کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی هه‌موو کانی و ڕه‌ز و باخ و چیاکانی کوردستانیش گوێیان له‌ ده‌نگی بوو، ماڵئاوایی لێ کردین

Saturday, 02/10/2010, 12:00



مردن شتێکی سروشتییه، به‌ڵام مردنی هونه‌رمه‌ندێکی وه‌کو کاکه‌ حه‌مه‌ جه‌زا کاره‌ساتێکه،‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ کۆڕی ماته‌مینییه‌که‌ی له‌ بازنه‌ی که‌سوکار و هاوڕێکانییدا بسووڕێته‌وه، چوونکوو کۆسپه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ره، که‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتیی و به‌تایبه‌تی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی پێی خه‌مبارن.‌
ئه‌مڕۆ ئێمه‌ی کورد له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ی کۆچی ناواده‌ی هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست و به‌ناوبانگی میله‌ته‌که‌مان کاک حه‌مه‌ جه‌زادا، کۆڕی ماته‌مینی ده‌گێڕین و خه‌فه‌تباریین، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زننه‌ خاوه‌نی هه‌ڵسووکه‌وتێکی ئه‌وه‌نده‌ مرۆڤانه‌ و به‌رز و له‌خۆبردوو بوو، هه‌‌تاوه‌کوو ئه‌و کاته‌ش، که‌ له‌‌وپه‌ڕی ناوبانگیدا بوو، هه‌رگیز خۆی به‌ به‌رزتر له‌ که‌سیتر نه‌ده‌زانی و جێگای خۆی له‌ دڵی هه‌موو تاکێکی کورددا کردبووه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌تاوه‌کوو دوایین چرکه‌ی ژیانی به‌هه‌مان شێوه‌ی جاران هه‌وادارانی ده‌نگی له‌ گه‌ڵدا بوو و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ شه‌یدای بیستنی گۆڕانییه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌ بوون.

کاک حه‌مه‌ جه‌زا له‌ سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌ و پێش ئه‌وه‌ی ببێ به‌ پێشمه‌رگه، ئه‌و کاته‌ی که‌ وه‌کوو کارمه‌ند له‌ هه‌ولێر بوو، زۆر قاره‌مانانه‌‌ له‌ پاڵ کاره‌که‌یدا له‌ژێره‌وه‌ ئیشه‌کانی رێکخستنی جێبه‌جێده‌کرد و له‌ لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه‌ عاشقانه‌ سروودی بۆ سه‌روه‌ریی کوردستان ده‌چڕی و زۆر مه‌ردانه‌ به‌رگریی له‌ میله‌ته‌که‌ی ده‌کرد و له‌ پاڵیشیدا چالاکانه‌ پارێزه‌رێکی خۆنه‌ویستیی مۆسیقی کوردی بوو و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن ره‌ژیمی به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕه‌وه‌ زیندانیی کرابوو. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیشدا ده‌ورێکی کاریگه‌ریی هه‌بووه‌ و سروود و گۆرانییه‌کانی ببوون به‌ هێزێک، که‌ دووژمنه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان سڵیان لێده‌کرده‌وه‌ و له‌ سه‌ری خه‌ڵکیان ده‌گرت و شوێن بزریان ده‌کرد. کاک حه‌مه‌ جه‌زا یه‌کێک بوو له‌ هه‌ره‌ ده‌نگ خۆش و مقامبێژه‌کانی میله‌ته‌که‌مان، که‌ ته‌نانه‌ت ڕه‌ز و باخ و کانیی و چیاکانیش گوێیان له‌ ده‌نگی بووه‌ و ده‌یانناسییه‌وه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده نه‌مره‌‌ چل ساڵ زیاتر خزمه‌تی هونه‌ری کوردی کرد و ئه‌و ده بۆ‌ پانزه‌ ساڵه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش بوو، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی مۆسیقیی کوردییدا بووه‌ و توانی ببێ به‌ قوتابخانه‌یه‌ک بۆ نه‌وه‌ی داهاتوومان و به‌ ده‌یان گه‌نجی به‌هره‌مه‌ند به‌و شیوازه‌ی ئه‌و گۆڕانیی ده‌ڵێنه‌وه و به‌رهه‌مه‌کانی بوون به‌ به‌شێک له‌ سامانی هه‌تاهه‌تایی هونه‌ری گۆڕانیی کوردی نه‌ته‌وه‌که‌مان و به‌رده‌وام له‌ ساته‌‌ خۆشه‌کاندا به‌ گوێی خه‌ڵکدا ده‌زڕنگێته‌وه و وێرد و دوعای سه‌ر لێوی ئه‌ڤیندارانه.

به‌داخێکی گرانه‌وه‌‌ ده‌ستی مه‌رگ گه‌یشته‌ گیانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌‌ و گوڵێکی تر له‌ باخی هونه‌ری کوردی وڵاته‌که‌مان هه‌ڵوه‌ریی و هه‌موو تاکێکی ئه‌م وڵاته‌ی پێ داخدار بوو، به‌داخه‌وه‌ ئیتر ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌ له‌ به‌زم و خۆشییه‌کانماندا نه‌ما و کوژایه‌وه، به‌ڵام‌ پێگه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزه‌‌ له‌ نێو هونه‌ری کوردییدا، له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌یه‌ و هه‌رده‌م یادی له‌ دڵماندا به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه.
کاک حه‌مه‌ جه‌زای هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ به‌هۆیی نه‌خۆشییه‌کی کوشنده‌وه، که‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا توشیی ببوو کۆچی دواییکرد، به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی به‌رێز‌ی ده‌که‌ین و خوا سه‌بووریی هه‌موو لایه‌کمان بدات و ڕۆحیی کاکه‌ حه‌مه‌ جه‌زاش به‌ به‌هه‌شتی بێ کۆتایی شاد بکات.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە