هەڵبژاردنهکانی 29ی مارس ئامەد دەكاتە پێشەنگی رۆژهەڵاتی ناوین -
Monday, 16/03/2009, 12:00
وابڕیارە لە 29ی ئەم مانگە لەباكووری كوردستان و توركیا هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەستپێبكات، حكومەت و دەوڵەت و پارتەكانی دەرەوەی دەتەپە وەكو هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازی دەبینن، هەموو هەوڵوتوانای خۆیان لەو پێناوەدا خستۆتە گەڕ، ئەو هەڵبژاردنە بۆچی بۆ توركیا ئەوەندە گرنگە و چارەنووسسازە؟ ئاشكرایە كە ئەو حكومەت و دەوڵەت و پارتانە هەموو لەسەر بنەمای ئینكاری گەلی كورد بەرێوە دەچن و وایان نیشانی ئیسرائیل و ئەمریكا و ئینگلتەرا داوە كە ئەوان لە كوردستان باڵادەستن و هەموو بەڵگەیەكێشیان ئەو 75 پەرڵەمانتارە كوردەی نێو ئاكەپەیە، لەبەر ئەوە ئاكەپە و حكومەتەكەی دەیانەوێت ئەو سیاسەتەی خۆیان بەردەوام بكەن. لە راستیدا سیاسەتەكەشیان فرۆشتنی كوردستانی باكوورە بۆ ئەو زلهێزانە. بەڵام ئەوەی بەپراتیك لەبەرچاوانە هێزێكی دیكەش هەیە لەكوردستاندا بە رێكخستن و توانایەكی زۆرەوە ركابەرایەتی حكومەت و دەوڵەت و ئارتەشیش دەكات و لەلایەن گەلەوە پێشوازییەكی زۆری بۆ دەكرێت و رۆژانە بەهێز دەبێت. لەبەرئەوە ئاكەپە باش دەزانێت بەسەر كەوتنی دەتەپە سیاسەتی خۆی حكومەتەكەی و هاوكارەكانی لەكوردستان كۆتایی دێت. ئەو هەموو هەوڵەی بۆ رزگاركردنی خۆیەتی، لەراستیدا 29ی ئەو مانگە لەهەمانكاتدا بڕیاری مردنی دەسەڵاتی زۆڵم و چەوسانەوەیە لەباكووری كوردستان.
هەموومان باش دەزانین كە حكومەتەكەی ئاكەپە چۆن بەهێزی پۆلیسەكانی دەستی منداڵی كورد دەشكێنێت و ژن و دایكی كورد دەداتە بەر شەق و دەرگای ماڵان دەشكێنێت و سووكایەتی بەگەلەكەمان دەكات، ئاكەپە تەنها كەسێكی كورتە باڵای كەچەڵی وەك قوتبەدین پالێۆراوی شارەوانی ئاكەپە بۆ دیاربەكر بەحوكمداری گەلی كورد رەوا دەبینێت و دەڵێت: سەیری باڵای مەكەن ئەوە وەكو ئەتۆمە. لەكوردستاندا هەموو هەوڵیان ئەوەیە كە لەسەر سندوقەكان ساختەكاری بكەن و بۆ ئەو مەبەستە ئارتەشی توركیاش رەزامەندی نیشانداوە. باس 6 ملیۆن دەنگی ساختە دەكرێت؟!!
سەركەوتنی دەتەپە ئاشتی و ئارامی و چارەسەری كێشەی كورد پێشدەخات، ئەمە تێڕوانێنیكی میللیگەراییانە نییە، ئەو زۆڵمەی حكومەتەیەك لەدوای یەكەكانی توركیا لەكورد كردۆیانە لەمێژوودا وێنەی نەبووە. هەوڵدانی كۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە گەورەترین تێكۆشانی دیموكراتییە، لەهەمان كاتدا راست ناساندنی گەلی كورد بەهێز و توانای خۆیەوە، ئەگەر ئەو یادەوەرییانەی لەم دوایەدا وەكو 8ی مارس و میتینگەكانی دەتەپە بێنێتە پێش چاومان. زۆرینەی ئەوانەی كە چالاكانە كار دەكەن و تێكۆشان دەكەن ژنن، لەهەر میتینگێكدا بەدەیان هەزار ژن پێشەنگایەتی دەكەن، دەوڵەت بەهەموو هێزی خۆیەوە ناتوانێت پێشیان لێبگرێت، شەو و رۆژ لەنێو كاردان وشیارانە هەڵسوكەوت دەكەن. بۆ جاری یەكەمە هێندە ژن لەرۆژهەڵاتی ناویندا بكەوێتە نێو تێكۆشانی دیموكراتییەوە، ئەنجامی ئەو تێكۆشانەیە كە باوەڕی و مەعنەویات گەڕاوەتەوە ناوگەل و گەل سەركەوتنی كارەكانی خۆی بینیووە.
ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، پوچەڵكردنەوەی سیاسەتی بەجاش كردنی كۆمەڵگای كوردی و پارچەكردن و نەخۆشكردنییەتی. هەروەها لەبری ئەوە دیكاتە رێكخستنی و دەیكاتە خاوەن هێزی خۆی، لە بێ ناسنامەیی و بێكاری و سوكایەتی پێكردن دەریدەخات ستاتۆیەكی جیاوازی دەداتێ.
ئەوهەڵبژاردنە بۆ گەلی كورد و بۆ دیموكراسیش گرنگە نموونە و شێوازێكی دیكەی تێكۆشانی دەكاتە موڵكی كورد و ئەمەش رۆڵی زۆری لەدیموكراتیزە كردنی گەلانی ناوچەكەشدا هەیە. لەهەمانكاتدا سەلماندنی ئایدئۆلۆژیای رێبەر ئاپۆیە كەچەندە توانا و هێز پێشكەشی گەلان دەكات. دەسەڵاتێكی وەكو دەوڵەتی توركیاش بەهەموو هێزو توانای خۆیەوە ناتوانێت پێش لە پێشكەوتنەكانی بگرێت. ئەمەش باوەڕی لەنێو گەلاندا پێش دەخات. سیستەمی خۆبەرێوەبردنی گەلان بەپشت بەستنی بەهێزی خۆی دەردەكەوێتە پێش
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست