کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئەو مرۆڤانەی هەمیشە بە مەزنی دەمێننەوە

Monday, 31/08/2015, 9:42


شەهید جەلالی حەمەی محە.... پێشمەرگەی دێرین بەختیاری حەمەی محە
ئەو ڕۆژگارانە تێپەڕین و ناینەوە..! ڕۆژە سەوزەکان،  ڕۆژانی سور.. ئەو رۆژانەی پیاوە نەمرەکان بۆ تێپەڕبوون بەناو ئاگر و ئاسندا یارییان بە مردن دەکرد. ئەو ڕۆژانە ڕۆشتن و نایەنەوە، کە پڕاوپڕبوون لە مهرەبانی.
 ئەو ڕۆژانەی کانی و ڕەز و پێشمەرگایەتی دەست لەملان پێکەوە بەرەو ئاسۆ دەیانڕوانی، ئەو ڕۆژانەی خۆشەویستی کورتکراوەی هەموو ساتەکان بوو و ساتەکانیش ئاوێنەی پێکەوە ژیان، خۆشەویستی، فیداکاری و جەوامێری بوون، ئەو ڕۆژانەی فرمێسک و پێکەنین ئاوێزانی یەکتری بوون و ئابڕو لەم وارەی ئێمەدا، گووڵاڵە ئاسا ڕووسوور دەگەشایەوە.
 ئەو ڕۆژانەی مرۆڤە مەزنەکان وەک شەهید جەلال و پێشمەرگەی ڕۆژانی مەردی و جەسارەت بەختیاری حەمەی محە لە قوتابخانەی ئەزموونی خۆیاندا ئێمەیان فێری وانەی کوردایەتی و نەبەردی دەکرد و ئێمەش لە ناو کاروانی هێز و توانای ئەواندا بەرەو ئاسۆ هەنگاومان دەنا.
 ئەو ڕۆژانەی داربەڕووی سەر ڕیگاکان و تاشەبەردی چیاکان و تەنانەت ئەستێرەکانیش ئێرەییان بە هەنگاوەکانیان دەبرد. ئێستاش ئێمە ماوینەتەوە و یادی ئەو ڕۆژانە دەکەینەوە، کە رووناکیەکەی وەکوو ڕووناکی خۆرە و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەیان بە بەرزی چیاکانی کوردستانەوە بەرز و بلند ماونەتەوە.
هەنووکە پەنا بۆ ساتە دروشاوەکانی ڕابردوو دەبەم و لە سەر لوتکەی خەیاڵ هەڵوێستەیەک دەکەم، بەناو دۆڵ و نشێوی سەر بە تەمی ئەو ڕۆژانەدا دەڕوانم کە یەک لە دوای یەک خۆیان دەگەیانە چیاکان  و منیش هێدی هێدی ئەزموونی ئەو ڕۆژانەی گیشتبوونە لوتکە، دەچنمەوە و بۆ ئەوەی گیانفیدایی  مەردانی مەرد، شەهید جەلالی حەمەی محە و پێشمەرگەی ڕۆژە سختەکان بەختیاری حەمەی محە وەکوو سرودێکی نیشتیمانی بەناو دەشتودەری  وڵاتدا بزرنگێتەوە و بە زوڵاڵی بگاتە گوێی بەرزترین لووتکەی ڕامانی پاک و گفتاری پاک و کرداری پاک، تا لە دەنگدانەوەیەکی هەمیشەییدا داهاتووەکانیش بیبیستنەوە و بیخوێننەوە و لێی تێبگەن و لە تەکیا بژین و بزانن چی لەم نیشتیمانە دێرینەدا روویداوە و ڕوودەدا و چۆن وڵاتێکی وێران جارێکی دیکە بەری ئەزموونی چەندساڵەی دەچنێتەوە و بە هیممەتی ئەم پیاوە جەوامێرانە ئاسۆیەکی دیکە لە وڵاتدا دێتەدی. لێرەدا ئەمەوێ باسی ئەو کەسایەتیانە بکەم کە لە باشووری وڵات لە ئاستی خەبات و تێکۆشانیاندا بێ وێنە و کەم بووە و چریکەی شۆڕشگێڕی  ئاوازی ماندووبوونی ئەمان بۆ کانیاو و چەم و بەردی چیاکانی ئالانی سەردەشت و بانە و سەقز دەیڵێنەوە و هیممەتی پڕ لە تێکۆشانی ئەوان لەو پارچەیەی نیشتمانش لەیاد ناکەن.
ئەم دوو برایە سەردەمی میرمنداڵی خۆیانیان لەسەرەتای شۆڕش و بەرخۆدانی گەلەکەمانا بردووتەسەر، هەربۆیە سەردەمی جەوانی خۆیانیان لەبەر سەربەرزی و سەرفرازی وڵات بەدیاری پێشکەش بە نیشتیمانەکەمان کردووە و هەر لەو پێناوەشدا، شەهید جەلال گیانی خۆی بەخشی..!
 ئەم مرۆڤە مەزنانە بێجگە لە خۆیان لە ناو خێزانەکەیاندا خاوەنی چەند شەهیدێکی قارەمانی وەکوو شەهید ئەنوەری حەمەی محەی برایان و شەهید نەوزادی حاجی عبدولرحمانی ئامۆزای کاک بەختیار کە لە هەکاری شەهیدبوو، و شەهید پێشڕەوی ئامۆزایان و شەهید کاوەی خوشکەزایان کە ناسراو بە کاوە گەرمیانی بوو و ڕێچکەی شەهیدانی کوردستانیان گرتەبەر و ماڵئاوایان لە نیشتیمان کرد.
  شەهید جەلال حەمەی محە  و کاک بەختیاری حەمەی محە، دووبرای شۆڕشگێڕی کوردستان بوون کە هەمیشە دوژمنیان لەلا بچووک بوو.. چوونکە خۆیان مەزن بوون..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە