کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ جه‌زا له‌ سنووری هونه‌ر تێپه‌ڕی و گه‌یشته‌ ناو شۆرش

Tuesday, 20/04/2010, 12:00


هونه‌رمه‌ند له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێکدا ژیابێ له‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و بارودۆخه و شوێنه‌دایه، که‌ تێیدا ده‌ژی و ئه‌وه‌ی له‌ ناخییدا په‌می خواردوه‌ته‌وه، کاردانه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر و ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ و له‌ کۆتاییدا به‌ زمانی هونه‌ر ده‌ریده‌بڕێ، کۆمه‌ڵگاش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ له‌ هونه‌رمه‌ند ده‌کات، هه‌تاوه‌کوو دۆخێکی پڕ له‌ سۆزیی بۆ بڕه‌خسێنێت، که‌ وڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌ستیان بێت، وه‌کو نموونه‌
کاتێک مرۆڤ گوێ له‌ گۆرانییه‌کانی هونه‌رمه‌ند کاک حه‌مه ‌جه‌زا ده‌گرێ، خه‌یاڵ ده‌یباته‌وه‌ و وا هه‌ست ده‌کات، که‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و کاته. کاک حه‌مه‌ جه‌زا له‌ سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌ وه‌کوو هونه‌رمه‌ندێک زۆر واقعبینانه سه‌یری بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وڵاته‌که‌مانی ده‌کرد، بۆیه‌ سنووری هونه‌ری تێپه‌ڕاند و ڕێگای پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژارد و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه خزمه‌تی هونه‌ری کوردی کرد.‌‌
ئه‌و تابلۆیه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌و پێداویستییه‌ که‌مه‌وه‌ و به‌ ده‌نگێکی‌ خۆشه‌وه‌ له‌ گۆرانییه‌کانیدا ده‌ری ده‌بڕێ، وه‌کوو (خوشکه‌ له‌یلای بێتاوانه‌که‌م، بوکی ئازادی، ئه‌شق وئازادی، هۆ کاکی پێشمه‌رگه و پاکانه‌ و مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ و گۆرانییه‌کانی تری)، هه‌ر هه‌مووی یادگاریی سه‌رده‌می شاخن و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ سه‌روه‌تێکی هونه‌ری سه‌رده‌می شۆرشی نه‌ته‌وه‌که‌مانه، که‌ کاکه‌ حه‌مه‌ جه‌زا له ڕێگای ده‌نگییه‌وه‌ و‌ به‌ ئا‌مانه‌ته‌وه‌ ده‌یگه‌ینێته‌ نه‌وه‌ی داهاتوو. کاتێک جه‌لاده‌کانی به‌عس له‌ قه‌سابخانه‌که‌ی موسڵ، ڕۆحی شاعیر و پێشمه‌رگه‌ شه‌هید (مه‌لا عه‌لی)یان له‌ له‌شی جودا کرده‌وه، کاک حه‌مه‌ جه‌زا ڕۆحی کرده‌‌به‌ر هۆنراوه‌که‌ی شه‌هید و به‌ ده‌نگێکی زوڵال ده‌یگه‌یانده‌ گوێی‌ خه‌ڵک. ئه‌وه‌ی، که‌ کاکه‌ حه‌مه‌ی لای هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان زیاتر خۆشه‌ویست کردووه، به‌شداریکردنی وه‌کوو هونه‌رمه‌ندێکی شۆڕشگێڕ و له‌م لاشه‌وه‌ ئه‌و هه‌ستی شۆڕشگێڕییه‌ بوو، که‌ له‌ ناخیی خه‌ڵکدا په‌می خواردبوه‌وه‌ و له‌ جیاتی ئه‌وان و به‌ ده‌نگی ئه‌وان، کاک حه‌مه‌ جه‌زا به‌ گۆرانی ده‌یگووته‌وه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ده‌یویست له‌ ڕێگای هونه‌ره‌که‌یه‌وه، سه‌رنجیی خه‌ڵک بۆئه‌و هه‌مووه‌ زوڵم و زۆره‌ی حکوومه‌تی به‌عس ڕابکێشێ و ئاشنای شۆڕشیان بکات.
زۆر که‌م بوون ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، که‌ واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان بێنن و ژیانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی ته‌رخان بکه‌ن، یه‌کێک له‌و هونه‌رمه‌نده‌ شۆڕشگێڕانه‌ کاک حه‌مه‌ جه‌زا بوو به‌ کۆشێ خێزانه‌وه‌ وازیان له‌ گوزه‌رانی خۆشیی شار هێنا و تێکه‌ڵاوی ژیانی خه‌ڵکی هه‌ژاری لادێ بوون و سه‌ریان بۆ دووژمنی میله‌ته‌کمان شۆڕنه‌کرد.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ێکه‌ به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه،‌ به‌ڵام ئێستاش له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ره‌کیدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژیی و له‌ جاران زیاتر وشیارتره‌ و ئاگای له‌ ئێش وئازاری گه‌له‌که‌مانه‌ و به‌و هیوایه‌وه‌ ده‌ژی، که‌ جارێکی دیکه‌ و به‌ له‌شێکی ساغه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو کۆڕی هونه‌ر و گۆرانی بۆ خۆشه‌ویستی کوردستان بڵێت..




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە