کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تاڵه‌بانی له‌ سه‌حرادا ونبووه‌ و به‌ دوای ڕیگه‌ێکدا ده‌گه‌ڕێ

Friday, 06/11/2009, 12:00


دوای ئه‌وه‌ی له‌ بیست و پێنجی حه‌وتدا هه‌ڵبژاردنی کوردستان ده‌ستی پیکرد و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مووه‌ فرتووفێڵه‌ی، دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی باشووری کوردستان‌ ئه‌نجامیاندا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له سه‌دا بیست و پێنجی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێنا و بوو به‌ هێزێکی کاریگه‌ر له‌ ره‌وتی به‌ره‌وپێشبردنی دیموکڕاسی له‌ وڵاته‌که‌ماندا، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا، هێرشکردن بۆ‌ سه‌ر گۆرانخوازن به‌رده‌وامه‌ و هه‌ندێ به‌ئه‌نقه‌ست و زۆر به‌ وریایه‌وه‌ و هه‌ندێکیش ناشییانه که‌وتوونه‌ته‌ په‌لاماردانیان.

پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌ ده‌هۆڵ و زووڕنای ئه‌و هه‌مووه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ بازارییه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافییای تاڵه‌بانی و بارزانی، که‌ زیاترله‌ چه‌ند ملیۆن دۆلاری تێچوو، که‌وتنه‌ هێرشکردن بۆ سه‌ر لیستی گۆڕان و ته‌فره‌دانی گۆمه‌ڵگا و به‌ خه‌یاڵی خۆیان کاریگه‌ری گۆڕانخوازان که‌م ده‌که‌نه‌وه و له‌ چه‌ند هه‌زار ده‌نگێک زیاتر ناهێنن، هه‌تاوه‌کوو ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ قازانجی خۆیان بشکێته‌وه، به‌ڵام ‌بێئاگان له‌وه‌ی ئیتر کۆمه‌ڵگای کوردی چاوکراوه‌یه‌ و له‌وه‌ زیاترفریوی درۆکانیان ناخۆن و وه‌کوو مۆته‌که‌ سواریان ده‌بن و خه‌و و خواردنیان لێ حه‌رام ده‌که‌ن.
سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له‌ ژێر دروشمی چاکسازی و نوێبوونه‌وه‌ و پاکسازی ریزه‌اکانیان به‌ مه‌زنده‌ی ئه‌قڵی خۆیان‌ له‌ نه‌یاران و بۆ له‌ خشته‌بردنی خه‌ڵک، شانۆگه‌رییه‌کی کۆمێدی دیکه‌یان به‌
ناوی پلینیۆمه‌وه‌ ڕێکخست و به‌ ڕژانی پاره‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، نزیکه‌ی هه‌زار و پێنجسه‌د که‌سیان په‌لکێشی کۆبوونه‌وه‌که‌ کرد.

باشه‌ له‌ پلنیۆمێکدا که‌س نه‌توانێ به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی بڵێ ته‌مه‌نت زۆره‌ و با یه‌کێکی دیکه‌ شوێنت بگرێته‌وه، له‌ پلنیۆمێکدا که‌س نه‌توانێ سنوورێک بۆ وته‌ بێسه‌روبه‌ره‌کانی تاڵه‌بانی و ده‌سدرێژی بنه‌ماڵه‌که‌ی و که‌سوکاریان دابنێت، له‌ پلینۆمێکدا که‌شی بنه‌ماڵه‌ و بنه‌مالۆکه‌ به‌سه‌ریدا زاڵ بێت، له‌ پلینیۆمێکدا که‌س نازانی و ناوێرێ بپرسێت دارایی یه‌کێتی نیشتیمانی چه‌نده و لای کێیه،‌ له‌ پلنیومێکدا سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی چه‌ند که‌سیان فایلداره‌ و ئه‌وانیتریان بوون به‌ ملیونه‌ر و ده‌ستیان خستوته‌ بنه‌ قاقای میله‌ته‌وه‌ و خه‌ریکی لوشدانی سه‌روه‌تی نیشتیمانین، له‌ پلینیومێکدا زۆربه‌یان خاوه‌ن به‌نزینخانه‌ و کۆمپانیا و بازرگانیکردنن به‌ خوێنی شه‌هیدان و ڕه‌نج و ماندووبوونی پێشمه‌رگه‌ شۆڕشگێره‌کانی سه‌رده‌می شاخ و ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌وه، له‌ پلینیۆمێکدا پڕه‌ له‌ خاوه‌ن دیواخان و سه‌رۆک ئه‌شیره‌ت، له‌ پلینومێکدا سه‌دان که‌س وه‌کوو ئاسایش و ده‌ستگای زانیاری چاوت لێ سوورده‌که‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن کێ بۆنی گۆڕانی لێدێ و خۆتان وته‌نیی نه‌یاره، له‌ پلینیۆمێکدا هه‌مووی بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌ که‌سیی خۆی ده‌کاته‌وه و له‌ کوتله‌ی خوتانه‌ و نا‌وێرن له‌ دژتان قسه‌ بکه‌ن، له‌ پلینیۆمێکدا ئه‌م که‌سایه‌تییانه‌ داڕێژه‌ری به‌رنامه‌ی داهاتووی پارتێکی سیاسی وه‌کوو یه‌کێتی نیشتمانی بن، ده‌شی له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی وه‌هادا (پلینیۆم) چ واتایه‌کی هه‌بێت..؟‌

تاڵه‌بانی له‌ ئاخه‌وتنه‌که‌یدا به‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ و له‌ ژیر په‌رده‌ی نوێبوونه‌وه‌دا و بۆ کڕینه‌وه‌ی ئه‌و ئابڕووه‌ی که‌ ده‌مێکه‌ تکاوه‌ و نیه‌تی، که‌وتوو‌ته‌ گفتدان به‌ خه‌ڵک و پێکهێنانی لیژنه‌ی دژه‌ گه‌نده‌ڵی و بۆ په‌رده‌پۆشکردنی خیانه‌ته‌کانی و شکستی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دوایه‌یدا و به‌تایبه‌تی ئیتر ده‌زانێت کار له‌ کار ته‌رازاوه و‌ باروودۆخه‌که‌ مه‌ترسییداره و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه، بۆیه‌‌ به‌ هیچ شیوه‌یه‌ک ناتوانێ دڵه‌ڕاوکێی خۆی بشارێته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پنای بردوه‌ته‌ به‌ر تاوانبارکردنی خه‌ڵكی دیکه‌ و ده‌یه‌وێت سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ شوێنکی دیکه‌ ڕابکێشێت و ئۆباڵی شکسته‌کانی بخاته‌ ئه‌ستۆی که‌سانی دیکه‌ و به‌ مه‌به‌ست که‌وتووه‌ته هێرشکردن بۆ سه‌ر که‌سایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌کوو تاڵه‌بانی ته‌نیا سه‌یری دارێک بکات، هه‌رگیز ناتوانێ گه‌وره‌ی ئه‌و دارستانه‌ ببینێت، که‌ ده‌وره‌ی گرده‌که‌ی داوه، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وازی له‌ هه‌موو پله‌ و پایه‌ و ده‌سه‌ڵاتێکی خۆی هێنا و هیچ جیاوازییه‌کی نییه‌ له‌ گه‌ڵ که‌سێکی گۆڕانخوازدا و داوای عه‌داڵتی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات و له‌ به‌ره‌ی گه‌لدایه.

ئه‌مه‌ی تاڵه‌بانی له‌ پلینیۆمه‌کدا باسی کردووه‌ زیاتر له‌ قسه‌ی سه‌ر ته‌نوور ده‌چێت نه‌ک پلنیۆمی پارتێکی سیاسی، ئه‌گه‌ر وا نییه‌ بۆچی هه‌تاوه‌کوو وازهێنانی نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌رده‌وام دوای جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌م به‌رپرس بوو و هه‌ر به‌ کاکه‌ نه‌وه‌ بانگی ده‌کرد، چۆن له‌ ڕوویدێت باسی هه‌ڵبجه‌ بکات، هه‌ر جه‌نابی نه‌بوو ماوه‌یه‌ک پێش ئێشتا به‌ ئیمزای جه‌نابی و ژێربه‌ژێر ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌ی ئازادکرد، که‌ تاوانبار بوو به‌ کیمیابارانکردنی هه‌ڵبجه..؟ به‌نسبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شاری هه‌ولێر و کۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌یڵێت له‌ قسه‌ی پیاوی سیاسی ناچێت و بێجگه‌ له‌ مه‌راییکردن بۆ کۆسره‌ت نه‌بێ، شتێکی دیکه‌ نییه و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر قسه‌گێرانه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌وی نێۆ سه‌رکردایه‌تی، ئه‌وا له‌ کۆنگره‌ی داهاتوودا ده‌بێت به‌ شڕه‌ ده‌مانچه، چوونکه‌ زۆربه‌ی سه‌رکردایه‌تی حساب بۆ یه‌کتر ناکه‌ن و به‌رده‌وام خه‌ریکی پاشقولگرتنن له‌ یه‌کتری و خوا خوایانه‌ ئه‌ویتر نه‌مێنێ و ئه‌م بچێته‌ جێگاکه‌ی.
سه‌یر له‌ودایه‌ به‌درێژای سه‌رۆک کۆماریی تاڵه‌بانی، ته‌نیا بۆ جارێکیش چییه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هێرشی نه‌کردووه‌ته‌ سه‌ر لایه‌نێک یان که‌سایه‌تیکی عه‌ربی یان وڵاتانی دراوسێ، بێجگه‌ له‌ مه‌رایی کردن و لستنه‌وه‌یان. ڕاسته‌ ژه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو یه‌کێتیدا گرتووه‌ و به‌بێ ئه‌و په‌نجه‌ ناکرێت به‌ ئاودا و دواین کوورسی ده‌سڵاتی عێراقیشی داگیرکردووه، به‌ڵام تاکه‌ شتێک، که‌ هه‌رگیز ناتوانێ کۆنتڕۆڵی بکات، ناخی که‌سایه‌تی خۆیه‌تی و ناتوانێ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و حه‌زه‌ خۆپره‌ستانه‌یه‌ی خۆیدا بگرێت..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە