کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تاڵه‌بانی و هێرۆی ژنی هه‌موو رۆژێک ماستاوی کوڵکن ده‌خۆنه‌وه‌

Monday, 06/12/2010, 12:00




یه‌کێک له‌و نه‌خۆشییانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی خستوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه،‌ ئه‌و که‌لتووری مه‌راییکردن و مامه‌ حه‌مه‌ییه بوو،‌ که‌ سه‌رکرده‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌کانی به‌عس له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا بڵاویان ده‌کرده‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش‌‌ سی ساڵ تووی خراپه‌یان له‌ ناخی کومه‌ڵگای کوردییدا ‌چاند، هه‌روه‌ها له‌ دوای ڕاپڕینه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیی و ئیداری و ئابووری کوردستانیش له‌ماوه‌ی ئه‌م بیست ساله‌دا ده‌ستیان نه‌پاراست له‌ په‌ره‌پێدانی ئه‌و دیارده نامۆیه، ئه‌وان له‌جیاتی شوێنه‌واری ئه‌و په‌تایه بسڕنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بکه‌ن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی جارانی به‌عس خۆشیان بوون به‌ هۆکاری به‌ڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه و‌ وه‌کوو ڤایرۆس‌ سه‌رتاپای هه‌موو ئوورگانه‌ حزبی و حکومه‌ته‌ نۆبه‌ره‌که‌ی کوردی گرتوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا هه‌رگیز بیریان له‌وه‌ نه‌کردوه‌ته‌وه‌ هه‌تاوه‌کوو ده‌ستبه‌رداری ببن، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری بارزانی و تاڵه‌بانی و ئه‌و که‌سانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان به‌ستراوه به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌وه.

له‌ ڕاستییدا ئه‌و دیارده‌یه‌ش له‌و وڵاتانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئاستی وشیاری کۆمه‌ڵگا زۆر نزمه‌ و ئه‌و سه‌رکردانه‌ی، که‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی‌ نه‌فس نزمه‌وه‌ مه‌راییان بۆ ده‌کرێت له‌ جیاتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری ئه‌و دیارده‌یه، به‌ پێچه‌وه‌انه‌وه‌ پێی ڕازیین و له‌ خۆشییدا پێی شاگه‌شکه‌ ده‌بن، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هه‌ندێک جار‌ ئه‌م موڕاڵ دیکتاتۆرانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌که‌ونه‌ ستایشکردن و ماستاوکردن بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی خوارووی خۆیان، که‌ خاوه‌نی توانا و لێهاتوویین له‌ کارکردن و به‌ڕێوه‌به‌ریدا، یان کاتێک‌ لێیان ده‌قه‌ومێ بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر خه‌ڵک و ده‌که‌ونه‌ مه‌راییکردن بۆیان، هه‌روه‌کوو چۆن له‌م ماوه‌یه‌ی پێشودا له‌ ته‌له‌فزیۆنی کوردساته‌وه‌ بینیمان هێرۆی ژنی تاڵه‌بانی له‌ یادی دروستبوی سلێمانیدا به‌ بازاڕه‌کاندا ده‌گه‌ڕا و بۆ مه‌رایکردن سڵاوی له‌ خه‌لكی ئه‌و شاره‌ ده‌کرد و ده‌یوست سۆزیان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و ئه‌و ده‌نگانه‌یان بگێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی پێشووتر له‌ سلێمانی دۆڕاندیان، یان هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌بسته‌ له‌ ساڵیادی درووستبوونی شاری سلێمانیدا چپکه‌ گوڵی ڕیزلێنانی دانا، که‌ ده‌بوایه له‌ لایه‌ن که‌سێک یان خانه‌واده‌یه‌که‌وه‌ دابنرایه، که‌ ره‌نجیان له‌و شاره‌دا کێشاوه‌ و ماندووبوون . بۆیه‌ گه‌وره‌یی و له‌خۆبردووی مرۆڤ له‌و کاته‌دا ده‌رده‌که‌وێ، که‌ کاتێک خزمه‌تی گه‌له‌که‌ی خۆی کرد و فیداکاریکی ئه‌نجامدا و خه‌ڵک له‌ کاره‌که‌ی کۆبوونه‌وه‌‌ و باسی ده‌که‌ن، ئه‌و که‌سه‌ ده‌بێت خۆی له‌ دوای دواوه‌ی‌ خه‌ڵکه‌که‌وه‌ ڕاوستێ، هه‌روه‌کوو ئه‌و ده‌یان و سه‌دان خێزانه‌ی به‌ خوێنی ڕۆڵه‌کانیان و به‌ ره‌نج و ماندووبوونیان ده‌ورێکی پرشنگداریان له‌ خه‌بات دژ به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان بینیوه‌‌ و بوونه‌ سووته‌مه‌نی شۆڕش و هه‌تا ئێستا که‌س ناویشیان ناهێنێ، نه‌ک که‌سێکی وه‌کوو هێرۆ هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌یانی تێدا نه‌بێت، نایکات وه‌‌کوو (داگیکردنی گردێک بۆ گۆڕی باوکی، کردنی ژانی گه‌ل به‌ فلیمی سینه‌مایی وه‌کوو ئه‌وی کتیبخانه‌ی کوردی به‌س ته‌نیا ئه‌و رۆمانه‌ی تێدایه، خه‌ڵاتی بله)‌ و ده‌یانی دیکه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کچی ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌ و ژنی تاڵه‌بانییه، بووه‌ به‌ خاوه‌نی هه‌موو شانازییه‌کانی کورد.‌

له‌و شوێنه‌ی باو باوی مه‌رایی و مامه‌ حه‌مه‌ییه هه‌موو له‌یه‌کدانه‌وه‌کان به‌ دڵیی ئه‌و که‌سانه‌یه که‌ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌و وڵاته‌دا و له‌ ئه‌نجامدا راستگۆیی و متمانه، که‌ دابینکه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکه‌ ده‌گۆڕدرێ به‌ ماستاوکردن و مامه‌حه‌مه‌یی، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌ندێک جار‌ به‌ شاراوه‌ی هه‌ندێک جاریش به‌ئاشکرا ده‌رده‌که‌ون.
ئه‌و مه‌راییکردن و ماستاوه‌ی که‌سانی ناو حزبه‌کان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ئاسایی کۆمه‌ڵگا وه‌کوو بازرگانه‌کان و زۆربه‌ی تر، که‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌تی به‌رپرسه‌کانی ده‌که‌ن‌ ده‌بێته‌ هۆی هاندانیان بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌سه‌ڵاتیان زاڵبێت به‌سه‌ریاندا و فیز و له‌خۆبایی بوونیانیشیان بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی، که‌ حساب بۆ هیچ که‌سێکیتر نه‌که‌ن، هه‌ر وه‌کوو چۆن ڕۆژانه‌ له‌ میدیاکانه‌وه‌ ده‌یبین تاڵه‌بانی و ژنه‌که‌ی نه‌ک حساب بۆ حزبه‌که‌یان، ته‌نانه‌ت بۆ گه‌لی کوردیشی ناکه‌ن، یان له‌ که‌ناڵه‌ کوردیه‌کاندا یه‌که‌م هه‌واڵ و وێنه‌‌ هی ئه‌وان و خێزانه‌کانیانه، یان یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کان به‌ وێنه‌کانی ئه‌وان رازێندراوه‌ته‌وه‌ و لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ترخانکراوه‌ بۆ ئه‌وان، ته‌نانه‌ت به‌وه‌شه‌وه‌ داناکه‌ون هه‌موو شانازییه‌کانی ئێستا و ڕابردووی ئه‌و گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌یان دزیوه‌ و کردوویانه‌ به‌ هی خۆیان، چونکه‌ ئه‌وان باشده‌زانن، بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌تای مامه‌حه‌مه‌یی و ماستاوکردن له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا، ئاسانترین ڕێگایه بۆ گه‌یشتن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ درۆینه‌ی که‌ که‌سیان شیاوی نیین.
هۆی ئه‌و مه‌راییکردن و مامه‌حه‌مه‌یه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاکانی یه‌کێتی که‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و به‌تایبه‌تی هێرۆی ژنی ده‌که‌ن‌ ته‌نیا بچووکی و بێده‌سه‌ڵاتییان ده‌سه‌لمێنێ، ئه‌وان ئه‌گه‌ر خۆیان به‌که‌م نازانن، بۆچی ئه‌وه‌نده‌ له‌ ئاستی ئه‌واندا لاواز و ده‌سته‌مۆن..؟ بۆ نموونه‌ زۆربه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئیشیان ده‌که‌وێته‌ تاڵه‌بانی یان گڵۆڵه‌ی به‌رپرسیاره‌‌تیان رووی له‌ لێژییه،‌ ده‌که‌ونه‌ مارایکردن بۆ هێرۆ هه‌تاوه‌کوو فریایان بکه‌وێ. بۆیه‌ مه‌رایکردن هێزی بڕوا به‌خۆبوونی له‌ ناخی به‌رپرسه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانیدا کشتووه‌ و بووه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی بۆ قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووریی و دزینی سامانی نیستمانی کوردستان زیاتر سووکیان بکه‌ن و په‌ره‌ به‌ تاوانه‌کانیان بده‌ن.
بێجگه‌ له‌مانه‌ له‌ هه‌مووی سه‌مه‌ره‌تر هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌و ئاهنگانه‌یه‌‌‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی وڵات به‌و بۆنه‌وه‌ ڕێکده‌خرێن، ئه‌مانه‌ هه‌مووی ئه‌وه‌مان بۆ دهسه‌لمێنێت، که‌ هه‌ندێک دیارده‌ی ناپه‌سه‌ندی وه‌کوو ماستاوکردن و مامه‌ حه‌مه‌یی له‌ کاتی تێپه‌ڕبوونی رۆژگاردا، ده‌بێت به کارێکی سروشتی و ره‌گ و ریشه‌ی به‌ ناخی که‌لتووری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا، ده‌چێته‌ خواره‌وه و نه‌ک ته‌نیا که‌سایه‌تی تاڵه‌بانی و بارزانی به‌ڵکوو هه‌موو که‌سووکاریشیان ده‌که‌ین به‌ دیکتاتۆر به‌سه‌ر خۆمانه‌وه..!‌ ‌
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە