کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بۆچیی جه‌لال تاڵه‌بانی ڕقی له پیاوه‌ قاره‌مانه‌کانی، وه‌کوو‌ شه‌هید جه‌لالی حه‌مه‌ی محه و ده‌یانی دیکه‌ بوو‌‌

Thursday, 23/09/2010, 12:00


مه‌راییکردنی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ نامه‌یه‌کدا له‌ ساڵی هه‌زار و نۆسه‌د و هه‌شتاد و پێنج، که‌ بۆ حه‌مه‌ی حاجیی مه‌حمودی نوسیووه، هه‌تاوه‌کوو له‌گه‌ڵ‌ ڕ‌ژیمی ئێراندا ڕێکیان بخات و ئه‌و هاندان و ماستاوکردنه‌ی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و نزیکبوونه‌وه‌ له‌و ‌ڕ‌ژیمه، نیشانه‌ی خۆبه‌که‌م زانینن و بچووکبوونه‌وه‌یه‌تی له‌ به‌ڕانبه‌ریاندا و ئه‌و زیاده‌ ڕه‌ووی و‌ پێداهه‌ڵدانه‌ی، که‌ له‌ نامه‌کدا نووسراوه‌ ئاسانترین ڕێگا‌ و له‌ هه‌مانکاتشدا بێجگه‌ له‌ ناوزڕاندنی چه‌ند تێکۆشه‌رێک، که‌ ئێستا شه‌هیدن، هیچ ده‌ستمایه‌یه‌‌کی دیکه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌بووه، هه‌تاوه‌کوو بگات به‌ ئامانجه‌ گڵاوه‌کانی و له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ زه‌لیلی که‌سایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانییمان بۆ ده‌رده‌خات وه‌کوو مرۆڤێکی دووڕوو. بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای مه‌راییکردن له‌ کوردستاندا و به‌تایبه‌تی له‌ نێو یه‌کێتی نیشتیمانییدا، کلتووری جه‌لال تاڵه‌بانییه‌ و بووه‌ به‌هۆیی ئه‌وه‌ی که‌سه‌ نه‌شیاوه‌کانی وه‌کوو خۆی به‌ سه‌رتاپای ئوورگانه‌کانی ئه‌و پارته‌دا بڵاوببنه‌وه‌ و یه‌کێتی نیشتیمانی به‌و درده‌ به‌ر‌ن، که ده‌یبینین. جه‌لال تاڵه‌بانی تۆزقاڵێک که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و موڕاڵی هه‌بوایه، هه‌رگیز هه‌ڵنه‌ده‌ستا به‌ ماستاو و مه‌راییکردن بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی، که‌ ده‌یان ڕۆڵه‌ی تێکۆشه‌ری ئه‌م گه‌له‌یان کرده‌ قوربانی شه‌ڕیی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کتری.
ئه‌م پیاوه‌ خه‌ڵه‌فاوه‌ هه‌ڵسووکه‌وتی وه‌کوو پشیله‌ وایه‌ و کاتێک دووژمنان ده‌ست دێنن به‌ پشتیدا یه‌کسه‌ر پانده‌بێته‌وه‌ و ده‌میاوێنێ و له‌ هه‌مانکاتدا به‌رانبه‌ر به‌ گه‌له‌که‌ی خۆیشی سپڵه‌ و بێوه‌فایه، هه‌روه‌کو چۆن به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی مه‌رایی و مامه‌ حه‌مه‌ی بۆ کردووه‌ و گوتوویه‌تی ئه‌ز غووڵامم، هه‌میشه‌ پله‌وپایه‌ی پارێزراو بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌عسی و فایلداریش بووبێت و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ده‌یان جار به‌ پیلانی ژێربه‌ژێر و نامه‌ردانه،‌ خه‌ریکی شکاندنی که‌سه‌ پاک و تێکۆشه‌ره‌کانی نێو یه‌کێتیی نیشتیمانی به‌ گشتی و شاریی سلێمانی به‌تایبه‌تی بووه، که‌ ته‌نیا مه‌به‌ستیان رزگاری گه‌له‌که‌یان و خاکی کوردستان بووه‌ له‌ ده‌ستی دوژمنان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زۆربه‌یان گیانی شیرینی خۆیانیان فیدا کردووه، وه‌کوو نموونه‌ش سه‌رکرده‌ی قاره‌مانی وه‌کوو ئه‌نوه‌ری مه‌جید سووڵتان، که‌به‌ هه‌مان شێوه‌ ناو و ناتۆره‌ی خراپ درایه‌ پاڵیی له‌ لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی شه‌هید ببێ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ و شه‌هیدی قاره‌مان سه‌لاحی مهندیس له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاتووچۆی مقه‌ڕیی سالار عه‌زیزی ده‌کرد و بیرو باوه‌ڕیی جیاوازی هه‌‌بوو و خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هیز بوو، له‌ لایه‌ن باڵی گشتییه‌وه‌ قسه‌ی بۆ دروستکرا، سه‌لام عه‌بدوڵا و  مو‌لازم عومه‌ریش به‌ هه‌مان شێوه بوختانیان بۆ کرا، چوونکه‌ پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هیزیان هه‌بوو و قسه‌یان له‌ تاڵه‌بانی قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد، ته‌نانه‌ت سه‌لام عه‌بدوڵا زۆر مه‌ردانه‌ به‌ یه‌کجاریی ئه‌و یه‌کێتییه‌ی به‌جێهێشت، که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سکرتێری بوو و ئه‌و سووکایه‌تیه‌ی پێ هه‌زم نه‌کرا، هه‌روه‌ها نوسه‌ر هه‌ڵکه‌وت عه‌بدوڵا له‌ کنفرانسی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی یه‌کێتییدا له‌ نه‌مسا له‌ لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌ تۆمه‌ت درایه‌ پاڵیی که‌ پیاوی مخابراتی عێراقییه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هه‌شتاکاندا گۆڤارێکی به‌ ناوی یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌ وڵاتی دانیمارک ده‌رده‌کرد و ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی یه‌کێتی و پارتی و جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌گرت، بێجگه‌ له‌مانه‌‌ نمونه‌ی هه‌ره‌زیندووش تاوانی کیمیا بارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، که‌‌ درایه‌ پاڵ کاک نه‌وشیروان له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی هه‌بوو به‌رانبه‌ر سه‌رکردایه‌تی و جۆریی حکومرانی و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و دروستکردنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری به‌ ناوی گۆڕانه‌وه و تۆمه‌ت خستنه‌ پاڵ ده‌یان و سه‌دان که‌سایه‌تی دیکه له‌ لایه‌ن ئه‌م پیاوه‌ خه‌ڵه‌فاوه‌وه.

تاڵه‌بانی له‌ نامه‌کیدا باسی شه‌هیدان کاک جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌ و شه‌هید فه‌ره‌یدونی حه‌مه‌ ساڵح ده‌کات و زۆر ناشیرین به‌ کۆمه‌ڵێک وته‌ی پڕوپووچ و به‌و شیوازه‌ی، که‌ ته‌نیا له‌ که‌سایه‌تیه‌کی بێمووڕاڵی وه‌کوو تاڵه‌بانی ده‌وه‌شێته‌وه، تۆمه‌تباریان ده‌کات. ئه‌وه‌ی شه‌هید جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌ی ناسیبێ ده‌زانێت، که‌ له‌ ئازایه‌تییدا بێوێنه‌ و له‌ خووڕه‌وشتیشدا نموونه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌ و مامۆستای ئه‌خلاق بووه‌ و له‌ خێزانێکی کورد په‌روه‌ردا ژیاوه‌‌ و ئه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌م جار ده‌یبینی، نه‌یده‌توانی هه‌ستی به‌رانبه‌ر که‌سایه‌تی و جه‌وامێری شه‌هید جه‌لال بشارێته‌وه‌ و معجیبی هه‌ڵسووکه‌وتی نه‌بێت.

شه‌هید جه‌لال له‌ دوای مفاوزاته‌که‌ی هه‌شتاو سێ و هه‌شتاو چوار به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌مووه‌ سازشه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ ده‌یگووت سه‌دام حسێن باشترین حه‌که‌مه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕیی ناوخۆ و خۆسه‌پاندن و حساب بۆ که‌س نکردنی تاڵه‌بانیی، وه‌کوو ڕیفۆرمێکخوازێکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ شه‌هید جه‌لال و هاوڕێکانی هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت و بوون به‌ ئاڵای شۆڕش. تاڵه‌بانی هه‌موو هێزی ناوچه‌کانی دیکه‌ی هێنا به‌ فه‌رمانده‌یی سامان گه‌رمیانی، به‌ڵام نه‌یان توانی به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه، وه‌کوو ئه‌وه‌ی زۆر بێئه‌ده‌بانه‌ له‌ نامه‌کیدا نووسراوه که، (ڕایانکرد). له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر هێزه‌که‌ی شه‌هید جه‌لال هیچتان پێ نه‌کرا، قسه‌ی پڕوپووچی دوا ده‌خه‌ن.
ئه‌ی بۆ چیی له‌ شه‌ڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتدا له‌ ناوچه‌ی خانه‌ و نه‌غه‌ده‌ و سه‌رده‌شتدا له‌به‌ر ئازایه‌تی، تاڵه‌بانی ناردی به‌ دوایی شه‌هید جه‌لال دا و یه‌کسه‌ر ته‌حیه‌ی بۆ ده‌کات و مه‌دالیای ئازایه‌تی کرده‌ ملی..؟ ئه‌ی بۆچیی له‌ شه‌ڕه‌کانی دیکه‌دا، که‌ شه‌هید جه‌لال سه‌رکه‌وتنی مه‌زنی به‌ده‌ست ده‌هێنا، تاڵه‌بانی له‌ نامه‌کانیدا بۆی ده‌نوسی نێوچاوانی به‌رزت ماچ ده‌که‌م..؟ ئه‌ی بۆ چه‌ند ڕۆژێك پێش ڕاپه‌ڕینه‌که‌ به‌ تکا و مه‌راییکردن له‌ سوریاوه‌ له‌گه‌ڵ خۆی هێنایه‌وه‌ بۆ کوردستان، هه‌تاوه‌کوو له‌ دوه‌اییدا له‌گه‌ل کاوه‌ی خوشکه‌زایدا شه‌هید بوون..؟ بۆ چیی ئه‌و‌ کاته‌ی بوون به‌ ئاڵای شۆڕش یه‌کسه‌ر ناوناتۆره‌ ده‌خاته‌ پاڵیان..؟ ئه‌ی هه‌ر خۆتان نه‌بوون، ناردبووتان به‌ دویاندا، هه‌تاوه‌کو بگه‌ڕێنه‌وه‌ و پێتان ڕاگه‌یاندبوون ئه‌م شۆڕشه‌ پێویستی به‌ پیاوی وه‌کو ئێوه‌یه و‌ به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی ئێوه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ی‌ دروست بووه..؟‌
ئه‌م سه‌رکرده‌ بێ موڕاڵه‌ له‌ دوای شه‌هید بوونی کاک جه‌لال له‌ شه‌ڕیی ئسلامییه‌کاندا، به‌ ده‌ستی خۆی ئیفتیتاحی ئه‌و مقه‌ڕه‌ی‌ کرده‌وه، که‌ له‌ په‌نای ماڵه‌که‌ی شه‌هید جه‌لالدا بوو و به‌ فه‌رمانده‌ی کاک جه‌لال ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو و ڕایگه‌یاند، که‌ شه‌ڕه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ برایانی ئیسلامیدا، ته‌مسیلیه‌ک بوو ئێستا ته‌واو بوو..!‌ خوێنه‌رانی به‌رێز‌ ئه‌مه‌ بێئه‌ده‌بی‌ تاڵه‌بانی ده‌رناخات ..؟‌

ئاکار و ئه‌ده‌بی جوان جۆرێک هه‌ڵسووکه‌وتیی تایبه‌تی و گونجاوه‌ن، که‌ له‌گه‌ڵ ده‌وربه‌ردا به‌کارده‌هێندرێن و‌ سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌کردنێکی راست و دروست و له‌ بچووکه‌وه‌ هه‌تاوه‌کوو گه‌وره‌ و له‌ ناسیاوه‌وه بۆ نه‌ناسیاو په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن و ئه‌و که‌سانه‌‌ به‌کاریده‌هێنن، که‌ خاوه‌نی هۆشێکی ژیرانه‌ن له‌ ئاخوتن و له‌سه‌رخۆن له‌ هه‌ڵسووکه‌وتدا و ئاکارێکی جواننیان هه‌یه، نه‌ک بێئه‌قڵی و گۆچان وه‌شاندن و به‌کار هێنانی وشه‌ی نه‌شیاو، ده‌م پیسیی، هه‌ڵچوون و قسه‌ی ڕه‌ق، جنێو و خراپه‌گووتن و ناو ناتۆره‌ هه‌ڵبه‌ستن و بێموبالاتی و ئینکاریکردن له‌ هه‌مووشتێکدا، وه‌کوو ئه‌وی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی زۆر بێ ئه‌ده‌بانه‌ به‌رانبه‌ر به‌و‌ ڕۆڵه‌ تێکۆشه‌ره‌کانی ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌ کردوویه‌تی و ده‌یکات، که‌ له‌ سه‌نگه‌ریی یه‌کێتی نیشتیمانییه‌وه‌ به‌ره‌نگاری دوژمنانی کورد و کوردستان ده‌بوونه‌وه.
خوو و ڕه‌وشتی جوانیش ئه‌و هوونه‌ره‌یه، که‌ له‌گه‌ڵ وانه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی ژیاندا مرۆڤه‌کان فێریی ده‌بن، نه‌ک وه‌کوو تاڵه‌بانیی هه‌تاوکوو ئێستا فێری نه‌بووه‌ و ‌هیچی لی نازانێت و (ئه‌و خووه‌ی گرتویه‌تی به‌ شیری، ته‌رکی ناکات به‌ پیری)ی، ئێستا له‌ که‌سایه‌تی تاڵه‌بانیدا ده‌یبینین، که‌سێک که‌ خاوه‌نی ئاکاری جوان بێت، ده‌بێ پێی به‌قه‌د به‌ڕه‌که‌ی خۆی ڕبکێشێ و نه‌گاته‌‌ شوێنه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان و سنووریی هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵکیتر نه‌خاته‌ ژێرپێوه، وه‌کوو ئه‌م پیاوه‌ کورسیی په‌ره‌سته‌ی به‌ درێژایی ته‌مه‌نی سووکایه‌تی به‌ کوردستان و گه‌له‌که‌یه‌وه‌ ده‌کات و به‌وه‌ش داناکه‌وێت و زۆر بێموڕاڵانه‌ سووکایه‌تی به‌ شه‌هیده‌کانمانه‌وه‌ ده‌کات.

سکرتێری یه‌کێتی نیشتیمانی ئاوا ڕێگه‌ بدات به‌ خێزانه‌که‌ی بۆ مه‌بستی تایبه‌ت خۆیی و ژنه‌که‌ی‌ ده‌ست بخاته‌ نێو سیاست و کاروباری پارته‌که‌یه‌وه و له‌ نێو سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و له‌ سه‌رده‌می شاخدا وا باو بێت، که‌ ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت تاڵه‌بانیی لێی ڕازی بیت، ده‌بێ دڵی هێرۆی ژنی ڕازیی بکات، ده‌شێ ئه‌م پیاوه‌ مه‌سیری کورد بگه‌یه‌نێت به‌ کوێ..؟
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە