کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مێژووی خه‌باتی شه‌هید جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌ و شه‌هید فه‌ریدوون حه‌مه‌ ساڵح و جه‌مالی حه‌مه‌ی خواکه‌ره‌م، به‌ ده‌می تاڵه‌بانی پیس

Friday, 08/10/2010, 12:00



ئازایه‌تی یه‌کێكه‌ له‌ ئاکاره‌ جوانه‌کان، که‌ له‌ مڕۆڤدا به‌دی ده‌کرێت و مێژووش شایه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌دات و لاپه‌ڕه‌کانی پڕن له‌‌ چیرۆکی جۆراوجۆر له‌ سه‌ر ئازایه‌تی و گیانبازیی مرۆڤ له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌کاندا و ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی و له‌خۆبووردوویی مرۆڤ نه‌بوایه،‌ ئه‌مڕۆکه‌ دنیا ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌ده‌بینی و له‌وانه‌ش بوو‌ مرۆڤه‌کان له‌ ترسیی مردن، بمردنایه‌ و نه‌یانوێرایه‌ له‌ ترسی ئاژه‌ڵه‌ ده‌ڕه‌نده‌کان له‌ کوونی ئه‌شکه‌وته‌کاندا بێنه‌ ده‌ره‌وه، هه‌تاوه‌کوو ورده ‌ورده‌ له‌ ناوده‌چوون‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ژیانیان کۆتایی پێده‌هات. ئه‌گه‌ر له‌ شۆڕشه‌کانی ئێمه‌ش‌دا که‌سانێک هه‌بووبن کارامه‌ وله‌خۆبردووتر له‌وانه‌ی دیکه‌ و پێش هه‌موو که‌س، هه‌ستیان به‌ چه‌وسانه‌وه‌ و زوڵم و زۆریی دووژمنان ده‌کرد، به‌رانبه‌ر به‌ گه‌ل و وڵاته‌که‌یان، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی له‌خۆبردوویی و ئازایه‌تییان بووه‌‌ و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌که‌یان گنجێتی و ژیانی خۆیانیان فیداکردووه‌ و بۆ هه‌میشه‌ نا و ناوبانگیان له‌ بیر و هۆشی خه‌ڵک و له‌ مێژووی وڵاته‌که‌ماندا، وه‌کوو ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌ درۆشانه‌وه‌دایه.
له‌ دوای ساڵی هه‌زار و نۆسه‌د و حه‌فتا و چوار کۆمه‌ڵێ خه‌ڵکی شۆڕشگێر و به‌وه‌فا بۆ خاک و نیشتیمان دژ به‌ ره‌ژیمی داگیرکه‌ری کوردستان ده‌ستیان دایه‌ چه‌ک به‌ مه‌به‌ستی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دووژمن و هه‌ندێک سه‌ربه‌خۆ و هه‌ندێکی دیکه‌یان له‌ ژێر چه‌تریی چه‌ند ڕیكخراوێکی جیاوازدا، روویان له‌ چییاکانی کوردستان کرد و بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی وره‌ی تێکشکاوی گه‌له‌که‌مان له‌ دوای ئاشبه‌تاڵه‌که دژی ره‌ژیمی به‌عس شه‌ڕیی پارتیزانیان ده‌ستپێکرده‌وه.
ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێکردنی شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین و هه‌ر جاره‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌ک له‌ مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ هه‌ڵبده‌ێنه‌وه ئه‌و ڕۆژانه‌ دێته‌وه‌ یادمان، که به‌ داستانی قاره‌مانه‌تی ئه‌م که‌سانه‌ ڕازێندراوه‌ته‌وه، که‌ له‌ پیناوی گه‌له‌که‌یاندا گیان و ماڵ و گنجێتی خۆیانیان کردووه‌ته‌‌ قووربانی بۆ رزگاریی گه‌له‌که‌‌یان و بێجگه‌ له‌مانه‌ش توانا و لێهاتوویی ئه‌م پیاوه‌ شۆڕشگێڕانه‌ له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕدا دژ به‌ دوژمنانی گه‌له‌ سته‌مدیده‌که‌مان ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ر و به‌هێزبوون، که‌ ده‌تگوت ده‌یان ده‌وره‌ و ڕاهینانی سه‌ربازییان بینیوه و له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ سه‌ربازییه‌ په‌روه‌رده‌ کراون، به‌ڵام ئه‌زمونی ئه‌م قاره‌مانانه، ته‌نیا ئیمانیان رزگاریی نیشتیمانه‌که‌یان بوو له‌ ده‌ست داگیرکه‌ران و بڕوا به‌ ئازادی کوردستان ببوو به‌‌ ڕقی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ هه‌ناویاندا و دژی ئه‌و ره‌ژێمه‌ دڕه‌نده‌یه، که‌ خاوه‌نی سووپایه‌کی زه‌به‌لاح بوو، رووبه‌روو ده‌بوونه‌وه و شه‌ڕیان ده‌کرد. ‌
زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی گیانی خۆیان فیداکرد، هه‌تاوه‌کوو گه‌له‌که‌یان به‌ ئاسووده‌ی و سه‌ربه‌رزی بژی و هیچ شوێنێک له‌م کوردستاندا نه‌ماوه‌ له‌ پێناوی رزگاریی کوردستاندا شه‌هیدی نه‌دابێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئازایه‌تی و گیانبازی ئه‌م که‌سه شۆڕشگێڕانه‌‌ بوو،‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کردبووه‌ قه‌ڵایه‌کی پۆڵایین دژ به‌ ره‌ژێمی به‌عس و خه‌ڵکی کوردستان شانازییان به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی و ڕێبازه‌که‌یه‌وه‌‌ ده‌کرد. نه‌ک پیاوه‌ سیاسییه‌کانی، که‌ له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ و له‌‌ ناو شاردا ماهیه‌تی خۆیانیان ده‌رخست،‌ ئیسپاتیان کرد بایی چه‌ندن. ئه‌و رۆژانه‌ی پیاوه‌ قاره‌مانه‌کانی وه‌کو شه‌هیدان جه‌مالی عه‌لی باپیر و شه‌هید ئه‌نوه‌ریی مه‌جید سوڵتان و شه‌هید سه‌لاحی مووهه‌ندیس و شه‌هید جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌ و شه‌هید نه‌وزادی حاجی ئه‌وره‌حمان و شه‌هید فه‌ره‌یدوونی حه‌مه‌ ساڵح و شه‌هید هاوڕێ و شه‌هید فاتێح و شه‌هید مام عومه‌ر شه‌هید ئه‌نوه‌ری تۆفیق هه‌ورامی ناسراو به‌ (سۆران) و ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی دیکه، که‌ ئێستا له‌ ژیاندان، وه‌کوو جه‌مالی حه‌مه‌ی خواکه‌رم و به‌ختیاری حه‌مه‌ی محه و خاڵه‌ شه‌هاب و دڵزاری وه‌ستا تۆفیقی کۆیی و مام رۆسته‌م‌ و شه‌هید مه‌لا ئاراس و شه‌هید کاوه‌ مه‌خمووری سه‌عدی گچکه‌ و ته‌حسین کاوانی و شه‌هید رێباز و شه‌هید سابیر ره‌سوڵ له‌ هه‌ولێر و شه‌هید دوکتۆر خالید و شه‌هید رۆسته‌م عێزه‌تی، ناسراو به‌ (که‌چۆڵ) و شه‌هید شه‌هریاری کۆیه‌ و مامه‌ رێشه‌ و خالید گه‌رمیانی و شه‌هید حه‌مه‌ ره‌ش و ده‌یان و سه‌ده‌انی تێکۆشه‌ری دیکه، که‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریدابوون و شه‌هید کران، خاوه‌نی هه‌موو ئه‌م سه‌ربه‌رزییانه‌ی ئێستا و ڕبردوومانن و هه‌یبه‌ت و خۆشه‌ویستی یه‌کێتی نیشتیمانی به‌م که‌سانه‌وه‌ ڕازێندراوه‌ته‌وه، نه‌ک به‌ سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی، وه‌کوو جه‌لال تاڵه‌بانی و بنه‌ماڵه‌که‌یان و فوئاد مه‌ئسووم و ماستاو چییه‌کانی دیکه‌ی ده‌وروبه‌ریان، که‌ زۆربه‌یان وه‌فاشیان بۆ ژنه‌کانی سه‌رده‌می شاخیان نه‌بووه‌ و ژنیان به‌سه‌ردا هێنانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌فایان بۆ هاوڕێکانی سه‌رده‌می شاخیشیان نه‌بووه‌ و نییه‌ و هه‌تاوه‌کو ئێستایش وه‌کوو مۆته‌که، سواری سه‌ریی یه‌کێتی بوون و به‌رده‌وام له‌ سه‌رده‌می شاخدا ترسنۆکانه‌ له‌ کوونی ژووره‌وه خۆیانیان ده‌شارده‌وه‌‌ و له‌ ژێر که‌پره‌کاندا قاچیان ده‌خسته‌ سه‌ر ڕانیان و خه‌ریکی نامه‌ نووسین بوون‌ و یارییان به‌ خوێن و ماندووبوونی ئه‌م قاره‌مانانه‌وه‌ ده‌کرد و به‌ ململانێ و پاشقوولگرتن دژ به‌ سه‌رکرده‌ ڕاسته‌قیینه‌کان، که‌ ئێستا زۆربه‌یان شه‌هیدن یان ریزه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیان به‌جێهێشتووه، پیلانیان داده‌ڕشت.
کاتێک دووژمن به‌ تانگ و تۆپ و له‌شکری ڕازاوه‌وه‌ و به‌ هه‌موو تفاقێکی شه‌ڕکردنه‌وه‌ دۆڵ به‌ دۆڵ و شاخ به‌ شاخ به‌ شوێن ئه‌م قاره‌مانانه‌دا‌ ده‌گه‌ڕا و له‌ سه‌ر لووتکه‌ی چیاکاندا‌ به‌ کۆپته‌ر هێزیان بۆ داده‌به‌زی، که‌س نازانێ ئه‌و سڕه‌ چییبوو ،که‌ له‌ ده‌ورووبه‌ری مقه‌ره‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و ده‌ست و دایه‌ره‌که‌ی جه‌یش دانه‌ئه‌به‌‌زی، بێجگه‌ له‌وانه‌ش به‌رده‌وام له‌ مسته‌شار و ئاغاکانی پشتده‌ر و بتوێنه‌وه‌ به‌ ته‌نه‌که‌ هه‌نگوین و له‌ ئاغاکانی منگووڕه‌وه گیسک و په‌نیریان بۆ ده‌هات و خۆشبه‌ختانه‌ ئێستاش نامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تاڵه‌بانی ئه‌و شایه‌تییه‌مان بۆ‌ ده‌ده‌ن.

تاڵه‌بانی له‌ نامه‌کیدا بۆ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود باسی جه‌مالی حه‌مه‌ی خواکه‌ره‌م و شه‌هید جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌ و شه‌هید فه‌ریدون حه‌مه‌ ساڵح ده‌کات و زۆر ناشیرین تاوانباریان ده‌کات. کاک جه‌مالی حه‌مه‌ی خواکه‌ره‌م پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و به‌ ئه‌مه‌کی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوو و مێژوویه‌کی پڕ له‌ شانازیی هه‌یه، که‌ یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی به‌ ناوی به‌ختیار خیانه‌تی لێ ده‌کات و چه‌که‌کانیان ده‌باته‌وه‌ و ته‌سلیم به‌ ره‌ژیم ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێت به‌ سیخوڕ. کاک جه‌مالێش به‌ ئه‌مریی شۆڕش و سه‌رکردایه‌تی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌کدا ئه‌و که‌سه‌ ده‌کوژێته‌وه، که‌‌ سه‌ر به‌ ئه‌شیره‌تێکی ناوچه‌که‌ن. جه‌لال تاڵه‌بانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ خاوه‌ن ئه‌شیره‌ته له‌ ناوچه‌ی پێنجوێن و بانه‌دا ده‌ژین و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌‌ و بۆ ئه‌وه‌ی لێی زویرنه‌بن، وه‌کوو پیشه‌ی هه‌میشه‌یی وه‌فای بۆ هاوڕێکانی نییه و پشتیان تێده‌کات و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وی له‌ گه‌ڵ ئێراندا پێک بێن، یه‌کسه‌ر ده‌گاته‌ بانه‌ و ده‌چێ بۆ ماڵی ئه‌و ئه‌شیره‌ته‌ و زۆر نامه‌ردانه‌ ده‌که‌وێته‌ مه‌ڕایی کردن بۆیان و پێیان ده‌ڵێت، به‌ختیار به‌ فه‌رمانی ئێمه‌ نه‌کوژراوه، به‌ڵکوو جه‌مال حه‌مه‌ی خواکه‌ره‌م خۆیی کوشتوویه‌تی و خۆیی لێ بێبه‌ری ده‌کات. خه‌باتی جه‌مالی حه‌مه‌ی خواکه‌رمیش ده‌کرێ به‌ تاوان له‌به‌ر خارتری ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر سه‌رکردایه‌تی و که‌سایه‌تی تاڵه‌بانی و ده‌بێ به‌ ئاڵای شۆڕش، بۆیه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌کوو شه‌هید جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌ ناوناتۆره‌ی خراپی دواده‌خات.
کاک جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌‌ نمونه‌ی خوو ڕه‌وشتی جوان و له‌ ئازایه‌تیدا بێوێنه بوو و ئه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌م جار ده‌یبینی هه‌ستی به‌ جه‌وامێری شه‌هید جه‌لال ده‌کرد و تیپه‌که‌ی له‌ پاک و ته‌میسیدا نموونه‌ و به‌ ده‌ستۆ مه‌چه‌ک و ئازایه‌تی خۆی هه‌موو پله‌ و پایه‌یه‌کی بریبوو و ببوو به‌ سه‌رتیپ، شه‌هید جه‌لال زۆر ئازایانه‌‌ ده‌چوو به‌ گژ دووژمناندا و قاره‌مانانه‌‌ش شه‌هید بوو و بێجگه‌ له‌ خۆی، خێزانه‌که‌ی خاوه‌نی چوار شه‌هیدی ترن.
کاک فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ سالحیش به‌ هه‌مان شێوه‌ پیاوێکی پاک و به‌رێزی ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ و سه‌رتیپی پانزه‌ی شاره‌زووربوو و برای کاک کاوه‌ی هونه‌رمه‌نده، که‌ ساڵی حه‌فتا و نۆ بریندار کرا و هه‌ردوو قاچی له‌ ده‌ستدا، شه‌هید فه‌ره‌یدوون به‌ هه‌ما‌ن شێوه‌ی ئه‌وان بوو به‌ ئالای شۆڕش، بۆیه‌ تاڵه‌بانی بوختانی بۆ ده‌کات. تاڵه‌بانی به‌ درێژایی ژیانی خه‌ڵکی ئازا و مه‌ردی خۆش نه‌ویستووه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ ناو شۆڕشدا پشت یان ئه‌شیره‌تێکی نه‌بووبێ، شێر به‌ گوێچکه‌ بگریت، ئه‌و پێی نازانێت و هیچ نییه‌ له‌لای، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ئه‌شیره‌ت و دیواخان بوایه،‌ گرنگ نییه، کێیه‌ و چییه و‌ پاشه‌ڵی چییه،‌ له‌ خوتوو خۆڕایی له‌ لای ده‌بێ به‌ شت و ده‌گاته‌ قوله‌ی قاف و تاڵه‌بانی کوڕنوشی بۆ ده‌بات، هه‌روه‌کوو چۆن ده‌ستی سه‌نعان قه‌سابی تورکمانی ماچ کرد.

جه‌لال تاڵه‌بانی تاوانباره‌ به‌ کوشتنی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، چوونکه‌ مه‌رد بوون و قسه‌یان لێ قه‌بوول نه‌ده‌کرد و دژی ده‌وه‌ستانه‌وه، بۆ نموونه‌ کاک (سوورکێو) یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ کادێره‌ باشه‌کانی یه‌کێتی بوو له‌ سه‌رده‌می شاخدا و زۆر زوو ماهیه‌تی تاڵه‌بانی و سه‌رکرده‌کانی ده‌ناسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ قه‌د بڕوای پێیان نه‌بوو و به‌رده‌وام لۆمه‌ی سیاسه‌ته‌کانی سکرتێری یه‌کێتی نیشتیمانی ده‌کرد، بۆیه جه‌لال تاڵه‌بانی قه‌د خۆشی نه‌ده‌وێست، هه‌تاوه‌کوو له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ به‌ تاکتیک ناردیانه‌ گومرک و هه‌ر له‌وێ شتیان بۆ دروست کرد و له‌ دواییدا تاڵه‌بانی دلێری سه‌ید مه‌جید و هاشمی سکرتارێت ده‌نێرت به‌ دواییدا بۆ لێپرسینه‌وه له‌ قه‌ڵا چوالان، به‌ڵام دوایی ته‌رمه‌که‌ی دهێننه‌وه‌ و ده‌ڵێن گوایه‌ خۆی کوشتووه. ئه‌ی خالیده‌ سووری حیمایه‌ی هێرۆی ژن تاڵه‌بانی بۆ چیی خۆی کوشت..؟ هه‌تاوه‌کو ئێستا چه‌ند حیمایه‌و پێشمه‌رگه‌ی سکرتارێت و حیمایه‌کانیان خۆێانیان کوشتووه، که‌س نازانێت له‌پای چیی..!؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ تاوانێانێکیشیان کردبێت، حه‌قی کوشتنیان نییه. حه‌قه‌ تاڵه‌بانی له‌ جیاتی قسه‌ دوای خه‌ڵکه‌ پاک و شۆڕشگێڕه‌کانی نا یه‌کێتی نیشتیمانی بخات، لێکۆڵینه‌وه‌‌ له‌ کوشتنی خالیده‌ سوور و که‌مالی ره‌شه‌ی که‌ریمی هه‌یه‌ر و ده‌یان که‌سی دیکه‌ بکات..!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە