کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


جه‌لال تاڵه‌بانی به‌م کاره‌ قێزه‌وونانه‌ی، که‌وتووته‌ چاڵێکه‌وه‌ و بۆ هاتنه‌ ده‌ره‌وه، ده‌ێه‌وێ خه‌ڵکیتر په‌لکێشیی ناو چاڵه‌که

Thursday, 07/01/2010, 12:00


گوومان له‌وه‌دا نییه، که‌ به‌رده‌وامبوون و پێگه‌یشتنی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو میله‌تێک، په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌رکرده‌ و که‌سه‌ سیاسییه‌کانیه‌وه،
چوونکه‌ ئه‌وه‌ سیاسییه‌کانن، که‌ وڵات به‌ره‌و نه‌گبه‌تی و ماڵوێرانی ڕاده‌کێشن یان به‌ په‌یژه‌ی سه‌رکه‌وتندا، سه‌ری ده‌خه‌ن.

له‌ وڵاتی ئێمه‌دا و به‌ تایبه‌تی له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری نه‌وه‌د و یه‌که‌وه، به‌ده‌گمه‌ن سیاستوانێک هه‌بووه، توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، گرنگ له‌ گرنگتر
جوودابکاته‌وه و بتوانی زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌و حه‌زه‌ شه‌یتانییه‌ی خۆیدا و به‌رده‌وامتر و چالاکتر له‌ ڕابردوو و سه‌رده‌می شاخ کار بکات بۆ ئه‌و ئه‌رکه‌ مێژووییه‌ی له‌ ئه‌ستۆیدایه‌ و گوێ نه‌داته‌ ئه‌و شته‌ لاوه‌کیانه‌ی ڕۆژانه وه‌کوو خۆشییه‌کی کاتی دێن و تیده‌په‌ڕن.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئاوڕێک له‌ دوای ڕاپه‌ڕین بده‌ینه‌وه‌ و ته‌ماشایه‌کی‌ زۆربه‌ی سیاسه‌توان و سه‌رکرده‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسیی وڵاته‌که‌مان بکه‌ین، بێجگه‌ له‌ خۆسه‌پاندن و خیانه‌تکردن، نه‌فامی، به‌کارهێنانی پۆست، سته‌مکردن، خۆپه‌ره‌ستی، خۆده‌رخستن، هه‌رزه‌کاری و به‌دڕه‌وشتی، دزینی سامانی نیستمانی، زیندووکردنه‌وه‌ی خێڵ و بنه‌ماڵه‌و بنه‌ماڵوکه، زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کان نه‌ک به‌رانبه‌ر به‌ گه‌ل و وڵات بێوه‌فا بوون، ته‌نانه‌ت وه‌فاشیان بۆ ژنه‌کانی سه‌رده‌می شاخیشیان نه‌بووه‌ و بێجگه‌ له‌ غووڵامیی کردن بۆ بنه‌ماڵه، ته‌نانه‌ت خاوه‌نی که‌سایه‌تی خۆشیان نه‌بوون‌ و بۆ مانه‌وه‌ له‌ پۆسته‌کانیان بوون به‌ دارده‌ستی بنه‌ماله‌کان و‌‌ ئه‌وانیش به‌ ئاره‌زووی خۆیان خاک و سه‌روه‌تی ئه‌م وڵاته‌یان له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خیزانی خۆیان و بۆ ڕازییکردنی داگیرکه‌ڕانی کوردستان وه‌کوو سینی پاقلاوه‌ پارچه، پارچه‌کردووه.
ئه‌م ڕۆژه‌ی ئێمه‌ تیی که‌وتووین، زۆر مه‌ترسیدارتره‌‌ له‌ جاران و ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م وڵاته‌ بده‌یین، زۆر له‌ ڕابردوو جیاوازترن و له‌ هه‌مانکاتیشدا ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له‌مابینی سه‌رکرده‌کانی خۆمان و وڵاتانی دیکه‌یشدا بکه‌ین، ئه‌وه‌ تووشی بیئوومێدی و بێهوده‌یی ده‌بیین و داهاتووش له‌به‌ر چاومان ڕه‌شتر ده‌بێت.

بۆ نموونه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا، که‌ کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی قووڵتر بووه‌وه‌ و گه‌نده‌ڵیی هه‌موو داموو ده‌زگا حزبی و حکوومیه‌کانی گرته‌وه، یه‌کێتی بڕیاری به‌ستنی پلنیۆمی دا و وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا، که‌ سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی، که‌ (خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌نده‌ڵی یه‌کیان گرتووه)،چاوێک به‌ خۆیاندا بخشێننه‌وه‌ و له‌ جیاتی خۆنوێکرنه‌وه‌ و ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پاککردنه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌ دز و داوێنپیسه‌کانی ناو سه‌رکردایه‌تی، تاڵه‌بانی زۆر بێشه‌رمانه‌تر له‌ جاران‌ که‌وتووه‌ته‌ به‌رگرییکردن له‌ گه‌نده‌ڵه‌کانی ژێر فه‌رمانی خۆی و مه‌ڕاییکردن بۆ شه‌ریکه‌ دزه‌کانی و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هێرشکردن بۆسه‌ر گۆڕانخوازان و ده‌یه‌وێت کاره‌ساته‌کانی سه‌رده‌می شاخ بخاته‌ ئه‌ستۆیی ئه‌وان و ده‌زانێ له‌ ناو کۆمه‌ڵگای کوردییدا هێچ قورساییکی نه‌ماوه‌ و بۆ مانه‌وه‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری ئێراقدا، دڵی سونه‌ و سه‌ددامیه‌کانیش ڕازیی ده‌کات و بۆ پاککردنه‌وه‌ی ئه‌و بێئابڕوییه‌ی تووشیبووه، که‌وتووه‌ته‌ په‌له‌قاژێ و به‌ کردنه‌وه‌ی ده‌می، بۆگه‌نێکی ناخۆش سه‌راپای وڵاتی داگرتووه‌ و هه‌ر کاتێک زارهه‌ڵده‌هێنێ،‌ ده‌بێت بڵیی خۆایه‌ ره‌حممان پێبکه‌ی و له‌مه‌ زیاتر ئابڕوومان نه‌به‌ی.
ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌زار و پێنجسه‌د که‌سه‌ی ناو پلینیۆم نوێنه‌ر و رۆشنبیری نێۆ یه‌کێتی نیشتیمانی ئاوا به‌ ئاسانی به‌ بۆگه‌نی ده‌می تاڵه‌بانی خه‌ویان لێبکه‌وێ، وای له خه‌ڵکی ساده‌ و ره‌شوڕووتی نێۆ کۆمه‌ڵگا و هه‌تاوه‌کوو ئه‌مانه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستن، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ده‌یان کاره‌ساتی دیکه‌ش‌ بین.‌
بێجگه‌ له‌وه‌ی تاڵه‌بانی بێتواناترین سه‌رکرده‌یه‌ له‌ هه‌مانکاتیشدا سه‌رکردایه‌تی نێۆ یه‌کێتی نیشتیمانیش خاوه‌نی هیچ هۆشێکی سیاسیی نیین و له‌ جیاتی دانی ئه‌رکه‌نیشتیمانیه‌کانیان به‌ خه‌ڵکانی دڵسۆز، بۆ مانه‌ویان له‌ پۆسته‌کانیان چاوپۆشیان له‌ زۆربه‌ی بڕیاره‌ گرنگ و مه‌ترسییداره‌کان کردووه، که‌ تاڵه‌بانی خستوویه‌‌ته‌ ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه.
جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ درێژایی ژیانی سیاسیی خۆی، که‌سێکه‌ ئێره‌ییبه‌ر (حه‌سوود)‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی، که‌ له‌ خۆی به‌تواناتر و لێهاتووتر و دڵسۆزتر بوون و و مه‌ترسییان هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر پله‌وپایه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌کانی. یه‌کیك له‌ دیارده‌ ناشیرینه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی، به‌رده‌وام خه‌ریکی داتاشینی هه‌ڵه‌ی خه‌یاڵی و ناو ناتۆره و خراپ پیشاندانی‌ سه‌رکرده‌ ڕاسته‌قینه‌ و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی شۆڕشی کووردستان و به‌تایبه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بووه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سێک هاوڕایی نه‌بووه و دژی جووڵاوه‌ته‌وه‌ ، کراوه به‌ نه‌یار،‌ پاک بووبێ کراوه‌ به‌ دز، لێهاتوو به‌ ڕووخاو، قاره‌مان به‌ ترسنۆک، له‌ کۆتایی حه‌فتاکاندا ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌ باڵه‌که‌ی ئه‌و نه‌بووبێ، ئه‌وه‌ کراوه‌ به‌ کۆترباز یان هه‌تیووباز، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌قه‌بی مامه‌یشت هه‌ڵبگرتایه، پێیناخۆشبووه و هه‌موو شتێکی باشه‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ له‌ خه‌ڵک گه‌یاندووه. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر کۆنه‌ جه‌ڵالی بووبێ، ئیستا کوڕه‌زاکانیشی حه‌ساوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ئه‌شیره‌ت بووبێ (گرنگ نییه ئه‌گه‌ر جاشیش بووبێ) ئێستا دیواخانی هه‌یه و‌ ڕێزداره، ده‌ست بگره‌ به‌ سنگه‌وه‌ و بڵێ ئه‌ز غووڵامم، گرنگ نییه‌ فایلت هه‌یه، ئێستا کاربه‌ده‌ستی و له‌ سه‌رکردایه‌تیت.

(ئێستاش جه‌لال تاڵه‌بانی به‌م کاره‌ قێزه‌وونانه‌ی، که‌وتووته‌ چاڵێکه‌وه‌ و بۆ هاتنه‌ ده‌ره‌وه، ده‌ێه‌وێ خه‌ڵکیتر په‌لکێشیی ناو چاڵه‌که‌ بکات)..! ‌


ژماره‌ی ناسنامه‌ e9fc مه‌نسور جه‌لال

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە