کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تاڵه‌بانی به‌ ڕشتنی دوو دڵۆپ فرمێسک بۆ بارزانی، شه‌راکه‌تی پێکهێنانی حکومه‌تی له‌گه‌ڵ پارتی مسۆگه‌ر کرد

Tuesday, 18/08/2009, 12:00


جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ درێژه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وستدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه،‌ که‌ له‌ ساڵه‌کانی پنجا و حه‌وتدا وه‌کوو کوردێکی ئه‌ندام شانه‌ی قوتابیان، چوووه‌ بۆ مۆسکۆ و له‌وێ چاوی به‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی که‌وتووه و‌ له‌ خۆشییدا، بووراوه‌ته‌وه.
ئه‌م گێرانه‌وانه‌ی تاڵه‌بانی جارێکیتر مێژووی پرله‌ ئێش و ئازار و له ‌هه‌مانکاتدا خوێناوی ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌ی، ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کانی به‌بیر هێناینه‌وه.. ئه‌و مێژووه‌ خوێناوییه‌ی که‌ له‌ ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕینی میله‌ته‌که‌مان دژ به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان و بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانی، هه‌ڵیانگیرساند و چاره‌نووسه‌که‌ی درایه‌ ده‌ستی چه‌ند که‌سێکی به‌رژه‌وه‌ندی خوازیی وه‌کوو جه‌لال تاڵه‌بانی.. ئه‌وانیش وه‌کوو مه‌ڕ له‌ به‌زمی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان، کردیان به‌ قوربانی.
‌جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ ره‌دووکه‌وتووه‌ و ناوبانگی شه‌ست وشه‌شی وه‌رگرتووه، له‌ دوای ئه‌وه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام یاری به‌ چاره‌نووسی کورده‌وه‌ کردووه و باشترین و به‌ئه‌مه‌کترین سه‌رکرده‌ و فه‌رمانده‌ ئازاکانی ئه‌م شۆڕشه‌ و رۆڵه‌کانی کوردی له‌ شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌که‌ی براکووژیدا و دژ به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و لایه‌نه‌کانی تر به‌کووشتداوه‌ و هه‌تاوه‌کوو ئێستاش نه‌ که‌س ناویان ده‌‌هێنێ نه‌ که‌سیش ده‌زانێ، کووڵکۆ و گۆڕیی زۆربه‌یان له‌ کوێیه و ئه‌م گه‌له‌ی وه‌کوو پردێک به‌کار هێناوه،‌ بۆ پێدا په‌ڕینه‌وه‌ و گه‌ێشتن به‌ ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی.

سه‌رکردایه‌تی کورد بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی شۆڕش و ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریکی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی براکووژی بوون، نیو هێنده‌ شه‌ڕی دووژمنیان نه‌کردوه.. هه‌تاوه‌کوو ئێستا هیچ لایه‌نه‌ک نییه‌ له‌ کوردستاندا، ته‌نانه‌ت له‌ پارچه‌کانی دیکه،‌ گوورزی خیانه‌تی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانیی و بارزانییان به‌رنه‌که‌وتبێ. ئه‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ سووریاوه و‌ به‌ناوی هێنانی چه‌که‌وه، کاره‌ساتی داستانی هه‌کاریان خوولقاند و له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌دان له‌ ئازاترین و به‌وه‌فاترین رۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ و سه‌رکرده‌کانیان به‌ کووشتدا. وه‌کوو ده‌گێرنه‌وه، چوونی ئه‌و هێزانه‌ به‌ فرمانی تاڵه‌بانی بووه‌ و وتوویه‌تی ده‌بێت بچن، چوونیشیان بۆ چه‌ک نه‌بووه،‌ به‌ڵکوو بۆ له‌ ناوبردنی قیاده‌ مه‌وه‌قه‌ته‌ بوو و له‌ژێریشه‌وه تاڵه‌بانی نامه‌ی ناردبوو بۆ قیاده‌ مه‌وه‌قته‌ و داوای هاوکاری له‌‌ کردوون و خۆی ڕه‌تڵه‌که‌ی له‌ نیوه‌ی رێگه‌دا گه‌ڕاونه‌ته‌وه.. بێجگه‌ له‌وه‌ش سه‌رکرده‌کانی زیندان به‌ نامه‌ی کێ ناسرانه‌وه‌ و له‌ سێداره‌ دران..؟ دوای ئه‌وان چه‌ند که‌سیان له‌ نێو یه‌کێتی نیشتمانیدا ماون و درێژه‌ به‌ ڕێبازیی هاوڕێکانیان ده‌ده‌ن..؟ کاک ئارام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌ تاڵه‌بانی قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد و سه‌رکردایه‌تی ئه‌وی به‌دڵ نه‌بوو، چوو بۆ به‌ری قه‌ڕاخ و له‌وێ به‌ پیلان شه‌هید کرا.. چه‌ند له‌ سه‌رکرده‌کانی شاری سلێمانی هه‌تاوه‌کوو ئێستا له‌ ناو یه‌كێتی نیشتمانییدا ماون و درێژه‌ به‌ خه‌بات ده‌ده‌ن..؟
له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌ مێژووییه‌که‌ی نه‌وه‌د و یه‌که‌وه‌ و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی براکووژی له‌ گه‌ڵ ئسلامیه‌کاندا، ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ئازا و نه‌به‌زانه‌ی که‌ له‌ ده‌یان شه‌ڕی دژ به‌ به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ هیچیان لێنه‌هاتبوو،له‌ شه‌ڕی ئیسلامیه‌کاندا شه‌هید بوون و تاڵه‌بانی له‌ کردنه‌وه‌ی مقه‌ڕه‌که‌یان، گووتی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ گه‌ڵ برایانی ئیسلامیدا ته‌مسیلیه‌ک بوو و ته‌واو بوو..! ‌
جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ درووشمی (ئاژاوه‌ بنێره‌وه‌ و حوکم بکه)ی، کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژانه‌ی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و بۆ مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، سڵیی له‌ هیچ شتێک نه‌کردووه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت چه‌ند کۆتله‌ی‌ جۆربه‌جۆری دژ به‌ که‌سه‌ پاکه‌کانی‌ نێو پارته‌که‌ی خۆی درووستکردووه‌ و گه‌لی کورد و به‌تایبه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌کار هێناوه.
ئه‌ی له‌ دوای شه‌ڕی براکووژییه‌وه‌ بۆچی زیاتر له‌ هه‌شتا دانیشتن له‌ سنووری پارتی و یه‌كێتی له‌ کۆیه‌ و(دێگه‌له) دا کرا، وه‌کوو ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی کۆریای باکوور و باشووور بێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ده‌گێشتنه‌ ڕێکه‌وتن، به‌ڵام که لێشاوی دۆلار و دابه‌شکردنی پۆسته‌کان هاته‌ ئاراوه، که‌وتنه‌ پیلاندانان رێکه‌وتنی به‌ ناو ستراتیجی ومنه‌ت کردن به‌سه‌ر خه‌ڵکی ڕه‌شورووتدا و هه‌ر ئه‌وه‌ مابوو‌ یه‌کێتی بکاته‌وه‌ به‌ناو پارتییدا.

جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ دوای رژیمی‌ دیکتاتۆری به‌عسه‌وه،‌ زانی ئیتر به‌م شیوه‌یه‌ ده‌رقه‌ت ناێه‌ت و ده‌ور گوڕدراوه‌ و ئه‌و سه‌روه‌ته له‌ئاژمار نه‌هاتووه‌ی، که‌ له‌ سه‌رچاوه‌ ژێر زه‌ووییه‌کانه‌وه‌ پیدا ده‌بی و ده‌درێ به‌ کورد، له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له‌ کێسی ده‌چێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش نه‌ک له‌ به‌ر چاوی جوانی کورد، به‌ڵکوو له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌که‌ی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، که‌وته‌ خۆ و ئه‌ڵقه‌ی زاواجێکی سیاسی له‌ گه‌ڵ ئه‌و کۆنه‌ یاره‌یدا، گۆڕییه‌وه که‌ پێشتر بۆی ده‌بوورایه‌وه.

ئێستاش تاڵه‌بانی ده‌زانێ ‌هیچ قورساییه‌کی له‌ نێو یه‌کێتی نیشتمانی و لایه‌نگرانیدا نه‌ماوه، به‌ تایبه‌تی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاردا بۆیه‌ به‌ گێرانه‌وه‌ی ڕابردوو زۆر مه‌کربازانه، ئه‌شکی تیمساح ده‌رێژێ و ده‌یه‌وێ مێژووی پڕ له خیانه‌تی خۆی به‌ چه‌ند وشه‌یه‌کی عاتفی و چه‌ند دڵۆپه‌ فرمێسکێک له‌ چوارچێوه‌ی که‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فادا، پیشانی بنه‌مه‌ڵه‌ی بارزانی و خه‌ڵک بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حکوومه‌ته‌که‌ی ئه‌مجاردا پارتی بیانووی پێ نه‌گرێ و له‌وه‌ زیاتر ڕسوا نه‌بێت.. تاڵه‌بانی ده‌زانێ ته‌مه‌نی کورته‌ و زۆر ناژی، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خێزانی و کوڕه‌کانی بپارێزێ.

له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌کوو سه‌رکرده، سووکایه‌تییه‌ به‌ وڵات و مێژوو و کلتووری نه‌ته‌وه‌که‌مان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە