه‌ی ترس‌و مردن‌و.. هتد؟
فرێدریک نیتچه ده‌ڵێ: "هه‌وڵدان بۆ ده‌سه‌ڵات زیاتر هیچیتر نییه له‌وه‌ی، که مرۆڤ ده‌یه‌وێ هێزی خۆی به‌سه‌ر تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یدا بسه‌پێنێ." نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو ده‌ڵێ: "سه‌ره‌کیترین بنچینه‌و پاڵنه‌ر له ره‌فتارکردنی مرۆڤدا ئه‌و غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌یه، که له سه‌روی هه‌مو غهریزهکانیترهوهیه." ده‌ڵێ: "مرۆڤ ئه‌و کاته ئه‌و غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ی تێردهبێو داده‌مرکێته‌وه، که گه‌یشتبێته پله‌ی (سوپه‌رمانی). کاتێ، که ده‌گاته ئه‌و ترۆپکه، ئه‌وجا هه‌مو غه‌ریزه‌کانی‌تری ده‌که‌ونه ژێر سێبه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی بۆی دێته ده‌ست." واته ئیتر به ئاسانی هێزی ده‌بێ، سامانی ده‌بێ، خۆراکی ده‌بێ، سێکسی ده‌بێ، ترسی نامێنێ‌و واش بیرده‌کاته‌وه، که مردن بۆ تاکه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و بن‌و بۆ خۆی نه‌بێ." ده‌سه‌ڵاتدار، کاتێ، که له قۆناغی ئه‌وه‌دا ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی نه‌گرتبێته ده‌ست، ئازادی بۆ هه‌مو تاکه بنده‌سته‌کان به ره‌وا ده‌زانێ، به‌ڵام، که گه‌یشته ئه‌و قۆناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ئیتر ئازادی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، که هه‌ر بۆ خودی خۆی بێ‌و (تاک)یش، به واتای (مێگه‌ل) له‌ژێر په‌یڕه‌وی فرمانی بێ‌و له سنوری ئه‌و یاسایانه‌ی، که بۆی داده‌نێ ده‌رنه‌چێ، ئه‌گینا بۆی ده‌بێ به هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌و گوناهو به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵه‌و گوناهانه‌ی ده‌یانکا ده‌که‌وێته به‌ر لێپرسینه‌وه‌و سزا، ئه‌رکی سه‌رشانی تاک ئه‌وه ده‌بێ ، که پابه‌ند بێ به‌و یاسایانه‌وه، که ده‌سه‌ڵات بۆی دیار ده‌کا. به‌رامبه‌ر به‌و ئه‌رکانه‌ی، که له‌سه‌ر ئه‌ستۆی مرۆڤی تاکه له نێو کۆمه‌ڵدا، که ده‌یکا، پاداشته‌کانی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ئه‌وه ده‌بێ، که به‌و هێزه‌ی له‌به‌رده‌ستیایه‌تی، که به حکومه‌تی مێگه‌ل ده‌یکا، ئه‌وه‌یه ئاساییش‌و بژێویی ژیانی بۆ دابین بکا. بۆ نمونه: تاک، که هه‌ڵه‌ی کرد ده‌بێ به سزا بگا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باری ئاساییش‌و بژێویی کۆمه‌ڵ تێکده‌دا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدار، که هه‌ڵه‌ی کرد، سزا نایگرێته‌وه، چونکه هێزی هه‌یه‌و ده‌زانێ مرۆڤی تاک بێ هێزه‌و توانای نییه ئه‌و هێزو شه‌رعیه‌ته‌ی بۆ هاتۆته ده‌ست، تا به خوێن ڕشتن نهبێو دروستکردنی توندوتیژی نه‌بێ، واته به دروستکردنی باری نائاساییشیو مه‌ترسی نه‌بێ، لێی ناسه‌ندرێته‌وه، چونکه ده‌شزانێ، که مرۆڤی تاک (هه‌مو کاتێ)، له‌پێناو مانه‌وه‌ی له ژیاندا‌و له حه‌زنه‌کردنی له مردن‌و له‌به‌ر دابینکردنی غه‌ریزه‌کانی‌تری، جگه له غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر چی بیریشی لێبکاته‌وه، به‌ڵام ناتوانێ خۆی بکا به (دوژمن)ی ده‌سه‌ڵات، یان خۆی یاخی بکاو یان رێگای هه‌ڵاتن بگرێته به‌ر، یان شۆڕش بکا.
هه‌ڵبه‌ت له مێژودا، هه‌ر له کۆنه‌وه چه‌ند شێوازێ له ململانێی نێوان (پاشا‌و ره‌عیه‌ت)، (ئاغا‌و کۆیله)، (دهوڵهتو جه‌ماوه‌ر) تاقیبۆنهتهوه. له‌و تاقیبونهوانهدا (ده‌ربارو دهستو پێوه‌ند، کوێخاو میرزا، کارمه‌ندانی دام‌و ده‌زگاکانی حکومه‌تی مێگه‌ل)، هه‌مو ئه‌مانه، وه‌ک ئامڕازی نێوه‌ند له‌و شێوازی ململانێیانه‌دا به‌کارهاتون.
له سه‌رده‌مانی کۆمه‌ڵگای کۆنی ئهفسانهییو قاره‌مانێتیدا، مرۆڤه‌کان (تیمۆس)یان ویستوه. تیمۆس به واتای ئه‌وه دێ، که مرۆڤه‌کان له کۆندا لاسایی ئه‌و نیمچه خوداوهندانهیان کردۆته‌وه، که له کولتوری ئه‌فسانه‌ییاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌و لاساییهیان ئه‌وه بوه، که له بریی ئازادی، (تیمۆس)یان خواستوه.
(تیمۆس) له زمانی گریکه‌کاندا به واتای (که‌رامه‌ت) هاتوه. که‌رامه‌ت بۆ ئه‌وان گرنگتر بوه له ئازادی. ئه‌و سه‌رده‌مانه مرۆڤه‌کان قاره‌مان بون، هه‌میشه له زۆراندا بون. له‌به‌ر ئه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی قاره‌مانی بنوێنن، له ته‌مه‌نی گه‌نجییاندا، له زۆراندا کوژراون. ته‌مه‌نیان درێژ نه‌بوه. قاره‌مان بون، به‌ڵام له هه‌مان کاتێشدا کۆیله بون. له‌و پێشمه‌رگانه چون، که له مێژوی شۆڕشی چه‌کداریی ئێمه‌دا به خواستی خۆیان ئه‌و رێگه سه‌خته‌یان هه‌ڵبژاردوه‌و له ملمانێ له گه‌ڵ رژێمدا روبه‌ڕوی مردن بونه‌ته‌وه، زۆریان به گه‌نجێ شه‌هید بون، یان له شه‌ڕی پێشمه‌رگایه‌تی، یاخود له ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندان‌و له سێداره. رێگای (یان کوردستان، یان نه‌مان)یان هه‌ڵده‌بژارد. به واتایهکیتر، تاکی کورد له قۆناغی شۆڕشی پێشمه‌رگایه‌تیدا بیرکردنه‌وی (تیمۆسیانه)ی هه‌بوه، ئازایه‌تیی خواستوه، به واتا قاره‌مانیه‌تییه تیمۆسییهکه، نه‌ک ئازادی به‌و واتا سه‌رده‌مییه‌که‌ی ئێستا. بیرکردنه‌وه‌ی بۆ ئازادی له‌و بیرکردنه‌وه (سپارتاکۆسییانه) چوه، که له کتێبی چیرۆکی سه‌رده‌می رۆمانه‌کاندا ده‌یخوێنینه‌وه.
له دوای ئه‌و قۆناغه‌وه قۆناغێکی‌تر له ململانێی نێوان دهسهڵاتو مرۆڤی تاک هاتۆته کایه‌وه، که ئه‌ویش قۆناغی سه‌رده‌مه‌کانی نێوه‌ڕاست بوه، که تیایدا مرۆڤی هه‌ڵه‌کار، یان گوناهکار، سزاکه‌ی به پێی شه‌رعی ئاسمانی، یان خودایی بوه‌و جێبه‌جێکاری ئه‌و سزایه پاشای ده‌سه‌ڵاتدار بوه. له‌و قۆناغه‌دا مرۆڤی تاک، که هه‌ڵه‌و گوناهی کردوه، نه‌خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، به واتایهکیتر ناوی دوژمنی ده‌ره‌کیی له دژی ده‌سه‌ڵاتدار لێ نه‌نراوه. له‌به‌ر ئه‌وه سزادانه‌که‌ی هه‌ر له نێو کۆمه‌ڵگاکه‌دا بوه‌و هه‌ر به ئامڕازی (مێگه‌ل)یش جێبه‌جێکراوه. ئه‌م شێوازه له قۆناغی سه‌رده‌می ئاوهزگهراییو روناکگهراییو رێنیسانسه‌وه، به تایبه‌تی له ئه‌وروپای رۆژئاوادا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه. زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی نوێی ئه‌وروپای رۆژئاوا، به گشتی، خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م لایه‌نه ئاوه‌زگه‌راییه هه‌یه، که تازهگهراییان لێوه خوڵقاند. خوێندنه‌وه‌کانیان بۆ کێشه‌ی نێوان دهسهڵاتو تاک زۆر بابه‌تییانه گرتوه؛ ئایینی، مۆڕاڵی، زانستی، ده‌رونی، لۆجیکی، زمانی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، رامیاری‌و زۆر لایهنیتریش.
له‌م قۆناغه‌دا پێوه‌ری په‌یوه‌ندیی نێوان دهسهڵاتو مرۆڤی تاک، به تایبه‌تی له دوای هه‌ردو جه‌نگی جیهانیی یهکهمو دوه‌مه‌وه، شێوازێکی نوێی وه‌رگرتوه، که ده‌توانین بڵێین شێوازی دیمۆکڕاسییه. واته شێوازی دروستبونی نوێنه‌رایه‌تییه (په‌رله‌مانییه) بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان دهسهڵاتو مرۆڤی تاک. له‌م شێوازه دیمۆکراسییه‌دا بیرۆکه‌ی سزادانی مرۆڤی تاکی هه‌ڵه‌کارو گوناهکار گۆڕاوه به‌وه‌ی، که ده‌سه‌ڵات ده‌بێ هه‌ر مرۆڤێکی تاک به‌و جۆره پێوانه بکا، که ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له‌و یاسایانه بکا، که بۆی داده‌نێ، به پێی ده‌ستوری وڵاته‌که‌و به پێی بنه‌مای مافی مرۆڤایه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێ. به‌ڵام ئێستا له‌م شێوازه دیموکراسییه په‌رله‌مانییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردی‌دا، بیرۆکه‌ی سزادانی مرۆڤی تاکی هه‌ڵه‌کارو گوناهکار بۆته ئه‌وه‌ی ده‌بێته دوژمنێکی ده‌ره‌کی، یان به هه‌ڵگری ئایدیۆلۆجیهتو بیر‌و باوه‌ڕێکی (نامۆیی) له قه‌ڵه‌م ده‌درێ. مرۆڤی تاکی کورد کرۆکی ناسنامه‌ی شۆڕشگێڕیی به ته‌واوی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه. بۆ نمونه، ئیمڕۆ پێوه‌ری دو حیزبی ده‌سه‌ڵات بۆ مرۆڤی تاکی کورد ئه‌مه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیریش بکاته‌وه ببێته ئۆپۆزیسیۆن، به نه‌یار ده‌ژمێردرێ. به‌ڵێ، له کاتێکدا ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه به نه‌یار ناژمێردرێ، که هیچ ره‌خنه‌و گلهییو گازنده‌یه‌کی به‌رامبه‌ر به هیچ شتێکی ده‌سه‌ڵات نه‌بێ. به واتایهکیتر، ئه‌و کاته مرۆڤی تاک، وه‌ک ئۆپزیسیۆن له لای ده‌سه‌ڵات په‌سه‌نده، که هه‌ڵه‌و گوناهه‌کانی ده‌سه‌ڵات به درێژایی مێژوی ده‌سه‌ڵاتی، به راست‌و چاک بزانێ. ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێ بیر له گۆڕان نه‌کاته‌وه، چونکه ده‌سه‌ڵات به‌رنامه‌ی چاکسازیی‌و پاکسازیی (الاسلاح والتگهیر) داڕشتوه‌و کردویه‌تی به به‌رنامه‌و پلان. ده‌سه‌ڵات، که بیر له چاکسازی‌و پاکسازی ده‌کاته‌وه، له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه، که تاکو مێگه‌لی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ی نهخۆشنو پێویستیان به چاره‌سه‌ر هه‌یه، یان پێویستیان به‌وه هه‌یه نه‌خۆشییه‌که‌یان ئابڵۆقه بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شه‌نه نه‌کاو زیان به باری ئاساییش‌و ئارامی‌و بژێویی ژیانی خۆی‌و مێگه‌له‌که‌ی نه‌گه‌یه‌نێ. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه له چاکسازی‌و پاکسازییه، مێژوی له‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتی سه‌ده نێوه‌ڕاسته تاریکه‌کانی ئه‌وروپای رۆژئاواوه سه‌ریهه‌ڵداوه، که بزوتنه‌وه‌ی ئاوهزگهراییو روناکگهراییو رێنیسانس‌و پاشان نهێڵیزمی نیچه‌یی چه‌ند سه‌ده‌یه‌که خستویانه‌ته چاڵی مێژوه‌وه. به‌ڵام دیاره ده‌سه‌ڵاتی کوردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ مێژو بیری فه‌لسه‌فی هێنده هه‌ژارو لاوازه، قۆناغی فیکری‌و سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیمڕۆی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌و بیری چاکسازی‌و پاکسازییه پێوانه‌یه ده‌کا، که له مێژه لای کۆمه‌ڵگا شارستانییه‌کاندا نه‌ماوه‌و به‌سه‌رچوه.
من لێره‌دا نمونه‌م ئه‌م پرسیاره‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی، که ئیمڕۆ له چ وڵاتێکی شارستاینیدا حیزبێ ده‌ناسێ، چ له سه‌ر ده‌سه‌ڵات بێ‌و چ له ئۆپۆزیسیۆن بێ، به‌رنامه‌و پڕۆژه‌و پلانی حیزبه‌که‌ی له دوایین (پلنیۆم)ی‌دا ئه‌وه بێ، که چاکسازی‌و پاکسازی له نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یدا بکا. بێگومان نایناسێ، چونکه بونی نه‌ماوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بونی نه‌ماوه، چونکه بیرکرنه‌وه‌ی حیزبی له وڵاتی شارستانیدا بیر له چاکسازی‌و پاکسازی، به هه‌ر واتا‌و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێ بێ، ناکاته‌وه، به شه‌رمی ده‌زانێ هه‌نگاری بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست، به‌ڵکو له بریی ئه‌وه، بیر له‌وه ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر مرۆڤه تاکه‌کانی ئازادییان که‌مه، ئازادییان زیاتر بۆ دابین بکا. بڕوام وایه دهمارگیرترینو توندڕه‌وترین پارت له وڵاتێکی شارستانی، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌بێ، به‌ڕێزه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌و ئه‌ندامی به پێی ژماره‌ی ده‌نگی خۆی کورسیی له په‌رله‌ماندا هه‌یه‌و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات به نه‌یاری نازانێ، یان به نه‌خۆشی سایکۆلۆجی نازانێ، که بیر له چاری چاکسازی‌و پاکسازیی بۆ بکاته‌وه‌و چالاکی‌و به‌رنامه‌ی پارته‌که‌ی بۆ ئه‌وه بێ ئۆپۆزیسیۆنه‌که‌ی جارێ بکا به به‌کرێگیراوی بێگانه‌و جارێ به نه‌یارو جارێ به نه‌خۆشی ده‌رونی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست