کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


شه‌ڕیی پارتی و یه‌کێتیی برینێک بوو به‌ چڵکاوی خیانه‌تی 31 ئاب شۆڕدرایه‌وه‌

Friday, 03/09/2010, 12:00





له‌ نێو که‌لتوور و فه‌رهه‌نگی هیچ وڵاتێکدا وشه‌یه‌ک نادوزیته‌وه‌ ناشیرینتر و قێزه‌ونتر بێت له‌ وشه‌ی (خیانه‌ت). وشه‌ی خیانه‌ت و تاوان ته‌واوکه‌ری یه‌کتریین و په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆیان به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه، له‌ هه‌رشوێنێک خیانه‌تێک بکرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ دواییدا تاوانێک رووده‌دات. خیانه‌تکاران هه‌رگیز ڕێز له‌ به‌ها مرۆیی و ئه‌خلاقیه‌کان ناگرن و له‌ به‌رچاونه‌گرتن و گوێنه‌دان به‌ به‌ها مرۆییه‌کان له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌‌ داده‌نێن. زۆر جارێش خائینان یان خیانه‌تکاران له‌ ناو به‌هاکاندا ده‌ژیین و ئه‌و به‌هانه‌ له‌لایان بایه‌خیان هه‌یه، که‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌واندا یه‌کده‌گرنه‌وه. خیانه‌تکاران نامۆن‌‌ به‌ وشه‌ی شه‌ره‌ف‌ و هه‌رگیز به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکیتر‌یان ناوێت و ته‌نیا بیر له‌ قازانج و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ به‌‌ چ شێوازێک ده‌گه‌نه‌‌ ئه‌و ئامانجه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خوێن لاشه‌ش‌ ببات یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆیان بکرێت خاکه‌که‌یان ته‌سلیم به‌ وڵاتانی داگیرکه‌ر ‌بکه‌نه‌وه، وه‌کوو ئه‌وه‌ی له‌ 31 ی ئابدا بینیمان، که‌ چۆن پارتی و سه‌رانی ئه‌و پارته‌ له‌ نه‌وده‌کاندا به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کوردستان خیانه‌تیان کرد و به‌ هێنانی ده‌یان ده‌بابه‌ و سه‌دان له‌شکریی داگیرکه‌ری به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر و قه‌تڵوعامکردنی خه‌ڵکی بێتاوان و ته‌نانه‌ت کوشتنی گریلا‌ برینداره‌کانی پ ک ک و چوونه‌ سه‌ر ماڵی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ سه‌ر به‌ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ بوون و تاڵانکردنی ماڵه‌کانیان و کووشتنی سه‌دان له‌ ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه، که‌ به‌ بیرو بڕوای جیاوازه‌وه‌ له‌ نێو پارته‌ کوردییه‌کان و به‌ تایبه‌تیی پارتی کرێکاراندا خه‌ریکی خه‌بات بوون و له‌لایه‌ن ئه‌م پارته‌وه‌ بێ سڵکردنه‌وه‌ ئه‌نجامدرا.‌

شۆڕشگێڕان ئه‌و که‌سانه‌ن‌ که‌ له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا فیداکاری ده‌که‌ن و دڵسۆزیی خۆییان بۆ گه‌له‌که‌یان ده‌سه‌لمێنن، نه‌ک ئه‌و خائینانه‌ی به‌ درێژایی مێژوویی شۆڕشی گه‌له‌که‌مان خه‌ریکی ڕاکردن بوون‌ بۆ وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و له‌ پاڵ داگیرکه‌رانی کوردستاندا خۆیان مه‌ڵاس داوه‌ و یان به‌ ناوی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕیی مه‌لا مسته‌فاوه‌ به‌ فیتی جمهوریی ئیسلامی ڕاویی پێشمه‌رگه‌کانی رۆژهه‌ڵات کوردستان بکه‌ن و دوایی شه‌هیدکردنی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵات، ناوچه‌کانیان ته‌سلیم به‌ ئێران بکه‌نه‌وه‌ و له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ر بوه‌شێنن، یان له‌ 31 ی ئابدا له‌ سه‌ر بانگهێشتی ئه‌مان له‌شکریی داگیرکه‌ری کوردستان ڕابکێشنه‌‌ سه‌ر خاکی وڵاته‌که‌مان و چه‌ند هه‌زار کوڕیی کورد له‌ پێناوی تورکیادا به‌ کوشت بده‌ن، وه‌کوو ئه‌وه‌ی له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کاندا هه‌تاوه‌کوو ئێستاش وه‌کوو مه‌رایی بۆ تورکیا شانازیی پێوه‌ ده‌که‌ن و یان ده‌یان تاوانی وێچووی وه‌کوو تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووسانی وه‌ک سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و ده‌یان و سه‌دانیتر....
پارتێک به‌ درێژایی مێژووی شۆڕشی گه‌له‌که‌مان خۆیی به‌ پێشره‌و و به‌هێزترین پارتی سه‌ر گۆڕه‌پانی کوردستان ده‌زانێ، به‌ڵام له‌ پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌که‌یاندا ڕاستییه‌کان له‌ خه‌ڵک ده‌شارننه‌وه‌ و ده‌یشێوێنن و خیانه‌ت له‌ دوای خیانت پیشه‌یانه، نه‌ک شۆڕشگێر نییه، به‌ڵكوو که‌متیارێکی دڕنده‌ن، که‌ له‌ پێستیی شێردا خۆیان ده‌نوێنن و به‌ ناویی پاراستنیی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه‌ زۆر ترسنۆکانه، که‌ڵپه‌ی خوێناویی تاوانه‌کانیان به‌ چڵکاوی خیانه‌ته‌کانیان ده‌شۆنه‌وه.



 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە